21/08/2019
یەكێك لەو مەسەلە جێ سەرنجانەی لە دۆسێی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێراندا وەك پێویست گرنگی پێ نەدراوە، مەسەلەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەتایبەت حزبە كوردییەكانی ئێرانە. ئەم هێزانە نەیانتوانیوە هیچ كاریگەرییەك لەسەر سیاسەتی گۆڕینی ڕژێمی ئێران لە لای ئەمریكییەكان بوروژێنن.
هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران تا ئێستا نەك نەیانتوانیوە واشنتۆن رازی بكەن كە ئەوان خاوەن پێگەی جەماوەری گەورەن، بەڵكو نەشیان توانیوە قەناعەت بە ئەمریكییەكان بكەن كە ئەتوانن ببن بە شوێنگرەوەی ڕژێمی ئێران. ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەردەوام لە كاتی بینینی كاربەدەستانی ئیدارەی ئەمریكی ئەوەی جەختیان لێ كردۆتەوە دابینكردنی پارە بووە وەک ئۆپۆزسیۆنی عیراقی رابردوو نەك چۆنێتی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران. پێش هەنگاونان بەرەو داڕشتنی بەرنامەیەكی كار بۆ پرۆسەی گۆڕینی ڕژێم، ئەم جۆرە داواكارییەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە وایكردووە واشنتۆن نیشانەی پرسیار بخاتە سەر كۆی ئەو ئۆپۆزسیۆنانە . لەم ڕوانگەیەوە، " دۆناڵد ترەمپ " ی سەرۆكی ئەمریكاش بەردەوام دووبارەی دەكاتەوە هەر كەسێك هەوڵی گۆڕانكاری دەدات لە وڵاتەكەی خۆی با وەك دەغیلە سەیری ئەمریكا نەكات، چونكە وڵاتەكەی ئامادە نیە ئەو كارە بۆ كەس بكات.
هەرچەند كۆی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران هەموو ئومێدێكی گۆڕانكارییان لە وڵاتەكەیاندا گرێداوەتەوە بە وڵاتە زلهێزەكانی دەرەوە، بەڵام رێسایەك لەلای ئەمریكییەكان هەیە ئەویش ئەوەیە واشنتۆن هەتا بەرژەوەندییەكانی مسۆگەر نەكات لە حاڵەتی دەستوەردان لە وڵاتێكی تردا ئەوا ریسكی گەورە ناكات. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەمریكییەكان پێش هەر شتێك ئەو كۆسپ و بەربەستانە لادەبات كە رێگر دەبن لە جێبەجێكردنی ستراتیژەكانیدا. هەندێكجار لە رێی فشاری میدیایی و گرنگی پێدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانەوە، ئەمریكییەكان دەیانەوێت پەیام بۆ ئێرانییەكان بنێرن. باشترین نموونە لەم ڕووەوە بەشداریی " جۆن بۆڵتن " ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا و " رودی جولیان "ی سیاسەتمەداریی ئەمریكی بوو لە كۆنفرانسێكی موجاهیدینی خەلقدا بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئێران بڵێن ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە ئەلتەرناتیڤی مەلاكانی ئێرانن. بەڵام ئەوەی نابێت لەبیر بكرێت ئەوەیە كە وەك ئیدارەی ئەمریكا هیچ پشتگیرییەكی ڕەسمی بۆ ئەم بابەتە نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە هەوڵی تاكەكەسین و هیچ هەوڵێك نین بۆ ئەوەی موجاهیدین شوێنی مەلاكان بگرنەوە.
ئەمریكا دوای ئەزموونی عێراق ئامادە نییە كار لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بكات و سیناریۆكانی عێراق دووبارە بكاتەوە. هۆكاری پشت ئەمەش ئەوەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە هیچ قورسایی و پێگەیەكیان نییە و توانای شەڕیان نییە تا یارمەتی سوپای ئەمریكا بدەن. ترسی ئەمریكاش لەوەیە ئەگەر یارمەتی ئەو هێزە ئێرانیانە بدات، وەک لە رابردوودا روویداوە ئەوا دوای بەهێز بوونیان یان گرتنە دەستی دەسەلات ئەو هێزانە دژی ئەمریكا بوەستنەوە.
لەستراتیژیی نوێی سەربازیی خۆیدا، ئەمریكا تەنیا كار لەگەڵ هێزی سەربازیی شەڕكەر دەكات، بۆیە هیچ لەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، بەتایبەتی كورد، ناتوانن بەشێك بن لەو ستراتیژە سەربازییە.