ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:48 - 09/05/2023

ئێران له‌ كاتی بومه‌له‌رزه‌كه‌دا چه‌كی بۆ سوریا ناردووه‌‌

پەیسەر

به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بومه‌له‌زه‌كه‌ی توركیاو سوریا ئه‌گه‌ر دیوێكی ئینسانی هه‌بوبێت ئه‌وا بۆ وڵاتێكی وه‌كو ئێران بۆ ئه‌جێندایه‌كی دیكه‌ به‌كارهێنراوه‌ و به‌ دزی نه‌یاره‌كانیه‌وه‌ گۆڵی خۆی كردووه‌.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بە پشت بەستن بە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا و بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووه‌ ئێران بە بیانووی گواستنەوەی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتی توركیا، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و كەرەستەی دیكەی سەربازیی گواستووەتەوە بۆ سوریا.

به‌پێی رۆژنامه‌كه‌، دوای روودانی بوومەلەرزەكەی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش لەو كاروانانەی هاوكاری كە لە عێراقەوە رەوانەی سوریا كراون، ٣٠ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ژمارەیەك كەرەستەی دیكەی سەربازیی گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

رۆژنامەكە سەبارەت بەو بەڵگانەی بە پشتبەستن بە هەواڵگری ئەمریكا و بەرپرسێكی سەربازیی ئیسرائیلی نزیك لە ئێران بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت: ئەمە راپۆرتەكانی پێشووتر لەبارەی گواستنەوەی كەرەستەی بەرگریی سەربازیی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سوریا كە لەنێو هاوكارییە مرۆییەكاندا شاردوویەتەوە بەهێز دەكات كە دوای روودانی بوومەلەرزەكانی توركیا رەوانەی كردوون.

باس لەوە دەكرێت كە گەیاندنەكە لەلایەن ئۆتۆمبێلەكانی عێراق و لە رێگەی گرووپە میلیشیا دۆستەكانی ناوچەكە و فەیلەقی قودس كە سەرپەرشتیاری جەنگاوەرە بریكارەكانی ئێران و كۆكردنەوەی هەواڵگریی بەڕێوەدەبات، ئەنجامدراوە.

بەپێی بەڵگە دزەپێكراوەكان لە ١٣ی شوباتدا، ئەفسەرێكی فەیلەقی قودس فەرمانی بە گروپێكی میلیشیای عێراقی كردووە چەك لەنێو هاوكارییە مرۆییەكاندا دابنێت. ئەفسەرێكی دیكەی فەیلەقی قودس لیستی كەرەستەكانی لابووە كە سەدان بارهەڵگر گواستوویانەتەوە بۆ سوریا.

بەرپرسەر سەربازییە ئیسرائیلییەكە، پشتڕاستی ئەوەی كردەوە كە فەیلەقی قودس لەم جۆرە كارانەوە تێوەگلاوە.بەپێی هەواڵەكەی واشنتۆن پۆست، بەرپرسێكی باڵای حكومەتی عێراق رایگەیاندووە، سەرۆكوەزیران سوودانی باسی لەوە كردووە كە ئەو بەڵگانەی خراونەتەڕوو ساختەن.


هەروەها ئیسرائیل بە گومانی گواستنەوەی چەك بۆ سووریا و لوبنان هێرشی كردە سەر كاروانەكان، بەڵام ئاماژە بەوە كرا كە ئەوە مەترسیی لەسەر گواستنەوەی هاوكارییە مرۆییەكان دروست دەكات.