ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:34 - 18/04/2021

پەیوەندییەكانی نێوان كەسی یەكەمی داعش و ئەمریكا ئاشكرا دەبێت‌

پەیسەر

رۆژنامەی -واشنتن پۆست-ی ئەمریكی هەندێك زانیاری بڵاوكردووەتەوە لە بارەی سەرۆكی دەوڵەتە ئیسلامیەكەی داعش-ئەبی ئیبراهیمی قرشی- كە مرۆڤ توشی سەرسورمان و شۆم دەكات، بە پێی ئەو زانیارییانە بێت ناوبراو ژێربەژێریی كاری بۆ ئەمەریكیەكان كردووەو بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ڕووخان و لەناوبردنی ڕێكخراوەكەی دێتە ئەژمار و سەرەتای پەیوەندییە نهێنییەكەشی بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە لە زیندانی ئەمریكیەكاندا بووەو لەو كاتەوە پلانی ژێربەژێرییان داڕشتووە بۆ ئەوەی ئەوەی مەبەستیانە ئەنجامی بدەن و ببێتە هەواڵدەریی سەرەكی لەسەر ڕێكخراوەكەی خۆی، دواجار زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت لەناو بچن و خۆشی وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچێت.

رۆژنامە ئەمریكیەكە بە زمانی ئینگلیزیی بڵاوكراوەتەوە و لە خوارەوە لینكەكەیتان بۆ دادەنێن و چەندین پێگەی ئەلیكترۆنی عەرەبیش وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و –پەیسەر-یش بەشێك لەو زانیارییانەتان لە عەرەبیەكەوە بۆ دەكاتەوە بەكوردی.
بە پێی ڕاپۆرتە شۆك ئامێزەكەی واشنتن پۆست، ئەبی ئیبراهیم پەیوەندی توندو تۆڵ و نهێنی بە دەسەڵاتدارانی باڵای ئەمریكاوە هەبووە، هۆكاری سەرەكیش ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ڕێكخراوەكەی بووەو ویستوویەتی لەو ڕێگەیەوە ئەمریكا لە دژی نەیار و ڕكابەرەكانی بەكار بهێنێت، هەربۆیە چەندین زانیاری گرنگ و هەستیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە داوەتە ئەمریكیەكان و ئەوانیش كوژراون، ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە –جون واریك- باس لەوە دەكات ئەو زانیارییانەی كە ئەو باسی كردوون لە ڕێگەی هەڵدانەوەی دۆسیەكانی ناوبراوەوە بووە لە زیندان و ئەمریكیەكان هەفتەی ڕابوردوو بڵاویان كردووەتەوە و تیشكیان خستوەتە سەر ئەو رۆژانەی ئەبی ئیبراهیم لە زیندانی ئەمریكیەكاندا زیندانی بووە.
رۆژنامەكە نوسیویەتی هەرچەنەندە لە ڕابوردوشدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دۆسیەی تایبەتی كاتی زیندانییەكەی قرشییان لەبەردەستدایەو وێنای ئەویان وەك سیخوڕێك بڵاوكردەوە، بەڵام نەبووە جێگەی باوەڕی زۆرینەی خەڵك، تا ئەو كاتەی ژمارەیەك بەڵگەی دوور و درێژییان بڵاوكردەوە كە وێنای سەرۆكی ئێستای ڕێكخراوەكە بە ڕوونتر نیشان دەدات، ئەو بە ڕوونی پەیمانی بە ئەمریكیەكان داوە كە ئامادەیی كاركردنی دەربڕیوە بۆ ئەوەی كار لە دژی ئەو ڕێكخراوە بكات كە لەداهاتوودا خۆی دەبێتە كەسی یەكەمی، ئەوەش لە پێناوی پاكتاوكردنی هەندێك لە سەرەكردەكانی.
ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات قرشی لە لێكۆڵینەوەكاندا زانیاری زۆر وردی لە بارەی شوێنیتایبەتی ڕێكخراوەكەی داوە بە ئەمریكیەكان لە شێوەی ناونیشانی تەواوی ڕەنگی دەرگای سەرەكی و چۆنیەتی ناونیشانی بیناكە، بەپێی بەڵگە نهێنیەكانی ئەمریكا ناوبراو هەڵگری ژمارە -060108- ی زیندان بووە، وەك لە لێكۆڵینەوە تایبەت و نهێنییەكانی ئەمریكا دا هاتووە ناوبراو كەسێك بووە ئامادەیی هاوكاریی زۆری بەڕێوەبەرانی زیندانەكەی كردووە، بەتایبەتی لەسەر ئەو كەسانەی كە ڕكابەری بوون لە ناوخۆی ڕێكخراوەكەدا كە ئەو كات ناوی –تنظیم الدولة-ی عێراق بووە و هێشتا لەگەڵ گروپەكانی دیكە یەكیان نەگرتبوو داعش ڕانەگەیەنرابوو.
بە پێی بەڵگەنامەكان لە دانیشتن و لێكۆڵینەوەكانی ساڵی 2008 كە چەند رۆژی لەسەر یەكی خایاندووە لەگەڵ قرشی، كاتێك لەبارەی كەسی دووەمی ڕێكخراوەكەوە پرسیاری لێدەكەن كە كەسێكی سویدی بە ڕەگەز مەغریبی بووە بەناوی –محەمەد مومو- قرشی نەخشەی ئەو شوێنی نیشتەجێبونەكەیان بۆ دەكێشێت و ناوی ئەو كەسەشیان پێدەدات كە نامەو پەیامەكانی پێدەگەیەنێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە دوای چەند هەفتەیەك لە لێكۆڵینەوەكان لەو زیندانییە عێراقییە، ئەبو قسورە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكیەكاندا لە موسڵ دەكوژرێت و لە دوایش دا لە ساڵی 2019 لە وڵاتی سوریادا ئەبوبەكری بەغدادی دەكوژرێت و پاشان قرشی دەبێتە كەسی یەكەمی ڕیكخراوەكە.
لەبارەی قرشییەوە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكە دەڵێت: ناوی ڕاستەقینەی ئەمیر محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولایە، بەندكراوەكە هاوكاری زۆری دەستەی لێكۆڵینەوەی ئەمریكیەكانی كردووە، هەروەها كاتێك ناونیشانی تەواوی ڕوخساری كەسانی سەركردەی داعشی داوە بە هونەرمەندانی ئاسایشی هێزەكانی ئەمریكا، وێنەكانیان كێشاوەو ڕوخساریان ناسیونەتەوە، هەروەها دەستنیشانی ئەو شوێنانەی بۆ كردوون كە هاتووچۆیان بۆ كردووە لە نموونەی چێشتخانە، چاخانە و مزگەوتەكان.
هەروەها رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە كە قرشی هاوكاری زۆری كردوون بۆ قەڵاچۆكردن و لەناودانی ئەو كەسانەی كە لە دەزگای ڕاگەیاندن كاریان كردووە، رۆژنامەكە نوسیویەتی: لێكۆڵەرە ئەمریكیەكان ئەو كارەیان وەك خەون هاتووەتە بەرچاو لەو بڕوایەدا نەبوون كە بەو ئاسانییە بتوانن دەستیان بگاتە شوناسی سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە و چۆن بتوانن جێگەو شوێنی نیشتەجێبوونیان بێتە بەردەستیان.
رۆژنامە ئەمریكیەكە لە زاری –كریستۆڤەر میر- بریكاری وەزیری بەرگریی ئەمریكی بۆ كاروباری چالاكییە تایبەتەكان، گفتوگۆی زۆری كردووە لەگەڵ ناوەندی قەڵاچۆكردنی تیرۆ لە ئەكادیمیای –ویست بۆینتی سەربازیی- و گوتوویەتی: قرشی هەندێك كاری زۆر باشی بۆ كردوون بۆ ئەوەی گەردنی خۆی پێ بپاریزێت، هەروەها باسی لەوەش كردووە كە لە دانیشتنەكاندا دەركەوتووە بەچاوی دوژمنكارانەوە لە ئەندام و سەركردە بیانیەكانی ناو ڕێكخراوەكەی ڕوانیوە، هەروەها گوتوویەتی: سەركەوتن و چوونە پێشەوەی ڕێكخستنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بەهۆی هاوكاریی بیانیەكانەوە كێشەیەكی گەورە بووە بەلایی قرشییەوە.
هەروەها واشنتن پۆست باسی لەوەش كردووە كە ئەو تۆمارانەی كە بەشێكی لەبەرچاوی ئەكادیما سەربازییەكەیە، هاوكاریی زۆری ئەمریكیەكانی كردووە بە دیوە نەزانراوو شاراوەكانی قرشی ئاشنا بكات، لە كاتێكدا ئەو چالاكوانێكی نەناسراوی نێو ڕێكخراوی داعشیش بوو، تەمەنی قرشی لەو كاتانەدا كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە 31 ساڵ بووە، سەرچاوەكان باس لەوە دەەن كۆتایی 2007 و سەرەتای 2008 دەستگیركراوە، بەڵام رۆژنامەكە باسی لە مێژووی ئازادكردنەكەی نەكردووە، كە پێدەچێت لەمانگی تەمووزی 2008 دا بووبێت، رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات كە قرشی لەو كاتەوە وازی لە هاوكارییكردنی ئەمریكیەكان هێناوە، لەبەر ئەوەی پێگەكەی كێشەی بۆ دروست كردووە، ئەوەی كە زانراوە ئەوەیە بۆ هەریەكێك لەو زانیارییانەی داویەتی دەستخۆشانەو موكافەئەی تایبەتی وەرگرتووە.
لەبارەی هاوكارییەكانی تری قرشییەوە رۆژنامەكە چەند نموونەیەكی خستوەتە بەردەست لەوانەش هەبوونی كۆمەڵێك ژمارە تەلەفۆنی زۆر كە لە رۆژژمێرێكی بەرگ ڕەشدا بووە لە كاتی دەستگیركردنەكەیدا پێی بووە، لەكاتی لێكۆڵینەوەكایشدا دانی بەوەدا ناوە 19 لەو ژمارانە هی بەرپرسانی باڵای ڕێكخراوەكە بووە، هەروەها باسی لە سەرچاوەی داراییەكانیشیان كردووە.
دانیاڵ میلتۆن، مامۆستای وانەبێژ لە ناوەندەی قەڵاچۆكردنی تیرۆر باس لەبارەی قرشیەوە دەڵێت: مولا باڵندەیەكی دەنگ خۆشە دەتوانێت بە پێی بەهرە تایبەتەكانی خۆی گۆرانی بڵێت.
هەروەها دەڵێت: لەنێوڕاپۆرتەكانی لێكۆڵینەوەكانی قرشیدا شتی زۆر زیاتر هەیە، لەوانەیە ئاشكرا كردنی ئەم دۆسیەیە كێشەی ناوخۆیی بۆ بنێتەوە بەو پێیەی بەرپرسی یەكەمی ڕێكخراوی داعشە لە ئێستادا، ئەوە لەكاتێكدا وەك رۆژنامەكە دەڵێت ئەو زانیارییانەی كە قرشی كاتی خۆی داویەتی بە ئەمریكیەكان لەناو خودی ڕێكخراوەكەدا شاراوە نیە، وەك هەندێكیش دەڵێن ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكانی ئەوەی كە ناوبانگی قرشی وەك پێویست نەبێت و نەتوانێت وەك پێویست ڕێكخراوەكە بەڕێوە ببات، هەربۆیە لە ئێستادا چالاكییەكانی ڕێكخراوەكە، ئابووری، توانای سەربازییەكانی داعش لە عێراق و شام داویەتی لە كزیی و وەك جاران نەماوەو جۆرێك لە پشێویی بەرۆكی گرتوون.

بۆ بینینی ڕاپۆرتە ئینگلیزییەكە كلیك لێرە بكە