12:48 - 17/04/2021
كوردستان لە لانكەی ئارامییەوە دەبێتە گۆڕەپانی زلهێزەكان و زۆنی ئاگر؟
هەرێمی كوردستان، ئەو ناوچەیەی لە پرۆسەی ئازادی عێراق و رۆژی رووخانی بەعسەوە تا ساڵی رابردوو بە لانكەی ئارامی عێراق دەهاتە هەژمار، لانكەی ئارامی لە رووی ئاسایش و پارێزراوی نێردە و نوێنەرانی وڵاتان و تەنانەت پێگە و بارەگای سەربازی هێزەكانی ناوچەكە، بەڵام ساڵی رابردوو و بە دیاریكراوی دوای كوژرانی قاسم سلەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و بەدواشیدا لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ و لە دواین جاریشدا لە چەند رۆژێك بەر لە ئەمرۆ، بە موشەكی فاتحی ئێرانی و كاتیۆشا و مووشەكی كورتهاوێژ و تەنانەت فرۆكەی بێ فرۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە زەنگێك لێدراوە كە هەولێری پایتەخت لە لانكەی ئارامییەوە خەریكە دەبێتە گۆڕەپانی بەریەككەوتنی ئەجێندای هێزەكان و شوێنی یەكلایی كردنەوەی ململانێكان، وەك ئەوەی لە 15 ساڵی رابردوودا لە بەغداد و ناوچە سوننە نشینەكانی عێراق بەدیدەكرا.
چی روویدا؟
رۆژی 3ی مانگی یەكی ساڵی 2020، زەنگی كوژرانی ژەنەراڵێكی ئێرانی لەلایەن فرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئەمریكییەوە لە بەغداد جیهانی تووشی شۆك كرد، ئەو ژەنەراڵەش قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بوو كە بە بەهێزترین پیاوی هەواڵگری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا و لە 5 وڵاتی ناوچەكەدا خۆیی و هێزە تایبەتەكەی تەراتێنیان دەكرد.
سولەیمانی كە دۆستەكانی بە پڵنگی رەش ناوزەدیان دەكرد، جگە لەوەی كە بڕبڕەی پشتی سیاسەتی دەرەكی و سەربازی ئێران دەهاتە هەژمار، هاوكات ژمارەیەكی قورسی ناو هاوكێشە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ناوچەكە بوو، هەربۆیە لێكەوتەكانی دوای كوژرانەكەشی هاوشێوەی ژیانە پڕ لە جوڵەكەی پڕبوون لە پێشهات و كاردانەوە و ئێستاش دوای ساڵێك و چەند مانگێك لە كوژرانی هێشتا درێژەیان هەیە.
تۆڵە لە ئەمریكاییەكان
لە خولەكەكانی سەرەتای راگەیاندنی هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی و یاوەرەكانی، كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە ئەمریكا كرد، لە رابەری ئەو كۆمارەوە تا تەواوی دامەزراوەكانی دیكەیان بەردەوام لە قسەكانیاندا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان دەكرد.
لە عێراقیش هێزە هاوپەیمانەكانی ئێران بە هەمان شێوە باسیان لە تۆڵە دەكرد و تۆڵەكردنەوەكەشیان دەبەستەوە بە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەجۆرێك هادی عامری یەكێك لە دیارترین كەسایەتییە سیاسی و سەربازییەكانی عێراق لەسەر تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە گریانەوە وتی "توڵەی خوێنی تۆ دەركردنی هەموو هێزەكانی ئەمریكایە لەعێراق بۆ هەمیشە".
ئەم قسانەی عامری كە گوزراشت بوون لە خواستی بەرەی شیعی نزیك لە ئێران لە عێراق تەنها لە چوارچێوەی قسەدا نەمایەوە، بەڵكو چەند رۆژێك دواتر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق دەركرد كە ئامانجی سەرەكی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بوون و بەبێ بەشداری پێكهاتەی كورد و بەشێكی زۆری پێكهاتەی سوننە پەرلەمانی عێراق حكومەتی راسپارد كە وادەیەك بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراقدا دابنێت، بەوەش كورد بە گشتی و بەشی زۆری سوننەكان لە دیدی ئێرانی و پڕۆ ئێرانییەكانەوە لەسەر بەرەی ئەمریكا هەژماركران و زۆرجار هەڕەشە بە شێوازی جیاواز دەدرا بە گوێیاندا.
فاتیح و لوقمان . . سەرەتای پەیامەكان
كەمتر لە هەفتەیەك دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، كۆماری ئیسلامی ئێران بە ژمارەیەك مووشەك لە جۆرەكانی (فاتیح و لوقمان) چەند پێگەیەكی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج، بەڵام ئەوەی كە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا لەناو ئەو ئامانجانەدا چەند مووشەكێك ئاراستەی هەرێمی كوردستان كران، سەرنجراكێش بوو چونكە ئەوە یەكەمجار بوو كە كۆماری ئیسلامی ئێران دوور لە بیانووی حزبە چەكدارەكانی رۆژهەڵات مووشەك بە هەرێمی كوردستانەوە بنێت، ئەوانەی هەرێم نزیك نەبوون لە شوێنی ئەمریكییەكان دانەیەكیان رەوانەی هەولێر كراو ئەوی دیكە لەناوچەی بەردەڕەش كەوتە خوارەوە، هاتنی ئەو مووشەكانە دوای چەند رۆژێكی كەم هاتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە پێگەی(كەیهان)ی ئێرانی كە پەنجەی تۆمەتی رووكردبووە هەرێم وەك هاوبەش لە پرۆسەی كوشتنی سولەیمانی باسیكردبوو.
زانیارییەكان لەو سەروبەندەدا وابوون كە ئێران پەیامی خۆی بە یەكێتی و پارتی گەیاندبوو، كاتێك نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری پرسەكەی سولەیمانییان كردبوو لە تاران، ئێرانییەكان گلەیی و گومانەكانی خۆیان بەو دووانە گەیاندبوو، راشكاوانە پێیان وتبوون كە ئەوان گومانیان هەیە ئەمریكایی و ئیسرائیلییەكان لە هەولێر جموجوڵێكیان كردبێت چەند رۆژێك پێش كوشتنی سولەیمانی، بڕیاربووە زانیاری بدرێت بەئێران لەسەر جموجوڵەكە، بەڵام هیچ بە ئێران نەگەیشتووەو دوای چەند رۆژێك كوشتنی سلێمانی هاتووە بەسەردا.
هەولێر خرایەوە ناو سێرە
دواین شەوی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، شەش مووشەك بە ئاراستەی فرۆكەخانەی هەولێر هاوێژران و بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش مووشەكەكان هیچ زیانێكی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە و شوێنی هاویشتنەكەشیان لە (بەرتڵە)ی سەر بە پارێزگای نەینەوا هاوێژراون كە لەرووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە.
لەو كاتەدا بەرپرسێكی ئەمریكی لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر زانیاری بۆ كەناڵی سی ئێن ئێن ئاشكرا كردبوو و وتبووی، ئەو مووشەكانەی بەكارهێنراون گەورەتر و بەهێزترن لەو مووشەكانەی پێشتر بۆ كردەی هاوشێوە بەكارهاتوون.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە ئاگاداری هێرشە مووشەكییەكانن و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن.
لە مووشەكەوە بۆ فرۆكەی بۆمبڕێژكراو
كاتژمێر 10 شەوی 14-15/4/2021 دەنگی تەقینەوە ئاسمانی بێدەنگی هەولێرو دەوروبەری فرۆكەخانەی –اربیل-ی هەژارند، هێندەی نەبرد وێنەو ڤیدیۆی تەقینەوەكە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تەنی، بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان تەقینەوەكە لە نزیك فرۆكەخانەكەو شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی هاوپەیمانانی دژ بە داعش بووە، بە پێی سەرچاوە میدیاییەكانیش هێرشەكە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام دراوە و خوێندنەوەی زۆرینەی بەشداربووانی سۆشیاڵ میدیاش ئەوەبوو: لەوانەیە ئەنجامدەرانی هێرشەكە چەكدارانی حەشدی شەعبی یان سوپای پاسدارانی ئێران بووبێت.
لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆییەكانی نێو سۆشیاڵ میدیا كە لەعەینكاوە وە وێنە گیرابوو وێنەی سوتانی گەنجینەی ماڵێكە كە لە رۆژهەڵاتی شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی هاوپەیمانانە، ئەمەش وا لێكدرایەوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان یان ئاڕاستەكردنی رۆكێتەكان لەوانەی پێشووی ئێران دەچێت، لەبەر ئەوەی لە هەموو ئەو هێرشانەی پێشوویدا نەیتوانیوە ئامانجەكە 100% بپێكێت و زۆرینەی رۆكێت و مووشەكەكان لەنێو ماڵ و گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوونەكانی نزیك لە فرۆكەخانە كەوتوونەتە خوارەوە، هەر بۆیە ئەم لێكدانەوە ئەگەری سەرچاوەكە بەهێز دەكات.
بەڵگە گریمانەییەكان
چەند رۆژێك پێش لە ئێستا ناوەندی ئەتۆمی نەتەنز لە نزیك شاری ئەسفەهانی ئێران تەقینەوەیەكی تێدا ڕوویدا، ئێرانیش ئیسرائیلی تاوانبار كرد، بۆ ئەو مەبەستە گوایە هێرشێك لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا كراوەتە سەر ناوەندێكی هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەولێر ، پێگەی ئەلیكترۆنی فەرمی ئێران- مێهری كوردی- شوێنی هێرشەكەی چەند رۆژی پێشووی –هەولێر- بە ناوەندێكی موسادی ئیسرائیلی ناوبردووەو ونوسیویەتی: سەرچاوە عێراقییەكان هەندێ زانیاری نوێیان لە بارەی هێرشەكە بۆ سەر ناوەندی مووساد لە باكووری عێراق بڵاو كردەوە و ژمارەیەك لە زایۆنیستە كوژراوەكانیان ناساند.
مێهری كوردی نوسیویەتی: بە پێی سەرچاوەیەكی ئەمنیی هەندێ زانیاریی نوێ لە هێرش بۆ ناوەندی مووساد لە باكووری عێراق بڵاو كردەوە. ئەم سەرچاوە ئەمنییە ڕایگەیاند: لەم هێرشەی هەولێردا( 10 ) زایۆنیست كوژراو و بریندار بوون كە شۆناسی سێ كەسیان بە ناوەكانی منحانین نوعام، عەكیفا عامی و بی رەز جیكوب ناسێندراوە . ئەمەش ئەگەری ئەنجامدانی هێرشەكە لە لایەن سوپای قودسەوە زیاتر دەكات.
مێهری كوردی لە لایەن سابرین نیوز ەوە ڕایگەیاندووە : هەندێ زانیاری ورد لە ناوەند و چالاكیی ناوەندە هەواڵدەرییەكانی مووساد لە بەر دەست دایە و گەر پێویست بێ بڵاو دەكرێنەوە. هەرچەندە میدیاكانی ئێران و ئەوانەشی لە ئێرانەوە نزیكن لە عێراق جەختیان لەسەر ڕاستی ئەو هێرشە كردەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان و میدیاكانی ئیسرائیلیش ڕەتیان كردەوە كە هێرشی لەو جۆرە ئەنجام درابێت.
لانكەی ئارامی دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ؟
هەرێمی كوردستان كە لانكە ئارامەكەی عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی بوو، ئێستا مەترسی لەسەرە كە ببێتە زۆنی ئاگر، ئاگرێك كە پریشەكەكانی لە دەرەوە دێن بەڵام كڵپە و بڵێسەكەی لە ناوخۆی هەرێمەكەدا دەبن، بەتایبەت دوای گەیشتنی ململانێی ئەمریكا و ئێران بە ئاستی شكاندنی ئێسك لەلایەك و دوای چڕبوونەوەی ناكۆكییەكانی توركیا و دراوسێكانی لەلایەك و توركیا و ئۆپۆزسیۆنەكانی خۆی لەلایەكی دیكە لە نمونەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
هەموو وڵاتانی ناوچەكە بە چەك و هێز و سیاسەتی خۆیانەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان ئامادەی شەرێكی گەورەن، بێگومان بەشێك لەم وڵاتانە دەبنە بەشێك لە هاوكێشەی شەڕەكە و رۆڵی گەورە دەگێڕن، لە بەرامبەردا بەشێكی دیكەشیان تەنیا دەتوان بینەری دۆخەكەبن بێ ئەوەی بتوانن هیچ كارێك بكەن.
لەم نێوەندەدا هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین قەوارەی جیاوازی نەتەوەیی لە ناوجەرگەی ئاڵۆزیەكاندایە، كە بیەوێت و نەیەوێت پشكی شێری لە شەڕ یان لە ئاشتی بەردەكەوێت.
دۆخەكە بۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی زۆر تووند و مەترسیداردایە، بەجۆرێك هەر لایەنێك بیەوێت شەر رووبدات، هەرێم بەهۆی ئەوەی هەم جوگرافیاكەی و هەم سیاسەت و ئابوورییەكەی، بەستراون بە عێراق و ئێرانەوە. بۆیە هەر كاتێك گۆڕانكاری بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا بێت ئەوا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێ.
رایەك هەیە پێی وایە تا هەنوكە هەرێمی كوردستان توانیویەتی بە خۆبەدوورگرتن لە چەقی ململانێكان تا ردەیەك خۆپارێزی بكات لەوەی بكەوێتە سێرەی ملاملانێكانەوە، بەڵام رایەكی تر پێیوایە كە خۆپاراستنی هەرێمی كوردستان لە ئاگری تووندی كێبەركێكان تەنها لە دەستی خۆیدا نییە و دەشێ پەلكێش بكرێت وەك ئەوەی ئێستا سەرەتاكانی دەركەوتوون.
بنكە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان وەك بۆمبی تەوقیتكراو
ئەگەرچی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی و پێگەی جێۆسیاسی هەرێمەكەوە، دراوسێكانی هەوڵیانداوە هەیمەنەی بەسەردا بكەن، بەڵام ئەم هەیمەنەیە دەشێ وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو تەماشا بكرێت بەتایبەت كە ئێستا عێراق بڕیاریداوە بەپێی یاسا كۆتایی بە بوونی پێگەی سەربازی وڵاتان لە خاكەكەیدا بهێنێت و یاساكە وایە كە تەنها هێزەكانی ئەمریكا نا بەڵكو تەواوی هێزە بیانییەكان دەبێت خاكی عێراق بەجێبهێڵن ئەوەش لە كاتێكدا كە ئێستا بەشێك لە زانیارییە تایبەتی و میدیاییەكان باس لەوە دەكەن تەنها توركیا 27 پێگەی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و بۆ ئەمەش پشتی بەستووە بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 1997 واژۆیان كردووە و سەرەتای بونیادنانی پێگە سەربازییەكان بۆ ئۆپەراسیۆنێك دەگەڕێتەوە بەناوی (ئۆپەراسیۆنی چەكوش).
لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا توركیا 27 پێگەی لە كوردستان جێگیركردووە كە بەمجۆرە دابەش دەبن:-
پێگەسەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان:-
پێگەی سەربازی باتوفا
پێگەی سەربازی كانی ماسی
پێگەی سەربازی و لۆجستی بامەرنی
پێگەی سنكێی سەربازی
پێگەی سەربازی دۆڵی زاخۆ
پێگەی سەربازی شیلادزێ
پێگەی سەرازی كویكی
پێگەی سەربازی بەرواری
پێگەی سەربازی كاخی سپی
پێگەی سەربازی چیای دواتیا
پێگەی سەربازی سەرزێر
پێگەی سەربازی زلكان لە نزیك باشیك
ئەوانە جگە لە چەندین پێگەی تایبەتی ئەمنی و هەواڵگری توركیا لە خاكی كوردستاندا.
مانەوە و بوونی ئەم پێگانە لەكاتێكدایە كە جگە لەوەی عێراق بە یاسا بڕیاری دەركردنی داون هاوكات جەختی لە دەركردنی هێزە بیانییەكان كردووەتەوە.
رۆژی 12/1/2020، سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی تایبەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كاربەڕێكەری ئەوكاتی حكومەتی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ راسپاردنی حكومەت بە كۆتایی هێنانی ماوەی مانەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق، تەنها تایبەت نییە بە هێزەكانی ئەمریكا، بەڵكو سەرجەم ئەو هێزە بیانییانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەعێراق جێگیركراون.