ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:48 - 17/08/2023

جوڵە سەربازييەکانی ناوچەکە‌

پەیسەر

ڕه‌نج نه‌وزاد

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەیەکی کوێتی (الجريدة الكويتية) کە وەک خۆی دەڵێت پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بەستووە لە ناو فەيلەقی قودسی سەر بە پاسدارن.


چەند خاڵێکی گرنگ لەو هەواڵەدا باسکراوە:

 ١. ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمريکا و ئێران ڕوويدا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بۆ ئازادکردنی بەندکراوەکانی ئەمريکا لە ئێران و لەبەرامبەردا ئەمريکا ڕێ دەدات ٩ مليار دۆلار لە پارەی سڕکراو بگەڕێتەوە بۆ ئێران، سەرەتا شەس مليار پاشان سێ مليار. دەوترێت پاڵنەرێکی سەرەکی ئەم ڕێککەوتنە ئەوە بووە کە ئێران ئەو پلانەی ئەمريکا و ئيسرائيل ڕابگرێت کە بريتييە لە هێرش کردنە سەر ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لە مانگی ٩ی ئەمساڵ لە گەڵ ساڵيادی شۆڕشی ژينا.

٢. سەرچاوەیەک لە سوپای قودس بە ڕۆژنامەکەی وتووە، "بە پێی زانيارييەکانی ئێران، ئيسرائيل بە هاوکاری ئەمريکا بە نيازن شتێک بەرامبەر بە ئێران بکەن لە مانگی ٩ی ئەمساڵ. بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە فەرمانمان کردوە بە هەموو هیزەکانی سەر بە ئێران لە عيراق و سووريا و لوبنان و فەلەستين لە ئامادەشی تەواودا بن بۆ هەر ئەگەرێک". ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی "لە کاتی هێرش کردنە سەر ئێران، ئەوا ئەو مليشيا سەربازييانەی سەر بە ئێران، بە بێ گەڕانەوە بۆ تاران، دەستدەکەن بە مووشەکبارانکردنی ئيسرائيل و بنکەکانی ئەمريکا لە ناوچەکەدا". لەوانەیە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەو جموجۆڵە سەربازييەیی کە لە عيراقدا هەیە لە لایەن حەشدی شەعبيەوە.


٣. سەرچاوەکەی ناو سوپای قودس بە رۆژنامەکەی وتووە "ماوەی پێشوو ژمارەیەکی زۆر مووشەک و فرۆکەی بێ فڕۆکەوانمان ناردوە بۆ سووريا وەک خۆ ئامادە کردن بۆ ئەو هێرشە. بۆ یەکەمجار لە ٢٠١١ەوە ڕووسيا ئامادە بوو هيچ هەواڵێک نەدات بە ئيسرائيل بۆ لێدان لە کاروانەکانمان". ئەمەش ئەگەر ڕاست بێت، وا ديارە ڕووسيا دەيەوێت لە ڕێگەی ئێرانەوە ئەمريکا تێوەبگلێنێت بە جەنگێکی نوێ و بۆ ئەوەی دووری بخاتەوە لە جەنگی ئۆکڕانيا.


٤. بە پێی ڕۆژنامەکە جارێ ڕوون نييە ئایا ئەو رێکەوتنەی نێوان ئەمريکا و ئێران لەسەر زيندانيکراوەکان و ٩ مليار دۆلارەکە، ئەو پلانەی ئيسرائيل و ئەمريکا هەڵدەوەشێنێتەوە یاخود نا.


بە دڵنيایەوە ڕۆژنامەیەکی فەرمی کوێتی لە بەرەی دژە ئێرانە و دەکرێت هەواڵەکە تەنيا پروپاگەندە بێت. بەڵام لە واقعدا جموجۆڵی سەربازی ئاشکرا هەیە چ لە لایەن ئێرانەوە، لە عيراق و سووريا و لوبنان، چ لە لایەن ئەمريکاوە. جموجۆڵە سەربازييەکانی ئەمريکا بە پێی لێدوانی فەرمی ئەمريکا پەيوەندی بە ئێرانەوە هەیە، بەڵام نەک بۆ هێرش کردنە سەری، بەڵکو بۆ ڕێگرتن لە دەست درێژیيەکانی بۆ سەر کەشتييەکان لە کەنداو و گەروی هورمز.


لە مانگی سێی ئەمساڵدا مايکل کوريلا، فەرماندەی گشتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمريکا لە ڕاپۆرتێکيدا بۆ کۆنگرێس و کە بەرامبەر کۆنگرێسيش قسەی کرد چەند تێبينييەکی گرنگی لەسەر ئێران خستە ڕوو. بە گشتی ئەو فەرماندەیە پێی وابوو کە ئێران هەرگيز وەک ئێستا بەهێز و ترسناک و هەڕەشە نەبووە بۆ سەر بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا و بۆ سەر ناوچەکە. هاوکات ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ کرد سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو و گەرووی هورمز، کە ئەم ناوچەیە دەکرێت ببێتە گرنگترين خاڵ بۆ ئيحتيواکردنی چين و درووستکردنی فشار لەسەر چين. واتە دووبارە گەڕانەوەی تەرکيزی ئەمريکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی نزيکە و سەرەتاکانی دەرکەوتوون. بێ گومان ئەمريکا هەرگيز ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێنەهێشتووە، بەڵام چەند ساڵێک تا ڕادەیەک تەرکيزی کەمتر بووەوە، یاخود سياسەتەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. ئەو جموجۆڵە سەربازييانەی ئەمريکاش لە ناوچەکەدا ڕەنگدانەوەی ئەو گوتارەی فەرماندە کوريلایە.


تاکە دەوڵەتی گرنگ و بەهێزی ناوچەکە کە بە فەرمی دژە ئەمريکایە و نزيکە لە چين، تەنيا ئێرانە. بۆیە لێرەوە، ئێران بەشێک دەبێت لە هەڕەشەی چين بۆ سەر پێگەی ئەمريکا لە جيهاندا. کەواتە چاوەڕوان دەکرێت پەيوەندييەکانی ئەمريکا و ئێران هەميشە لەبەردەم چەندين ئەگەردا بێت، چ ئەگەری سەربازی و هێرش کردن، یا ڕێککەوتن بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە چين.
فەرماندە کوريلا لە بارەی ڕووداوەکانی شۆرشێ ژینا، لە مانگی سێی ئەمساڵ ڕای وا بوو کە هەر چەن ئەمجارە دۆخەکە جياوازترە لە ناڕەزایەتييەکانی پێشتر، بەلام ڕژێمی ئێران ناروخێت بە جۆرە ڕووداوانە. کوريلا فەرماندەی گشتی فەرەماندەیی ناوەندی ئەمريکایە () ئەم ناوەندە لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە ئەرکی یەکەمی و هۆکاری سەرەکی لە دامەزراندنی بريتييە لە بەرپەرچدانەوەی ئێران. هەر بۆیە لێدوان و ڕاپۆرتەکانيان لەسەر ئێران، بە گرنگترين دادەنرێت لە ئەمريکا.


تەنانەت خوێندنەوەیەکش هەیە کە پێی وایە ڕازبوونی سعوودييە و تا ڕادەیەک ئيماڕات بۆ ئاسایکردنەوەی پەيوەندييەکانيان لەگەڵ ئێران، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دەوڵەتانە دەزانن ئەگەر هەیە هێرش بکرێتە سەر ئێران. بۆ ئەو مەبەستەش دەيانەوێت لە کاتی ئەو هێرشە ئێران کاردانەوەی نەبێت دژ بە دەوڵەتە عەرەبييەکانی کەنداو. هەر چەن بە پێی سەرچاوەکەی ڕۆژنامە کوێتييەکە ئێران دەوڵەتانی کەنداوی ئاگادار کردوەتەوە ئەگەر ئەمريکا بنکە سەربازييەکانی کەنداو بەکاربهێنێت، ئەوا دەبنە ئامانجی ئێران. بێ گومان ئەگەر هێرشەکە ڕووبدات، ئەمريکا ئەو بنکە سەربازييانەی بەرکاردەهێنیت، بە تايبەت کە بنکەی سەرەکی فەرەماندەیی ناوەندی ئەمريکا لە وڵاتی بەحرێنە و تايبەتە بە پاراستن و چاودێری کردنی کەنداو و هورمز و بەرپەرچدانەوەی ئێران.


بە گشتی بە پێی ڕای زۆربەی چاودێران، هێرشی سەربازی ناکرێتە سەر ئێران لەم کاتەدا، بەڵام خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی عاقلانی و لۆژيکی لەم جۆرە هاوکێشانەدا، زۆر کات هەڵە دەردەچن. زۆربەی چاودێر و پسپۆر و تەنانەت سياسيەکانيش پێيانوابوو ڕووسيا هێرش ناکاتە سەر ئۆکڕانيا. لەم چەند ساڵەی داهاتوو ئەگەر زۆرە گۆڕانکارييەک لە ئێران ڕووبدات، ئەگەر ئێران سازش نەکات و پێداچوونەوە بە سياسەتی خۆيدا نەکات. ئێران هەندێک گۆڕانکاری دەست پێکردوە، وەک هەوڵدان بۆ ئاسای کردنەوەی پەيوەندييەکانی لەگەڵ سعوودييە و ئيماڕات و بەحرێن و ميسر... بەڵام ئەستەمە ئەمە بەردەوام بێت، ئێران ناتوانێت گۆڕانکاری گەورە بکات لە سياسەتی خۆی، بە تايبەت دوای زاڵبوونی باڵی توندڕەو و کۆنەپەرستەکان و لاوازبوونی بە ناو ريفۆرمخوازەکان.

ئەوەی ئێران دەيکات، تەنانەت لە لایەن چين و ڕووسياشەوە هەندێک کات قبوڵ ناکرێت و ناتوانن پشتگيری لێ بکەن. هيچ
دەوڵەتێک نييە بە فەرمی و بە ئاشکرا وەک ڕێکخراوێکی تيرۆريستی و باندێکی لەشفڕۆش و ماددەی هۆشبەر و مافيا مامەڵە بکات لە ناوخۆ و لە دەرەوە، ئەمساڵيش نەبێت لە چەن ساڵی داهاتوو هەر گورزێکی دەرەکی لێ دەدرێت یا لە ناوەوە دادەروخێت.