دۆسێ

10:07 - 30/05/2021

پیشەسازی عێراق كەرتێكی پشتگوێ خراو‌‌

پەیسەر

ئابوری عێراق بەشێوەیەكی گشتی لەئێستادا ڕووبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری گەورە بۆتەوە، لەوانەش تاك سەرچاوەیی بەجۆرێك بەشێوەیەكی نیمەچە رەها پشت بەنەوت دەبەستێت، لەعێراقدا كەرتەكانی تری وەك پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی ئەوەندە لاوازن كە رۆڵێكی ئەوتۆیان لەبودجەی ساڵانەدا نیە، لەم راپۆرتەدا كێشەكانی بەردەم كەرتی پیشەسازی خراونەتە ڕوو.

دەسەڵات گۆڕدراو سزاكان مانەوە
سروشتی یاساو بڕیارە نێو دەوڵەتیەكان هەروایە، لەكاتی بڕیاردەركردنەوە كاری پێدەكرێـت تا ئەو كاتەی بەبڕیار یاخود یاسایەكی دیكە هەڵدەوەشێتەوە، ئەو بڕیارانەش كاریگەریی تایبەتی خۆیان دەبێت و هەشیانە دەست و پێی لایەنی پەیوەندیدار دەبەستێت و ناچاری دەكات بەدوای ئەوەدا ڕابكات دەروویەك بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون، یان كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەیان (ئەڵبەتە بەبڕیارێكی دیكە).


لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابوردووەوە كە عێراق لە لووتكەی  گومڕاییدا بوو، سەرۆكەكەی و حیزبی دەسەڵاتداری باڵادەست بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شەپۆلی سیاسەتی جیهان كاریان دەكرد، ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتیەكانیش چەندین بڕیاری توندیان لەبارەوە دەركردووە، بەشێك لەو بڕیارانە بە گۆڕینی ڕژێم و نەمانی سەركردەكانی پێشوو  هەڵوەشاونەتەوەو بەشێك لەوبڕیارانەش ماونەوەو  تا ئێستاش لەڕووی یاساییەوە كاریان پێدەكرێت و بەركارن.

كێشەكانی كەرتی پیشەسازی عێراق
هێشتا عێراق لەبواری پیشەسازیدا بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت، یەكێك لەو ئاستەنگانەش بڕیارەكانی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین كە دوای داگیركردنی كوەیت بەسەر عێراقیدا سەپێندران، لەم قۆناغەدا كەرتی پیشەسازی عێراق تارادەیەكی زۆر داتەپی، بەهۆی ئەوەی چیتر رێگەی بازرگانی و كڕینی كەرەستەی خاو لەدەرەوە بەعێراق نەدەدرا،لەدوای روخانی رژێمەكەی سەدام لەساڵی 2003 دا ئاستەنگەكان كۆتاییان نەهات، لەسەرووی هەموویانەوە گەندەڵی گەورە لەبوارەكانی دارایی و كارگێری كە كاریگەری گەورەی لەسەر گەشەنەكردنی ئابوری وڵات هەبووە، هەروەها هێشتا بەشێك لەو سزایانە وەك خۆیان ماونەتەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتی عێراقی گۆڕدراوە، هەروەها خراپی دۆخی ئەمنی كاریگەری لەسەر نەبوژانەوەی كەرتی پیشەسازی هەبووە.
شەڕی كوەیت و پیشەسازی عێراق


دكتۆر مەزهەر مەحەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری دەڵێت " چەند ئاستەنگێك پیشەسازی نیشتمانی عێراقیان وەستاند، بەتایبەتیش لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەمانگی ئابی ساڵی 1990 وە كە بەهۆی داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە بەسەر بەغدا سەپێندران، بەوەش پیشەسازی عێراقی كەوتە ژێر گەمارۆی تەكنەلۆجی و بازرگانی نێودەوڵەتی، بەشێكی زۆری شوێنە پیشەسازیە بازرگانیە ستراتیژیەكان و كەوتنە بەر هێرشی سەربازی لەجەنگی كەنداودا لەساڵی 1991 و دوای ئەوە، بەهۆیەوە پیشەسازی عێراقی توانای بەرهەم هێنا و پەرەپێدان و وەبەرهێنان و بەرهەمی بەردەوامی لەدەستدا"

راوێژكاری سەرۆك وەزیران دەشڵێت" پیشەسازی دەرهێنان و بەدیاریكراوی نا نەوتی كە كەرەستەی خاو بوو، رەوانەی بازارەكانی جیهان دەكرا، بووە ئامانجی یەكەمی شەڕ و گەمارۆی ئابوری لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەموو هاوكاریەك خرایە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەندی حەوتی نەتەوەیەكگرتووەكان، تائێستاش دەبینین لەكاتێكەوە بۆ كاتێكی تر بڕیار لە لیژنە پەیوەندیدارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەردەچێت بۆ لابردنی بەشێك یان قۆناغ بەقۆناغی سزاكانی سەر پیشەسازی عێراق ( هەندێك جار بە لیستێك دەردەچێت) و لەلیستی رەش دەسرێتەوە، بەنمونە بەشێك لەو كارگانە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا گرنگیان نەماوە و هەندێكی تریان لەبنەرەتدا كارگەكان نەماون.

مەزهەر محەمەد دەڵێت " عێراق نۆیەم وڵاتی جیهانە لەڕووی سامانی نادیاری ژێر زەویەوە، ئەو سامانەش بە 15 بۆ 16 تریلیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت و لە نەوت و فۆسفات و كبریت و سیالیكون و مادەی خاوی تری گرنگ پێكدێت، و عێراق لەڕووی دابەش بوونی سامانی كانزاییەوە بەیەكێك لە وڵاتە رێكخراوەكان دادەنرێت جا چ لە یەك كیلۆمەتر چوارگۆشە وە تا ئاستی هەموو وڵات ئەژماری بكەیت"

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیران دەڵێت" ئەوەی ئەمرۆ لە بواری سامانی سروشتی پێویستمان پێی هەیە دوو شتە یەكێكیان هاوكاری لەگەڵ ژینگەی نێودەوڵەتی و بازاری جیهانی و گونجاندنی پیشەسازی عێراق لەگەڵ پیشەسازی جیهان، ئەوەی تریان هاوكاری نیشتمانیانە بۆ رێكخستنی بەرێوەبردنی كەرەستەخاوەكان و پیشەسازی ستراتیژی دەرهێنانی نا نەوتی و تێكەڵ كردنی داهاتەكەیەتی بە پرۆژەی گەشەی سەرمایەی مادی و سەرمایەیی مرۆیی و گۆڕینی لە ئابوری نیمچە كورتهێنانەوە بۆ ئابوریەك كە بەرهەمەكەی لە پێداویستی ناوخۆی زیاتر بێت، بەلەدایك بوونی هەستانەوەیەكی گەورە لەگەشەی ئابوری لەرێگەی بەرزكردنەوەی دارایی كە بنەماكەی داهاتی دەرهێنانی كانزاكانی تر بێت"
پیشەسازی عێراق دابەش دەبێت بەسەر:

پیشەسازی دەرهێنان لەعێراق خۆی دەبینێتەوە لە دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتی و كانزای وەك كبریت و فۆسفات  و پیشەسازی گۆڕینی مادەیەكی خاو بۆ كەرەستەیەك، ئەمیش پیشەسازی مادەی خۆراكی لەوانەش بەرهەمەكانی سپیایی وڕۆنی ڕووەكی و پیشەسازی شەكر دەگرێتەوە.


پیشەسازی لەقوتونان و پاككردنەوەی ئشاو و بەرهەمەكانی رستن و چنین و لۆكە و جل و بەرگری ئامادەكراو و كەرەستەی دروستكردنی خانوبەرە تارادەیەك لەچەند پارێزگایەكی عێراق دەستیان پێكردۆتەوە.


دەسەڵاتدارانی عێراق لەدوای ساڵی 2003 وە تارادەیەك بیریان لەگەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی كردەوە بۆ ئەمەش یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2006 یان دەركرد بەناوی یاسای هاندانی وەبەرهێنان كە تێیدا چەند هاندانێكی بۆ وەبەرهێنەران تێدابوو لەوانەش پێدانی زەوی و پێدانی قەرز بەمەبەستی گەشەكردنی كەرتە ئابوریەكانی عێراق لەناویشاندا كەرتی پیشەسازی، بەڵام ئەو یاسایەش نەیتوانی كەرتی پیشەسازی عێراق بگەیەنێتە ئاستێكی باڵا.