ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:06 - 20/01/2019

پارتی و یه‌كێتی هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌كانی كه‌ركوك له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌‌

پەیسەر

كەركوك بەتایبەتی و ناوچە دابڕێندراوەكان بەگشتی لەچاوەروانی ئاسایكردنەوەی دۆخەكەدان، رۆژی شەممە وەفدی یەكێتی و پارتی دوور لەچاوی میدیاكان لەناحیەی شوانی پارێزگای كەركوك بەرێوەچوو، هه‌ردوولاش له‌سه‌ر سێ خاڵ رێككه‌وتوون.
 

كەمال كەركوكی سەرۆكایەتی شاندی پارتی و ئاسۆمامەند سەرۆكایەتی شاندی یەكێتی كردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، هەردوولا شاندێكی هاوبەش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی كەركوك، رەوانەی بەغداد بكەن و بۆ لەمەودواش هیچ لایەنێك تاك لایەنە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان ناكات.
پارتی  و یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێكه‌وتوون، كه‌ هیچ كامیان به‌ خواستی تاك لایه‌نانه،‌ پارێزگاری كەركوك دانانێت، بەڵكو دەبێت رێككەوتنی هەردوولای لەسەربێت، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پارتی پێشنیاریكردووە پۆستی پارێزگار دووساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دابەش بكرێت و یەكێتیش رەتی كردۆتەوە.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌تون، لەسەر ئاستی پارێزگای بەیەكەوە و بەنوێنەرایەتی كورد بكەونە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، هیچ لایەكیش مافی ئەوەی نیە بەناوی كوردەوە تەنها خۆی رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بكات.


هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌وه‌، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەدوای نەمانی حەشدی شەعبی پارتی دەیەوێت بگەڕێتەوە كەركوك و ئەو خواستەشی بۆ حكومەتی عێراق ئاشكرا كردووە.
كۆبونەوەكەی ئەمجارەی یەكێتی و پارتی لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی هەوڵیدا بەرێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام بەهۆی ئەوەی توركمانەكان پێشنیاری ئەوەیان كردووە كە پارێزگار بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان كورد و عەرەب و توركمان دابەش بكرێت، بەڵام یەكێتی پێشنیارەكەی رەتكردۆتەوە، هەروەها عەرەب و توركمانەكان راشیانگەیاندوە دەبێت پۆستەكانی تر بەشێوەی 32% بۆ هەر پێكهاتەیەك بێت.
یەكێتی هەوڵیشیدا لەرێگەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدراڵیەوە بەشێوەی كاتی فەرمانی دەست بەكاربوون بۆ پارێزگارێك لەحزبەكەی بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتی ئاستەنگی بۆ ئەو هەوڵەی یەكێتی دروستكرد.


كورد بەهۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە نزیكەی نیوەی خاكی باشوری كوردستانی لەدەستدا ئەو ناوچانە بەپێی دەستوری عێراق وەك ناوچەی جێ ناكۆك دیاریكراون و دواوادەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو مادەیە 31/12/2007 بوو بەڵام مادەكە كە خۆی لەسێ قۆناغی ئاسایكردنەوە و سەرژمێری و راپرسی دا دەبیندەوە جێبەجێ نەكرا.
لەبودجەی ساڵی 2019ی عێراقیش هیچ بڕە پارەیەك بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 دیاری نەكراوە.