ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:27 - 11/04/2021

ئەندازیاری فرۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا؛ چی لە لیبیا و ئازەربایجان دەوێت؟‌

پەیسەر

تاوناتاوێك ناوی -سەلجوق بەیرەقدار-ی زاوای ئەردۆگان دەكەوێتەوە بەرباس و خواسی میدیاكان، سەلجوق تەمەنی 41 ساڵەو هاوسەری  (سومەیە)ی كچی ئەردۆگانە، ساڵی پار ناوی سەلجوق بووە یەكێك لە ناوە دیارەكانی میدیا توركیەكان لەبەر ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لە جەنگی لیبیا و ئازەربایجان دا، لەبەر ئەوەی ئەو فڕۆكەی بێفرۆكەوانی پێ فرۆشتبوون، لەبەر ئەوەی كۆمپانیای دروستكردنی ئەو جۆرە فرۆكەی هەیەو بەشێك لە میدیاكانیش ناوی ئەویان وەك ئاگر خۆشكەری شەڕەكان هێنا.
بەیرەقدار لەپەیمانگای – ماساتشوستس ی تەكنۆلۆژی- وانەی خوێندووەو لەگەڵ كچە بچووكەكەی ئەردۆگان هاوسەرگیریی كردووە، بەهۆی ئەوەوە كۆمپانیایەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە جۆری (TB2) دامەزراندووەو فرۆشتوونی بە ترابلوس و باكۆ و لە ساڵی 2020 یش دا بەهۆی جەنگی ئەو دوو وڵاتەوە بەكارهێنراون و سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن كاریگەری خراپیان لێكەوتووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانی –بلومبێرگ- ئەردۆگان چاوی لەسەر ئەو كۆمپانیایەی زاواكەیەتی و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە پێداویستیەكانی بواری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە وڵاتەكەی خۆیدا دابین ببێت و چیتر پێویستی بەوە نەبێت لەدەرەوەی توركیا بیكڕێت، پێكەوە كاریان بۆ ئەوە كردووە سەرجەم پێداویستیەكانی لەناوخۆدا دابین بكرێت، ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی كۆمپانیاكانی تری وەبەرهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و كێشەی بۆ توركیاش دروستكردووە لەگەڵ ناتۆدا و پەیوەندییەكانی خستووەتە مەترسییەوە.

باجی قورسی سەركێشیی:
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ئەردۆگان پێداگریی زۆر دەكات كە لە ڕووی سەربازییەوە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بەردەوام شانازیی بەوەوە كردووە كە –فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بووەنەتە جێگەی سەرنج و تێڕامانی دونیا- هەربۆیە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندوو ڕێگری كرد لەوەی توركیا و دووری خستەوە لە بەرنامەكانی تایبەت لە –ئێف 35- و كڕینی مووشەكی دورهاوێژ لە ڕوسیا. هەروەها كۆمپانیاكانی بەریتانیا و كەنەداش فرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بە توركیا ڕاگرت، لەبەر ئەوەی مەترسییان هەبوو لە شێوازی بەكارهێنانی.
بلیمبێرگ باس لەوەش دەكات كە زانیارییان لەبەردەستدایە، دوو ئەندازیاری تورك سەرقاڵی پێشخستنی بزوێنەری زریپۆشن و خۆیان دەیانەوێت دروستی بكەنەوە، سەرەڕای ئەوانەش دوای ئەوەی كۆمپانیای -رۆلز رۆیس- ی بەریتانی ئامادە نەبوو فڕۆكەی جۆری -تی ئی ئێف ئێكس- ی پێ بفرۆشێت ، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەك لە توێژەران باس لەوە بكەن توركیا باجێكی قورسی ئەو كارانەی دەدات.
قۆرغكاری و لێدان لە جەنراڵەكان:
سەرەڕای ئەو سزایانەش هێشتا سەرۆكی توركیا لەسەر كارەكانی سوورە و دەیەوێت پرۆژەكانی بەڕێوە ببات و لەو ڕێگەیەشەوە لەو جەنراڵانە بدات كە پێشتر دەستیان بەسەر كڕێنی پێداویستییە سەربازییەكاندا گرتبوو، ئەو دەیەوێت ئەگەر شتێكی لە كۆمپانیا بیانییەكان كڕێ لە ڕێگەی خۆیەوە بێت، هەموو گرێبەستێكی كڕێنی چەك و تەقەمەنیشی داوەتە ئەو كۆمپانیایانەی كە لە حكومەت و حیزبەكەی خۆیەوە نزیكن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا فڕۆكەكانی لە چاو فڕۆكە كانی ئەمریكا و و چین و ئیسرائیل دا سەرەتایین و پێشكەوتوو نین و لەنێو بازاڕێ كڕین و فرۆشدا بایەخێكی ئەو تۆیان نییە.

بەرزبوونەوەی تێچوون:
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان تێچوونی چەك و تەقەمەنی توركیا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی توركیا لە ماوەی پێنح ساڵی ڕابوردوودا 2016 بۆ2020 بە ڕێژەی 59%  كەمی كردووە ، هەروەها پشكەكانی توركیا لە پایتەختە رۆژئاواییەكانیشدا بەرەو كەمبوونەوە ڕۆشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەو كێشانەی كە توركیا ڕووبەڕووی بووەتەوە لەوانەش: كێشەی دەستێوەردانی لە سوریا، كێشەی كۆچبەر بەرەو ئەوروپا، مافەكانی مرۆڤ و دەرئەنجامەكانی كودەتا سەرنەگرتووەكەی 2016.
ئەنكەرە داوای كردووە لە مۆسكۆ كە سەرەتاكانی دروستكردنی فڕۆكەی ئێس یو 35 ی پێ بفرۆشێت تا لەو ڕێگەیەوە حۆی پەرەی پێبدات و فڕۆكەی ناوخۆیی توركیا دروست بكات، هەروەها چەند گرێبەستێكی لەگەڵ پاكستان واژۆكردووە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی جەنگی و مووشەك، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ چینیەكان نزیكبووەتەوە تا سوود لە تەكنۆلۆژیا بەهێزەكەی ئەو وڵاتە وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆكانیان سەری نەگرتووە.
سەلجوق كێیە؟
سەلجوق لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچەی ترابزۆنی باكووری توركیایە و و لە 7/10/1979 لە گەڕەكی ساری یەری ئەستانوڵ لەدایك بووە، باوكی –ئۆزدەمیر بەیرەقدار- خاوەنی كۆمپانیای بەیرەقدار بووە كە لەبواری ئامێرە فڕیوەكاندا كاریان كردووە و سیستەمی ڕێنمایی فڕۆكە و كۆنترۆڵی فڕۆكەیی بێفڕۆكەوانیان دروستكردووە.
خوێندنی سەرەتایی لە ئەستانبوڵ بووەو دواتر چووەتە كۆلێژیی ئەهلی رۆبێرتی ئەمریكی توركی و ساڵی 1997 تەواوی كردووە و هەر هەمان ساڵ لەبەشی ئەندازیاریی ئەلیكترۆنی و ئامێرەكانی پەیوەندی لە زانكۆی ئەستانبوڵ وەرگیراوەو پاشان لە 2004 ماستەری لەبواری فرۆكەی بێفرۆكەوانیدا بەدەست هێناوە و دواتر ماستەرێكی دیكەی لە بواری كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە ئەمریكا بەدەستهێناوەو ساڵی 2007 گەڕاوەتەوە توركیا و دەستی بەكار كردووە لەوبوارەدا و كۆمپانیاكەی باوكی پەرەپێداوەو تا دواتر فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (بەیرەقدار تی بی 2 )ی دروستكردووە، بە پێی سەرچاوەكان لە جەنگەكانی لیبیا، ئازەریجان، رۆژئاوای كوردستان و لە دژی پەكەكە بەكارهاتوون. بەو پێیە بە یەكەم كەس و دامەزرێنەری سیستەمی فرۆكەی بێفڕۆكەوانی دادەنرێت لە نێو سوپای توركیادا.
سەلجوق لە ساڵی 2016 ەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ سومەیە ئەردۆگان كردووە كە ئەویش بڕوانامەی فڕۆكەوانی هەیەو خاوەنی یەك منداڵن. .