ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:39 - 20/02/2022

توركیا ده‌بێته‌ سێیه‌م وڵاتی قاچاخچیه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان؟‌

پەیسەر

تیرۆری ئەم دواییەی خاوه‌نكاری مافیای قوبرسی خەلیل فلایلی دواین ئەڵقە بوو لە شەڕی شاراوە له‌ تورکیا، لەسەر بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و سامانی نایاسایی، ساڵی ڕابردوو سەدات بەیکەر سەرۆکی مافیای تورکیا، فلایلی تۆمەتبارکرد بەوەی کە بە هاوکاری ئەرکان یڵدرم کوڕی سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بن عەلی یلدرم، یاریزانی سەرەکی بازرگانی کۆکاین بووە.

بەیکەر وتی تورکیا لەمێژە بەشێک بووە لە ڕێگایەکی سەرەکی بازرگانی هێرۆین و سه‌نته‌رێكی کۆکاین، ئەم پێشهاتانه‌ش پرسیار دروست دەکەن کە ئایا تورکیا لە ڕێگادایە بۆ ئەوەی ببێت بە سێیەم وڵاتی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ لوبنان و سوریا.

تیمور سویكان، رۆژنامه‌وانێكی بنكوڵكاری دیاری توركیایه‌، باسیله‌وه‌كردووه‌ خەلیل فلایلی به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ ژماره‌یه‌ك زۆر ڤیدیۆی گوماناوی كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی توركیای له‌ ژێر ده‌ستدا بووه‌‌، له‌وانه‌ش یه‌كێكیانی بۆ ئیبتیزازكردنی ئه‌ركان یڵدرم به‌كارهێنا، له‌ دۆسیه‌ی به‌ قاچاخهێنانی كۆكاین له‌ ئه‌مریكای لایتنه‌وه‌ بۆ توركیا.

رۆژنامه‌وانێكی بنكوڵكاری دیكه‌ به‌ناوی ئیرك ئاكاریر، كه‌ له‌ به‌رلین داده‌نیشێت، باسیله‌وه‌كردووه‌ خەلیل فلایلی سیاسی و كارمه‌ندانی حكومه‌تی به‌ ڤیدیۆیی ئابڕوبه‌رانه‌ ئیبتیزاز كردووه‌.

مسته‌فا ئاكینجی، سه‌رۆكی پێشووی قوبرسی باكور، فلایلی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نایاسایی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێكی توندڕه‌ و نه‌یاری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و پشتیوانی ده‌كرێت، ده‌یان كه‌س له‌ تویته‌ر به‌زمانی توركی نوسیان ئه‌م تۆمه‌تباركردنه‌ی خه‌لیل فلایلی ئامانجه‌كه‌ی بێده‌نگ كردنیه‌تی.

هه‌فته‌یه‌ك پێش تیرۆركردنی خه‌لیل فلایلی، سلێمان سولۆ وه‌زیری ناوخۆی توركیا به‌ شانازییه‌وه‌ باسیله‌وه‌ده‌كرد كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست له‌ مێژووی كۆماری توركیادا، رونیكرده‌وه‌ له‌ ساڵی 2021 دوو تۆن و 800 كیلۆ كۆكاین ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ مایه‌ی ئابڕوچونه‌، چونكه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كۆكاین ساڵی له‌ دوای ساڵ زیادیكردووه‌، له‌ ساڵی 2018 یه‌ك تۆن و 500 كیلۆ بووه‌ و 2019، یه‌ك تۆن و 600 كیلۆ بووه‌ و 2020یش یه‌ك تۆن و 900 كیلۆ بووه‌.

مانگی رابردوو، پۆلیسی توركیا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر یه‌ك تۆن و 300 كیلۆ هیرۆین، كه‌ له‌ ناو كارتۆنی مۆزدا شاردرابوه‌وه‌ له‌ ئیكوادۆره‌وه‌ گه‌یه‌نرابوه‌وه‌ به‌نده‌ری مرسینی توركیا له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر بوو له‌ توركیا، دواتر پۆلیس له‌ هه‌مان به‌نده‌ر ده‌ستی گرت به‌سه‌ر نیو تۆن مادده‌ی كۆكاییندا.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌م ژمارانه‌ ته‌نیا دیوێكی بازرگانیه‌كه‌ن و ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی كۆكاین ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكای لاتین ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیراوه‌ و كاتێك به‌ره‌و توركیا كه‌وتونه‌ته‌ رێ.

مانگی رابردوو، پۆلیسی كۆڵۆمبیا ده‌ستی به‌سه‌ر چوار تۆن و 900 كیلۆ كۆكایندا گرت كه‌ له‌ رێگه‌دا بووه‌ بۆ به‌نده‌ری ئامبارلی ئه‌سته‌نبوڵ، مانگێك پێشتر، پۆلیس ده‌ستی به‌سه‌ر یه‌ك تۆن و 300 كیلۆ ماده‌ی هۆشبه‌ردا گرت له‌ گه‌وره‌ترین به‌نده‌ر له‌ ئیكوادۆر ئه‌ویش به‌نده‌ری پۆیرتۆ بۆلیڤار كه‌ له‌ رێگه‌دا بوو بۆ به‌نده‌ری مرسینی توركیا.

له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی رێگای ئاوی، قاچاخچیه‌كان فرۆكه‌ش بۆ به‌قاچاخهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌كارده‌هێنن، مانگی ئۆگۆستی ساڵی رابردوو، پۆلیسی به‌رازیل له‌سه‌ر فرۆكه‌یه‌كی توركی كه‌ پێشتر خاوه‌ندارییه‌تیه‌كه‌ی هی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی توركیا بوو، ده‌ست به‌سه‌ر یه‌ك تۆن و 300 كیلۆ كۆكایندا گیرا. فڕۆكه‌كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ كاندیدێكی په‌رله‌مانی له‌ حزبی دادوگه‌شه‌پێدان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.


به‌پێی شیكارییه‌كی ناشوناڵ ئینتریست، به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاتیانی توركیا پێیانوایه‌ به‌رپرسانی توركیا تێوه‌گلاون له‌ ئاسانكاری له‌ پرۆسه‌كانی قاچاخچیه‌تی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان و قاچاخچیه‌كان ده‌پارێزن، یه‌ڵدرم سكاڵای دژی سادات بیكر تۆماركرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تۆمه‌تباری كردبوو به‌وه‌ی لایه‌نی سه‌ره‌كی قاچاخچیه‌تی كۆكاینه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد سادات بیكر رابكات بۆ وڵاتی ئیمارات و له‌ ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ژێر مانه‌وه‌ی ناچاریدایه‌.

پرسیاره‌كان له‌باره‌ی تێوه‌گلانی به‌رپرسانی توركیا دوای ئه‌وه‌ زیادبوون، كه‌ كۆكاین له‌ به‌نده‌ری پۆیرتۆ بۆلیڤار به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گونجاو ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرێن، له‌ كاتێكدا ئه‌و به‌نده‌ره‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی توركی نزیك له‌ ئه‌ردۆغان،‌ بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ مافی سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌نده‌ره‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

دكتۆر ئایكان ئردمیر، چاودێری سیاسی و ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی توركیا له‌ شیكارییه‌كدا له‌ گۆڤاری ناشوناڵ ئنتریستی ئه‌مریكی، پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر توركیا بچێته‌ پاڵ سوریا و لوبنان و ببێته‌ سێیه‌م وڵاتی مادده‌ هۆشبه‌كاره‌كان له‌ توركیا ئه‌وا كێشه‌كانی قاچاخچیه‌تی ده‌رما و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ زیاد ده‌كات، كه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.