05:11 - 22/11/2018
بازاڕەكانی عێراق پڕن لەكاڵای خراپ
بە دەمووچاوێكی گرژو مۆنەوە (محسن عبدالنبی) خاوەنی یەكێك لە گەنجینەگەورەكانی هەڵگرتنی خۆراك لە بەغداد باس لەوە دەكات كە جۆروكوالیتی ئەو كاڵایانەی لە ئێرانەوە دێنە عێراق خراپن، ئەو دەیگوت ئەترسم قسەكانم بە سیاسەت لێك بدرێتەوە، بەڵام ئەوە راستەقینەیە كە دەیڵێم.
ئەو بۆچوونە تەنها بڕیاری عبدالنبی بارزگان نیە، بەڵكو قسەی سەرجەم ئەو بازرگانە گەورە و بچووكانەیە كە لە ئێرانەوە كاڵا ئاوردەی عێراق دەكەن، مسلم عبدالنور، بریكاری كۆمپانیایەكی گەورەیەو كاڵاوشمەكی كارەبایی لە ئێرانەوە دەهێننە عێراق و پێی وایە كاڵاكاكان وەك پێویست نین و كەڵكی بازاڕی عێراقیان پێوە نیە، جگە لەوەش ئەو پێی وایە ئەگەر بتەوێت بازرگانی گەورەبكەیت و سەركەوتوو بیت دەبێت، پشكداری یەكێك لەبەر پرسە حكومیەكان بكەیت ، یاخود خاوەنی سەرمایەیەكی گەورە بیت كە ئەوانیش حسابت بۆ بكەن و كار ئاسانیت بۆ بكەن، ئەم دوو شتەش پێكەوە (سەرمایە و پشتگیری حكومەت) بۆ هەموو بازرگانێكی ئەم وڵاتە دەست نادات، لێرە بازرگانی گەورە هەن لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی وڵات پشكدارو شەریكن، هەموو بازاڕەكەیان كۆنترۆڵ كردووەو بازاڕیان پڕكردووە لەو هەموو شتە بێكەڵكەی ئێران و توركیا، ئێستە تۆ تایەك مانگی تر بگەڕێ ئەو كەسە سیاسیەت بۆ نادۆزرێتەوە كە لە پشتی بازرگانەكانەوەیە، بەڵام ئەوە بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت باشە ئەگەر لە پشتی پەردەوە كارەكان ئەنجام نەدرێن ئەی ئەم هەموو كاڵا كوالیتی نزمانە چۆن لە كۆنترۆڵەكانەوە دێنە ناوعێراق، چۆن رەزامەندییان پێدەدرێت؟
مازن عبدالغفور باس لەوە دەكات لەسەردەمی حیزبی بەعس دا هەموو شەقامەكانی عێراق پڕپڕبوون لە ئۆتۆمبێلی رووسی، لەبەر ئەوەی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی عێراق و روسیا بەهێز بوون، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 وە ئەگەر سەیری شەقامەكان و بازاڕەكان بكەین لێوان لێون لە شت و مەك و ئۆتۆمبێلی ئێرانی و سەرجەم پێداویستیەكانی ژیان، تەنانەت دەرمان و چارەسەرە پزیشكیەكانیش ، ئەمە مانای وایە بەشێكی پەیوەندی بە چاوپۆشی یان ئاگاداری ئەو دەسەڵاتانەوە هەیە كە عێراق بەڕێوە دەبەن و ئەمەریكیەكانیش ئاگایان لە بارودۆخەكەیە.
دوای2003 زۆرینەی كۆمپانیا زەبەلاح و گەورەكان ئەگەر راستەوخۆ هی خەڵكە سیاسی و دەست رۆشتووەكان نەبن، ئەوا نزیكن لەوانەوە، هەندێكیان روو لە توركیا و هەندێكی تریشیان روو لە ئێران دەكەن، لە بەدوادا چوونێكی رۆژنامەوانیدا دەركەوتووە ئەو كاڵایانەی بەمەبەستی عێراق و هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن جیاوازی زۆریان هەیە لە رووی كوالیتی و چاك و خراپی بابەتەكانەوە، هاوڵاتیەكی رۆژهەلاتی كوردستان باس لەوە دەكات ئەو خواردنەوە گازی(ساردی )یانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان مەسرەف دەكرێن و لە ئێرانەوە دێن بەهیچ شێوەیەك لەناوخۆی ئێراندا بەكارناهێنرێت، ئەو كۆمپانیاو بازرگانانەی كاڵا رەوانەی عێراق دەكەن ئەو راستییە زۆرباش دەزانن بەڵام لەبەر ئەوەی كێشەی بازرگانی و سیاسییان بۆ دروست نەكرێت هیچ ناڵێن و چاو دەپۆشن.
(حاجی عەلی زەبالە) كە بازرگانێكی دیارو گەورەی بازاڕی شۆڕیجەیە بە (جەزیرە نت)ی گوتووە، دامودەزگاكانی كوالیتی كۆنترۆڵ لەسەر سنوورەكاندا وەك پێویست نین، زەیت و چای بەسەرچوو دێتە بازاڕ، ئەگەر وانیە چۆن رێگە دەدەن دەرمانی ماوە بەسەرچوو بێتە وڵاتەوە و لێرە بە نایاسایی ماوەی ئێكسپایەر و بەسەرچوونەكەی لەسەر چاپ بكەنەوە؟ لایەنی پەیوەندیدا و تەندروستیەكان بۆ ناپرسنەوە لەو هەموو ملیار دۆلارەی لەسەر حسابی تەندروستی هاوڵاتیان پێكەوە دەنرێت؟ حاجی باوەڕی وایە زۆرینەی بابەتەكان لە ئێرانەوە دێنە عێراق .
بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی بازرگانی عێراقی بە هەمان سەرچاوەی پێشووی گوتووە: لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسیەكان ناكۆكن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران، نەتوانراوە ئەو دیاردانە بنبڕبكرێت كە باس دەكرێت، جگە لەوەش ئێران وڵاتێكە درواسێیە، هاتووچۆ ئاسانتر و كەم خەرجترە، دڵنیاشین لەوەی پارەی بازرگانیەكە ناچێتە گیرفانی حیزب و گروپە تیرۆرستیەكانەوە بۆیە ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئێران ئەوەندە بەهێزە..
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئازەربایجانی خۆرئاوای ئێرانی بە یەكێك لە میدیاكانی وڵاتەكەی گوتووە، لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە بۆ ساغكردنەوەی میوەو سەوزەی پارێزگاكەیان، جگە لەوە سەفیری ئێران لە بەغداد(ئیرەجی مەسجیدی) باس لەوە دەكات 1200 پرۆژەی جۆراوجۆری ئێرانی لە عێراقدا هەن بەبڕی 100 ملیار دۆلار كاردەكەن، 79 كۆمپانیای ئێرانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان خەریكی دروستكردنی وێستگەی بەرهەم هێنانی وەزەو پاڵاوگەی نەوت و ئوتێل و یاریگان بە بڕی هەشت ملیار دۆلار.
گەورە راوێژكاری بازرگانی ئێرانی (ناصر بهروز) سەرەِرای سەپاندنی ئابڵۆقە ئابووریەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە باس لەوە دەكات، ئێران خوازیارەو جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی لە بازاڕی عێراق دا بوونی هەبێت و ئەوەش لەبەرژەوەندی عێراقە، ئەو دەڵێت: دوای سەپاندنی ئابڵۆقە ئابووریە ستەمكارانەكە لەماوەی تەنها چوارمانگی رابووردوو بەهای بازرگانیمان لەگەڵ عێراق گەشتووەتە (2.7) ملیار دینار، واتە لەچاو پێشوودا (24%) بەرزبووەتەوە.
لە ئێستەشدا خولیای ئێران لە عێراقدا نەك هەر لە رووی سیاسییەوە دەیەوێت بە ئاستی زۆر بەهێزەوە بوونی هەبێت، بەڵكو كار بۆ ئەوە دەكەن عێراق (بەگشتی و هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی ) نەتوانن بە بێ بازرگانی كردن لەگەڵ ئێران و هێنانی شت و مەكی ئێرانی بەڕێوەی بچێت. بۆئەو مەبەستەش (ئیرەجی مەسجیدی) باس لەوە دەكات دەیانەوێت پیشانگای هەمیشەیی لە بەغداد بكەنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانەیەكانیان لە گەڵ عێراق هەمیشەیی و بەردەوام بێت. كاتێكیش لەم دواییانەدا سەرۆك كۆماری عێراق (دكتۆر بەرهەم صاڵح) سەردانی ئەو وڵاتەی كرد جگە لەوەی لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە پێشوازی لێكرا، هەردوولا جەختیان لەسەر لابردنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵاتیان كرد بۆ بازرگانەكان و هەردولاش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئێران گەشتۆتە (20) ملیار دۆلار. ئەوەی كە جێگەی سەرنجە زۆرینەی سوودو بەرژەوەندیەكە بۆ ئێرانیەكانەو عێراقیش تەنها نەوت و غازی خۆی پێدەفرۆشێت و لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران هەموو پێداویستیەكانی هاوڵاتیانی عێراقی بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت دابین دەكات..