03:04 - 02/02/2021
فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران لە ئاسمانی سعودییەدا، ئاماژەو دەرئەنجامەكان
كێشەی نێوان عەرەبستانی
سعودییەو كۆماری ئیسلانی ئێران چەندین ڕەهەندی ئاینی و سیاسی و ئابووری و تەنانەت
كۆمەڵایەتیشی هەیە، لەرۆژێكەوە 1979 كە ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران (هاوپەیمانی
یەكتری و دۆستی ئەمەریكاش بوون)گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە تا ئێستا
پەیوەندییەكانیان لە ئاڵۆزیدایە، هەركامیان نزیكی لایەك ببێتەوە ئەوی تریان بەو
ئەندازەیە دوور دەكەوێتەوە، لەنێوان هەردوو وڵاتیشدا شەری بەوەكالەت بەردەوامی
هەیە و بۆ پاكتاوكردنی نەیارەكانیشیان هەریەكەیان پاساوی خۆیان هەیە، لە ئێران بۆ
پاكتاوو ڕێگری كردن لە سونەكان تۆمەتی (وەهابیەت) بەسە بۆ ئەوەی كەسەكە بباتە
بەردەمی پەت سێدارەو لە سعودیەش شیعەبوون (كەمینەیەكی زۆر كەمی تێدایە) بەسە بۆ
ئەوەی هەموو كارێكی نەشیاوت بەرامبەر بكرێت و تەنانەت وەك هاوڵاتی ئاسایی
مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت و سەركردە ئاینیەكان و كەسایەتییە دیارەكانیشیان دەبرێنە
بەردەمی دادگاو تەنانەت پەتی سێدارەش.
لەم چەند رۆژەی پێشوودا
چەند فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان چوونەتە سەر ئاسمانی عەرەبستانی سعودیەو بەسەر ئەو
شوێنانەدا سوڕاونەتەوە كە هەستیاریی زۆریان هەیەو پێدەچێت میلشیاكانی سەر بە ئێران
لایەنی لاوازیی و كەلەبەری چوونە ناو ئاسمانی ئەو وڵاتەیان دۆزیبێتەوەو تەنانەت فێڵیان
لە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا(CIA) یش كردبێت بۆ ئەوەی لە
ڕێگەی ئامێرەكانی دۆزینەوەوە ئاشكرا نەكرێن، ڕاپۆرتەكانباس لەوە دەكەن ڕێنمایی
كردنی فڕۆكەكان لە لایەن میلشیا شیعەكانی عێراق و یەمەنەوە ئەنجام دراون.
هەرچەندە تا ئێستاش تەواوی
ڕووداوەكە دەرنەكەوتووە، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی كارەكە ئاسایی نیەو
بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامانی هەردوو دەزگای سیخوڕیی و هەواڵگریی (ئەمەریكاو
سعودیە)ش، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بە دەنگ هاتنی خێرای ئەو میدیایانە بوو كە
لە ئێرانەوە نزیكن و جەختیان لەوە كردەوە كە ئێران دەتوانێت ئاسمانی سەرجەم
وڵاتانی كەنداو بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و میلشیا شیعەكانیش دەتوانن زۆرشتیان لە
دەست بێت، پەیامی پشتی ئەو چالاكییەش ئەوەیە كە هێزەكانی ئەمەریكا و سعودیە و
هاوكارەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای ئێراندایە، ئەگەر
لە ئێستادا هیچ چالاكییەك ئەنجام نادات تەنها بە هۆی كاتەوەیە، یان ئەوەیە بیەوێت
هەڕەشەكانی سەری كەم بكرێتەوەو وەك دەگوترێت حسابێكی بۆ بكرێت و تەرێزی لێبكەن و
خۆیان لەشەڕی بەدوور بگرن.
فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی
سەر پایتەخت:
لە رۆژانی 23 و 26/1/2021
دوو جار فڕۆكەی بێفرۆكەوانی ئێرانی چوونەتە ئاسمانی ڕیازی پایتەختی سعودییە دوای
ئەوەی كە سوڕاونەتەوەو كاری خۆیان كردووەو چەند مووشكەكێكیان ئاڕاستە كردوون،
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕیاز لەناوەڕاستی وڵاتدایەو بەو هەموو ڕادارە
هەستیارانەوە كە هەیەتی نەدۆزراونەتەوەو هێندەش نزم بوون بەچاوی سەر بینراون و لە
رۆژی ڕووانكدا بوون، بە پێی ڕاپۆرتەكان ئەو جۆرە كارەكە دەگمەن بووەو هەندێك وەك
تارمیایی و هەندێكی دیكەش وەك تەنە ئاسمانیەكان لێكدانەوەیان بۆ كردووە، سوڕانەوەی
فڕۆكەكان ئەوەندە هێواش و لەسەرخۆ بووە و درێژەی كێشاوە تا ئاسمانی ئەو وڵاتە
تاریك بووە، سەرەڕای ئەوەش بە پێی راپۆرتی –وول ستریت جۆرناڵ- كۆشكی پاشایەتی لە
یەمامە موشەكباران كراوە.
چاودێران باس لەوە دەكەن
لەم ڕووداوەوە لەوە دڵنیا دەبنەوە كە ئێران خاوەنی سیستەمی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی
بەهێزە، ئەو فڕۆكانە توانای هەڵگرتنی بۆمبی بچوك و ئامێری هەستەوەرن، ئیتر لە
عێراقەوە بفڕن یان لە یەمەنەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نیە، بە پێی سەرچاوەكان تا
ئێستا ئەو فڕۆكانە لە عێراقەوە دوو جار چوونەتە سەر عەرەبستانی سعودییەو لە
توانایاندا هەیە 600 بۆ 700 كیلۆمەتر ببڕن، لە هەردوو مانگی ئایاری 2019 دا و هێرشیان
كردووەتە سەر بۆرییە نەوتەكانی ئەو وڵاتەو جارێكی تر، جارێكی دیكەش چوونە سەر
ناوچەی نەوتی لە بەقیق، لە وڵاتی یەمەنیشەوە فرۆكەی بێفرۆكەوان لە جۆرەكانی (صمد2
و صمد3) چوونەتە سەر ڕیازی پایتەخت و لە ساڵی 2018شدا هەمان ئەو فرۆكانە چوونەتە
سەر فرۆكەخانەی ئەبوزەبی نێو دەوڵەتیش لە وڵاتی ئیمارات.
نەبوونی شوێنەوارو پارچەی
ئەو جۆرە فرۆكانەی كە لەچەند رۆژی ڕابوودوودا چالاكییەكەیان ئەنجام داوە، بەشێك لە
لێكۆڵینەوەكان سەخت و ئەستەم دەكات، بەڵام سەرەتای لێكۆڵینەوەكان باس لەوە دەكەن
سەرچاوەی هێرشەكە لە عێراقەوە بووە، بەشێك لە سیناریۆكان دەڵێن ئەو جۆرە فڕۆكەیە لە
پێگەیەكی فڕۆكەوانی نزیك بەغداد هەستاون لە بنگەی –جرف الصخر- كە لەژێر دەسەڵاتی
میلشیاكانی حزب الله دایە و ئەو میلشیایەش لە نێو لیستی تیرۆری ئەمەریكیەكاندایەو
لە مانگی سێبتەمبەری 2020 دا هێرش كراوەتە سەر ئەو بنكەیە.
پڕوپاگەندەی بەبەرنامە:
سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو
چالاكییەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان هیچ زیانێكی قورسی لێنەكەوتووەتەوە، هەر بۆ ئەوە
بێت كە وەك هێرشی حوسیەكان بۆ سەر ڕێاز لە ساڵی 2017 دا كە ببێتە مانشێتی
رۆژنامەكان، لەبەر ئەوەی یەمەن لە ڕیازی پایتەختی سعودییەوە زیاتر لە هەزار
كیلۆمەترەو ئەوەش دەبیت سەلێمێنەری ئەو ڕاستییەی كە ئێران خاوەنی وەها سیستەمێكە و
ناكرێت تواناكانی لەبەر چاو نەگیرێت. هەرچەندە زیانە مادییەكان كەمبوون بەڵام
دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو كە حوسیەكان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی بەهێز دەكرێن.
لە 23 ئەم مانگی كانوونی
دووەم 2021 گروپێك بەناوی (الویە وعد الحق)بەرپرسیارێتی
خۆی لەو چوونە ئاسمانەی ڕیاز دەربڕیی، ئەم هەواڵەش زۆر بە خێرایی لە لایەن پێنج
كەناڵی ئاسمانی كە ناوی خۆیان ناوە –مقاوەمە- و لە عێراقدا كار بۆئێران دەكەن بڵاوكرایەوە.
هەر بۆیە توێژەران باوەڕیان وایە ئەو كارانە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ڕێنمایی و
ئاڕاستە دەكرێن بۆیە هەموویان بەرەو یەك ئامانج هەنگاو هەڵدەگرن و یەك جۆرە
بۆچووینان هەیە. لە لایەكی تریشەوە لە هێرشی سەر بەغداد لە 21 كانوونی دووەمی
ڕابوردوودا كە كرایە سەر بازاڕێكی میللی ئێران پەنجەی تاوانی بۆ عەرەبستانی سعودیە
درێژكرد.
هەموو ئەوانەش كە باسكران
ئاماژەی روونیان تێدایە سەبارەت بە بیركردنەوەو بۆچوونەكانی تاران و هاوكارەكانی
لەڕوانگەی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:
1-میلشیاكانی سەربەئێران سەرنجیان خستوەتە سەر سعودیە و ئیمارات و پێیان وایە لەم قۆناغەدا ئەمەریكا بە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە نایپەرژێتە سەر بەرگریی كردن لەو دوو وڵاتە هاوپەیمانەی.
2-ئێران توانای هێرشكردنە سەر سعودییە لە دوو وڵاتەوە تاقیدەكاتەوەو لە هەمان كاتیشدا هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێست و كاردانەوەی ئەمەریكیەكان دەكات، هەر بۆ نموونە مانگی ڕابوردوو كەناڵێ –الكوثر- كە لەلایەن حزب الله ی عێراقییەوە بەڕێوە دەبرێت نەخشتەی هێرشەكانی سەر سعودییەی لە وڵاتەكانی عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان بڵاو كردەوە كە ئەو شوێنانە هەموویان لەلایەن میلشیاكانی سەر بە ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن.
3-پێدەچێت ئێران بیەوێت لەم ڕێگایانەوە هێزە نێو دەوڵەتییەكان بترسێنێت، هەروەها شوێنی هێرشەكانیان لێ بشارێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێراتن لەو بوارەدا دەستێكی باڵای هەیەو كەتمانی گەورەی هەیە.
4-ئێران بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەیەوێت وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە كە دەكرێنە سەر خۆی یان ئەو لایەنانەی دی كە شەڕ بۆ ئێران دەكەن.
ڕەنگدانەوەیان لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا:
بەرپرسانی ئەمەریكی كۆكن لەسەر ئەوەی زیادەڕۆیی
نەكەن لە وەڵامدانەوەدا ، دەیانەوێت توانای ئاسمانی سعودیەش نیشان بدەن، یان
ئەوەیە سعودییە خۆی وەڵامێكی دەبێت و شكۆو شەرمی خۆی ڕادەگرێت، شارەزایان باس لەوە
دەكەن دوور نیە ئەو كارە ببێتە هۆی هەلوەشاندنەوە-یان ساردبوونەوە-ی هاوپەیمانێتی
نێوان ئەمەریكا و عەرەبستانی سعودییەو ئیمارات. بە دیوەكەی تردا سزاكانی سەر ئێران
سووكتر بكات و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت ئیدارەكەی بایدن چەندین هەنگاوی گرنگ
لەوبارەیەوە بنێت، لەوانەش:
1-چاودێریكردن و بە ئامانجگرتنی هەموو ئەو هێزو گروپانەی كە ڕێنمایی و ئاڕاستەكانیان لە ئێرانەوەیە.
2-بەدوادا چوون و كۆكردنەوەی زانیاری زیاتر لە بارەی سیستمی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە شوێنی فرینیانەوە تا جۆری فڕۆكەكان و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان پێیەوە هەیە. بۆ ئەو مەبەستە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان زۆر پێویستن و سەرچاوەی فڕینەكانیش هەرشوێنێك بێت هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەیەوە دەبێت.
3-خێراكردن و چالاككردنی هاوپەیمانێتی لەنێوان ئیسرائیل، سعودییە و ئیمارات لەڕووی سیستەمی مووشەكییەوە، لەبەر ئەوەی هەرسێكیان لەبەردەم هێرشی ئێراندان و بە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئامانجەكان دیاری دەكەن..
ئەوەی كە ماوەتەوە ئەوەیە
كە دەبێت ئەمەریكا بە خێرایی هەنگاوەكانی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی خۆی لە
بواری فرۆكەی بێفڕۆكەواندا ڕەوانەی وڵاتانی كەنداو بكات كە بەگەورەترین هاوپەیمانی
دێنە ئەژمار، تا لەو ڕێگەیەوە دەستی ئێران لەناوچەكە ببڕێت و لە لایەكی تریشەوە
بەبەهێزیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە.