دۆسێ

09:47 - 04/04/2021

لۆبی شیعەكانی عێراق؛ سەرۆك وەزیرەكانی عێراق و بڕیارە سیاسیيەكانی ئەمریكا‌

پەیسەر

لە مێژووی نوێدا عێراق بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كەمترین ئۆقرەیی و ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، بە بیانووی هەبوونی چەكی كیمیاوی و سەرەڕۆیی بۆ داگیركردنی كوەیت و گوێ نەگرتن لە بڕیارە نێو دەوڵەتییەكان لە مانگی نیسانی 2003 كۆتایی بە ڕژێمی پێشوو هات و عێراقێكی دیكە هاتە پێشەوە كەلەسەر بنەمای پشك پشكێنەی پێكهاتەو لایەنەكان ڕێكخرایەوە، لە نێوان مانگی ئایاری 2003 تا مانگی حوزەیرانی 2004 پۆل بریمەر وەك حاكمی مەدەنی لە عێراق سەرۆكایەتی عێراقی گرتە دەست و لەو ماوەیەشدا بە جدی كاریان بۆ ڕیشەكێشكردنی حیزبی بەعس كرد، هەركەسێك پەیوەندی بەو حیزبەوە هەبووبێت و بەشێوەیەك لە شێوەكان سەلمێنرابێت لە هەر پلەو پۆستێكدا بووبێت لێی سەنراوەتەوە، هەر ئەو بەردی بناغەی پشك –محاصصة-ی لە عێراق داڕشت و تا ئێستاش كاری لەسەر دەكرێت و عێراق بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2005 ەوە لە مێژووی عێراقدا یەكەم سەرۆك وەزیرانی شیعی لە عێراق لە لایە حیزبی دەعوەی عێراقی ئۆپۆزیسیۆنی سەدامەوە دەست بەكاربوو، بە داوی ئەودا سەرۆك وەزیران بەر پشكی شیعەكان كەوت و بەئیبراهیم جەعفەری دەستی پێكردو دواتر لە ناوەڕاستی ساڵی 2006 دا بووە سەرۆك وەزیران و تا مانگی ئەیلوولی 2014 بەردەوام بوو، بەدوای ئەودا حەیدەر عەبادی بووە سەرۆك وەزیران و تامانگی تشرینی یەكەمی 2018كارەكانی بەڕێوەبرد، دوای فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان  عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشایەوە و لەو كاتەوە تائێستاش مستەفا كازمی وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ لەو پێگەدا ماوەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا بە شێوەیەكی خێرا باس لەو لۆبیانەی دەكەین كە لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە لە واشنتۆن كراوەو چۆنیەتی كارەكەو مەبەستەكانی ئاشكرادەكەین.

ئەم ڕاپۆرتە بەشێكە لە پرۆژەی (الحج إلى واشنطن) كە بریتیە لە چالاكی لۆبیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەی ڕابوردوودا كە دەكەوێتە نێوان 2010 -2020، زۆرینەی بەڵگەكانی نێو ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكیەوە پەسەند كراوە.
لە دەیەی پێشوودا 2010-2020 عێراق چوار سەرۆك وەزیرانی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی 2011 دا بەشێك لە هێزە ئەمریكیەكان عێراقیان بەجێهێشتووە،  لە ناوەڕاستی 2012 ەوە تا 2013 نیگەرانی و خۆپیشاندانی سونیەكان بە شێوەیەكی فراوان هەبووە، دەرئەنجامیش بە پەراوێزخستنی خودی سونەكان كۆتایی هات، لە دوای ئەوەش لە 2014داعش لەناوچەكەدا سەری هەڵداو هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا كەوتنە سەرخەت و جەنگێكی هەمەلایەنەو گشتگیر سەری هەڵدا، توركیا، ئێران، ڕوسیا و كوردەكانی (سوریاو عێراق)یش رۆڵی سەرەكییان لەو جەنگەدا گێڕا. لە ساڵی 2017 ش دا لە هەرێمی كوردستان پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە بەغداد بەڕیوە چوو، دواجار ئەو ڕووداوەش كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم گۆڕانكارییە بنەڕەتی و جەوهەرییانە چۆن ئەنجام دراون، كەس و لایەنە عێراقیەكان چۆن كاریان لەسەر كردووەو چۆن فشاریان لەسەر واشنتۆن دروستكردووەو دواتر بە كوێ گەشتوون؟

نوری مالیكی و ڕەزامەندی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق:
چالاكییە سیاسیەكانی نوری مالیكی لە حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە لە سەردەمی سەدام حسین دا، بەو هۆیەوە عێراقی بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی ئەو حیزبە بڕیاری خەباتی چەكداریی دەدات، ئەویش چەك هەڵدەگرێت و لە ئێران سوریا دەژیی، لەو كاتەوە تا ئەم دواییانەش نازناوی حیزبیەكەی (جواد المالكی) بوو.
دوای ئەوەی لە 2006 ەوە چووە سەر كورسی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی كرد بە لادان و دوورخستنەوەو ڕیشەكێشكردنی هەموو ئەوانەی كە هاوڕێی بوون لە هەمان كاتیشدا نەیاری بوون تەنانەت ئەوانەشی گرتەوە كە خزم و كەسی خۆی بوون یان ئەندامی باڵای حیزبەكەشی بوون، بۆیە ڕادەستكردنی سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2010 هەروا ئاسان نەبوو، دواتر ئەیاد عەلاوی توانی هاوپەیمانییەك پێك بهێنێت و تەنانەت سونەش بخاتە نێو هاوپەیمانییەكەیەوە كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكان بوو.
یەكێك لە ناكۆكییەكانی نێو كیانە سیاسیەكانی عێراق لەو سەردەمانەدا شرۆڤەكردنی  دەقێكی دەستوورییە كە باس لەوە دەكات كێ لە پێشترە حكومەت پێكبهێنێت؟ ئەو هاوپەیمانییانەی كە زۆرترین كەس و لایەنیان لێ كۆدەبێتەوە یان ئەوەیان كە زۆرترین براوەی هەلبژاردنەكانە؟ دادگای دەستووری بە پێی پسپۆرییەكەی یەكلایی كردەوە لەبەرژەوەندی بۆچوونی دووەم و بەو شێوەیەش بوویەوە بەسەرۆك وەزیران.

بۆئەوەی هەندێك لەبارەیەوە بزانین پێویست دەكات تیشك بخەینە سەر هەندێك لە هەڵوێستەكانی.

رۆژی 5شوباتی 2013 مالیكی لەگەڵ گەورەترین گروپی كۆمپانیای بەناوی بودیستا (Podesta Group) پەیوەندی دروستكردووە كە توانای فشاری زۆری هەیە لە ئەمەریكادا، تا 31 حوزەیرانی 2017 گرێبەستەكەیان بەردەوام بووەو لەبەرامبەر ئەو كارانەی كردوویەتی بری 865 هەزار دۆلاری ئەمریكی وەرگرتووە.
ئەو كۆمپانیایە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ دیموكراتەكاندا هەیەو لە ساڵی 2006یشدا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بردەوەو باراك ئۆباما بوو بەسەرۆكی ئەمریكا، دواتریش لەو پۆستەدا مایەوە مانگی كانوونی دووەمی 2017.
كۆمپانیاكە لە لایەن –تونی بودیستا-وە بەڕێوە دەبرێت، كە پێشتر لە ئیدارەكەی كلنتۆن دا -1993-2001 كاری كردووە، بەڕێوەبەری سەرجەم فەرمانبەرانی كۆشكی سپی بووە لە ساڵی 1998 و تاكۆتایی دەسەڵاتی كلینتۆن،دواتریش بووەتە ڕاوێژكاری تایبەتی ئۆباما لە 2014-2015 و دواتریش بەرپرسی هەڵمەتی هەلبژاردنەكانی هیلاری كلینۆتن بووە لە 2016.
ئەم كۆمپانیایە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ جۆ بایدن هەیە، هەر لەو كاتەوەی كە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و یاریدەدەری ئۆباما بووە تاكو ئێستاش، هەر بۆیە ئەو شارەزاییەكی زۆر باشی لە كاروباری عێراق هەیەو كۆمپانیاكەشی ڕۆڵی زۆری هەبووە لە حكومەتەكەی مالیكی و پاشان حەیدەر عەبادیش دا.

دووەم خولی سەرۆكایەتی نوری مالیكی كەوتە كاتێكەوە كە بەهاری عەرەبی سەری هەڵدا، 2010-2011 ، هەردوو حكومەتی عێراق و ئەمریكا ڕێككەوتنیكیان ئەنجامدا لە رۆژی 18/12/2011 كە بەشێك لە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا بكشێنەوە، بەڵام بە توندی خۆپیشاندانە ناوخۆییەكان سەریان هەڵدا و یەكێك لە داواكاریی خۆپیشاندەران رۆشتن و دەست لەكاركێشانەوەی مالیكی بوو، بەو پێیەی لە ئەنجامی داگیركاریی ئەمریكاوە هاتووەتە سەركار.
لێرەوە ناكۆكی توند كەوتە نێوان نوری مالیكی و تارق هاشمی –كە ئەوكات یاریدەدەری سەرۆك بوو- ، بە پێی گێڕانەوەیەكی هاشمی؛ نوری مالیكی لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا گوتوویەتی دەیەوێت بە بەكارهێنانی هێز خۆپیشاندانەكان ڕابگرێت، بە پێی وتەی خۆی هاشمیش نەیاری بەكارهینانی هێز بووە، وەك دەڵێت ئەو دانیشتنە كۆتایی بە پەیوەندییەكانی نێوان خۆی و مالیكی هێناوە.
لە رۆژی 19/12/2011 حكومەتەكەی نوری مالیكی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تاریق هاشمی دەركرد بەتاوانی پشتیوانی لە تیرۆر، بەڵام هاشمی دەڵێت ئەو كارە سیاسییەو هیچ پەیوەندییەكی بە تیرۆرەوە نییە، دوای ئەوەی هاشمی بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵهات، بە فەرمی بەرەو توركیا رۆشت و تائێستا لەو وڵاتە ماوەتەوە، مالیكی داوای دەستگیركردنی هاشمی لە پۆلیسی ئەنتەرپوول كرد بەڵام لەبەر ئەوەی بەڵگەكانی باوەڕپێهێنەر نەبوون داواكەیان فەرامۆشكرد.
لەو میانەیەدا گروپی كۆمپانیاكانی بودیستا كۆمەڵێك كارو چالاكییان بۆ مالیكی كردووە كە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێكیان دەدەین:
1-جابر حەبیب جابر، باڵیۆزی ئەو كاتی عێراق لە ئەمریكا ڕێككەوتنێكی واژۆكردووە لەگەڵ كۆمپانیاكەدا ساڵانە بە بڕی 960 هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ ئەوەی ئیدارەكانی ئەمریكا پەیوەندی باشیان لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكیدا هەبێت.
2-كۆمپانیاكە هەماهەنگی كردووە لەگەڵ ناوەندەكانی توێژینەوەو دەزگا ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكادا بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە سەرنجی ئەندامانی كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە ڕابكێشێتبۆ كاروبارەكانی عێراق.
3-كۆمپانیاكەلە نێو كۆنگرێس دا كاری لەسەر لیژنەكانی دەرەوە، هێزە چەكدارەكان، دەرماڵەكان كردووە، هەروا كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و فەرمانبەرانی نێو كۆنگرێس بۆ ئەو مەبەستە كردووە.
4-یەكێك لەو ئەندامانەی كۆنگرێس كە كۆمپانیاكە هەماهەنگی لەگەڵكردووە –میتش ماكونیڵ سەرۆكی كۆمارییەكانی نێو ئەنجومەنی پیران ، جۆن بوینر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی حیزبی كۆماری، ئادەم سمیس سەرۆكی كەمینەی دیموكراتەكان و ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەو كات وو ریبیر سبیرجر لە لیژنەی هەواڵگریی بوون .
5-كۆمپانیاكە كاری لەسەر بەرپرسانی گەورەی ئەمریكی كردووە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەك بیرت مەكگۆرك كە ئەو كات یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بوو، هەروەها رۆبێرت ستیڤن بیكروفت كە ئەو كات 2012-2014 باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە عێراق.
6-كۆمپانیاكە هەماهەنگی كردووە بۆ سەردانێكی نوری مالیكی لە مانگی تشرینی دووەمی 2013 دا كە بچێتە كۆشكی سپی و لەگەڵ گەورە بەرپرساندا كۆببێتەوە، دواتر سەردانی كۆنگرێسی كردووەو لەگەڵ سەرۆكی لیژنەكانیش كۆبووتەوە ، ئامانجی ئەو سەردانە بریتی بوو لە كۆكردنەوەی هاوكاریی سەربازیی بۆعێراق و دروستكردنی پەیوەندییەك بۆ گڕینەوەی زانیاریی هەواڵگریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
7-دوای ئەوەی مالیكی لە سەرۆكایەتیدا نەما، كۆمپانیاكە هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی پێش كەش بە حەیدەرعەبادی جێگرەوەی دەكرد.


كێشەی نێوان مالیكی و عەبادی
سەرەڕای ئەوەی هەردوكیان ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوون، لەنێو یەك ڕێكخراویشدا گەورە ببون، بەڵام دەسەڵات ناكۆكی خستە نێوان ئەوانیشەوە، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 دا مالیكی لیستێكی بۆ خۆی پێكهێنا بەناوی –دەوڵەتی یاسا- زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی مسۆگەر كرد، دەیویست لەو ڕێگەیەوە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام پێكهێنانی كوتلەی تر و هاوپەیمانی دی بووە ڕێگر لە بەردەمیدا، دوای ئەوەی حیزبی دەعوە پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی كرد، لەگەڵ ژمارەیەك لە كوتلەی تر، عەبادی لە 11 ئابی 2014 دا بووە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
مالیكی لە كۆتاییەكانی دەسەڵاتیدا هەروا بە ئاسانی دەربازیی نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێك كێشەو گرفتی بۆ هاتە پێشەوە لەوانەش: پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان لەناوچە پەراوێزخراوەكان و ناوچە سوننە نشینەكان، سەرهەڵدانی ناكۆكی هەولێر و بەغداد، سەرهەڵدانی ڕێكخراوی داعش، بەجۆرێك زۆرێك لە خاكی عێراقیان داگیركردو چەك و تەقەمەنییەكی زۆری حكومەتیان كەوتە دەست.
هەر لەو كاتانەدا هەلێكی زێڕین بۆ ئێران هاتە پێشەوە و دەستێوەردانی كرد، حكومەتەكەی مالیكیش داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردكە هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش ئەنجام بدات و پاش ماوەیەك ئەوانیش بەدەم ئەم داوایەوە هاتن.
لەو میانەیەدا و تا حكومەتەكەی عەبادیش كۆمپانیاكە –بودیستا- كاری زۆری كردووە بۆ ئەوەی ئەمریكیەكان قەناعەت پێبكات تا ئەو هێرشە ئەنجام بدەن و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 3 ملیۆن و 865 هەزار دۆلاریان لە حكومەتی عێراقی وەرگرتووە.

كۆنگرێس و لۆبی حكومەتەكەی عەبادی:
ئەوەی كە عەبادی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەدوایدا دەگەڕا پشتیوانی ئەمریكیەكان بوو بۆ حكومەتەكەی، لە بوارەكانی، ئابووری، دارایی، سەربازیی بە ڕاهێنان و زەخیرەوە، هەواڵگریی، پێدانی زانیاری لەسەر داعش كەئەوان لە ڕێگەی مانگی دەستكرد و فرۆكە بێفرۆكەوانەكانیانەوە دەستیان دەكەوت، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە ئەو شوێنانەی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون وەریبگرنەوە.
بۆ ئەوە مەبەستە عەبادی لە مانگی نیسانی 2015 دا سەردانێكی واشنتۆنی كرد، لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و جێگرەكەی -بایدن-  و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس كۆبوویەوە، دواتریش لەگەڵ سەرۆكەكانی بانكی نێو دەوڵەتی و بانكی دراوینێو دەوڵەتیش كۆبوویەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هاوكارییەك بۆ عێراقیەكان دەستەبەر بكات و وێرانەكانی داعشی پێ بونیاد بنێتەوە، بەڵام لەوسەفەرەیدا 200 ملۆن دۆلاری لە ئەمریكیەكانەوە دەست كەوت ئەویش وەك هاوكاریی مرۆیی، بەڵام هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی ئەمەریكیەكان لە ئاسمانەوە توانییان لە مانگی ئازاری 2015 دا شاری تكریت لە دەستی داعش وەربگرنەوە، ئەوەش بووە سەرەتایەكی ئەرێنی بۆ دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ كۆنگرێسی ئەمریكی.
كۆمپانیای بودێستا لەگەڵ ئەو كەسانەی نێو كۆنگرێس كاری بۆ عێراق دەكرد كە لە دۆخی عێراق ئاگاداربوون، یەكێك لەوانەش –توم كوتون – بوو، توم ئەندامی كۆنگرێس و لە لیژنەی دەرەوە بوو، بەشداری جەنگی ئەفغانسان و عێراقی كردبوو لە 2005 و 2009 ، لایەنگری ئەو بیرۆكەیە بوو كە پێوستە جەنگی سەربازیی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت ، پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای كردووە لە ئەفغانستان و عێراق، ئەو پێی وابوو لە ئەنجامی كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەوان لە 2011 بۆشایی دروست بوو، بەو هۆیەوە داعش دروست بوو.

یەكێكی دیكە لە ئەندامانی كۆنگرێس كە بەشداریی جەنگی ئەفغانستان و عێراقی كردووە -ئادەم كینزینجر-ە، ئەو ئەندامی لیژنەكانی دەرەوە، وزە و بازرگانی بوو، ئەمیش لەگەڵ دەستێوەردانی سەربازیی بوو، هەروەها بەردەوام لەگەڵ زیاتر كردنی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە عێراق، رۆژی 12/6/2014 داوای لە ئۆباما كرد كە پشتیوانی سەربازیی عێراق بكرێت بە فڕۆكە بۆردەمانی داعش بكرێت.
یەكێكی تر لە ئەندامانی كۆنگرێس -ماك سورنبیری-ی نوێنەری كۆمارییەكان بوو، ماك سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان بوو لە كۆنگرێس، ساڵی 2015 داوای لە كۆنگرێس دەكرد بە خێرایی عێراق پڕچەك بكرێت و هاوكاریی بكرێت، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش دەكردەوە كە دەبێت هاوكاریی كورد و سونەكانیش بكرێت بەو پێیەی هاوپەیمانی ئەمریكان و دەبێت ڕاستەوخۆ هاوكارییەكان بە خۆیان بدرێت لەبەر ئەوەی بەغداد وەك پێویست و لەكاتی گونجاودا ڕادەستیان ناكات.
حكومەتەكەی عەبادی ئەم پێشنیارەی ڕەتكردەوە، گروپە شیعیەكان لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو پێشنیارەدا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەمریكیەكانیان كرد لەناوخۆو دەرەوەی عێراق، ئەوان لێكدانەوەیان وابوو ئەگەر ئەو كارە لەگەڵ كورد و سونەكان بكرێت واتە دەستیان دەگیرێت كە لە عێراق جیاببنەوە.

بۆچوونەكە لەناو خودی ئەمریكاشدا نەیاری هەبوو لەوانەش سەرۆك ئۆباما، وەزیری بەرگریی ئەو كات –ئاش كارتەر 2015-2017، ئەوان ڕایانگەیاند هاوكاریی كردنی ڕاستەوخۆی كورد و سونەكان واتە هەڵوەشاندنەوەی عێراق و نەمانی یەكپارچەییەكەی ، ئەوەش كاری ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش قورستر دەكات. ئەوە لە كاتێكدا بوو كە لۆبی كوردی لە واشنتۆن كاری بۆ ئەوە دەكرد بە شێوەیەكی سەربەخۆییانە هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت بەو پێیەی لە ناوچە كوردییەكانەوە بەرەیەكی گەورەی شەری دژ بە داعش كرابوویەوە.

هەرچۆنێك بێت عەبادی دەیویست كارێك بكات كە حكومەتەكەی بەهێزبكات، ئەمانەی خوارەوە كورتەی لۆبییەكانی عەبادین كە لە واشنتۆن بۆئەو مەبەستە ئەنجامیان داوە:
1-كۆمپانیای لۆبی كار لە ساڵی 2015 جەختی لەسەر لیژنەكانی هێزەچەكدارەكان، دەرەوە و دەرماڵەكان دەكردەوەو بۆ ئەو مەبەستەش 27 كۆبوونەوەی لەناو كۆنگرێس دا لەگەڵ ئەنجام داون.
2-كۆمپانیاكە چەند جارێك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەی كاروبای سەرۆكەكانی كۆنگرێس ڕێكدەخەن، بەتایبەتی كۆمارییەكانیان، لەوانەش میچ ماكونیل، كیڤین مكارسی، جون بوینەر.
3-كۆمپانیاكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبووە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا،كۆبوونەوەی كردووە لەگەڵ –ببریت ماكروگ- كە لە مانگی ئەیلوولی 2014 تا مانگی تشرینی دووەمی 2015 نوێنەری ئەمریكا بووە بۆ جەنگی داعش.
4-كۆمپانیاكە بەردەوام كۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ نوێنەرو دبلۆماتكارانی ئەمریكی لە عێراق، هەروەها نوسینگەی كاروبارەكانی رۆژئاوای دوور، بەرپرسی بەشی فرۆشتنی سەربازیی لە وەزارەتی دەرەوە.
5-كۆمپانیاكە لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپی لەبارەی عێراقەوە كۆبوونەوەیان كردووە، بەتیبەتی لەگەڵ رۆبێرت ماركوس، یاریدەدەری یاسایی ئۆباما، ئەویش لەگەڵ لیژنەكانی ئاسایش،سەربازیی و كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس كۆبوونەوەی كردووە.
لۆبی عێراق لەسەردەمی ترامپ دا:
كۆتایی ساڵی 2016 ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، لۆبیەكانی عێراق خۆیان بۆ وەرزێكی نوێ ئامادەكرد، كۆمپانیاكە 28 كۆبوونەوەی لەو بوارەدا ئەنجامداوە 10 یان لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و فەرمانبەرانی تایبەتی كۆنگرێس دا بووە، هەموو كربوونەوەكان جەختیان كردووەتەوە لەسەر لیژنەكانی هێزی چەكدرارو كاروباریی دەرەكی.
لە 31/5/2017 دا گرێبەستی نێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیاكە كۆتایی هات، لە لایەكی دیكەشەوە ئەو كۆمپانیایە پەیوەندی بەهێزی هەبوو لەگەڵ سەرنەكەوتنی هیلاری كلینتۆنی بەربژێری دیموكراتەكانی ئەمریكا، بەو هۆیەشەوە كۆمپانیا بودێستا رۆژبەرۆژ پەیوەندییەكانی بەرەو لاوازیی دەڕۆشت.
هەربۆیە حكومەتی عێراق بەداوی ئەوەدا دەگەڕا كۆمپانیایەكی دیكی بدۆزێتەوە بۆئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بكات، لە ڕێگەی فرید مستەفا یاسین باڵیۆزی عێراق لە ئەمریكا توانرا گرێبەست لە گەڵ كۆمپانیای (Brownstein Hyatt Farber Schreck) بكرێت بە بڕی 120 هەزار دۆلاری ئەمریكی ، بەڵام لە 23/2 2016 دەستی بەكاركردو لە رۆژی 6 ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ كۆتایی بە كارەكانی هات.
كۆمپانیاكە لەماوەی كاركردنیدا چەندین كاری كردووە لەوانەش بینین و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس، پاشان كاركردن بۆئەوەی عێراق لە لیستی ئەو حەوت وڵاتەدا دەربهێنێت كە ترامپ لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 27/1/2017  ڕێگری لێكردن سەفەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن، دواتر لە رۆژی 6 ئازاری هەمان ساڵ عێراق لەو لیستە هێنرایە دەرەوە.وەك باسدەكرێت وەزیری دەرەوە ریكس تیلرسۆن كاری زۆریی لەو بارەیەوە كردووە.
عەبادی لە مانگی ئازاری 2017 دا سەردانی ئەمریكای كر و لەگەڵ وەزیری بازرگانی كۆبوویەوە، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس ئەنجامدا، لەگەڵ جۆن مەكین  و سیناتۆری دیموكراتەكان جاك رید یش كۆبوویەوە.
جگە لەم كارانە كۆمپانیاكە چەندین كاری تری بۆ حكومەتەكەی عەبادی ئەنجام داوە، و چەند مانگێكیش پێش لە هەڵبژاردنی كۆتایی عێراق كۆمپانیاكە بڕی 770 هەزار دۆلاری لەبەرامبەر كارەكانیدا وەرگرتووە.

یەكێكی تر لە كارەكانی گۆمپانیاكە بەشداری پێكردنی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریكا 0فرید یاسین- بووە لە نانخواردنێكی دۆستانەدا كە بەرپرسانی گەورەی ئەمریكی لە نموونەیی (جۆن نیگرۆبۆنتی) بەڕێوەبەری گشتی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكاو باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە بەغداد و مۆریس شۆحێت بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی جوولەكانی عێراق ئامادەی بوون.
هەروەها كاریان كردووە بۆسەردانی كردنی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و ناساندنیان بە ئەندامانی كۆنگرێسو لایەنە پەیوەندیدارەكان.

دوای ئەوانەش كۆمپانیاكە بەردەوامە لە پێشكەش كردنی كارەكانی لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی و تا ئیستای سەردەمی مستەفا كازمیش، لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی دا گرێبەست كراوە لەگەڵ كۆمپانیایەك بەناوی (Holy Strategies) بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئەمریكییەكان دروست بكات و تا ئێستاش بەردەوامی هەیەو ساڵانە بڕێ 126 هەزاردۆلار لەبریی ئەنجامدانی كارەكانیان لە حكومەتی عێراق وەردەگرن.