ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:50 - 17/01/2019

بودجه‌ی عێراق له‌به‌رده‌م سێ مه‌ترسی گه‌وره‌دایه‌‌

پەیسەر

بودجه‌ی عێراق له‌به‌رده‌م سێ مه‌ترسی گه‌وره‌دایه‌، ئه‌و مه‌ترسییانه‌ش په‌رله‌مانتارانى له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ دوودڵكردووه‌و زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كان نیگه‌رانن، په‌یسه‌رپرێس ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش ده‌ڵێت، هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و مه‌ترسیانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌شێك له‌ كوتله‌ سیاسیه‌كان، ترسیان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2019ی عێراق هه‌یه‌ و ترسه‌كه‌ش سێ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى بودجه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

بواری یه‌كه‌م كورتهێنانی بودجه‌یه‌ كه‌ 27 ترلیۆن و 536 ملیار دیناره‌، ئه‌وه‌ش ترسی ئه‌وه‌ی دروستكردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت دابه‌زێت، ئه‌وه‌ عێراق یان ده‌بێت په‌نا بۆ یه‌ده‌گی دراوی بانكی ناوه‌ندی به‌رێت، یاخود ده‌كه‌وێته‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌.

ته‌وه‌ری دووه‌م پشكی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌بودجه‌ی گشتی عێراق، و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنە له‌گه‌ڵ داهاته‌ نه‌زاندراوه‌كانی هه‌رێم، و ئاشكرانه‌بوونی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانی كوردستان و نه‌زانینی خه‌رجی و داهات.

هۆكارى سێیه‌م كه‌ په‌رله‌مانتارانى له‌ یاساى بودجه‌ دوودڵكردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی پارێزگاكان له‌پشكی خۆیان رازی نین، حكومه‌ت به‌پێی سه‌رژمێری دانیشتوان ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوایه‌مین سه‌رژمێری دانیشتوان كه‌ له‌عێراق ئه‌نجامدراوه‌ ساڵی 1997 بووه‌.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌پارێزگاكان داوای بودجه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن چونكه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ یان سه‌رچاوه‌ی داهاتن، ئه‌وه‌ش ترسی پشتگوێخستنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و گرنگیدان به‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری دروست كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك تایبه‌ت بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی عێراق به‌ئاشكرا باسی ئه‌و سێ مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن، لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند له‌راستیدا ئه‌و سێ مه‌ترسیه‌ هه‌یه‌، گوتیشی كورتهێنانێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌م جاره‌ بودجه‌ی عێراق ئه‌وه‌نده‌ كورتهێنانی تێدابێت."به‌ڵام به‌پێی پێشبینی چوار دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، نرخی نه‌وت له‌م ساڵدا دانابه‌زێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق گوتیشی، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پرسیاری كردووه‌ له‌په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ و ناوچه‌ به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت، نیگه‌رانی زۆریان هه‌یه‌ له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌.

سه‌باره‌ت به‌نه‌بوونی سه‌رژمێری دانیشتوانیش له‌عێراق، ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید پێی وایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان جۆرێك له‌سه‌رژمێری دانیشتوانی لایه‌ بۆیه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ى تۆزێك دواخستووه‌،"له‌ماده‌ی 10 برگه‌ی جیم هه‌وڵیانداوه‌ چاره‌سه‌ری نادیاری داهاته‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌ په‌سه‌ندبكرێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی تێدایه‌".