23/05/2019
سۆڵتان سەهاک*مەرەمۆ*:
پیر بارگاچی، پیر بارگاچی
بارگات بکێشە بەرەو شندروی!
ئەز تا بناری شنروێ چووگم و چەندین
وێنەشم لەوێ گرتووە. بەڵام ئەگەر ئەودەم بمزانیبا کە شندروی لە دەقی دەفتەری
سەرئەنجام دا وەها فەڕ و شکۆیەکی هەیە و ئاوا باسی کراوە، ئەوجار تا ترۆپکیش
دەچووم و لەو بەرزەوە ئەم هەڵبەستەی خاتوو ڕەزبار*م دەخوێندەوە:
وە شندروی وە، وە شندروی وە
ئارۆ جوییم دین وە شندروی وە
شندروی نامش ها وە لوری وە
زاتی وەش ناسام ها وە هوری وە
هەر وەها ئەم بەندەی پیر داود*:
شندروێ بەرزا بەرزەن نە بەرزە
چەنەش مەوێرە، تیرش بەوەزە
وە حوکم خواجام ئەی سەرە تەرزە!
[دەفتەری سەرئەنجام، دیوان
گەورا]
چما شندروێ لە دەفتەری سەرئەنجام
دا وەها ڕێز و شکۆیەکی هەیە؟
چونکە شنروێ بەسەر شارەزووردا
دەڕوانێ، لە نووسینێکی تردا باسی ئەوەم کردووە کە شارەزوور هەر هەمان زاورستانە و
زێد و نیشتیمانی ڕۆستەمی زاڵ، یان هەمان پوری دەستانە. مەڵبەندی پاڵەوانانی مێژوو
و ناوەندی هورمزگانە. کەوابوو لێرەدا لەسەری ناچم. بەڵام دەکرێ لە لایەنێکی ترەوە
ئاوڕ لەم بابەتە بدەینەوە. ئاخۆ دەکرێ بێژین شندروێ هەر ئەو چیا پیرۆزەیە کە لە ئەڤێستادا،
لە یەسنای یەک و دوو و سێ و چوار و حەوت و ٢٢ دا ناوی هاتووە و هەروەها لە زام
یەشت دا بەمجۆرە باسی کراوە:
"بەخۆشی چیای مەزدا داتەی
خاوەن فەڕی ئەشایی، چیای ئوشیدەرە و فەڕی کەیانی...
ئەی زەردەشتی سپیتمان، یەکەم چیا کە لەم هەردە
بەدیهات چیای ( هەرایەتی بەرزە)یە کە بەسەر هەموو وەڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا
دەڕوانێ...
دووهەم چیا، چیای "زاگرۆ"یە
کە لەو لای چیای "مانوش"ـەوە هەموو وەڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای لەبەر
گرتووە.
لەم کێوانە چیای ئوشیدەرە و
زنجیرەی چیای "ئەرزیفیە" بەدیهاتن..." [زام یەشت، بەندی یەکم]
وەک دەبینین لێرەدا باسی چیای
هەرایەتی بەرزە/ ئارارات، چیای زاگرۆ/ زاگرۆس و چیای مانوش/ مانێشت کراوە، کە تا
ئێستاش، یانی سەرەڕای مێژووی تاڵی ئاسیمیلاسیۆن، هەر سیانیان لە کوردستان دان.
بەڵام لە پێش ئەمانەدا باسی چیای "ئوشیدەرە" کراوە و بە چیایەکی
"مەزدا داتە" و خاوەن "فەڕی ئەشایی" ناسێندراوە. یانی دوو سیفەتی
هەرە بەرز لە ئەدەبیاتی مەزد یەسنادا. دەوڵەتشایی بەهەڵە ئەم چیایەی بە "ئاویەر"ی
سنە زانیوە. لە شوێنێکی تردا باسی ئەمەم کردووە، کەوابوو ئیتر لێرەدا لەسەری ناچم.
بەڵام ئاخۆ دەکرێ بێژین کە چیای شندروێ و چیای ئوشیدەرە هەر یەک چیان؟
لە یەکەم سەرنج دا وادەنوێنێ کە
ئەم دوو ناوە کەم تا زۆر لێک دەچن: ئوشیذەر/ئوشیندەر/ شندروی. ئەڵبەت لە سەردەمی
سوڵتان سەهاک دا شندروی بووە و لە ئێستادا بووە بە شنروێ...
لەمەڕ ئوشیدەرە: وشەی ئوشی لە ئەڤێستادا
بەمانای سپیدەی بەیانی دێت. دەرە: هەر هەمان دەرە و دۆڵە. ئوشی لە زمانی سانسکرێتا
دەبێ بە ئوشا. وێدەچێ هەر دوو وشەی شەوق و شەفەق هەر لەمەوە بەدیهاتبن. هەروەها
وشەی ئاسۆ لە کوردی نوێ دا هەر لە ئوشی بەدیهاتووە. بەمانای ڕووناکی بەربەیان، چون
یەکەم جار ڕووناکی سپیدە لەسەر ئاسۆ دیاری دەدا. تۆفیق وەهبیش بەدروستی ئاماژەی
بەم شتە کردووە. هەروەها وێدەچی ناوی ئەشو بەمانای ڕاستکردار، پرشنگدار هەر لەم
ڕیشەوە هاتبێ. بەڕای گایگێر، تۆژینڤانی ئەڵمانی، ئوشی یانی پرشنگدار، ڕەخشەندە. بەڕای
بارتۆلۆمە، فەرهەنگنووسی ئەڵمانی، ئوشی یانی کازیوە. هەر لەم ڕیشەوە دەستەوشەی
ئوشینگا بەمانەی کاتی شەفەق تا سپیدەیە.
لە کتێبی "بن دەهش"*ی پەهلەوی دا دەڵێ
ئوشیدەرە لە وەڵاتی سەکزتان هەڵکەوتووە. ئینجا دەبێ ئەوەش ڕوون بکەینەوە کە
سەکزتان بە بەشێکی بەرین لە دەڤەری کوێستانی کوردستان وتراوە کە ناوەندەکەی شاری
سەقز بووە و مەکۆی هۆزی شەڕانخێو و میترا پەرستی سەکاکان بووە. هەمان هۆزی چیایی
دلێر کە تەورات لە ئەرمیا بەوپەڕی حەماسەوە باسیان دەکات. هەمان هۆزی شەڕانخێو کە
سەدەی حەوتی پێش زاین هێرشیان کرد، دووهەم پادشای مادیان کوشت و بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ
دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەدەستەوە گرت [هێرۆدۆت]. لەو کاتە بەدواوە ناوی ئەم دەڤەرە
بەپیی ناوی هۆزی سەکایی بوو بە سەکاستان/ سەکزتان، سەقز. جا کتێبی بن دەهش دبێژێ:
چیای ئوشیدەرە لە دەڤەری سەکستان هەڵکەوتووە. بەڵام لەم نێوەدا نووسەرانی ئێرانی
کە بەهەڵە یان بەئەنقست سەکاستان بە سیستان دەخوێننەوە، ئەم چیایە لە دەڤەری
زاگرۆسەوە دەگوێزنەوە بۆ سیستان. هەر وەها دارمستەتەری فەرانسیش تووشی وەها
هەڵەیەک بووە و ئەم چیایە بردووە بۆ ئەفغانستان. بەڵام هەر مرۆڤێکی ژیر و وردبین
ئەو ڕاستییە دەزانێ کە لە سەردەمی ماد و لە کاتی بەدیهاتنی دینی زەردەشتی و
دەسەڵاتی کەیانی دا دەڤەری سیستان و ئەفغانستان گرنگیەکی ئەوتۆیان نەبووە. ئەڵبەت
جگە لە گرنگی مێژوویی، ئایینی و میتۆلۆژیکی دەڤەری شارەزوور کە بە چەندین شێوە لە
دەقەکانی دەفتەری سەرئەنجام دا ناوی هاتووە، دەکرێ هەر بە پشت بەستن بە بن دەهش،
گرنگی زیاتر بە چیای شندروێ بدەین. چون رووناکی سپیدە لە ئاسۆی
"شندروێ"وە هەڵدێ و شاری هورمزگان و دەشتی شارەزوور، یان بە وتەی نالی،
شاری شارەزوور ڕۆشن دەکات...
ئەڵبەت چیایەکی تر کە ئەویش هەر لە دەڤەری
سەکزتان دایە و ناوەکەشی لە ناوی "ئوشیدەرە"وە نزیکە، بریتییە لە چیای
هەوشینان. چیای هەوشین لە دەقی سەرئەنجام دا ناوی نەهاتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە
لە شاری سەردەشت/زەردەشت و لە ڕووباری زابەوە زۆر نزیکە، ئەویش گرنگی تایبەتی خۆی
هەیە.
تێبینی:
سوڵتان سەهاک: ڕێبەری مەزنی ئاینی
یارسان کە لە سەدەی هەشتی کۆچی ژیاوە و لە سەردەمی ئەودا دەفتەری سەرئەنجام بەدیهاتووە،
یانی بەشێوەی نڤیساری داڕێژراوە.
مەرەمۆ: دەفەرمێ.
ڕەزبار: ناوی دایکی سۆڵتان سەهاک و
یەکێ لە پیرانی مەزن و ئەندامی هەفت تەنان کە لە دەفتەری سەرەنجام دا پەیڤ و
کەلامی زۆری هەیە.
پیرداود: لە یارانی سوڵتان و
یەکێکی تر لە هەفتەنان.
بن دەهش: ناوی کتێبێک کە لە کۆتایی
سەردەمی ساسانی دا نووسراوە و دواتر لە سەدەی سێهەمی کۆچی دا سەرلەنوێ
داڕێژراوەتەوە.