ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:48 - 21/04/2021

تۆوی چێنراوی داعش لە چاوەڕوانی زەمینە كەش و هەوای گونجاودا‌

پەیسەر

ماوەیەكە ئاماژەی شرۆڤەكارانی سیاسی و ئەمنی بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت كە ڕێكخراوی داعش سەرهەلبداتەوە، هەریەك لەو شرۆڤەكارانەش بۆچوون و بەڵگەی تایبەت بەخۆیان هەیە، هەرچەندە كەم نین ئەوانەش پێیان وایە ئەم جۆرە شرۆڤەیە رەوایەتی پێدانی مانەوەی هێزی بیانی و بەردەوامی هاوكارییەكانیانە بۆ هێزە نەیارەكانی داعش و بیانویەكی كۆمپانیاكانی پەرەپێدان و تەمویلكردنی جەنگە، بەڵام هەرچۆنێك بێت داعش و سەرهەڵدانەوەی یاری لەگەڵ ناكرێت و هیچ مامەڵەیەكی دی نازانێت ئەوە نەبێت كە لە دەوڵەتەكەیاندا پێشتر جێبەجێیان كردووەو شەرمیشیان لە هیچ كەس و لایەنێكیش نەكردووە بڵاویان كردووەتەوە، هەمووی لە لایەك و ترس و دڵەڕاوكێكەیان سەرووی هەموو كێشە ئەمنیەكانە كە بۆ دەوڵەت و هاوڵاتیانیشی دروست دەكات.

یەكێك لەو كیڵگە بە پیتانەی كە بەردەوام گەراو تۆوی داعشی تێدا نوێ دەبێتەوە جگە لە كۆمەڵگە هەژارو پەراوێزخراوەكان، چەند شوێنێكی دیكەیە، كە یەكێكیان ئەوروپایە، ئەو ئەوروپایەی لە سایەی خۆشگوزەرانی و كەیف و سەفاو ئابورییە پێشكەوتووەكەیدا ئاگای لەوە نەماوە لەو دیو پەردەی ماڵە پەنابەرەكانی رۆژهەڵاتەوە چی دەگوزەرێت، لە هەمان كاتدا كەمپ و زیندانەگشتیەكانی ناوچەكەیە، چوون لەو كەمپانەدا منداڵ و ژن و هەرزەكارانی داعش بوونیان هەیە و بە چاوپێداخشاندنێك مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی زەوییەكی لەبارن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش بە توندتر لە جاران، ئەوە لە حاڵێكدا زیندان و گرتووخانەو چاكسازیی گەورانیش هەمان كێشەیان هەیە و بەجیاكردنەوەی زیندان و شوێنی مانەوەشیان هێشتا ئەو مەترسییە ناڕەوێنێتەوە. لە لایەكی تریشەوە ماوەیەكی زۆرە قسە لەسەر چۆڵكردنی كەمپی هۆل لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت و شارەزایانیش لەو بارەیەوە مەترسی گەورەیان هەیە.

جێگری فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعیراق دەڵێت، زیندانییەكانی داعش كەلە كەمپەكانی دەستبەسەركردندان،  دەكرێت ببنەچاندنی شێوەیەكی نوێی تۆوی داعش، گەر لەڕێی سیستمی دادوەرییەوە بەشێوەیەكی خێرا چارەسەر نەكرێن و دەزگا ئەمنیە جۆراوجۆرەكان سەرپەرشتی نەكەن.

لیوا كیڤن كوبسی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاندا چارەسەری كێشەی 7000 زیندانی و دەستبەسەر بكات كە لە كەمپە كاتییەكاندان، هۆشداریشیدا لە سەرهەڵدانی شێوەیەكی نوێی توندوتیژی و توندڕەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا.
لەئێستادا 60 هەزار ئاوارە لە كەمپی- ئەلهول-دان لە سنورەكانی سوریا و عیراق كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵكراوە و ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتوانیان دەكات، وێڕای 7000 زیندانی تر كە بیانیان تێدایە و لە هەرێمی كوردستانن و لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە پاسەوانی دەكرێن و دەوترێت لە رەوشێكی خراپدان و پێشبینیش هەیە بیری توندڕەوی گەشەپێبدەن و ریكلام بڵاوبكەنەوە، وێڕای ئەوەی ئەزمونی گۆڕەپانی شەڕیان هەیەو پێشتریش زیندانی ئەمەریكیەكان لانەی چەكەرەكردنی یەكەم تۆوی توندڕەوی بووە و بە پێی وتەی سەركردە سەربازییەكانیان زۆرینەیان لە زیندان یەكیان ناسیوەو پلانیان داڕشتووە بۆ دروستكردنی وەها ڕێكخراوێك و پاش ئازادكردنیان یەكیان گرتووەوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی لەنێو زیندانێكی وەكو بوكا-دا سەدان چەكداری توندڕەو پێكەوە پلانیان داڕشتووە كە یەكێك لەوانە ئەبوبەكری بەغدادی و سەركردەكانی دیكەی داعش بوون.

راپۆرتێكی رۆژنامەی (ناشیوناڵ) لە زاری میجۆر جەنەراڵ كوبسی، گەورە ئەفسەری بەریتانی بڵاویكردەوە: گەر كێشەی دەستبەسەركراوەكان چارەسەرنەكرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا تۆوی شێوەیەكی نوێی داعش بەدی دەكەین، لەوێوە شێوەیەكی نوێ‌ لە رێكخراوە توندوتیژ و توندڕەوەكە گەشەدەكات.

بەوتەی كوبسی؛ گەر مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیەدا نەكرێت، ئەوا بەداخەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا دەگەڕێنەوە بۆ عیراق و دەبێت هەمان ئەركی هاوشێوە لەئەستۆبگرین.
هەروەها ترسی هەڵاتنی زیندانییەكان هەیە لە كەمپەكان، لەگەڵ بوونی چەند راپۆرتێك كە باس لە هەڵاتنی حەوت زیندانی دەكات لە مانگی رابردوودا و لە ئێستاشدا لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، توركیا، سوریا، عێراق و وڵاتانی دیكەش رۆژانە گوێبیستی دەستگیركردنی گروپە توندڕەوەكان دەبین كە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن ئەوان سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن بەڵام بەشیوەیەكی دی.

ئەو ئەفسەرە گەورەیەی بەریتانیا دەڵێت، ئەوان «ئەزمون و پیشەگەریی دەستییان» داوتە هێزەكانی سوریای دیموكرات، تا بەشێوەیەكی تەواوەتی ناوەندەكانی دەستبەسەركردن كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام تائێستا ئەو ناوەندانە مایەی ئالانگاریین.

لەكۆتاییدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەیەوێت زۆرێك لەو دەستگیركراوانە بگێڕێتەوە و تێكەڵ بە كۆمەڵگەیان بكات، یان رێڕەوێكی دادوەرییان بۆ بدۆزێتەوە، تا سزای زیندانییان بەسەردابسەپێنرێت، یان بخرێنە ژێر پرۆگرامی بنبڕكردنی تیرۆر، ئەمەش قسەی ئەفسەرە بەریتانییەكەیە.

لای خۆیەوە، دێڤید شلایفەر، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش رایگەیاندووە: داعش بەردەوامە لە بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكانی بۆ توندوتیژی لەڕێی بڵاوكراوە میدیاییەكانی كە پێشبینی دەكرێت ببنە مایەی راكێشانی چەكداری زیاتر لە توێژە لاوازەكەی دانیشتوان بۆ نێو رێكخراوەكە.


تەكنەلۆژیاوپێگە ئەلیكترۆنیی و پێگە كۆمەڵایەتییەكان گەورەترین ناوەندی بەیەك گەیاندنی ئەو توندڕەوانەیە، بەتایبەتی ئەوان شارەزایی زۆرباشیان هەیە لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوودا ، شلایفەر داواشی كرد لەگەڵ هاوپەیماناندا كار بكرێت بۆ رێگرتن لە تیرۆریستان كە دەیانەوێت كەسە لاوازەكان بەكاربهێنن و هەلی شوێنە بۆشە ئەمنیەكان بقۆزنەوە و چالاكیەكایانی تێدا ئەنجام بدەن.

هەروەها دەڵێت: هەندێك كەس دەبینرێن، هیچ پەیوەندی یان وابەستەبونێكی راشكاوانەیان بە داعشەوە نییە، بەڵام بەشێوەیەكی خۆیی توندڕەون، ئەمەش لەڕێی لەخۆگرتنی ریكلامەكانی داعش كە بەشێوەیەكی ئاشكرا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و پێگە موشەفەرەكان بڵاویاندەكاتەوە، وەك شارەزایان باسی دەكەن لەو بایە دەچن كە تۆوەكان بڵاوە پێدەكەن و لە جێگەیەكەوە بۆ جێگەیەكی دیكەیان دەبەن و هەروا لەدوای لەباری كەش و هەوا دەتەقن و دێنە دەرەوە.

رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق لە سەرەتاوە لقی رێكخراوی قاعیدە بوو لە عیراق، بەڵام لە ساڵی 2014 لەگەڵ بەشێك لە بەرەی نوسرەی وڵاتی سوریا و لقی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا یەكیگرت و رێكخراوی دەڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ی پێكهێنا، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەواش لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ، ئەبو بەكر بەغدادی لە مزگەوتی نوری لە شارەكە، خۆی بە خەلیفەی دەوڵەتەكە راگەیاند و دواتر زۆرێك لە ناوچەكانی پارێزگاكانی ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین و باشووری كەركوكی كۆنترۆڵ كرد.
هێزە عیراقییەكان لە ساڵی 2014 بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەپێناو بەگژداچوونەوەی رێكخراوی داعش پێكهێنرا، ئۆپەراسیۆنەكانی لەدژی رێكخراوەكە دەستپێكرد، لە مانگی تەمموزی 2017، لە دوای رزگاركردنی شاری موسڵ و تەواوی ناوچەكانی تری ژێر چنگی داعش، سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر رێكخراوە توندڕەوەكەدا راگەیەندرا.
داعش بۆ ناوچەكە و جیهان بە گشتی و بۆ عیراق بە تایبەتی، لاپەڕەیەكی رەش بوو، بەو پێیەی كاوكارییەكی فراوان و كوشتارگەیەكی سامناكی دروستكرد، و بووە یەكێك لە تاڵترین قۆناغی توندڕەوی لە مێژووی وڵاتدا.
هەربۆیە وەك شارەزایان باسی دەكەن ئەو زانیارییانە ڕاست بن یان نە ئاماژەی مەترسیدارن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەیان و بۆچونیشیان وایە نەوەی دووەمی داعش زۆر لە نەوەی یەكەم توندتر دەبن و بە وەرگرتنی ئەزموون لە نەوەی پێشوو پێدەچێت ئەمجارەیان وێرانكارانەتر و توندوتیژتر و بەبەرنامە تر بێنەوە گۆڕەپانەكەو نەك تەنها لە عێراق و شام و چەند پارێزگایەك، دوور نیە چەند وڵاتێكیش پێكەوە داگیر نەكەن و دواتر ئەگەر كۆنترۆڵ كردنیان هەروا ئاسان نەبێت.