حەلاج، مەولانا، فریدریک نیچە

17/04/2019

هادی محەمەدی

بەشێک لە نووسەران و هۆنەرانی مەزن لە ژیانی هزری ئەدەبی خۆیان دا چەند قۆناغیان بەسەر بردووە. بۆ نموونە گوتە، نووسەر و هۆنەری ئاڵمانی، لە قۆناغی یەکەمی ژیانی ئەدەبی دا کە بە بیر و جیهانبینی لەگەڵ دەرباری ڤایمار دایە، لاوازترین بەرهەمەکانی خۆی، یانی "کچی سروشتی"، "داماوان" دەنووسێت؛ بەڵام کاتێ بە بیر و جیهانبینی لەگەڵ ئەندێشەی جانی جیهان، یانی لەگەل ڕەوتی ناپلەئۆن و ئەندێشەی شۆڕشی مەزنی فەرانسە یەک دەگرێت، بەهێزترین بەرهەمەکانی خۆی، یانی فاوست و پاندورا دەنووسێ.

 

مەولانا جەلال الدین، یان بەوتەیەک ڕۆمی، لە ژیانی دا دوو قۆناغی سەرەکی تێپەڕاندووە. قۆناغی بەر لە ناسینی شەمسی تەبرێز، قۆناغی دوای ناسینی شەمس.

"دەگێڕنەوە کە مەولانا بەر لەوە کە شەمسی تەورێز ببینێ، لە شام تەکیە و خانەقا و دەیان شاگردی هەبووە و بەردەوام دەرسی دین و رەوشت بەرزی وتۆتەوە. لەناکاو رۆژێک لە رۆژان شەمس سەر هەڵدەدا و ئەبینێ کە مەولانا خەریکی دەرس و وەعڤە و غەرقی ئایات و حەدیسە. هەر لەم کاتەدا لەنێوان ئەو و مەولانا دیالۆگێک باس و دیالۆگێ دێتە ئاراوە:

شەمس دەپرسێ:
ئەتۆ پێت وایە محەمەد {پێغەمبەر} گەورەترە یان بایەزیدی بەستامی؟ 
مەولانا لە وەڵامدا دبێژێ:
جا ئەوە چە قسەیەکە! خودا خۆی فەرمویەتی: ئەمن هەموو کائیناتم بەخاتر محەمەد بەدیهێناوە! بەڵام بایەزید مرۆڤێکی ئاساییە و تەواو.
شەمس لە وەڵام دا دەڵێ:
ئەی بۆ محەمەد ئێژێ: "ماعَرَفناک حقّ معرفتک"، یانی ئێمە هەرگیز نەمانتوانی ئەوجۆرە کە شایان بوو تۆ بناسین؛ بەڵام بایەزید دبێژێ: "سُبحاني ما اعظَم شأني"، یانی چەندە پاک و بێگەردم، چەند مەزن و بەشکۆم! 
مەولانا بە بیستنی ئەم قسەیە بەلادا دێ و بێ هۆش دەکەوێ. خێرا شاگردەکانی فریای دەکەون و دەیبەنە ژوورەوە. پاش چەن ساتێ کە وشیار دەبێتەوە، هەست دەکا ئیتر مرۆڤەکەی جاران نییە. بەجارێک تەکیە و خانەقا بەجێ دێڵێ و وەدوای شەمسی تەورێز دەکەوێ." 
{دیوان شمس، فروزانفر، نقل بە مچمون} 

ای نور ما، ای سور ما، ای دولت منصور ما
جوشی بنە در شور ما، تا می شود انگور ما!
                                     
مەولانا لە بیر و هەناسەی شەمس دا بانگی "انا الحق"ی حەلاج و "دەوڵەتی مەنسور" هەست پێ دەکات. هەر لەم سەردەمەش دایە کە باشترین هەڵبەستەکانی یانی "دیوانی شەمس" دەنووسێت: دنیایەک پڕ لە شوور و شەوق، هەست و بزاڤ و، وەجد و دیلان:
هر نفس ێ‌واز عشق می‌رسد از چپ و راست
ما به فلک می‌رویم عزم تماشا که راست
ما به فلک بوده‌ایم یار ملک بوده‌ایم
باز همان جا رویم جمله که ێ‌ن شهر ماست
خود ز فلک برتریم وز ملک افزونتریم
زین دو چرا نگژریم منزل ما کبریاست
گوهر پاک از کجا عالم خاک از کجا
بر چه فرود ێ‌مدیت بار کنید این چه جاست
بەڵام، بەڵام:
بخت جوان یار ما دادن جان کار ما
قافله سالار ما فخر جهان مصگفاست
وەک دەبینین مەولانا بەم هەموو شوور و شەیدایی و گەشەی بیر و هزرەوە کە فەلەک و مەلەک تێدەپەڕێنێ، کەچی ناتوانێ لە سنووری دین و متافیزیک واوەتر بچێ و سەرئەنجام محەمەد بە قافلەسالار و فەخری جیهان دەبینێ. 
بەڵام با بزانین بایەزیدی بەستامی و حەلاج کێ بوون کە وەها کارێک بە مەولانا دەکەن.
 به‌پێی دیدی مێژوونووسان بایه‌زید له‌نێوان ساڵه‌كانی (131-234) كۆچی ژیاوه‌. عەتار نەیشاپوری دبێژی باپیری بایەزید پیاوێکی زەردەشتی بووە. هەروەها لە "تژکرە اولیا"دا لە زمانی خودی بایەزیدەوە دەنووسێ: 
"دەبێ باغ و گوڵستان دوو سەد بەهار و خەزان تێپەڕێنێ، تا رەنگە گوڵێکی وەکوو من بڕسکێ"! 
یان دبێژێ: 
"سی ساڵ هەڵوەدا بووم و بەدوای خودادا دەگەڕام، کەچی سەرئەنجام زانیم ئەوە ئەوە کە بەدوای منا دەگەڕێ!" 
لە وتەکەی محەمەد دا مرۆڤ بەندەیەکی هەژارە کە تەنانەت ناشتوانێ خودا بناسێت، بەڵام بایەزید خاوەن بیر و ئیدیەکە کە لەودا مرۆڤ بۆ خۆی بە ئاستی بەرزی خودایەتی دەگات. ئەڵبەت تێرمی "مرۆڤ خودا" ریشەی لە نەریتی کۆنی سەردەمی ساسانی و، لە کولتوورری زەردەشتی میدیا و میترائیزم دایە و لە دەستەوشەی "بەڎه‌خشان" {خودا شاهان} دا دەرکەوتووە. بەڵام ئەم بیرەی بایەزید نزیکەی سەد ساڵ دوای ئەو لە کارئەکتەری مەنسور حەلاج (244- 309) دا ڕاشکاوانە دەبێ بە هاوار و بانگەواز و لایەنی پراکتیکی بەخۆوە دەگرێت. 
بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان حەلاج خەڵکی دەڤەری زاگرۆس بووە و باپیری ئەویش زەردەشتی بووە. حەلاج لە درێژی ژیانی دا بە ئاستێک لە تێگەیشتن و شوور و شەیدایی دەگات کە بانگی "انا الحق!"، "ئەز خودام!" دەچریکێنێ. دەبێ دیسانیش ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم دەربڕینە لە نەریت و کولتوری زەردەشتی و هەروەها لە ئاینی یارسانەوە دێت. لە ئاینی یاری دا پیرانی مەزن بە ئاستی خودایی دەگەن و خۆیان بە خودا دەزانن. بەپێی هەندێ بەڵگە و نیشانە لەپاش ڕوخانی دەسەڵاتی ساسانی، حەلاج یەکەم کەس بووە کە ویستوویە دینی کەڤنار، یانی ئاینی یارسان بژێنێتەوە. هەروەها لە نووسینەکانی دەفتەری سەرئەنجامیش دا حەلاج جێگایەکی بەرزی هەیە:
دڵە‌ دادته‌ن، دڵە دادتەن 
نه‌ ده‌س ئی ده‌و‌ران داد ئەی دادته‌ن
سزای گیر و بەن هه‌ر نه‌ یادته‌ن
چمان سه‌نگ واران ڕوی به‌غدادته‌ن
ئارۆ سه‌نگ واران نه‌ به‌غداد شار بی
مه‌نسوور سه‌رمه‌س ته‌سلیم وه‌ دار بی
مه‌نسوور وه‌ شادی سۆی شه‌فه‌قه‌وه
‌سه‌رمه‌س بی وه‌ جام "انا الحق"ـه‌وه‌
ئەسرۆ که‌م نه‌وی نه‌ دیده‌ی پاکه‌ش 
نەدای ئه‌نه‌لهه‌ق ئاما نه‌ خاکه‌ش
که‌ردشان وه‌ خاک گرد تووتیا
کیشاشان وه‌ باد نیشت نه‌ ڕووی ده‌ریا
وه‌و خاک و خاشاک وەو تووتیاوه‌ 
"انا الحق"‌ش بی نه‌ ڕووی ده‌ریاوه...‌

شێخ ئەمیر یارسان، سەدەی ١١ی کۆچی، سەردەمی نادر شا

کەوابوو هەر بەهۆی ئەم پرسەیە کە خەلیفەی ئیسلامی لە بەغدا ترساوە و فەرمانی کوشتنی حەلاجی داوە، بەجۆرێک کە بە ناجوامێرانەترین شێوە کوشتویانە. ئەمە بابەتێکی گرنگە کە تا ئێستا لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە سەرنجی پێ نەدراوە و سیمای حەلاجیان لە ناخی تەم و مژی عیرفانی ئیسلامی دا نوقم کردووە.
وەک ئاماژەم پێکرد، بیری بایەزید و پراکتیکی حەلاج ریشەی لە ئایین و کولتووری میترایی و زەردەشتی دەڤەری زاگرۆس دایە. بە کوشتنی مەنسور حەلاج، نەک هەر دیاردەی حەلاج و، بیری حەلاج کۆتایی نەهات، بەڵکوو هەم لە فۆرمی میتۆلۆژی ئەفسانەدا بەوپەڕی پەرجوو و پیرۆزی گەیشت، هەم چووە ناو مێژووەوە و سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی لێ ساز کرا: "وەرە بزانم چەند مەردە حەلاجی!" ئەم دەربڕینە فۆلکلۆرە کە بە قووڵی لە فەرهەنگی کوردی دا ڕەگی داکوتاوە ئاماژە بە بەسەرهاتی قارەمانانەی مەنسور حەلاج دەکات. 
بیر و ڕێبازی حەلاج چەند سەدە دواتر لە رێبازی یارسان دا دەبێتە بزاڤێکی مەزنی فکری، سیاسی و مینەوی. رێبەرانی ئاینی یاری هەر لە پیر شاخوشین تا سوڵتان سەهاک بە خەباتی قووڵی فکری پراکتیکی کولتوور و ئایینێک دەژێننەوە کە لەودا مرۆڤ دەتوانێ بە پلە و پێگەی بەرزی خودایی بگات. شایانی سەرەنجە کە ساز و مۆسیقی و، بەتایبەت تەمبور، لەم ئایینەدا جێگایەکی بەرزی هەیە.
یەکێ لەو هۆکارانە کە نیچە دەکاتە شەیدای زەردەشت، هەر ئەم بنەما کولتورییەیە. فریدریش نیچە، بیرمەندی بەناوبانگی ئاڵمانی (1844- 1900)، لە سەدەی نۆزدەهەم دا شاکاری ئەدەبی فەلسەفی خۆی لە زمانی زەردەشتەوە دەنووسێ و لەودا تێرمی "زەڤەر مرۆڤ" دەخولقێنێ. نیچە راشکاوانە خۆی بە ئۆڤێر مەن/ مرۆڤ خودا دەزانێ. لە کتێبێ زەردەشت دا دبێژێ: ئەمن چۆن دەتوانم ئەوە قەبوڵ بکەم کە خودایەک هەبێت و ئەو خودایە من نەبم! [زەردەشت، بەشی دوو، دوورگەی بەختەوەران].
نیچە بەمجۆرە تێرمی زەڤەر مرۆڤ mensch‌Über پێناسە دەکا: 
"مەیموون لەئاست مرۆڤ چەند کز و لاوازە، مرۆڤ ژی لەئاست زەڤەر مرۆڤ ئاوایە. مرۆڤ جۆگەیەکی بچووکە، بەڵام "زەڤەر مرۆڤ" دەریایەکی هەراوە." هەروەتر وەکچۆن بایەزید دەیوت: دەبێ دوو سەد ساڵ تێپەڕێ تا گوڵێکی وەکوو من بڕسکێ، نیچەش لە کتێبی ئێکۆ هۆمۆ دا ڕاشکاوانە دبێژێ: دەبێ خەڵکی ئاڵمان دوو سەد ساڵ هونەر و جوانیناسی بخوێنن تا بتوانن من بناسن، ئەمەش مەحاڵە!
بەڵام کاری هەرە گرنگی نیچە ئەوەیە کە وەک بوومەلەرزە تێکڕای سیستمی فکر، مۆرال و متافیزیکی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە و بە ئەوبەر مرۆڤی دێفۆرمە و مۆرال و متافیزیک دەگات. بە وتەی خۆی شەش هەزار پا واوەتر لە مرۆڤ و زەمانە!
چ شەڕانی ڕاوچییەکم لێهاتووە
سەیرکەن کەوانم چەند چەماندووە!
تەنیا بەهێزترین دەتوانێ وەها کەوانێک ڕاکێشێ
چ ئەڤین و ژان و ئێشێ!
[نیچە، واوەتر لە خیر و شەڕ]


ئەم کەوانەی نیچە خەدەنگێک دەهاوێ، کە لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە، یانی لە گاتاکانی زەردەشتەوە دەست پێدەکا و ڕەنگە تا هەزار ساڵ پاش ئێستاش دەنگێوێ...  
ئه‌وه‌ی ئه‌م بیر و ئایدیا مه‌زنانه‌ ده‌پارێزی و نایه‌ڵێ بفه‌وتێن، هەڵبەست و ئه‌ده‌بیاته‌. بە ناسینی شەمس، قۆناغێک لە ژیانی مەولانا دەست پێدەکا کە لەودا بایەزید و حەلاج دەناسێ و دەبێتە کڵپەیەک لە شوور و شەیدایی و رەخس و سەما و هەڵفڕین. مەولانا لەم سەردەمەدا بە نووسینی دیوانی شەمس فەرهەنگی شادی و خەندە، دیلان و شەیدایی دەگەشێنیتەوە.
وەکچۆن شەمس تەبریزی بە هێنانەوەی پەیڤیکی بایەزید، سیستمی بیری ئیسلامی بۆ مەولانا هەڵدەوەشێنێتەوە، کاری گرنگی نیچەش ئەوەیە کە بە خولقاندنی زەردەشت/زەڤەر مرۆڤ، فەرهەنگی دنیاپەریز و ئێتیکی پڕ لە نزا و کڕووزانەوەی مەسیحی هەڵدەوەشێنێتەوە. لە بەرهەمەکانی ئەودا رەخس و سەما، وەجد و شادی و مۆسیقی شەپۆلان دەدا و بەمجۆرە مرۆڤ لە دەستی ترسی دین و دۆزەخ رزگار دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی سروشت و بە رەخس و سەما سروود و گۆرانی دەچریکێنێ و دەیەوێ وەک باڵندە بفڕێ.
فەرهەنگی مرۆڤایەتی یەکەیەکی یونیڤێرساڵ پێکدێنێ. بیری میترایی زەردەشتی، بایەزید بەستامی دەخولقێنێ. بیری بایەزید، دڵی حەلاج هەڵدەگیرسێنێ. دەسەڵاتی تاناتووسی خەلیفە حەلاج دەکوژێ. بەڵام بیری حەلاج هەڵدەفڕێ و سنوورەکان دەبەزێنێ...