ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:04 - 05/05/2022

په‌یڕه‌وانی سێ ئاینه‌ ئاسمانیه‌كه‌ به‌ پیرۆزی ده‌زانن‌

پەیسەر

بۆچی مزگه‌وتی ئه‌قسا لای په‌یڕه‌وانی سێ ئاینه‌ ئاسمانیه‌كه‌ پیرۆز و گرنگه‌؟

مزگەوتی ئەقسا، یەکێکە لە پیرۆزترین شوێنەکان لای موسڵمانان و جوله‌كه‌ و مه‌سیحیه‌كان، ده‌کەوێتە ناو شارە دێرینەکەی قودس لە فەلەستین، لای موسڵمان و جوله‌كه‌كان ناوی جیاوازی هه‌یه‌ و هه‌ردووكیان به‌ خاكی خۆیانی ده‌زانن.


 مێژووی دروستكردنی

مزگەوتی ئەقسا دووەم مزگەوتە لە دوای مزگەوتی حەڕامی مەککەوە دروستکراوە، بەپێی گێڕانەوەی بوخاری، پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی ماوەی نێوان دروستکردنیان چل ساڵە.
بە شێوەیەکی دیاریکراو ئەو کەسەی کە مزگەوتەکەی دروستکردووە ڕوون نییە، مێژوونووسە موسڵمانەکان کۆک نیین لەسەر دیاریکردنی بنیاتنەر و دروستکەری بناغەی مزگەوتی ئەقسا، هەندێکیان مێژووی دروستکردنەکەی دەگێڕنەوە بۆ "سام"ـی کوڕی پێغەمبەر نوح، هەندێک سەرچاوەی تر پێغەمبەر ئیبراهیم بە دروستکەری مزگەوتەکە دادەنێن.
هەروەها ژمارەیەکی تری مێژووناسان و پسپۆڕانی ئیسلامی پێیان وایە کە پێغەمبەر ئادەم یەکەمین بناغەی مزگەوتەکەی داناوە و زۆرێک ئەم بۆچوونەیان لەلا پەسەندە، پێیان وایە هەر یەک لە پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر سولەیمان لە سەردەمی خۆیان مزگەوتەکەیان نۆژەن و نوێکردووەتەوە.

ڕووبه‌ری مزگه‌وته‌كه‌

مزگەوتی ئەقسا ناوچەیەکی دەورەدراوە بە دیواری لاکێشەیی لە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری قودسی دیواربەند کراو کە بە شار دێرینەکە ناسراوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٤٤ دۆنمە و قوبە سەخڕە و مزگەوتی ئەقسا ئەگرێتەوە لەگەڵ چەند شوێنەوارێکی تر کە نزیکەی ٢٠٠ شوێنگەن و چوار منارەی ھەیە.

پێوانەکانی مزگەوتەکە ئەگاتە، ٢٨١م لە باشوورەوە و ٣١٠م لە باکوورەوە و ٤٦٢م لە ڕۆژھەڵاتەوە و ٤٩١م لە ڕۆژئاواوە، و ڕووبەرەکەی شەش یەکی ڕووبەری شارە دێرینەکە دەگرێتەوە، و ئەم سنوورە نەگۆڕاوە دوای ئەوەی مزگەوتەکە بۆ یەکەم جار نوێژی تیایدا کراوە بە پێچەوانەی مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر کە چەندین جار فراوان کراوان.


ناوی ئه‌قسا

مزگەوتی ئەقسا ناوی ئیسلامی مزگەوتەکەیە کە خوا لە قورئاندا ناوی مزگەوتەکەی بردووە پێی، مانای ناوی ئەقسا واتە دوورترین و مەبەست لێی دووری مزگەوتەکەیە بە بەراورد لەگەڵ دوو مزگەوتە پیرۆزەکەی تر کە لە مەککە و مەدینە.
 مزگەوتی ئەقسا پێش ئەم ناونانە قورئانییە بە بەیتولموقەدیس ناسرابوو، و ناوچەی قودس لەو کاتانەدا بە ناوی ئیلیا ناسرابوو.

پیرۆزی ئه‌قسا لای موسڵمانان

 

مزگەوتی ئەقسا پیرۆزییەکی گەورەی ھەیە لای موسڵمانان، کە بەستراوە بە بیروباوەڕەکەیانەوە لە سەرەتای بانگەوازەوە، و بە قیبلەی ھەموو پێغەمبەرەکان دادەنرێت لە پێش پێغەمبەر محەمەد و ھەروەھا قیبلەی یەکەمی ئیسلامیش بوو پێش ئەوەی قیبلە بگۆڕێت بۆ مەککە.
دوای كۆچی موسڵمانان بۆ مه‌دینه‌، بۆ ماوه‌ی 17 مانگ بۆ نوێژ ڕوویان له‌ ئه‌قسا كرد و دوای ئه‌وه‌ ڕوویان به‌ره‌و كه‌عبه‌ی پیرۆز وه‌رگێڕا.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هۆكاری پیرۆزییه‌كان، شەوی ئیسرا و میعراجە کاتێک پێغەمبەر شەوڕەوی پێکرا لە مزگەوتی حەڕام بۆ مزگەوتی ئەقسا، پاشان سەرکەوت لێوەی بۆ ئاسمان، لە ئاسمانی بەرزدا نوێژی لەسەر پێویست کرا.
لە قورئاندا ناوی مزگەوتی ئەقسا براوە بەوەی کە دەوروپشتی ڕووناک کراوەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ پیرۆزی و شوێنی مزگەوتەکە لای خوا و لای موسڵمانان.
ھەروەھا لە فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتووە بەوەی مزگەوتی ئەقسا یەکێکە لەو سێ مزگەوتەی سەردان دەکرێن، سێ مزگەوتەکەش مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی ئەقسان.

پیرۆزی ئه‌قسای لای جوله‌كه‌كان

قودس مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ھەندێک سەرچاوە باس لەوە کراوە کە لە دەوروبەری ساڵی ٣٠٠٠ پ. ز بۆ یەکەمجار ژمارەیەک خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە.
شاره‌كه‌ له‌ ساڵی 1967 وە، له‌ ژێر ده‌ستی ئیسرائیلدایه‌‌، جوله‌كه‌كان قودس به‌ ئۆرشه‌لیم ناوده‌به‌ن و ئه‌قسا بە پیرۆز دادەنێن، بە گۆڕەپانەکانی مزگەوتەکە دەڵێن شاخی پەیکەر بەو بڕوایەی پەیکەری پێغەمبەر سولەیمانی لێیە.
جولەکەکان پێیان وایە ئەو شوێنە هەمان شوێن بووە کە پێغەمبەر ئیبراهیم ویستوویەتی کوڕەکەی تێدا بکاتە قوربانی، هەروەها "حائط المبكى" کە دیوارێکی پیرۆزی ئەوانە لە ناوچەی مزگەوتەکەیە.
بۆ جوولەکە گرنگییەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پێغەمبەر داود ڕزگاری دەکات و ئەیکات بە پایتەختی شانیشیی ئیسرائیل لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ پ. ز و پاشانیش سولیمانی کوری یەکەم پەرستگای جوولکە بونیاد دەنێت. بەبیرواری جوولەکەکەکان گەنجییەنە و سەروەت سامانێک زۆر لە ژێریدا حەشار دراوە.
به‌ بیانووی ''بوونی پاشماوه‌كانی په‌رستگای سوله‌یمان''، جووله‌كه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاره‌كانی هه‌ڵكه‌ندنی ژێر حه‌ره‌می مزگه‌وتی ئه‌قسا، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وانیش مافی په‌رستشیان هه‌یه‌ له‌ مزگه‌وتی ئه‌قسادا.

گرنگی ئه‌قسا لای مه‌سیحیه‌كان

کڵێسای قیامەی مەسیحییەکان کە دەکەوێتە "حی النصاری - گەڕەکی مەسیحییەکان"ـەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە لەلای مەسیحییەکان، بە بڕوای ئەوان عیسای پێغەمبەر لەو شوێنە لە خاچ دراوە و ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی ئەوان پێیان وایە کە گۆڕەکەی هەر لەو کڵێسایەدایە.

پێكهاته‌ی ئه‌قسا

 

مزگەوتی ئەقسا لە چەند پایە و شوێنەوارێک پێکدێت کە دەگەنە نزیکەی ٢٠٠ شوێنەوار لەوانە مزگەوت و قوبە و منارە و بیر و زۆری شوێنەواری تر.
چوار منارەو چواردە قوبەی ھەیە، گه‌وره‌ترین و ناودارترینیان (قوبەی سەخڕە)یە، ئەمەش ئەو بینایەی کە قوبەیەکی ئاڵتونی ھەیە و شوێنەکەی لە ناو مزگەوتەکە وەک شوێنی دڵە لە لەشی مرۆڤدا بە مانای ئەکەوێتە ناوەندییەوە ھەندێک بە لای چەپدا،  ئەم قوبەیە بە یەکێک لە دێرینترین و پیرۆزترین شوێنەوارە ئیسلامییەکان دادەنرێت.
له‌ ناو ئه‌قسا، مزگه‌وتی قیبله‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 636 زایینی به‌فه‌رمانی خه‌لیفه‌ی موسڵمانان عومه‌ری كوڕی خه‌تاب دروستكرا، لە ساڵی 1969 بەشێکی گرنگی مزگەوتەکە لەلایەن جوولەکەیەکی توندڕەوەوە سوتێنرا و چەندان شوێنی پیرۆزی لەناوبرد، دواتر لەلایەن چەند وڵاتێکەوە دووبارە نۆژەن کرایەوە.

ململانێ له‌سه‌ر قودس

قودس ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی فه‌له‌سیتن له‌ نزیكی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینیه‌كان پێیانوایه‌ پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌سیتنه، له‌به‌رامبه‌ردا جوله‌كه‌كان پێیانوایه‌ پایته‌ختی ئاینی و نیشتمانیانه‌ بۆ زیاتر له‌ 3 هه‌زار ساڵ.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دانبه‌وه‌دانانێت كه‌ قودس پایته‌ختی ئیسرائیله‌ به‌ڵكو پێیوایه‌ قودسی رۆژهه‌ڵاتی به‌شێكه‌ له‌ خاكی فه‌له‌ستین.