06:39 - 30/01/2023
بێ كورد بردنهوه مهحاڵه.. چوار كاندید بۆ ڕكابهری ئهردۆغان
دەنگدەران لە تورکیا چاوەڕوانی هاوپەیمانی شەش قۆڵین، بۆ ئهوهی كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و کێبڕکێی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رابگهیهنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوی چوار كهس دههێنرێن، دیارترینیان سەرکردە لە پارتی گهلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن، کەمال کلیچدارئۆغڵۆیه.
لە کاتێکدا مشتومڕ گهرمه سەبارەت بە دواکەوتنی ڕاگەیاندنی كاندیدی پارتەکانی "مێزی شەش حزبی" کە بە "هاوپەیمانی نەتەوە" ناسراوە بۆ کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیتوركیا، تورگوت ئۆغڵو شرۆڤەکاری سیاسی تورکیا، ڕایگەیاند کە ناکۆکی لەسەر ناوی پێشنیار کراو ههیهو چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتدا کاندیدی سەرۆکایەتی یەکلایی بکرێتەوە.
ئەو هاوپەیمانییە شەش لایەنە پێکدێت لە پارتی گەلی کۆماری بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدارئۆغڵو، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویسال، پارتی سەعاده بە سەرۆکایەتی تەمێل کارامۆڵ ئۆغڵو، پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو و "ئی پارتی " بە سەرۆکایەتی مێرال ئاکشەنەر.
ئەم سەرکردانەی پارتەکان لە ٢٦ی ئهم مانگه کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی کۆدەنگی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار و پلانی هاوپەیمانی بۆ یهكلاكردنهوهی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام بدرێت.
سەرکردەکانی هاوپەیمانان ڕایانگەیاند کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتدا کاندیدی سەرۆکایەتی توركیا ڕادەگەیەنن.
چوار ناو بۆ سهرۆكایهتی
جیاوازی پێکهاتەکانی ئەم هاوپەیمانییە لهسهر كاندیدێك دهگهڕێتهوه بۆ پاڵپشتی مێرال ئاکشێنەر سەرۆکی ئی پارتی، بۆ كاندیدكردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و دیارترین نەیاری سیاسی ئەردۆغان، لهگهڵ پشتیوانی بۆ مەنسور یاڤاس سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە.
ئەکرەمئۆغڵو ڕووبەڕووی قەیرانی یاسایی بووەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا دادگای تورکیا سزای 31 مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند، هاوکات کاندیدبوونی یاڤاش بە باکگراوندێکی ناسیۆنالیستی قەیرانێک پێکدەهێنێت، چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی دوودڵی کوردانی ناوخۆی تورکیا، بە وتەی كاراموڵا ئۆغلۆ ئەو شرۆڤەکارە تورکە.
سەرەڕای ئەوەی مێرال ئاکشێنەر گڵۆپی سەوزی بۆ کاندیدبوونی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا هەڵکرد، بەڵام بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا ناوی ئیلهان كیسچی جێگری پارتی گهلی کۆماری و پەرلەمانتاری پێشوو خراوهتهڕوو.
دیارترین کاندید و مەرجەکانی
کەرەمەلا ئۆغڵو پێی وایە بونی ئهم چوار ناوه تهڵخیهكی خستوهتهسهر یهكلابونهوهی هاوپەیمانی شەش حزبی لهسهر كاندیدێك، بەڵام نزیکترینیان تا ئێستا کەمال کلیچدارئۆغڵو سهرۆكی پارتی گهلی كۆمارییه.
بەڵام کۆدەنگی لەسەر کلیچدارئۆغڵو پێویستی بە هەماهەنگیی هەیە لەگەڵ دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان "ههدهپه" بۆ دڵنیابوون لە یەکلاکردنەوەو بردنهوهی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
بە وتەی لایەنگرانی کیلیچدارئۆغڵو کەسایەتییەکی کاریزمای هەیە، هەروەها متمانە بهشێكی زۆر له کۆمەڵگەی تورکی ههیه، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەموو لایهنه سیاسییەکانی ناوخۆی تورکیا.