دۆسێ

01:46 - 02/02/2021

دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەبێتە فریادڕەسی توركیا؟‌

پەیسەر

بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، لە لای خۆیەوە بەریتانیا لاپەڕەی ململانێكانی نێوان خۆی و یەكێتی ئەوروپا دەپێچێتەوە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەم و لەوێوە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی داڕشتەوە. بەڵام لەدوای ئەو گۆڕانكارییە نوێیەوە چیتر پابەندی هیچ جۆرێك لەو یاساو ڕیسایانە نابێت كە لەنێو یەكێتی ئەوروپادا پێوەی پابەندبووە.

بە پێی وتەی شرۆڤەكاران لەم قۆناغە نوێیەدا توركیا دەبێتە یەكەم وێستگەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەریتانیا، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی ڕابوردوودا 2020 ڕێككەوتنی بازرگانی ئازادیان واژۆكرد، بۆ ئەوەی پرۆسەی بازرگانی نێوانیان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش لەدوای ئەوە هات كە بەریتانیا بەفەرمی لە یەكێتی ئەوروپا چووە دەرەوەو چیتر پابەندی ئەو سیستەمە گومرگییە نابێت كە یەكێتیەكە بەسەریدا سەپاندبووی.

لەسەرەتای مانگی تەمووزی ڕابوردوودا
 مەولودچاوش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەریتانیای كرد، لەو سەردانەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاووتوێ كرد لە دوای ئەوەی بەریتانیا نیازی ئەوەی هەبوو لە یەكێتی ئەوروپا بێتە دەرەوەو بەدوای ئەوەدا دەگەڕا كە هاتنە دەرەوەكەی گرەنتی بكات.

بە پێی سەرچاوەكان، توركیا بە دووەم وڵاتی هەناردەكارە بۆ بەریتانیا لەدوای ئەڵمانیا، ساڵی 2018 بە بڕی 10.6 ملیار جونەیهی ئیستەلینی شمەك و خزمەتگوزاریی توركیا هەناردەی بەریتانیا كراوە، دوای ئەوەش بەریتانیا بە فەرمی لە یەكێتییەكە كشایەوە توركیا بەیەكێك لە پشتیوانەكانی ئەو پرۆسەیە دێتە ئەژمار و لە هەمان كاتیشدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵوگۆڕیی بەسەردا دێت و  قووڵتری دەكاتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە پەیوەند نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە خراپیدایەو ئەوەش بووەتە پالنەرێكی باش بۆ ئەوەی ببنە هاوپەیمان و هاوكاریی یەكتریی، بەوو پێیەی كە هەریەكەیان باری شانی ئەوی تریان سوكتر دەكات، شارەزایان باس لەوە دەكەن دۆستەكانی توركیا لەناو ئیدارەی بەریتانیادا كەمن، هەروەها لە بواری ئابووری و سیاسیشەوە دوورخراوەیە لە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، لەگەڵ یەكێتی ئەووپیشدا چەندین دۆسیەی ئاڵۆز و پڕلە كێشەی هەیە، لەوانەش دەستێوەردان لە كاروباری لیبیا، دەرهێنانی غاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لێدانی خەندەق لە كەنارەكانی قوبروس و چەندین دۆسیەی دیكە.

لە لایەكی تریشەوە تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا سەر بۆ ئەوە دەكێشێت كە ئەنكەرە بكەوێتە بەردەم سزای ئابووری، بەتایبەتی داوی ئەوەی سیستەمی موشەكی ئێس 400 ی لە روسیا كڕیوە.

بەلام لە ئێستادا بەریتانیا لەگەڵ توركیا پەیوەندی ئابوری و بازرگانییان پێكەوە گرێداوەو دواجاریش ئەو پەیوەندییانە سەر بۆ پەیوەندی سیاسیش دەكێشێت ، بەتایبەتی داوی ئەوەی كە بەریتانیا لە دوای كشانەوەی لە یەكێتی ئەوروپا خوازیاری ئەوەیە بە گەورەییەكەی خۆی بمێنێتەوەو بەرەو پێشەوە بڕوات نەك پاشەكشە بكات.


بە پێی سەرچاوەكان بەریتانیا بەردەوام پشتیوانی توركیا بووە لە ناو یەكێتی ئەوروپادا تا ئەو كاتەی خۆی ئەندامی ئەو یەكێتییە بووە، هەروەها لە كودەتاكەی 2016 دا یەكەم ولات بوو كە ئیدانەی كرد، كەمترین ئیدانەی ئەردۆگان  و حكومەتەكەی كردووە، دوای ئەوەش كە توركیا هێرشی كردە سەر رۆژئاوای كوردستان لە 2019 دا بەریتانیا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەكرد، بە پێچەوانەی ئەندامانی تری ناتۆ، هەروەها كەمترین قسەی كردووە لەبارەی دەستێوەردانەكانی توركیا لە وڵاتانی دیكە بۆ لێدانی نەیارەكانی ئەنكەرە.

پێكەوە قازانج دەكەن؟
كۆرۆنا هەلێكی باشی بۆ هەردوولا هێنایە پێشەوە تا كاری هاوبەش ئەنجام بدەن، توركیا چەندین هاوكاریی هەناردەی بەریتانیا كرد، بەتایبەتی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدا بوو كە  سیستەمی تەندروستی بەریتانیا لەبەردەم شكستێكی گەورەدا بوو، لەبەر ئەوەی بەریتانیا بە پێچەوانەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە وەك پێویست  كەرەنتینەی ڕانەگەیاند و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كەرتی گەشتیاری توركیا ببوژێتەوە كە بەیەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی داهاتی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

پەیوەندییەكانی نێوان توكیا و بەریتانیا لەدوای هاتنەدەرەوەی بەریتانیا بوو لە یەكێتی ئەوروپاو توركیاش بە شێوەیەكی سنووردار لە نێو سیستمی گومرگی یەكێتیەكەدایە ئەویش تەنها بۆ بابەتە پیشەسازییەكان و هەندێك بابەتی خواردەمەنی ئامادەكراو.

لە ساڵی 2019 دا بەهای بازرگانی گەشتە 18.6 ملیار جونەیهی ئیستەرلینی، بەریتانیاش بووەتە یەكێك لە بازاڕە گرنگەكان بۆ ساغكردنەوەی كاڵای توركیا، لە كاتێكدا كە ئەندامیش نیە لە یەكێتی ئەوروپا بەڵام پەیوەندی بە یەكێتی ئەوروپاوە هەیە و دروستكردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەل بەریتانیا بۆ توركیا دەبێتە ڕێككەوتنێكی لەبارو گونجاو.

كاتێكیش لیرەی توركی بەهاكەی زۆر هاتووەتە خوارەوە ئەو ڕێككەوتنە دەبێتە دەروویەكی باش، بەپێی سەرچاوە بەریتانی وتوركییەكان لە ئێستادا 7600 كۆمپانیای بەریتانی لەنێو توركیادا كاردەكەن و ئامێر و ئاسن و پۆڵا بۆ تورکیا هەناردە دەکەن، لە هەمان كاتدا پشتیوانی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و دابینكردنی پارچەكانی ئۆتۆمبێل دەكرێت و هەروەها لە بەرنامەیاندا هەیە ڕێككەوتنەكان لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا فراوانتر بكەن و كەرتەكانی خزمەتگوزاریی و كشتوكاڵیش بگرێتەوە.

هەرچەندە توركیا بەردەوامە لەسەر بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا و لە ساڵی 2005 ەوە بەردەوام كاری بۆ دەكات بەڵام تا ئێستا ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوەو تەنها سوودمەند بووە لە چەند برگەیەكی گومرگی لەو یەكێتییەدا، لەو كاتەشەوە لە توركیا دیموكراسیەت پاشەكشەی كردووە، و بیانووەكانی یەكێتی ئەوروپا زیادیان كردووە كەمیان نەكردووە. كاتێكیش یەكێتی ئەوروپا ویستی سزای توند بخاتە سەر توركیا، ئەردۆگان نەرمی نواند و بووە هۆی ئەوەی بڕیارەكە دوابخەن بۆ كاتێكی تر.

هاوپەیمانی لە دژی یەكێتی ئەوروپا:
بەریتانیا و توركیا ناكۆكی مێژووییان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هەیە، ئەوەش كاریگەری هەبووە لە سەر قوڵكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەنێوانیاندا هەیە، بە پێی سەرچاوەكان ڕێككەوتنی بەریتانیا لەگەڵ توركیا لە ڕیزبەندی پێنجەم ڕێككەوتنە گرنگەكانی ئەو وڵاتەدایە لەدوای ژاپۆن، كەنەدا، سویسراو نەرویژ، ئەوە لە كاتێكدا كە بەریتانیا لەگەڵ62 دەوڵەتدا ڕێككەوتنی هەیە لە دوای ئەوەی كە لە یەكێتی ئەوروپا چووەتە دەرەوە و وابڕیارە لە كۆتایی 2021 دا هەموو پەیوەندییەكانی بەتەواوی هەلبوەشێنێتەوە.

بە پێی بۆچوونی شارەزایان لە ئێستادا توركیا ئابورییەكی خراپی هەیە، ئەردۆگان و حیزبەكەی پشتیوانی خەڵكیان كەم بووەتەوە لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵك پێیان وایە ئابووری وڵاتەكەیان لە وڵاتانی دیكەدا خەرج دەكرێت، ئەم ڕێككەوتنە بۆ ئەوەیە كە ئەردۆگان شكستە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی بشارێتەوە لەبەر ئەوەی مەترسی لە هەلبژاردنەكانی داهاتوو هەیە.

بە پێی وتەكانی وەزیری بازرگانی بەریتانیا –لیز تروس- ئەم ڕێككەوتنە تەنها نابێت و هی تریشی بەدوادا دێت، ئەوان دەخوازن لەگەڵ توركیا قووڵتری بكەنەوە بۆ ئەوەی لە دوای كشانەوەیان لە یەكێتی ئەوروپا پێیانەوە دیار نەبێت و بگرە وەك خۆیان بەڵێنیان داوە بەرەو پێشەوەش بچن، بەڵام پرسیار ئەوەیە توركیا یان بەریتانیا دەتوانن دەست لە ئابووری ئەوانی تر گیر بكەن و خۆیان بەوی تردا هەڵبواسن و لە كەوتن و شكست دەربازیان ببێت، بەڵام زۆرینەی شرۆڤەكاران پێیان وایە لەو پەیوەندییانەدا هەردوولا سودمەند دەبن، بەڵام سودمەندی سەرەكی بەریتانیا دەبێت نەك توركیا.