دۆسێ

12:29 - 05/04/2021

لە لووتكەی دەسەڵاتەوە بۆ فەرامۆشی سیاسی؛ سونەكان خەتی یەكتری ناخوێننەوە‌

پەیسەر

سونەكانی عێراق لە دەیەی (2010-2020)دا بەردەوام سكاڵای ئەوەیان هەبووە كە لەنێو پرۆسەی سیاسی وڵاتدا فەرامۆش و پەراوێزخراون، سەرەڕای ئەوەش لە شەڕ داعش و لەو ماوەیەدا زۆرینەی شارو شارۆچكەكانیان وێران و خاپوور كران، ناوچەكانیان گۆڕەپانی جەنگ و یەكلایی كردنەوەی هێزی سەربازیی بوون، كاتێكیش دەیانەوێت كارێك بكەن هەریەكەی باراشی خۆی لە ئاشێك دەكات..

تارق هاشمی و كێشەكانی سونە و لۆبیەكانی واشنتن:
تارق هاشمی كەسایەتییەكی سیاسی دیاری سونەكانی عێراق بوو، لە نێوان 2006 تا مانگی سێبتەمبەری 2012 جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بوو، لە ساڵی 2011 ەوە بە هۆی ناكۆكییەكانی لە گەڵ نوری مالیكی بەهۆی هەلوێست وەرگرتن لە خۆپیشاندەرانی عێراقەوە لە میانەی بەهاری عەرەبیدا بەرەو هەرێمی كوردستان هات و دواتر چووە توركیاو و تا ئێستاش نەگەڕاوەتەوە.

یەكێك لەو كەسانەی كە لۆبی بۆ تارق هاشمی كردووە كەسێك بووە بەناوی مارك الصالح كە چەندین كاری جدی بۆ كردووە لەوانەش:

1-مارك هەماهەنگی كردووە بۆ هاشمی تا لەگەڵ جۆن كێریی –سیناتۆری دیموكراتەكان و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران- كۆببێتەوە.
2-هەماهەنگی كردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ –كۆلین كاهل- ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و جێگریی سەرۆكی ئەمریكا و جەختی لەسەر پەیوەندیی بەهێزی ئەمریكا و كورد دەكردەوە.
3-ساڵی 2011 -2012 الصالح لەبری هاشمی لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس كۆبوونەوەی كردووە لەگەڵ لیژنەكانی دەرەوەو هێزە چەكدارەكان، تیمی بایدن، بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بكات كە بۆچی سونەكانیان فەرامۆش كردووە و حكومەتی مالیكیش دەستووری عێراقی پێشێل دەكات.
4-ساڵی 2013 الصالح لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە كۆبوویەوە بۆئەوەی تۆمەتەكانی مالیكی لەبارەی هاشمییەوە ڕەت بكرێتەوە كە درابوویەوە پاڵی و گوایە هاوكاریی تیرۆری كردووە.

5-الصالح لە 20/4/2012 دا لە ڕێگەی كۆمپانیای ڕاگەیاندنی (Sanitas International) هەڵمەتێكی ڕاگەیانندنی خستەڕی، بەڵام نەزانراوە لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەدا چەندی وەرگرتووە، بەڵام دواتر دەركەوتووە كە 54 هەزار دۆلاری ئەمریكی وەرگرتووە و گرێبەستەكەش لە مانگی كانوونی دووەمی 2013 كۆتایی هاتووە.

6-الصالحی لەگەڵ كۆمپانیایەكی لۆبیكردن بەناوی (Cassidy & Associates) گرێبەستێكی واژۆكردووە كە بۆ ماوەی شەش مانگ كار بۆ هاشمی بكات بەرامبەر 31 هەوزارو 440 دۆلاری ئەمریكی. یەكێك لەو كارانەی كە بۆی كراوە بڵاوكردنەوەی وتارەكانی هاشمی بووە لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی ئەمریكا و تا ڕادەیەكیش هاوكاربوو بۆ بینینی هەندێك لە سیاسەتمەدارانی ئەمریكی.

هاشمی گەرچی ڕێكخراوە سونی مەزهەبەكانی وەك قاعیدەو داعشی ڕەتدەكردەوەو لەگەڵ بۆچوونەكانیان نەبوو، بەڵام باوەری وابوو كە توندوتیژیی دەسەڵات و گەندەڵییە فراوانەكان بوونەتە هۆی خۆپیشاندانەكان ، لەگەل ئەوەشدا نەیاری هەژموونی ئێران بوو لە عێراق و بە ئاشكرا ڕەتی دەكردنەوەو پێی وابوو دروستكردنی چەكداریی گوێڕایەڵ بۆئێران زیانی گەورە بە وڵاتەكەی دەگەیەنێت، ئەو چەند جارێك ڕایگەیاندبوو كە (قاسم سولەیمانی) سەرۆك و فەرمانڕەوای عێراقە، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی تۆمەتی هاوكاری كردنی تیرۆری بخرێتە پاڵ و بەناچاری بچێتە وڵاتی توركیاو وەك پەنابەرێكی سیاسی تا ئێستاش لەوێ بمێنێتەوە.

جەمال زاری: سونەكانی عێراق دژی داعش و تارانن:
جەمال زاری سەرەڕای ئەوەی شێخ  گەورەی عەشیرەتی –زوبع-ی سونە مەزهەبە، سیاسیەكی بەناوبانگی سونەكانیشە، ئەو دامەزرێنەری (المشروع الوطني العراقي المعارض)ەو خۆی سەرۆكایەتی لیژنەی ناوەندییەكەی دەكات، چەند جارێك بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئەمەریكا بەرپرسی یەكەمە لە تێكچوونی بارودۆخی عێراق، ئیرانیش بەهۆی ئەوەی دەیەوێت بەردەوام هەژموونی لە عێراقدا هەبێت ڕێگرە لەوەی بكەوێتە سەر سكەی خۆی و بەردەوام كێشە دروست دەكات، زاری وەك هەموو سەۆك عەشیرەتەكانی تری ناوچەی سوننە نەیاری نووری مالیكی بوون و دانوویان لەگەڵیدا نەدەكوڵا و نیگەران بوون لە بێدەنگییەكانی لەبەرامبەر سیاسەتەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەربۆیە زاری لە ئەمریكادا دەفی دەنگی نەدەدا و كەسێكی خۆشەویست نەبوو، زاری لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 دا وتارێكی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوكرایەوە تیایدا ئاشكرای كردبوو كە ئەوان لەدژی ڕێكخراوی داعش و سیاسەتەكانی تارانن لە عێراق، لەو وتارەدا نوسیبووی: سونەكان چەكداربكەن با مووسڵ ئازاد بكەنەوە، لەو وتارەدا هیوای خواستبوو كە ئیدارەكەی ترامپ بتوانێت چارەسەرێكی كێشەی سونەكانی عێراق بكات.

زاری لە واشنتن لۆبی خۆی هەبووە و چەندین كاری كردووە لەوانەش:
1-لە رۆژی 20/12/2015 لەگەڵ كۆمپانیای (Sanitas International) گرێبەستێكی واژۆكردووە بۆ ئەوەی لە بواری ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكادا كاری بۆ بكات، بەڵام بڕی ئەو پارەیەی كە وەریگرتووە ئاشكرا نەكراوە. ئەو كۆمپانیایە وتارو بۆچوونەكانی زاری لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی وەك (نیۆرك تایمز، وول ستریت جۆرناڵ، رۆیتەرز، ئاسۆشێدتپرێس و فرانس پرێس) بڵاوكردووەتەوە.

2-كۆمپانیاكە لە بری زاری چەند جارێك لەگەڵ سیناتۆری كۆمارییەكان –مایك راوندز- كۆبووەتەوە كە ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی كۆنگرێس بووە.

3-گرێبەستی كردووە لەگەل كۆمپانیای (Washington Strategy Group) بۆئەوەی كاری سیاسی و پشتی پەردەی بۆبكەن لەبەرامبەر ئەوەدا بە پێی بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دادی ئەمریكی بڕی 388 هەزاردۆلاری ئەمریكییان وەرگرتووە. یەكێك لە كارەكانی ئەو كۆمپانیایە ئەوەبوو لەگەڵ –جویل روبین-ی بەڕیوەبەری جێبەجێكاری كۆنگرەی یەهودییەكانی ئەمریكیدا كۆبووەتەوە، لە هەمان كاتیشدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەش بووە.

یەكێكی دیی لەو كارانەی كۆمپانیاكە بۆی كردووە سەفەری زاری بووە لە ساڵی 2017دا و كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری بۆ ڕێكخستووە، هەروەها دیداری بەردەوامی هەبووە لەگەڵ –جۆی بینینگیتون- كە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە بۆ كاروباری عێراق و لە 2013 تا 2015 ش كۆنسوڵی ئەمریكا بووە لە هەولێر. كۆمپانیاكە چەند سەردانێكی دیكەشی بۆ زاری ڕێكخستووە كە بچێتە واشنتن و بەرپرسانی وڵات ببینێت.

4-یەكێكی دیكە لە گرێبەستەكانی زاری لەگەڵ كۆمپانیای ( Nelson Mullins Riley & Scarborough) دا بووە لە 25/2/2017 كە كاریان بریتی بووە لە هەماهەنگی دروستكردن لەگەڵ فەرمانگە دبلۆماسییەكانی ئەمریكادا. لەبەرامبەر ئەوەدا بڕی 290 هەزار دۆلاری ئەمریكیان وەرگرتووە.

هەركەس بۆخۆی لە دەرگای واشنتی داوە:
بە پێی بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دادی ئەمریكی، لەنێو سونەكاندا بێ سەروبەرەییەكی زۆر هەبووە، هەركەس بۆخۆی بەرنامەیەكی هەبووەو هەركەسەش لە بەرژەوەندی خۆی ڕووی لە واشنتن كردووە، هەر بۆیە ئەمریكیەكان نەیانویستووە چەكداریان بكەن و لەبەرامبەر هەژموونی شیعەدا بەكاریان بهێنن. بەڵام هەریەكەشیان لۆبی خۆیان كردووەو دانەنیشتوون.

ساڵح موتڵەگ، كە پێشتر جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو لەسەر پشكی سوننەكان، لەگەڵ كۆمپانیای (– Patten, William Samuel) لە 6/1/2014 گرێبەستێكی واژۆكردووە بە بڕی 80 هەزار دۆلاری ئەمریكی تا ڕاگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە بایەخ بە بۆچوونەكانی بدەن لەوانەش، واشنتن پۆست ، نیۆرك تایمز و فۆرین بولیسی.

شێخ عەلی حاتەم السلیمان، سەرۆكی عەشیرەتی دلێم، لە 17/10/2014 گرێبەستێكی لەگەل كۆمپانیای (Calex Partners) واژۆكردووە  لە رۆژی 17 سێبتەمبەری 2014 بۆئەوەی ئەمریكیەكان ڕازیی ببن تا ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ سونەكانی عێراق دروستبكرێت،بەڵان دواتر دەركەوت كە كۆمپانیاكە شتێكی لەو بارەیەوە ئەنجام نەداوە.

لە رۆژی 23 كانوونی دووەمی 2015 شێخ عەبدولرەزاق حاتەم السلیمان، برای هەلی حاتەم، كەسایەتی دیاریی دلێمیەكان لەگەڵ كۆمپانیای (Greenhill Group) گرێبەستكی واژۆ كردووە بۆ ئەوەی قەناعەت بە كۆمپانیا ئەمریكیەكان بكات وەبەرهێنان لە پارێزگای ئەنباری سوننە نشین بكەن و لە هەمان كاتدا پشتیوانییان بكەن بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆیان.بۆ ئەو مەبەستە كۆمپانیاكە گەشتێكی بۆ ڕێكخستووە بۆئەمریكا لە بەرواری 16 تا 23 حوزەیرانی 2015 و چەندین بەرپرسی لە كۆنگرێس بینیوە و چاوپێكەوتنێكیشی لە رۆژنامەی وول ستریت جۆرناڵ بۆ ئەنجام دراوە.

ئەسیل نوجەیفی برای ئوسامە نوجەیفیش (سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 2010 تا 2014) ، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (Chartwell Consultancy) واژۆكردووە بۆئەوەی پلانێك لەگەڵ ئەمریكیەكان دابڕێژن بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ، لەپەنای ئەوەدا چەك  تەقەمەنی و پێداویستی سەربازییان پێشكەش بكات.

بنەماڵەی نوجەیفی بەردوام كاریان كردووە لەگەڵ ناوەندە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی ئاوڕێك لەناوچە سونیەكان بدرێتەوە، لە رۆژی 21ئابی 2017 ئوسامە نوجەیفی لەگەڵ كۆمپانیای (Andrea & Associates) واژۆكردووە كە تا 1/12/2017 بووە لەبەرامبەر 56 هەزار دۆلاری ئەمریكیدا تا كۆمپانیای ناوبراو فشار لەسەر ناوەندە ئەمریكیەكان دروست بكات و كارێك بۆ ناوچە سونیەكان بكەن و نوجەیفیش وەك كەسایەتی دیار بناسێنن.

كۆمپانیاكە جگە لەوەی كارئاسانی كردووە بۆ بینینی كەسایەتیە دیارەكانی كۆنگرێس و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، كاری بۆ ئەوەش كردووە كە نوجەیفی لە میدیاكانی وەك واشنتن پۆست، رۆیتەرز، جەزیرە، الحرة و چەند كەناڵێكی دیكە بایەخی پێ بدرێت.

یەكێكی دیكە لە كەسایەتیە سونیەكانی عێراق خەمیس خەنجەرە كە سەرۆكی حیزبی (المشروع العربي في العراق) بووە لەگەڵ كۆمپانیای (Morris Global Strategies) واژۆكردووە بۆئەوەی كار لەسەر ئەمریكیەكان بكرێت كە بایەخ بەناوچە سونیەكان بدرێت لەڕێگەی ئەوەوە، هەرچەندە لەنێو بڵاكراوەكانی وەزارەتی دادی ئەمریكیدا بڕی پارەكە دیاری نەكراوە، هەروەها خەنجەر لەگەڵ كۆمپانیای (Pillsbury Winthrop Shaw Pittman) گرێبەستێكی دیكەی واژۆكردووە لەبەرامبەر 421هەزار دۆلاری ئەمریكیدا تا خزمەتگوزاریی یاساییان پێشكەش بكات، لەگەڵ ئەوەشدا خەنجەریان ناساندووە بە چەندین كەسایەتی دیاری نێو نوسینگەی (تیرۆر و تاوانە داراییەكان) و لەگەڵ ڕاوێژكارانی یاسایی پلە باڵا كۆبوونەوەیان بۆ ڕێكخستووە و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی كاروباری سیاسی و ئابووری عێراق كۆبووەتەوە. بەڵام هێندەی پێنەچوو خەمیس تاوانبار كرا بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی حكومەتی عێراق و چووە نێولیستی سزاكانی ئەمریكاوە، بەڵام خەنجەر ڕایگەیاند سعودییەكان ئەو كارەیان بە ئەمریكییەكان كردووەو پرۆسەیەكی سیاسییەو هیچی تر.

بە پێی سەرچاوەكان كاری لۆبی دروستكردنی سوونەكان لەگەڵ ئەمریكادا هێندە وردكراوەتەوە تا گەشتووتە سەر ئەنجوومەنی پارێزگایەكی وەك پارێزگای سەلاحەدین و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بنەماڵەو نەوەی هاشمیەكان تەماعیان لە عێراقدا هەیە، بەڵام دواجار هیچیان نەبەستووەتەوە و هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە سونیەكان نەك بە یەك ئاڕاستە كار ناكەن، بەڵكو هەریەكەی لە ئاوازێك دەخوێنێت و كەسیش خەتی كەسی تر ناخوێنێتەوە..