12:12 - 13/02/2021
جۆبایدن لەبەردەم كێشە هەڵپەسێراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئەمەریكیەكان وەك هەڵسەنگاندنێكی سەرەتایی بۆ هەر سەرۆكێك كە دەچێتە كۆشكی سپی سەد رۆژی یەكەمی دەست بەكاربوونی وەك نیشاندەری
سەركەوتن و سەرنەكەوتنی دادەنێن، لەو ماوەیەدا بەراوردی بەڵێن و پەیمان و
پلانەكانی دەكەن بە لایەنی پراكتیزەكردنی و بزانن چیی پێدەكرێت، بەڵام ئەمجارەیان هەر
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی بایدنەوە جۆرێكی دیی دەكەوێتە پێش چاو، ئەو هەر لە
هەفتەی یەكەمەوە چەندین فەرمانی لە كۆشكی سپییەوە دەركردووە، وەك شارەزایان باسی
دەكەن پێویست ناكات تا 100 رۆژ بوەستین و تەنها سێ هەفتەی یەكەمی جۆبایدن بەسە بۆ
ئەوەی بڕیاری سەركەوتن و سەرنەكەوتنی سەرەتایی لەبارەوە بدرێت، بەتایبەتی لە
پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ئەو هەرچەندە لەچەند رۆژی یەكەمدا
لەو بارەیەوە بێدەنگی هەڵبژارد بەلڵام رۆژانی دوایی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون كە پلان و بەرنامەی تایبەتی بۆ ئەم ناوچەیە
هەیە.
بۆ ئەوەی زیاتر لەو بارودۆخە تێبگەین دەبێت هەندێك لە
دروشمەكانی هەڵبژاردنەكان وەبیر بهێنینەوە، كە بایدن ململانێی ڕكابەرەكەی –ترەمپ-ی
پێدەكرێت و لە كۆتایشدا لێی بردەوە.
لەماوەی ساڵی ڕابوردوودا بایدن لە هەموو ڕوویەكەوە بە
سیاسییەكی رادیكاڵ وێنادەكرا، ئەو نەك هەر لەبەرامبەر ئەردۆگانی سەرۆكی توركیادا
توندیی پەیڕەو دەكرد، بەڵكو نەیارەكانیشی بەهێزدەكردو پشتیوانی ئاشكرای لێدەكردن،
لە عەرەبستانی سعودیەش لەو رۆژەوەی كە مەلیك عەبدولعەزیز و رۆزفیلت 1945
ڕیككەوتنیان ئەجامداوە، دوای 76 ساڵ، ئەوە یەكەمجاربوو كە بەربژێری كۆماریەكان بە
بێزراو ناوبهێنرێت، هەرچی ئێرانیشە پەیمانی ئەوەی پێداون كە سزای ئابووریی سەریان
و فشاری بوارەكانی مافی مرۆڤ و گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتننامەی ئەتۆمییان لەسەر سووك
بكات.
لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیەدا و بە وردبوونەوە لەو سێ دۆسیەدا
گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووەو سیاسەتی ئەمەریكی لەبارەیانەوە درەكەوتووە.
هەردوك سەرۆك ئەردۆگان و مەلیك سەلمان بابەتی سەرۆكایەتی
ئەمەریكایان بە جدی وەرگرتووەو بەردەوام دەیانەوێت لەگەڵ سیاسەتی سەرۆكەكانی
ئەمەریكادا خۆیان بگونجێنن، توركیالە دەرگای پشتەوەی ئەمەریكای داوەو شەپۆلەكانی پەیوەندی
بۆ ئیسرائیل هەڵداوەو ئیسرائیلیش ڕاستەوخۆ شەپۆلەكەی وەرگرتووە، توركیا لە یەكەم
هەنگاویدا بزووتنەوەی حەماسی فەرامۆش كرد و تەنانەت لەنێو فرۆكەخانەی
ئەستەنبولیشدا چەند ئەندامێكی دەستگیركردن، رۆژی حەوتی ئەم مانگەش دوای دەساڵ
دابڕان یەكەم فرۆكەی ئیسرائیلی لە فڕۆكەخانەی ئەستنەبوڵ نیشەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابوردوشدا ئەردۆگان دووجار لەسەر یەك جەختی
لەسەر چاكسازییە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی كردووەتەوە، ئیتر ڕوونی نەكردووەتەوە كە
خۆی ماوەی دوو دەیەیە لە لوتكەی دەسەڵاتی وڵاتەكەدایە كێ دەستی گرتووەو كێ
نەیهێشتووە چاكسازیی بكرێت و ئەو نیگەرانییانەی كە ئێستا هەیەتی لانی كەم زۆرینەی
هی ئەو ماوەیەیە كە خۆی لە ترۆپكی دەسەڵاتی توركیادا بووە. لە لایەكی تریشەوە
تەنها دەوڵەتی توركیا لە خەمی بەهێزكردن و پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانیدا نیە
لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا و لە لایەكی تریشەوە ئۆپۆزسیۆنیش هەمان خولیاو
پلانیان هەیە و خۆپیشاندارانی -زانكۆی بۆغازچی-یش باسیان لە پشتیوانی ئیدارەكەی
بایدن كردووە كە دەبێت چالاكی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامی هەبێت و نابێت دەنگیان خامۆش
بكرێت و ئەوانیش بەشێك لە مەعنەویاتی خۆیان بەو ئیدارە نوێیەدا هەڵواسیوە.
لە عەرەبستانی سعودیەش هەرچەندە كلكلی پەیوەندییە
ناوخۆییەكان و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لە گیرفانی
محەمەد بن سەلمان دایە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی تری عەرەبی و
ئیسلامیش چاوەڕوانی وەرگرتنی (OK)ی وەرگرتنی
ئەو وڵاتەن. بە پێی وتەی شرۆڤەكاران عەرەبستانی سعودییە كار بۆئەوە دەكات كە
پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكادا پتەو بكاتەوە، لەو ماوەیەدا ڕیژەو
ژمارەی لە سێدارەدان لەو وڵاتە كەمی كردووە ( بەنموونە: لەم چەند رۆژەشدا فەرمانی
لە سێدارەدانی چالاكێكی شیعە مەزهەبی ئەو وڵاتە گۆڕدرا بۆ زیندانی كردنی بۆماوەی
10 ساڵ)، دۆسیەكانی مافەكانی ژنان بەرەو پێشەوە چووە، لە نێو سیستەمی پەروەردەشدا
هەموو ئەو بابەتانەی كە هێرشی تێدا بووە بۆسەر ئیسرائیل و ئاینەكانی دیكە و ئەو
بابەتانەش هێرشی تێدا بووە بۆ سەر هاوڕەگەزبازیی لە پرۆگرامی خوێندن دەرهێنراون، لە
هەمان كاتیشدا كە جیهان لە خەمی پەیداكردنی پێكوتەی دژبە (كۆڤید19)دایە، سعودیە
بەڵێنی داوە كە هاوكاری وڵاتە هەژارەكانی ناوچەكە بكات، بۆ ئەوەی پێكوتەكەیان
پێبگات و چاودێرانیش پێیان وایە ئەم كارانە هەنگاوە سەرنج ڕاكێشەكانی ئەو وڵاتەیە بۆئەوەی پەیوەندییەكانی
لەگەڵ ئیدارەی بایدن ڕێكبخاتەوە.
لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە
فەرەنسا بەردەوامە لەسەر دژایەتی كردنی ئیسلامی سیاسی و توندڕەو، بۆ ئەو مەبەستەش
ڕیاز پشتیوانی تەواوی كردووە لە پاریس ئەوە لە كاتێكدا كە چاوەڕێی بڕیاری
پێچەوانەی لێدەكرا، ئەوەی لەم دۆسیەیەدا دەمێنێتەوە هەبوونی جەنگی چەند ساڵەی
وڵاتی یەمەنە، بە پێی وتەی شرۆڤەكاران لە ئێیستادا عەرەبستانی سعودییە لە بیری
ئەوەدایە كە لەو جەنگە بێتە دەرەوە، لەم بوارەشدا دروشمی بایدن كۆتایی هێنانە بە
جەنگی یەمەن.
یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی ئیدارەی بایدن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا گەڕانەویە
بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران ئەوەش بەم شێوەیەی خوارەوە:
بایدن لە رۆرژهەڵاتی ناوەڕاستدا
بەدوای دەستكەوتێكی گەورەوەیە، ئەو پێی وایە ئەو دەستكەوتەش لەڕێگەی ئەو سێ وڵاتە
(توركیا، سعودیەو ئێران)ەوە دەستی دەكەوێت، ئەو دەبێت بە جۆرێك فشار بخاتە سەر
دۆستە نزیكەكانی كە ناچار نەبن بەرەو بەرەی نەیارەكانی و بەتایبەتی –چین – با بدەنەوەو
بەو ئەندازەیەش لە ئەمەریكا دووربكەنەوە، لە لایەكی تریشەوە ڕێككەوتن لەگەڵ
دوژمنێكی دێرینەشی بكات كە تارانەو لە هەمان كاتیشدا نابێت ئەو هەڵانە دووبارە
بكاتەوە كە كاتی خۆی –ئۆباما- كردوویەتی و ئەمیش جێگری بووەو لە ئێستادا دەزانێت
كە هەڵەیان كردووە، ئەم سێ دۆسیەیە بۆئیدارەكەی بایدن شایانی هەڵوێستە لەسەركردنە.
ئەو كارانەی كە كۆماری ئیسلامی
ئێران لە چەند مانگی ڕابوردوودا گرتوویەتیە بەر بۆ ئەوە بووە كە سەرنجی ئیدارەكەی
بایدن بۆ خۆی ڕابكێشێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕیككەوتنی ئەتۆمی لە گەلیدا، بەڵام
شرۆڤەراكان پێیان وایە دەرەئەنجامەكەی بە پێچەوانە شكاوەتەوە لەوانەش، پەرەسەندنی كارە تیرۆرستیەكان لە هیندستان و
بەحرەین و ئەفەریقاو تیایدا ئیران بە ئەنجامدەریان تاوانباركراوە، ڕاخستنی فەرشی
سوور بۆ بەرپرپرسانی تاڵیبان، بە بارمتەگرتنی كەشتییەكی كۆریایی، هێرشی كوێرانە بۆ
سەر هێزە عێراقیەكان، ڕەوانەكردنی چەك بۆ حوسیەكان، هەموو ئەوانەش بە ئەندازەی
هەڕەشەكردن لە تیمی پشكنەرانی نێو دەوڵەتی خراپ لە سەریان نەشكایەوە كە ڕێگرییان
لێكردوون كارەكانیان ئەنجام بدەن.
لەكاتێكدا كە تەنها 20 رۆژی مابوو
بایدن بچێتە كۆشكی سپی و لە پەیامەكانیدا باسی ئەوەی دەكرد كە ڕێككەوتن نامەی ئەتۆمی
لەگەڵ ئێران نوێ دەكاتەوە كەچی دە رۆژێك دوای سەری ساڵی زاینی تیمی پشكنەرانی نێو
دەوڵەتی لە ئێران دەركردن و ڕێگری كرا لە كارەكانیان، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی
ئەوروپیەكان، بەڵام دوای ماوەیەكی زۆرلە چاوەڕوانی ئێرانیەكان و ئەنجامدانی چەند
كارێك، دەرئەنجامەكەی پێچەوانە دەرچوو. بە جۆرێك كە لە وتارە فەرمیەكەیدا بایدن
هیچ ئاماژەیەكی بە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوننامەی ئەتۆمی نەكرد و چەند رۆژێكیش دوای
ئەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆگەڕانەوە چەند مەرجێكی قورسی بۆ دانان، كە
یەكێكیان بریتی بوو لە پابەندی تەواوی ئێران بوو بەو ڕێككەوتنەوە.
لێرەدا بەرپرسانی تاران ئاوازی
دەنگی خۆیان گۆڕی و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە
لێدوانی داو گوتی كاتێك ئێران هەموو چالاكیەكانی ڕادەگرێت كە ئەمەریكا هەموو
سزاكانی سەر ئێران لاببات و هەڵیان بوەشێنێتەوە.
وەك ئەوەی شاەزایان باسی دەكەن
وەك ئەوەی لە كەسایەتی زەریف دا بۆیان دەركەوتووە كە بە بێ پرس و ڕاوێژی ڕابەری
وڵاتی عەلی خامنەئی هیچ كارێك ناكات، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە هەرشتێك بەدڵی نەبێت
لەبارەیەوە قسە دەكات، یان ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لێدەگرێت، بەڵام دوای تێپەربوونی
ماوەیەكی زۆریش بەسەر ئەو قسانەی زەریف دا بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی لێنەكەوتەوە،
ئەو تەنها ئەوەندەی لەبارەی ئەو قسەیەوە گوت كە دەبێت لە پێشدا ئەمەریكا هەموو
سزاكانی سەر ئێران لاببات پاشان ئێران دەست لەكارە ئەتۆمیەكانی هەڵدەگرێت.
بەڵام ئەوەی كە هەیە، بایدن
بژاردەی دەستكەوتی گەورەی لەدەست داوە و
هیچ جێگرەوەیەكیشی بۆ ئەو بابەتە بەدەستەوەو نییە، لە یەمەن جەنگ بەردەوامی هەیە
عەرەبستانی سعودیەش مافی مرۆڤ پێشێل دەكات و تارانیش فشارەكانی زیاتر كردووە.
شرۆڤەكاران باشس لەوە دەكەن
كۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن واتە سوتاندنی كارتێكی گرنگ لەدەستی ئێراندا، هەرجۆرە
بەرەو پێشەوە چوونێك لە بواری مافەكانی مرۆڤدا لە هەردوو وڵاتی سعویەو ئێران
دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئەمەریكایان دووربخاتەوە، تەنانەت لە ئێستادا كێشەی كافەكانی
مرۆڤ لە ئێران بۆ بایدن لە كێشەی ئەتۆم گەورە ترە و بگرە كێشەی پیتاندنی یۆرانێۆمی
كردووەتە كێشەیەكی لاوەكی.
مەترسی سەرەكی بۆ تاران ئەوەیە كە
هەرچەندە بایدن لە تاران دوور بكەوێتەوە ئەوەندە بوار بۆ ئیسرائیل دەكرێتەوە كە
پەرە بە دۆسیەی ئەتۆمی بدات، ئەوەی شایانی باسە لە ماوەی ئەو 20 رۆژەدا ساردی
كەوتە نێوان ئیدارەكەی بایدن و
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، هەر بۆیە خواستی ئیسرائیلیەكان ئەوەیە كە بایدن ڕیگەیان
پێبدات خۆسەرانە لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ڕەفتار بكەن، بەڵام وەك شرۆڤەكاران
باسی دەكەن سەرەڕای ساردی و سڕیی پەیوەندییەكانی نێوان ئیدارەكەی بایدن لەگەڵ
ئیسرائیل، بەڵام دواجار بایدن دەچێتەپشتی ئیسرائیل و لە دژی ئێرانیەكان
دەوەستێتەوە.