ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:02 - 19/03/2021

لە کەمالییەتەوە بۆ ئەردۆغانییەت؛ بە ئەردۆغانبوونی دەوڵەتی تورکیا‌

پەیسەر

دۆخی گرنگ و جیاواز لە تورکیای نوێدا سەریهەڵداوە، سەردەمێک کە چاودێر و لێکۆڵەرەوان  ناویان لێناوە دیاردەی "ئەردۆغانیەت". ئەم دیاردەیە بریتییە لە بە ئەردۆغانبوونی دەوڵەت، ئابووری، سیاسەت و ئیدارەی تورکیا، بریتییە لە بەرکردنەوەی ئەردۆغان بەسەر هەموو شتێکدا، تەنانەت دەوڵەتیشدا.

پێگەی ئەحواڵی تورکی راپۆرتێکی لەبارەی دیاردەی "ئەردۆغانیەت" بڵاوکردووەتەوە و بە وردی دیاردەکەی شیکردووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە چۆن ئەردۆغانیەت نەک هەر بووە بە دیاردە، بەڵکو بووە بە خودی دەوڵەت، فەرمانڕەوایی و سیاسەتی وڵاتیش.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، پارتی داد و گەشەپێدان لە رێگای حیزب، هەواڵگری، میدیا و هەموو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە، ئەردۆغانیەتی کردووە بە گەل، دەوڵەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسەتی وڵات.

ئەی ئەردۆغانییەت چییە و تایبەتمەندییە دیارەکانی چین؟
ئایا تەنها ئایدۆلۆجییەتییەکە و تەواو، یان وەسف و ناوێکە بۆ سیستمێکی سیاسی پێگەیشتوو؟

گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا، سیستمێکی سیاسی نوێ دەرکەوتووە کە باشترین ناوێک وەسفی بکات "ئەردۆغانییەت"ە.

ئەردۆغانییەت چوار تایبەتمەندی و رەهەندی سەرەکی هەیە کە ئەمانەن؛

زۆرداریی هەڵبژاردن وەک سیستمی هەڵبژاردن
باوکایەتی نوێ وەک سیستمی ئابووری
جەماوەریی وەک ستراتیژییەتی سیاسی
ئیسلامیزم وەک ئایدۆلۆژیای سیاسی.

لە راپۆرتەکەدا ئەو هۆکارانە باس کراون کە وەها دەکەن "ئەردۆغانییەت" بکرێت بە پێوەر بۆ قسەکردن لەسەر سیستمی سیاسی تورکیا.

بۆ ئەوەی لە ئەردۆغانیەت تێبگەین دەچینە سەر هەندێک خاڵ و رووداو.

دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦، خیریدین کرمان کە کەسێکی نزیکی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، گوتابێژێکی ئاینییە و مامۆستای شەریعەشە وتی، "رۆڵە راستەقینەکانی گەلەکەمان ئەوانەن کە سەرۆک ئەردۆغانیان خۆشدەوێت و نادۆڕێن."

ئەمە تاکە لێدوان و قسەی لەو شێوەیە نییە، بەڵکو رۆژانە کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان و ئەوانەی خۆشیاندەوێت بە شان و باڵایدا هەڵدەدەن و جگە لەوەی وەک سەرۆکی وڵاتەکەیان تەماشای دەکەن، وەک رێبەرێکی گەورەی ئیسلامیش لێیدەڕوانن.

ئەم جۆرە لێدوانانە و یەکسانکردنی خۆشەویستی ئەردۆغان بە خۆشەویستی وڵات، وەهایان کردووە کە کەسێتی ئەردۆغان بکرێت بە کەسێتی گەل، دەوڵەت، حکومەت، دامەزراوە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتەکە، ئەمەش لە رێگای ئەو میدیا گەورەیەوە دەکرێت کە لەبەردەستی پارتی فەرمانڕەوادایە.

ئاکپارتی بۆ ئەم مەبەستە نەک هەر میدیاکانی خۆی، بەڵکو میدیا فەرمییەکانی وڵاتیشی بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێناوە و خستویەتییەوە خزمەت ئەم پڕۆژە درێژخایەن و ئاڵۆزەوە.

ئەحمەد کۆرو کە ئەکادیمییەکی تورکیایە دەڵێت، ئەردۆغانیەت بریتییە لە "فەرمانڕوایەتی یەک کەس" بۆ ئەردۆغان کە لێوانلێوە لە وتاری جەماوەریی.

ئیحسان یڵمازیش باس لە گواستنەوەی تورکیا دەکات لە کەمالییەتەوە (کەمال ئەتاتورک) بۆ ئەردۆغانییەت و بە وردی باس لە چۆنیەتی هەوڵی ئەم دوو ئایدۆلۆژییەتە دەدات تاکو ببن بە ئایدۆلۆژییەتییەکی گەورە و بەرفراوان.

رێگای سەرەکی بۆ ئەم هەوڵە ئەوەیە کە لە رێگای میدیا و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە خەڵک بۆ ئەم ئایدۆلۆژیەیتە گوێڕایەڵ بکەیت.

مستەفا ئاکیۆڵ دەڵیت، ئەردۆغانییەت بریتییە لە "فەلسەفەی فەرمانڕەوایەتی ئەردۆغان" تاکو بکرێت بە "ئایدۆلۆژیای فەرمی" و نوێ، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ئەم ئایدۆلۆژیا نوێیە جێگای ئایدۆلۆژیای کەمالییەت بگرێتەوە.

یاهس ئاکتاشیش بەم جۆرە باس لە ئەردۆغانییەت دەکات، "ئیسلامییەتی سیاسی، زۆرداری و نەتەوەپەرستی تورکیا لە ئێستادا بەشێکن لە ئەردۆغانییەت و ناتوانرێت جیابکرێنەوە."

ئەردۆغانییەت "شێوەیەکە لە شێوەکانی فەرمانڕەوایەتی و ئایدۆلۆژی"، تەوەری سەرەکیش بریتییە لە پەرستنی کەسێتی ئەردۆغان"، ئەمە بۆچوونی کەسایەتی ئەکادیمی تانیل بورایە.

گریمانەیەکی دیکەش ئەوەیە کە لە تورکیا دیاردەی ئەردۆغانییەت دیاردەیەکی نوێی سیاسەتی تورکییە.

ئەوەی روونە، ئەردۆغانییەت تەنها ئایدۆلۆژیا نییە و تەواو، بەڵکو جۆرێکە لە سیستمی سیاسی و لە ئایدۆلۆژیادا کورتناکرێتەوە، رەهەندی سیاسی و ئابووری دەگرێتەوە و کراوە بە سیستمێکی پێگەیشتووی تورکیا.

گەشەکردنی دیاردەی ئەردۆغانییەت هاوکاتە لەگەڵ پاشەکشەی دیموکراسییەت و ئازادی بیروڕا لە تورکیا.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و رەخنەگرانی تورکیا لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا رەخنە لە ئەنجامەکان دەگرن و بە ساختە ناوی دەبەن، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە "زۆرداری هەڵبژاردن و سەپاندنی ئەنجام" بکرێت بە بەشێک لە ئەردۆغانییەت.

لە ئەنجامی پڕۆسەی گوێڕایەڵکردنی هاوڵاتیان و لایەنگرانییەوە، ئەردۆغانییەت کراوە بە ئایدۆلۆژیای وڵات و گەلیش.

ئیسلامیش کراوە بە ئامرازێک و لە رێگایەوە رەوایەتی بە فەرمانڕەوایەتییەکەی ئەردۆغان دەدرێت، هەر لەم رێگایەوە داوا لە خەڵک دەکرێت وەک ئەرێکی سەرشانیان گوێڕایەڵی سیستم و فەرمانڕەوایەتییەکەی سەرۆکی وڵات بکەن.

گۆڕانەکە لە تورکیا بچوک، سادە و ئاسان نییە، بەڵکو کارێکی زۆر و گەورەی بۆ کراوە، چونکە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە گواستنەوەی تورکیا لە کەمالییەتەوە بۆ ئەردۆغانییەت، کەمالییەتێک کە نزیکەی سەدەیەک کاری بۆ کرا و کرا بە ئایدۆلۆژیا.

وەک چۆن پێشتر ئەتاتورک و حزبەکەی (پارتی گەلی کۆماری) کرابوون بە نوێنەری گەل و وەک خودی وڵات سەیر دەکران، ئێستاش هەوڵ دەدرێت ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان بکرێن بە تاکە نوێنەری گەلانی تورکیا و هەموان گوێڕایەڵی بن.

ئەوەی گۆڕانکاری گەورەیە گۆڕینی عەلمانییەتە بە ئیسلامییەت، ئەگەر نا زۆربەی ئەو هەنگاوانەی بۆ دەسەڵاتی رەهای ئەتاتورک نران، حزبەکەی ئەردۆغانیش دووبارەی دەکەنەوە.

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە ئەردۆغان لە رێگای گۆڕینی دەستورەوە رەوایەتی بە دەسەڵاتی فراوانی خۆی بدات و بیسەپێنێت، وەک چۆن سیستمی وڵاتەکەی لە پەرلەمانییەوە کرد بە سەرۆکایەتی.