دۆسێ

08:26 - 11/04/2021

ناكۆكییەكانی ئیسرائیل- ئێران لە نێوان دۆسیەی ئەتۆمی و هەژموونەكانی ئێراندا‌

پەیسەر

هەرچەندە هەر لەسەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران (1979) تا ئێستا كێشەی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دا هەیە، بەڵام لە ئێستادا لەسەر دوو تەوەرەی جیاواز ناكۆكییەكانیان چڕتر بووەتەوە، ئەوانیش دۆسیەی ئەتۆمی و هەرێمایەتییە، هەرچەندە دۆسیەی یەكەمیان تەنها كێشەی بۆ ئیسرائیل دروست نەكردووەو بگرە ڕەهەندێكی جیهانیشی هەیەو ساڵانێكی زۆرە قسەو باسی لەبارەوە دەكرێت و بگرە بووەتە خاڵی وەرچەرخانی بەشێكی سەرەكی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا و تەنانەت هەندێكجار یەكێتی ئەوروپاو تەنانەت ئەمریكاش بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات.

هەرچی تەوەری دووەمیشە بوون و هەژموونی ئێرانە لەناوچە جۆراوجۆرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە عێراق، لوبنان و سوریا، بەو پێیەی لە سنوورەكانی ئیسرائیلەوە نزیكن، بە بۆچوونی بەشێكی زۆر لە شارەزیانی سیاسی هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە لەو وڵاتانەدا بۆشایی سیاسی و ئەمنی هەیەو ئێران بە فرسەتی زانیوەو ئەو بۆشاییانەی پڕكردووەتەوە. ئیسرائیلیەكانیش باوەڕیان وایە بەو هۆیەوە ئێران دەستی گەشتووەتە دەریای سپی ناوەڕاست و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی دەستی بگاتە كەنارەكانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و دروشمی سەرەكی ئێرانیش هەر لە رۆژە سەرەتاكانی شۆڕشەكەیەوە سڕینەوەی ئیسرائیل بووە لە سەر نەخشەی رۆژگار و بەوەش توانیویەتی نەوەیەكی ئینقیلابی بۆخۆی درووست و پەرەوەردە بكات. گەرچی ئەو هەڕشەیە هێشتا لە سنووری دروشم تێنەپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئیسرائیل بە هەند وەریدەگرێت و بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات لەبەرامبەر ئەو دروشمەدا ئۆردوویەك لە نەیارەكانی ئێران لە دەوری خۆی خربكاتەوەو بیانخاتە بەرەی خۆیەوە لە دژی ئێران.

سیاسەتەكانی ئیسرائیل لەبەرمبەر ئێراندا هەرچەندە بەشێوەیەكی گشتی نەگۆڕو چەسپاوە، بەڵام لە سەردەمی دۆناڵدترامپ دا زەقتر ببویەوە، بەو هۆیەوە ئەمریكا سزای توندی سیاسی و ئابووری لەدژی ئێران پەیڕەوكردو لە ساڵی 2017 ش دا ترامپ نەیشاردەوە كە لەسەر داواو پێشنیاری ناتانیاهو سزای بەسەر 13 كەس و 12 ناوەندی ئێرانیدا سەپاندووە. هەروەها ئەمریكا لەسەر پێشنیاری ئیسرائیل كاری بۆ لاوازكردنی میلشیاو هێزی نەرمی ئێران كردووە لە سوریادا ، هەروەها جگە لە هێرشە ڕاستەوخۆكانی خۆی لەناوخۆی سوریادا بۆسەر میلشیاو هێزە ئێرانیەكان لە سوریا لە عێراقیش لێدان لە ئامانجە ئابووری و سیاسیەكانی ئێران لەبەرنامەی ئەمریكیەكان و لەسەر داوای ئیسرائیلیەكان بووە، ئەوە سەرەڕای هێرشە ئەلیكترۆنییە بەردەوامەكانی بۆ سەر دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی ئێران، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بواری ئەمنی و ئەتۆمییەوە هەیە.

بنیامین ناتانیاهو ئەو ترس و دڵەڕوكێیانەی وڵاتەكەی نەشاردووەتەوە لەبەرامبەر دەستخستنی چەكی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانێومی ئێراندا، لە هەموو كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هێزە ناوچەییەكان بەردەوام جەختی لەسەر مەترسییەكانی ئێران كردووەتەوە، بەردەوامیش بوون و هەژموونی ئێرانی لە سوریا بە مەترسی لەقەڵەم داوەو هەرچی پێكرابێت لەوبارەیەوە قسووری نەكردوە، بە تایبەتی ئیسرائیل لە سوریادا زۆر لە هەژموونی ئەمنی ئێران دەترسێت.

تەلئەبیب بەردەوام تاران بە نەیار و دوژمنی سەرەكی خۆی لەناوچەكەدا ناساندووە، نەك هەر دوژمنێكی كاتی و سەرزارەكی، بەڵكو دوژمنێكی سەرەكی و بەجۆرێك هەموو بوون و هەژمونێكی ئەو وڵاتە بەهەڕەشە بۆسەر بوون و مانەوەی خۆی دەزانێت، پێشی وایە هەموو ئەو حیزب و دەستانەی كە لە وڵاتانی چواردەوریدا لە دژی ئیسرائیل دەجوڵێنەوە دەسیسەی ئێرانەو ئامانجیشیان لاوازكردنی رۆڵی ئەوە لەناوچەكەو بگرە لە جیهانیشدا.

لە بارەی دۆسییە ئەتۆمیەكەی ئێرانیشەوە هەمیشە بە مافی خۆی زانیوە هێرشی جۆراوجۆریان بكاتە سەر، پشتیوانی لە هەموو ئەو سزایانە دەكات كە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، هەروەها ڕەخنەی توندیان ئاراستەی ئیدارەكەی ئۆباما كردووە لە شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئێران و نەرمی نواندنیان لەگەڵی و ڕێككەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ واژۆ كردووە، ناتانیاهو نیگەرانییەكانی خۆی نەشاردەوەو هەر لەو كاتانەدا 2015 لە وتارێكدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئیدارەكەی ئەمریكا كرد، چەند جارێك ویستی كاریگەریی لەسەر كۆنگرێس دروست بكات لەو بارەیەوە بەڵام شكستی هێنا.

كاتێكیش 2011 لە میانەی بەهاری عەربیدا ناكۆكیی و جەنگەی ناوخۆیی وڵاتی سوریا سەریهەڵدا، ئیسرائیل كەمترین دەستێوەردانی كرد، تەنها وەك ئامادەكارییەك بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێك دوو هێڵی سووری بۆ خۆی دیاریكرد، ئەگەر هێرش بكرێتە سەر خاكەكەی چی بكات، یەكێك لەوانە پووچەڵكردنەوە و لەمپەر دروستكردن بوو بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئێران نەدات هاوكاریی و پێداویستی سەربازیی ڕەوانەی سوریا  بكات و لەوێشەوە بگات بە دەستی حزب الله.

بەڵام ئیدارەكەی ترامپ تەلئەبیبی توند كردەوە بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی بگۆڕێت، سوپاكەی لە هێڵی سوورەوە بگۆڕیت بۆ جەنگی تەواوەتی ، هەربۆیە بەو سەروبەندەدا ئیسرائیل ڕایگەیاند كە ئەرشیفی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوخۆی ئێرانەوە دەستكەوتووەو ، هەروەها ڕایگەیاند هەواڵی زۆر تایبەتی لەبەردەستدایە لەبارەی كارە نهێنی و تایبەتەكانی تاران، ئەوەش وایكرد كە ترامپ لە ساڵی 2017 دا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی بە قەولی ئیرانیەكان –بەرجام- بكشێتەوە و ترامپیش نەیشاردەوە كە لەسەر پێشنیار و داوای ناتانیاهو ئەو كارەی كردووە.

ساڵی 2019 ئیسرائیل ئامانجەكانی فراوانتر كرد لە سوریاوە بەرەو عێراق چالاكیەكانی فراوانتر كرد، تەلئەبیب زۆر نیگەران بوو لە فراونخوازییەكانی ئێران لە عێراق بە پێی زانیارییەكانی ئیسرائیل ئێران بنكەی موشەكی دوور هاوێژی لە عێراق چەسپاندووە، بۆیە هێرشی كردە سەر هەندێك بنكەی سەربازیی كە بە گومان بوو لەوەی شوێنی موشەكەكانی ئێران بێت، بەڵام بە خێرایی ئیسرائیل چالاكییە سەربازییەكانی ڕاگرت، ئەوەش لە پێناوی پاراستنی رۆڵی ئەمریكیەكان و بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دا ئێران هێرش نەكاتە سەر ئەمریكیەكان لە عێراق.

ئێستاش لە سایەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا –جۆبایدن- پێدەچێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران شێوازێكی دیكەی بەخۆیەوە بینیوەو ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر كەشتیەكی سوپای پاسداران لە نێو ئاوەكانی دەریای سووردا و ئامانجەكەشیان هەواڵگریی بووە.

ئێستاش كە گفتوگۆكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی سەریان هەڵداوەتەوە و یەكەم دانیشتن لە رۆژی 9 نیسان 2021 لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوە چووە، سیاسەتی ئیسرائیل لەسەر هەردوو تەوەرەكە بەردەوامی هەیە، لە لایەكی تریشەوە سوپای پاسداران وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە و ناهێڵێت ئەو هێرشە بۆ سەركەشتییە تایبەتەكەیان بەسەریانەوە بچێـت. شارەزایان باس لەوە دەكەن بەریەككەوتنەكانی ئێران لە هێرشی ئاسمانی، هەواڵگریی، ئەلیكترۆنییەوە گۆڕاوە بۆ هێرشی دەریایی لە دەریای سوور و ئاوەكانی كەنداو.

پەرەسەندنی سیاسەتەكانی ئیسرائیل لەبەرامبەر سیاسەتی هەرێمایەتی ئێران، ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر ئێران دەست لە سیاسەتەكانی بواری ئەتۆمی و هەژموونی هەرێمایەتی هەڵنەگرێت، ئەوا سیاسەتی ئیسرائیل ڕاناوەستێت و ڕێگریی لە هەر بەرەو پێشچونێكی ئێرانی دەگرێت، ئەوەش وایكردووە لە توێژەران و چاودێرانی سیاسی كە باوەڕیان وابێت ناكۆكییەكانی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەو دوو هێزە چەقۆ لە یەكتری بسوون ئارام نابێت و هەموو كات و ساتێك چاوەڕێ دەكرێت كارەسات ڕووبدات و لانی كەم جەنگێكی تر لەناوچەكەدا سەرهەڵبدات.