ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:57 - 28/01/2021

لابردنی شمشێرەكەی سعودییە؛ خۆگونجاندن لەگەڵ جیهان و دوور كەوتنەوە لە توندوتیژیی‌

پەیسەر

پێشنیاری لابردنی (شمشێر)ەكەی سەرئاڵای عەرەبستانی سعودیە كە لە ژێر دروشمی –لااله الاالله محمد رسول الله- دانراوە دەنگدانەوەی زۆری لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەیتەكاندا لێكەوتووەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی گۆڕین و دەستكاریی كردنی ئاڵاو دروشمەكان بە پێی یاساو ڕەزامەندی پەرلەمانی وڵاتان شتێكی ڕێگەپێدراوە و لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕی كردووە.

نوسەری بەناوبانگی سعودییە (فەهد عامر الاحمدی) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توێتەر نوسیویەتی: پێشنیاری لابردنی شمشێرەكە لە سەر ئاڵاكەمان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، یەكەم؛ لەگەڵ سەردەمەكەمان ناگونجێت، دووەم؛لەگەڵ ئایەتی (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِينِ) ناگونجێت، سێیەم؛ لەبەر ئەوەی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا توندوتیژیی بوونی نیە.  بۆ زانیاریشتان تا ئێستا ئاڵای سعودییە شەش جار گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووەو لە هەندێكیاندا شمشێرەكەی تێدا نییە.

 

لە هەمان كاتدا –سەتام بن خالد ئال سعود- كە لە بنەماڵەی پادشاكانی عەرەبستانە لە توێتەر نوسیویەتی: شمشێر سمبولی هێز و دادپەروەرییە، بەشێكی ڕەسەنایەتی مێژوەكەمانە، بیرمان نەچێت پاشاكانمان كاتێك شمشێرەكانیان بەرزكردووەتەوە بۆ دەربڕێنی هێز سەربەزریی و كەرامەت بووە، لەو بۆنانەدا دەیان سەركردەی جیهانی بەشدار بوون، من دەپرسم ئایا ئەوە مانای ئەوەبووە كە ئەوان بانگەشەیان بۆ توندو تیژیی كردووە. بەڵام كە گۆڕانكاریی هاتوەتە پێشەوە ناو، مێژوو، دروشمەكانی دەوڵەتیش گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، گوایە بۆ ئەوە بووە كە بە توندو تیژیی تاوانبار نەكرێن.

سەرچاوە مێژوییەكان باس لەوە دەكەن كەیەكەم ئاڵای ئەو وڵاتە كە پێی گوتراوە –ئیماراتی دەرعیە- سەوز بووەو لەناوەڕاستیدا مانگێك خاڵی –هیلال- هەبووە لە نێوان 1850-1818. بەڵام كاتێك مەلیك عەبدولعەزیز گەشتی یەكخستنەوەی وڵات دەستپێدەكات ، مانگەكە دەگۆڕێت بە نوسینی شایەتومان لەسەری بە ڕەنگی سپی، لە هەمان كاتدالە بەشی ڕاستیەوە ڕەنگێكی سپی هەبووەو دواتریش شمشێرێك بە ڕەنگی سپی زیادكراوە.

وەك سەرچاوەكان باسی دەكەنقۆناغی چوارەمی ئاڵا لە نێوان 1926-1932 شمشێرەكە لێكراوەتەوەو لە ژێریدا نوسراوە (مملكة نجد و حجاز)، هەرچی قۆناغی پێنجەمیشە  لە دامەزراندنی ئەو وڵاتەوە دەستپێدەكات كە ئاڵاكە بەتەواوی سەوز بووەو لەسەری شایەتومانی لەسەر نوسراوەو لە ژێریشیدا شمشێرێكی هەڵكێشراو بە ڕەنگی سپی چەسپێنراوە.

ناوەندەی نیشتیمانی بۆ پاراستنی بەڵگەنامەكانی سعودیە چەند ساڵێكە لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستكردن و دیزاین كردنی ئاڵای وڵاتەكەیان دەكەن، لە بڵاوكراویەكیاندا كە ناوەندی هەواڵی سعودیە لە 2016 بڵاوی كردووەتەوە هاتووە: بە تەماشكردنەوەی بەڵگە مێژوییەكان، ڕوون دەبێتەوە كە:

1-لە مێژووی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە-لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەهەم- دا ڕیشەیەكی هەیە و بە چەند قۆناغێكدا تێپەری كردووە و چەندین دامەزراوەش ڕۆڵیان تێیدا هەبووە، لە سەردەمی پادشای دامەزرێنەر –مەلیك عەبدولعەزیز-ەوە، وە هیچ كاتێك بیروبۆچوونی تاكە كەسێكیش نەبووە، بە پێی بەدواداچوونەكان یەكەم ئاڵای عەرەبستانی سعودییە ڕەنگەكەی سەوز بووەو لەسەری نوسراوە (لا إله إلا الله محمد رسول الله)، تا كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی یەكەم مەلیكیش گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتووە.

2-ئاڵاكە لەسەردەمی مەلیك عەبدولعەزیز دا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، كاتێك سەیری سوپای وڵات دەكەیت لە ساڵی 1911 دا دەبینرێت ئاڵاكە ڕەنگە سەوزەكەی و نوسینی (لا الە الا الله محمد روسل الله)كەی وەك خۆی ماوەتەوە بەڵام لە ساڵی 1926 دا لەسەر نوسینەكەوە شمشێرێكی بێ كێلان و هەڵكێشراو بەدی دەكرێت،
لە مەرسیمی –بەیعە-تدا كە مەلیك عەبدولعەزیز لە ساڵی 1937 لە شاری مەككە ئەنجامی داوە داوای كردووە لە ژمارەیەك لە ڕاوێژكارو نوێنەران كە كار بكەن بۆ ئەوەی شێوەو دیزانی تایبەت بۆ ئاڵا و پارەی نیشتیمانی وڵات بكەنەوە، هەر لەو ساڵەدا 1937 لە بڕیاری ژمارە 354 ی ئەنجوومەنی سعودیەدا هاتووە كە ئاڵای عەرەبستانی سعودیە درێژییەكەی (150سم و پانیەكەی 100سم)، هەر لەو ساڵەدا مەلیك عەبدولعەزیز ئاڵای نیشتیمانی و ئۆرگانەكانی تری وەك فرۆكەوانی، ناوخۆ، هێزە دەریاییەكان، بازرگانی پەسەند كردووە، وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە :دواتر لە ساڵی 1952بە تەواوی جێگیر كراو ئەم كارە لەسەر پێشنیارەكانی عەرەبستانی سعودییە لە واشنتۆن هاتووەتە چەسپاندن.

3-لە پێناوی گرنگیدان بە نەوەكانی ئالی سعود هەموو پادشاكانی ئەم وڵاتە گرنگی تایبەتیان داوە بە ئاڵاو تیایدا چەندین مادەو بەندی بۆ تەرخان كراوە و لە ساڵی 1983 و 1978 و 1987 بریاڕیی جیاوازیان لەبارەوە داوە. لەسەرجەم ئەو بڕگەو مادانەدا نوسراو ئاماژەكانی سەری لەگەڵ ئەندازەی پانی و درێژییەكەی ڕوون كراوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا كە ئاڵای ئەو وڵاتە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە بەڵام هەندێك پێیان وایە مەبەست لەو گۆڕانكارییە نوێیە ئەوەیە خۆی لەگەڵ سەردەمی نوێدا بسازێنێتەوە كە لە لایەكەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەكان و لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمەریكا قووڵ كردووەتەوەو لە لایەكی تریشەوە سەرقاڵی ئەوەیە كە لەگەڵ ئیسرائیلیش پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوەو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە سیاسەتی خۆی لەگەڵ گروپ و دەستە ئیسلامیەكان جیابكاتەوە كەدروشمی جیهاد و چەكداریی و توندوتیژییان بەرزكردووەتەوە.