10:32 - 12/02/2021
کێ کێکەکەی عێراق دەخوات؟ میسرییەکان چۆن بەسەر ئێرانییەکاندا سەرکەوتن؟
ماوەی ١٠ ساڵە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی، بوون بە
گەرمترین ناوچەی جیهان. چەند دەسەڵاتێک رووخان و لەناوچوون. عێراق بەهارەکەشی
نەدیبێت، کەوتە ناو دۆخی جەنگەوە، عێراقی داڕوخای دوای داعش ئامادەی هەستانەوەیە. ئێستا
پرسیارەکە ئەوەیە؛ کێ کێکی دوای داعش دەخوات؟ میسرییەکان یان ئێرانییەکان؟
پێش یەک دەیە لە ئێستا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە و ناوی
لێنرا بەهاری عەرەبی، بەهارێک کە بوو بە پایزی دەسەڵاتدارەکان و گەڵای تەمەنی ئەو
سەرۆکانەی وەراند کە هەرگیز بیریان لە کۆتایی خۆیان و رژێمەکانیان نەکردبووەوە.
لە بەهاری عەرەبیدا هەر چوار رژێمە ئاسنییەکە رووخان کە بریتی بوون لە
تونس، میسر، لیبیا و یەمەن. بەهارەکە تەختی رژێمەکەی شامیشی لەرزاند، بەڵام
نەیڕوخاند.
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەهاری عەرەبی بەهارێک بێت بۆ گەلانی ناوچەکە،
بەڵام ساڵانی دواتر سەلماندیان کەلتوری ئاڵۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و پڕۆسەی
دیموکراسی نەچەسپی، شەڕ و پێکدادان بوو بە سیمای ئەو وڵاتانە. لە یەمەن، سوریا و
لیبیا شەڕی ناوخۆ سەریهەڵدا و بۆ سەر چەند دەسەڵاتێک دابەشبوون.
لە عێراق دۆخەکە زۆر ترسناکتر کەوتەوە، چەکدارانی رێکخراوی داعش دەستیان
بەسەر شاری موسڵدا گرت و دەوڵەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق
و شام راگەیەندرا. دواتریش رێکخراوەکە توانی دەست بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی
عێراقدا بگرێت و تاکو دەروازەی بەغدا و هەولێریش بێت.
بەپێی زانیارییە خەمڵێنراوەکان، بڕی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی چوار وڵاتی
عەرەبی دەگاتە ٧٠٠ ملیار دۆلار. چوار دەوڵەتیش بۆ خواردنی کێکی دوای جەنگی ئەم
وڵاتانە لە کێبڕکێدان کە بریتین لە هەریەک لە میسر، ئێران، تورکیا و سعودیە.
عێراق؛ وێرانەی دوای داعش
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، رێکخراوی داعش دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت
و بە رابەرایەتی ئەبو بەکر بەغدادی دەوڵەتەکەی راگەیاند. دوای چەند ساڵێک و لە
٢٠١٧، دەوڵەتەکەی داعش لەلایەن هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی بە بەشداری ٦٠ وڵات و بە
سەرکردایەتی ئەمریکا روخا، بەڵام داعش کۆتایی نەهات و تاکو ئێستاش هەوڵی
خۆڕێکخستنەوە دەدات.
داعش لە دوای خۆی وڵاتێکی روخاو، خاکێکی سوتاو و ماڵێکی وێرانکراوی بۆ
عێراقییەکان بەجێهێشت. عێراقییەکان دەبێت دەیان ساڵی دیکە کار بکەن تاکو
وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە پێش هاتنی داعش، ئەمەش لە کاتێکدایە، داعش هێشتا لە
بەردەرگایە و دەیەوێت بە رۆژانی بەهێزی خۆی بگاتەوە.
٨٨،٢ ملیار دۆلار
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وڵاتەکە پێویستی
بە ٨٨،٢ ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکان کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران
بوون، ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتە بەخشەرەکان گەرەنتی پێدانی ٣٠ ملیار دۆلاریان کردووە.
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، تەنها بۆ ئاوەدانکردنەوەی حەوت پارێزگای
زیانلێکەتوو پێویستیان بە ٤٦ ملیار دۆلارە، ئەو پارێزگایانەش بریتین لە نەینەوا،
ئەنبار، سەڵاحەدین، کەرکوک، دیالە، بابل و بەغداد.
عێراق چەند جارێک باسی لەوە کردووە، بە تەنها ناتوانێت تێچووی
ئاوەدانکردنەوەکان لەئەستۆبگرێت، بەتایبەت کەعیراق لە ئێستادا بەدەست قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت و
کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵیشی لە ٤٣ ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە. لە هەمووشی خراپتر
عێراق کەوتووەتە ژێر باری قەرزێکی ١٠٠ ملیار دۆلارییەوە.
کێکەکەی عێراق لەنێوان ئێران و میسر؟
دوای روخاندنی دەوڵەتەکەی داعش، هەریەک لە ئێران و میسر دەستیان بە
هەوڵەکانیان کرد، تاکو بتوانن زۆرترین سود لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق ببینن و دەست
بەسەر پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەدا بگرن.
ئێران کە لە دوای ٢٠٠٣وە دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی جومگە سەرەکییەکانی
عێراقدا گرتووە، هۆشداری بە دەوڵەتانی دیکە دا کە بە نیازن لە عێراقدا کاری
ئاوەدانکردنەوە بکەن و تەنانەت هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی لێکردن.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەم بارەیەوە وتی، ئەو کۆمپانیا
ئەوروپی و ئەمریکییانەی دەیانەوێت بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا، دەبێت
بزانن کە ئەو پارەیەی بۆ پاراستنی کارمەند و تیمەکانیان خەرجی دەکەن، لەو بڕە
زیاترە کە دەیانەوێت لە پڕۆژەکاندا خەرجی بکەن. ئەمەش هەڕەشەی ئێران بوو بۆ سەر
سەلامەتی کارمەندانی کۆمپانیا بیانییەکان و کاریگەری گەورەشی هەبوو بۆ کشانەوەی
ئەم کۆمپانیایانە لە عێراق.
میسرییەکان چیان کرد؟
میسر بە ئاگاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ هەژموونی ئێران لە عێراقدا کرد و
نەیویست شەڕێکی نادیار لەگەڵ تاران بکات، بۆیە لە بەغدادەوە و بە فەرمووی
عێراقییەکان رووی لە وڵاتی دوو رووبارەکە کرد.
کازمی لە سەرەتای کابینەکەیەوە تاکو ئێستا سیاسەتی رووکردنە عەرەب و
دوورکەوتنەوە لە ئێران پەیڕەو دەکات، بەم جۆرەش دەیەوێت هەژموونی تاران بەسەر
بەغدادەوە کەمبکاتەوە، ئەمەش هەلیکی گەورە بوو بۆ میسرییەکان تاکو لەسەر خواستی
عێراقییەکان روو لە بەغداد بکەن.
میسر دەیزانی عێراق پارەی نییە، بۆیە لە دەرگای نەوتەوە خۆی کرد بە
بەغداددا. میسرییەکان لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا داوای نەوتیان لە
عێراقییەکان کرد، بەغدادیش کە جگە لە نەوت هیچی دیکەی نییە، بە پێشنیارە
ئاڵتونییەکەی قاهیرە قایل بوو.
سەرکەوتنی قاهیرە بەسەر تاراندا
عێراق رۆژانە ٣،٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش دەکاتە ٩٣٪ی
داهات بۆ بودجەکەی. بەپێی ١٥ رێککەوتنی واژۆکراوی نێوان میسر و عێراق، ساڵانە میسر
١٢ بەرمیل ملیۆنی لە نەوتی سوکی بەسرە بە سێ دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی
وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی کەلوپەل و بەرهەمە میسرییەکان کە بۆ عێراق دەنێردرێن،
لە باج و رسومە گومرگییەکان دەبەخشرێن.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقییەوە بە ماڵپەڕی عەرەبی پۆستی راگەیاندووە،
کۆمپانیا میسرییەکان بەبێ رکابەر مافی ئاوەدانکردنەوەی شارە عێراقییەکانیان بەدەستهێناوە.
میسر هەریەک لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و سامەرا ئاوەدان
دەکاتەوە.
بەپێی لێدوانێکی فاخر سنافی سەرۆکی یەکێتی بەڵیندەرانی عێراق، کۆمپانیا
میسرییەکان توانیویانە مافی ئاوەدانکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان،
کارگەکانی عەلەف و پەین، رێگا ئاسنەکان و وێستگەکانی کارەبای خۆریی بەدەستبهێنن.
ئەم سەرکەوتنانەی میسر سەرکەوتنە بەسەر ئێراندا کە دروسێ و زاڵی گۆڕەپانی
عێراقە. قاهیرە تەنها لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا لە تارانی نەبردووەتەوە، بەڵکو
لە هەناردەکردنی کەلوپەل و مادەی ئاوەدانکردنەوەشدا سەرکەتوو بووە.
بەپێی رێککەوتنەکانی نێوانیان، میسر ساڵانە بە بەهای ملیاریک دۆلار کەلوپەل
و مادەی ئاوەدانکردنەوە رەوانەی عێراق دەکات. ئەمەش مانای شکستی ئێرانە بەرامبەر
میسر، چونکە عێراق بازاڕی ساغکردنەوەی شمەکە ئێرانییەکانە، بەتایبەت لە بواری
ئاوەدانکردنەوەدا. بەپێی زانیارییەکانیش، حەوت کۆمپانیای میسری لە پێشەوەی ئەو
کۆمپانیایانەدان کە عێراق ئاوەدان دەکەنەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر
سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی مستەفا کازمی کۆبووەوە. لە چوارجێوەی
سەردانەکەیدا مەدبولی ١٥ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ مستەفا کازمی واژۆ کرد،
رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و پشکی میسر بوو لەم
ئاوەدانکردنەوەیەدا.
کەلوپەلی بیناسازی میسری
یەکێتی ژووری بازرگانی میسر یەکەیەکی تایبەتی بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی
عێراق کردووەتەوە، ئەمە جگە لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، بەندەرەکان، رێگای
ئاسن، نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار.
میسر رایگەیاندووە، لەگەڵ عێراقدا چەند رێککەوتنێکیان ئەنجامداوە بۆ
هەناردەکردنی بڕێکی زۆری کەلوپەلی بیناسازی، ئەحمەد زینی سەرۆکی هۆبەی کەلوپەلی
بیناسازی لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی میسر رایگەیاندووە، میسر گرەو لەسەر
بازاڕی عێراق دەکات، بەتایبەت لە بواری هەناردەکردنی کەلوپەلی بیناسازیدا، ئەمەش
بە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا کە پلان هەیە بڕی هەناردەکردنی کەلویپەلی
بیناسازی لە ئەمساڵدا بۆ حەوت ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
٢٠ کۆمپانیای میسری بەرەو کەرتی نیشتەجێکردن
فاخر سەنافی سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی عێراقیی دەڵێت، لە هەفتەکانی
پێشوودا میسرییەکان چەند رێککەوتنێکیان لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە. نزیکەی ٢٠
کۆمپانیای میسری بەشدار دەبن لە دروستکردنی چەند کۆمەڵگایەکی نیشتەجێکردن لە ١٥
پارێزگای عێراقدا، بەتایبەت ئەنبار و موسڵ.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیا میسرییەکان بەشدار دەبن لە دروستکرنی
چێشتخانە، هۆتێل و کۆمەڵگای گەشتوگوزاری. تەنها لە ١٥ پارێزگاشدا پلانی میسرییەکان
ئەوەیە ١٢٠ کۆمەڵگای نیشتەجێبوون دروست بکەن..
سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی عێراقییەوە باسی لەوە کردووە، کۆمپانیا میسرییەکان
بەبێ رکابەر، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و ددروستکردنەوەی تەواوی شارەکان لە ئەستۆ
دەگرن.
ئێران کەوتووەتە خۆی
سەرچاوەکان لە حکومەتی عێراقییەوە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران کە چەند ساڵێکە
دەیەوێت خۆی بازاڕی عێراق و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان لە ئەستۆ بگرێت، ئێستا
کەوتووەتە خۆی، بەتایبەت دوای هاتنی کۆمپانیا میسرییەکان و بردنەوەی گریبەستەکانی
ئاوەدانکردنەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا و بەپەلە، شاندێکی ژووری بازرگانی ئێرانی سەردانی
بەغدادیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا گفتوگۆیان کردووە، بەڵام گفتوگۆکان بە
دڵی ئێرانییەکان نەبووە.
عێراق بازاڕە گەورە و تاقانەکەی ئێران بوو، کەلوپەل و خواردنی ئێران بازاڕی
عێراقی تەنیبوو، بەڵام دوای کرانەوەی عێراق بە رووی کەنداودا دۆخەکە گۆڕا،
سعودییەکانیس هاتنە عێراق و لە ئێستاشدا میسرییەکان، بەڵام میسر لە هەموو لایەک
زیاتر کێشەیە بۆ ئێران، چونکە براوەی دەیان گرێبەستە لەگەڵ عێراق بۆ
ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ناردنی کەلوپەلی بیناسازی.
رکابەری ئێران و تورکیا
میسرییەکان لەم جوڵە ئابورییەدا دەیانەوێت رکابەری ئێرانییەکان و تورکەکان
بکەن، ئەمەش کارێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت کە ئەنقەرە و تاران مێژوویەکی درێژیان
لە بازاڕ و سیاسەتی عێراقدا هەیە، بەڵام دۆخەکە بە تەواوی لە بەرژەوەندی
قاهیرەدایە.
ئەوەی هاوکاری میسرییەکانی کردووە بۆ سەرکەوتن لەم رکابەرییەدا، حکومەتی
عێراقە، چونکە کابینەکەی کازمی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ئاماژەی بەوە کردووە
ئامادەی کرانەوەیە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و عەرەبیدا.
تورکیا کە ئاماژە بەوە کردووە دەیەوێت قەبارەی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەرز
بکاتەوە، کەوتوەتە خۆی و دەیەوێت سەرنجی عێراقییەکان بۆ خۆی رابکێشێت.
بانگهێشتکردنی مستەفا کازمی بۆ تورکیا هەوڵی ئەنقەرەیە بۆ ئەوەی لە کێکەکەی دوای
داعش بەشی هەبێت.
میسرییەکان بە سەربازییش لە ئێران دەبەنەوە؟
میسرییەکان تەنها لە بواری ئاوەدانکردنەوە و ئابووریدا لە ئێرانییەکانیان
نەبردووەتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەن لە بواری سەربازیشدا روو لە عێراق بکەن و پێگەی
خۆیان بەهێز بکەن.
محەمەد ئەحمەد مورسی وەزیری دەوڵەتی میسر بۆ بەرهەمهێنانی جەنگیی لە مانگی
کانونی یەکەمی ٢٠١٠ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مونهەل عەزیز وەزیری پیشەسازی و
کانزاکانی عێراق وتی، وڵاتەکەی ئامادەیە گەشە بە پەیوەندییەکانی لە بواری پیشازی و
بونیادنانی هیڵی بەرهەمهێنان لە عێراق بدات.
جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراقیش لە چەند هەفتەی رابردوودا سەردانی میسری
کرد و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆبووەوە. سیسی جەختی کردەوە، وڵاتەکەی
ئامادەی هاریکارییە لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا، بە بواری سەربازیشەوە.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی بەرگری عێراقەوە وتویەتی، میسر لە کۆبوونەوەکاندا
ئامادەی دەربڕیوە بۆ هاریکاری عێراق لە بواری سەربازیدا.
چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا عێراق بەمەبەستی راهێنان چەند گروپێک
لە ئەفسەرەکانی رەوانەی میسر بکات.