01:09 - 07/04/2021
ناتانیاهو لە ئەندازیاری بیناسازییەوە بۆ سەرۆكایەتی ئیسرائیل
ناتانیاهۆ سەرۆكی وڵاتێكی بچووكی بە قەبارەی زەوییە، بەڵام لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەندێك لە توێژەران پێییان وایە ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بەشێكی زۆری جیهان دەكات، گەرچی لە ڕووی پێكهاتەی دەوڵەتییەوە نوێیە، بەڵام توانا ئابوری و سیاسی و تەكنۆلۆژییەكانی ئەو وڵاتە وایكردووە چاوی زۆری لەسەر بێت، لە هەڵبژاردنەكانی مانگی پێشوودا چاوی میدیاكانی جیهانی لەسەر بوو، سەرەڕای ئەوەی پارتەكەی ناتانیاهۆ بردوویەتیەوە بەڵام هێشتا نەیارەكانی ڕازی نابن حكومەت دابمەزرێنێت و تاوانباری دەكەن بە گەندەڵی و تێوەگلانی وەرگرتنی بەرتیل..
منداڵی و خوێندن:
بنیامین بن زیون ناتانیاهو لە رۆژی 21
ئۆكتۆبەری ساڵی 1949 لەباوكێكی پۆڵەندی(پرۆفسیۆر بن زیۆن) و دایكێكی ئەمریكی (زیلا)لەتەلئەبیب
لەدایك بووە و هەر لەوێش گەورە بوو، لە 1956 تا 1958 و 1963 تا 1967 چووەتە زێدی
دایكی و لە ئەمریكا ژیاوە، لە ساڵی 1967 گەڕاوەتەوە ئیسرائیل بووەتە سەرباز،
دیسانەوە دوای تەواوكردنی سەربازیی لە ساڵی 1972 دەچێتەوە ئەمریكا و لە پەیمانگای تەكنۆلۆژیای
ماساچوست دەست دەكاتەوە بە خوێندن و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری بیناسازیدا
بەدەستهێناوە و پاشان وەك ڕاوێژكار لە گروپی –بۆستن- كاری كردووە و چووەتە بواری پیشەسازییەكانی
ئەمریكا و ئیسرائیل، دوای ساڵی 1967 دەبێتە بەڕێوەبەری پەیمانگای یوناتان كە كاری
توێژینەوەیان كردووە لە بواری قەڵاچۆكردنی تیرۆردا.
بنیامین
ناتانیاهو هەڵگری بڕوانامەكانی بەكالۆریۆسە لە بیناسازیی، ماستەر لە بەڕێوەبردن و
دكتۆرایە لە زانستی سیاسی دا ، دوای ئەوەی خوێندنی تەواو كرد، دەستیكرد بە كاركردن
بۆدەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
كێشەكانی هاوسەرگیریی:
ساڵی 1973 لەكاتێكدا جەنگی عەرەب و ئیسرائیل
دەستی پێكردووەو وڵاتانی عەرەبی هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان،
بەپەلە گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل و خۆی گەیاندە هێزە چەكدارەكانی ئیسرائیل لەناوچەكانی
سویس و بەرزاییەكانی جۆلان، دوای تەواو بوونی جەنگەكە بە شكستی سوپای عەرەب و
داگیركردنی بەرزاییەكانی جۆلان، جارێكی دی گەرایەوە ئەمریكا بۆئەوەی خوێندنەكەی
تەواو بكات، پاشان لە زانكۆی هارفارد زانستی ڕامیاری خوێند، لەو كاتانەدا كە
سەرقاڵی خوێندن بوو لە هارفارد لەگەڵ هاوسەری یەكەمی (میریام) هاوسەرگیریی كرد(1972-1978)
و منداڵێكی كچیان بوو بەناوی (نوعا) و دواتر لەیەك جیابوونەتەوە، ناتانیاهو بۆجاری
دووەم هاوسەرگیریی كردوە لەگەڵ ساران بن ئارتزی(1958) كە پسپۆڕی دەرونزانی
پەروەردەییەو ئیسرائیلیە، لەئستادا دوو كوڕیان هەیە، هەرچەندە لەبارەی
نالەبارییەكانی ئەم ژنەوە قسە زۆر دەكرێت و چەندین سكاڵای لەبارەوەكراوە،
بەتایبەتی ئەو خانمە بەتەمەنەی لە ماڵەكەیدا خزمەت دەكات و ئەو خاتوونەی كە كاری
جوانكاری و چاككردنی قژی بۆ دەكات، چەندین سكاڵای تری لەسەر كراوە لە بارەی ئەوەی گوایە سوودی خراپ لە دەسەڵاتەكانی
هاوسەرەكەی وەردەگرێت و لە پارەی حكومەت باجی كارەباو تەلەفۆن و گازی ماڵەكەی خۆی
داوە، بەڵام ئەو هەموو ئەو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوەو دەڵێت بە هۆی پێگەی
هاوسەرەكەیەوە نەیارەكانی قسەی بۆ دروست دەكەن، سەرەڕای ئەوەش ڕێگە بە بنیامین ناتانیاهو
نادات كە بلە ئاشكرا كچی هاوسەرەكەی پێشووی ببینێت و لە یەكێك لە رۆژنامەكانی
ئیسرائیلدا هاتووە ناتانیاهو بە دزییەوەو دوور لە چاوی سارا بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ
نوعای كچی دەكات و هەركاتیش بیبینێت ناهێڵێت بزانێت.
دەستپێكی كاری سیاسی:
ناتانیاهو وەك نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە
یەكگرتووەكان كاری كردووە لە 1984 تا 1988 و ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری
ئیسرائیل-ئەمریكی بووە لە سالی 1984 ، دواتر بووەتە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی
ئیسرائیل 1988-1991 و پاشان بریكاری وەزیری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران 1991-1992 ،
لە ساڵی 1988 دەبێتە ئەندامی كنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیلی و دەبێتە ئەندامی
لیژنەكانی دەرەوەو دەستوورو یاسای پەرلەمان.
سالی 1993 دەبێتە سەرۆكی حیزبی لیكۆدی
ئیسرائیلی، ساڵی 1996 دەبێتە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ئەوەی بە بچوكترین
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دانراوە، یەكێك لەو كارانەی كە كردوویەتی دانوستانی – وای
ریفر- بووە لەگەڵ یاسر عەرەفات كردووە، لە ساڵی 1996و دواتر ڕێككەوتن نامە
بەناوبانگەكەی شرم الشیخ ی لێكەوتەوە كە بە پرۆسەی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرئیل
دێتە ئەژمار.
هەڵوێستەكانی لەبارەی ئێران:
هەرچەندە ئەو بە كەسێكی نەرم و لە سەر خۆ
ناوبانگی هەیە، بەڵام لەبارەی هەڵوێستەكانی وڵاتەكەیەوە زۆر توندەو بە هیچ شێوەیەك
ڕێگە بە راوەستاندنی ئۆردوگا جوولەكەنشینەكان نادات، بەردەوامیش ئێران بە هەڕەشەی
جدی دەزانێت و لە كۆبوونەوەی گشتی ئەنجومەنی ئاسیشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا
خەختی لەسەر ئەوەكردووەتەوە كە ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت مەترسی گەورە
بۆسەرئاسایشی جیهان دروست دەكات و گوتوویەتی بیهێننە بەرچاوی خۆتان قاعیدە ئەتۆمی
بەدەستەوە بێت چی ڕوو دەدات؟ لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە وتەیەكی رەفسنجانی
داوە كە گوتوویەتی ئەگەر لە ترسی وڵاتانی ئیسلامی نزیكی ئیسرائیل نەبوایە بە یەك
بۆمب ئیسرائیلمان لەناودەبرد، لە لایەكی تریشەوە ئێرانی بە ئەڵمانیای نازییەكان
بەراورد كرووەو گوتوویەتی ئێرانی ئێستا هەمان ئەڵمانیای ساڵی 1938 ە.
ناتانیاهو و گەندەڵی:
ناتانیاهو كاتێك لە ساڵی 2009 كابینەكەی
دروست دەكات 69 ئەندامی كنێست دەنگی پێدەدات و لە هەمان كاتیشدا 45 ئەندام نەیاری
كابینەكەی بوون، هەر بۆیە ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناتانیاهو لە لایەن میدیاكاران و
رۆژنامەنووسانەوە ڕەخنەی توندی لێگبراوەو تۆمەتبار كراوە بە گەندەڵی دارایی و
بەرتیل خواردن لە كڕێنی كەشتی ژێردەریایی ئەڵمانی و لە هەمان كاتیشدا تاوانبار
كراوە بە وەرگرتنی بەرتیل لە كۆمپانیایەكی تەلەفۆنی ، لە هەمان كاتدا باس لەوەش
دەكرێت خۆی و هاوسەرەكەی لە بودجەی گشتی مەسرەفی ماڵی خۆیان كردووە.
نوسەری كتێب:
لەگەل ئەوەشدا ناتانیاهو لەبواری تیرۆردا
خاوەنی چوار كتێبە.یەكەمیان (رۆژئاوا چۆن بەسەر تیرۆردا زاڵ دەبێت 1986)،
(تیرۆریزمی جیهانی ئاڵەنگاری و بەرپەرچ دانەوە 1991)، (جێگەیەك لە نێو گەلاندا؛
ئیسرائیل و جیهان 1993) و (قەڵاچۆی تیرۆر؛ وڵاتە دیموكراتەكان چۆن دەتوانن هەرەس
بە تیرۆری ناوخۆیی و جیهانی بهێنن 1995).
ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ عەرەب:
ساڵی 2020ساڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بوو لەگەڵ
وڵاتانی عەرەبی، لە ھەمان کاتدا ساڵی دەرکەوتنی قەیرانێکی ناوخۆیی قوڵ بوو لە
نێوان سەرۆکوەزیران، بنیامین ناتانیاھو و وەزیری بەرگری، بێنی گانتز کە پێکەوە
حکوومەتی ھاوپەیمانی ئیسرائیل-یان پێکھێنابوو.ساڵی پار ئیسرائیل، سەرەتا لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی
رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی واژۆ کرد.
سەرەتای ئەم رووداوانە لە ۲٨ی کانوونی دووەمدا دەستیپێکرد کە لەو بەروارەدا و لە
رێوڕەسمێکی کۆشکی سپیدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەناو رێککەوتنی "ئاشتی
رۆژھەڵاتی ناوەڕاست"ی بۆ رای گشتی راگەیەند.
ئەم پلانە کە ئامانجی
لەباربردنی داوای رەوای فەلەستین بوو، چەند ماددەیەکی وەک ناساندنی قودس بە
پایتەختی یەکپارچەی ئیسرائیل و بەستنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی جولەکە لە کەناری
رۆژئاوا بە دەوڵەتی ئیسرائیل-ی لەخۆگرتبوو.لە پلانەکەدا مافی گەڕانەوەی شەش ملیۆن پەنابەری فەلەستینی کە
بەھۆی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتوە، پشتگوێخرا.
ئیسرائیل بەخۆشحاڵییەوە
پێشوازی لەم پلانە کرد بەڵام فەلەستینییەکان بەتوندی دژی وەستانەوە. لە سایەی پلانی بەناو ئاشتی
رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەماوەی یەکساڵدا سێ جار ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئیسرائیل
بەڕێوەچووە.
یەکەم ھەڵبژاردنیان لە دووی
ئاداردا ئەنجامدرا. ھەرچەندە پارتی لیکود کە پارتی بنیامین ناتانیاھو بوو لەم
ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی بەدەستھێنا بەڵام ژمارەی پێویستی کورسییەکانی پەرلەمانی
بەدەستنەھێنا کا 61کورسی بوو.
بۆ پێکھێنانی حکوومەتی
ھاوپەیمانی، ناتانیاھو دانوستانی لەگەڵ گانتز دەستپێکرد، لە 20ی نیساندا حکوومەتی ھاوپەیمانییان پێکھێنا و حکوومەتە نوێکە
لە مانگی ئایاردا دەستبەکاربوو.
- ناتانیاھو بووە یەکەم
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە دادگایی کرا، و لە ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی
حکوومەتی ھاوپەیمانی، ناتانیاھو سێ داوای یاسایی تایبەت بە گەندەڵی لەسەر تۆمار
کرا و بەو ھۆیەوە چووە بەردەم دادگا.
بەم شێوەیە ناتانیاھو بووە
یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە لە کاتی پۆستەکەیدا دادگایی کرابێت، تا ئێستاش
قۆناغی دادگایی کردنەکە بەردەوامە.
یەکێک لە ھەواڵە ھەرە
گرنگەکانی ئەمساڵ لە ئیسرائیل رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو
وڵاتە بوو لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی بە دەستپێشخەری ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ 13ی ئاب رایگەیاند کە ئیسرائیل و ئیمارات گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکانیان.
لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەم
ھەواڵەی وەک "سەرکەوتن" لەقەڵەم دا ئیدارەی فەڵەستین رێککەوتننامەکەی بە
ناپاکیکردن لە دۆزی قودس، مزگەوتی ئەقسا و فەڵەستین پێناسە کرد.
دوای رێککەوتننامەی
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل حکوومەتی ئیسرائیل رایگەیاند
کە بە شێوەیەکی کاتی پلانی لکاندنی ناوچە جولەکەنشینە نایاسایییەکانی کەناری
رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە ھەڵدەپەسێرن، ناتانیاھۆ ئاماژەی بەوە دا کە دەستبەرداری
پلانەکە نەبوون.
لە دوای ئیماراتیش بەحرەین لە
١١ی ئەیلوول پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
لە میانی رێورەسمێکدا لە 15ی
ئەیلوول لە کۆشکی سپی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ
ئیمارات و بەحرەین واژوو کرا.
دوای ئیمارات و بەحرەین،
سودان و مەغریبیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، کە
فەڵەستینییەکان ئەم ئاساییکردنەوە بە "ناپاکی" لەقەڵەم دەدەن.
ئیدارەی خەرتوم لەبەرامبەر
دەرھێنانی ناوی سودان 'لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر" لەلایەن ترەمپەوە لە 23ی تشرینی یەکەم بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دا لەگەڵ ئیسرائیل.
بە دوای سودانیشدا10ی
کانوونی دووەم مەغریبیش گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکانیان.
باس لەوە دەکرێت کە مەغریب لە
بەرامبەر داننان بە سەروەرێتی مەغریب لە بیابانی رۆژئاوا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەم
بڕیارەی داوە.
بەمەیش مەغریب بووە چوارەمین
وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
لە کاتێکدا ئیدارەی ئیسرائیل
پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی دەکردەوە، لە ناوخۆی ئیسرائیلدا کێشە
لە حکوومەتی ھاوپەیمانیدا سەری ھەڵدا.
بەھۆی نەبوونی متمانە لەنێوان
ناتانیاھۆ و گانتز بودجەی 2020لە کاتی خۆیدا پەسەند نەکرا، بەمەیش پەرلەمان
ھەڵوەشایەوە.
بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی
پەرلەمانیش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ جاری چوارەم لە ماوەی دوو ساڵدا
بووەتە ناچاری.
دەرەئەنجامی هەڵبژاردنەكان:
دوای ئەوەی بۆ جاری چوارەم
هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی ئیسرائیل ئەنجام دراو پارتەكەی ناتانیاهو بردیەوە بەڵام
هێشتا پێویستی بە دوو كورسی دیكە هەبوو بۆ ئەوەی بەتەنها حكومەت دروست بكات.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، رۆژی
سێ شەممە 23-3-2021 ، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ چوارەمینجار، هەڵبژاردنی
پەڕلەمانی ئیسرائیل ئەنجام درا.
بەپێی زانیارییەكان، ئیسرائیلییەكان
بڕیار لەسەر چارەنووسی بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و پارتەكەی
دەدەن.
هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل بە بەشداری
شەش ملیۆن و 500 هەزار كەس بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی 120 نوێنەر، بەشێوەیەك هەر
پارتێكی سیاسی پێویستی بە 61 كورسییە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ پارتێكی سیاسی ئەو
ژمارە كورسییەی بەدەست نەهێناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی دەزگای
هەلبژاردنی ئیسرائیل ڕێژەی دەنگدان 67.4 بووەو لە ساڵی 2009 وە تا ئێستا بە
كەمترین ڕێژەی دەنگدان هاتووەتە ئەژمار.
بۆ پێکهێنانی حکومەتی
نوێی ئیسرائیل، پێیوستە ناتانیاهو جگە لە هاوپەیمانەکانی خۆی و ئەو پارتانە
لێی نزیکن، هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی یامیناش دروست بکات.
ئەم کێشانە وایکردووە،
هێشتا چەقبەستووی سیاسی لە ئیسرائیل هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو ببێتە رۆژەڤی
میدیا ئیسرائیلییەکان و زۆربەی میدیاکانیش دەڵێن، بەو جۆرە حکومەت ناتوانرێت
پێکبهێنرێت و لە ئەگەری سەرنەکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێشدا، پێدەچێت ئیسرائیل
بەرەو هەڵبژاردنی پێنجەم لە ماوەی دوو ساڵدا هەنگاو بنێت.
رۆژی سێشەممە 23-3-2021
بۆ چوارەمین جار لە ماوەی 2 ساڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو. بەر
لە هەڵبژاردنەکەش راپرسییەکان دەیانگوت پارتەکەی سەرۆکوەزیران 32 کورسی
بەدەستدێنێت.
ئەم هەڵبژاردنە دەبووایە
لە 2023 بەڕێوەبچێت، بەڵام لە دیسەمبەری رابردوودا و بەهۆی دروستبوونی کێشە لەسەر
بودجەی وڵات، پەرلەمانی ئیسرائیل هەڵوەشایەوە و بڕیاردرا لە 23ی ئاداری 2021دا
هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت.
كێشەی ڤاكسین:
بنیامین ناتانیاهو 12
ساڵە سەرۆکوەزیرانە؛ دابەشکردنی ڤاکسین یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ناتەنیاهو بوو
لەو هەڵبژاردنە، چونکە ئیسرائیل لەرووی ژمارەی دانیشتووانەوە بەرزترین رێژەی
ڤاکسینی دابەشکردووە و زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.