12:25 - 06/01/2021
دوو نوسینگەی دوو ڕابەر، لە پەراوێزی گۆڕانكارییەكانی ئێراندا
لە چەند رۆژی ڕابوردوودا لەنێو ماڵ و بنەماڵەی ڕابەری پێشووی ئێراندا –ئیمام خومەینی- دوو هەواڵ دزەیان كردە نێو میدیاكانەوە، محەمەدی عەلی ئەنساری كە یەكێك بوو لە كەسە نزیكەكانی ئیمام خومەینی و سەرپەرشتیاری دامەزراوەی ڕێكخستن و بڵاوكردنەوەی پاشماوەكانی ئیمام خومەینی بوو، وازی لەكارەكەی هێناو لە جێی ئەو عەلی كومساری ئەو پۆستەی وەرگرت و لە هەمان كاتیشدا سەید حەسەنی كوری ڕێبەری كۆچكردوو ڕەتی كردەوە خۆی بۆ سەرۆكی حكومەتی داهاتوو كاندید بكات لەبەر ئەوەی چاوی لەسەر ڕابەرە نەك سەرۆك كۆمار.
بە پێی میدیا ئێرانیەكان عەلی ئەنساری یەكێك بوو لەو كەسایەتییانەی كە ئیمام خومەینی زۆر باوەڕی پێی هەبوو، هەر لەسەرەتاوە وەك كەسێكی شارەزای بواری پاراستنی شت و مەك و شوێنەوارەكانی ئیمام خومەینی هاتوەتە ئەژمار، حەسەنی كوڕی ئیمام خومەینیش كە ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی خوێندنەو هیچ قسەیەكی بۆ كردن نەبووە و تەنها لە نێو حەوزە عیلمیەكاندا سەرقاڵی خوێندن بووە لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕیی ئەو دوو كەسایەتییەدا ئامادەگی هەبووەو ڕایگەیاندوو دامەزراوەی پاراستنی شوێنەوارەكانی ئیمام خومەینی لەمەودوا بە شێوەی شوراو پێكەوەیی بەڕیوەدەبرێت نەك تاكە كەس.
دوای چەند رۆژێك لەو ڕووداوەش لەڕێگەی بنەماڵەی ئیمامەوە وتەكانی ئیمام خومەینی كە وەك وەسیەتی كۆتایی ئەو نوسراوە بڵاوكرایەوەو حەسەنیش لەو بارەیەوە گوتی: ناكرێت ئێمە باوەڕمان بە بەشێكی هەبێت و باوەڕمان بەبەشێكی تری نەبێت.
بەڵام نە حەسەن و نە هیچ كەسێكی تر ڕوونیان نەكردوە كە ئەوانەی باوەڕیان بە وەسیەت نامەكە نییە كێن یان مانای ئەو قسانە لەو ساتە وەختەدا چییە.
لەبەشێك لە وەسیەتەكەدا هاتووە: هێزە چەكدارەكان (ئیتر نیزامی بن یان غەیرە نیزامی، پاسداربن یان بەسیج یان هەر شتێكی دیكە) بەهیچ شێوەیەك نابێت تێكەڵاوی هیچ حیزب و گروپێك ببن و خۆیان نەدەن لە هیچ یاریی و ململانێیەكی سیاسی و پێویستە خۆیان بەدوور بگرن، ئەو بەشەی وەسیەت نامەكەش بەدەنگی خودی عەلی خامنەئی دەخوێنرێتەوەو لەنێو كەناڵە میدیاییەكان و سۆشیاڵ میدیادا بڵاو كراوەتەوە، تیایدا هاتووە: ئەركی رابەر و شواری ڕابەرییە كە ڕێگریی لەو دۆخە بكات و نەهێڵێت ئەو كارە بكرێت.
سەرجەم ئەوانەشی ئەم پەیامانە بڵاو دەكەنەوە یان ئەوانەی لەبارەیەوە لێدوان دەدەن باس لەوە دەكەن ڕەوشی ئەمرۆی ئێران بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەو دۆخەیەو ئێستا هێزە چەكدارەكان نەك هەر گەمەی سیاسی بەڵكو دەستیان بەسەر سەرجەم كایە وجومگەكانی كۆمەڵگەی ئێرانیدا گرتووە.
ئیدارەی نوسینگەو ماڵی ئیمام خومەینی :
دوای ئەوەی ئیمام خومەینی لە جەمران نیشتەجێ بوو، ماڵەكەی یان ڕاستتر نوسینگە تایبەتەكەی كرایەوە، كە بریتی بوو لە 4 ژووری بچووك كە لە سەروو حوسەینیەی جەمران و تەنیشت ماڵەكەی ئیمامەوە بوو، یەكێك لە ژوورەكان تەرخانكرابوو بۆ ژووری تەلەفۆن و پەیوەندییەكان كە ئەحمەدی كوڕی سەرپەرشتی ئەو ژوورەی دەكرد، شوێنی نیشتەجێ بوون لەلایەن ئاغای رەسوولی و مەحەلاتی و سەلیمی سەرپەرشتی دەكرا، ژووی سێیەمیش پەیوەندی بە محەمەدی ئەنسارییەو هەبوو.
بەپێی سەرچاوە مێژوییەكەكان هەموو ئەندامامی نوسینگەكەی ئیمام بیست و ئەوەندە كەس بوو، كارەكان لەنێوان ئەو كەسانەدا دابەش كرابوو، هەموویان كارەكانی ئیمامیان بەڕێوەدەبرد و خزمەتیان دەكرد، تەوەسولی پەیوەندییەكانی ئیمامی ڕێكدەخست و چالاكیەكانیش لەلایەن حاجی ئەحمەدەوە بڕیاری لەسەر دەدرا.
لەبەر ئەوەی ئینقلاب لەسەرەتایدا بوو كاری هەموو وەزارەتەكانی دەكردو سەرجەم بڕیارو كارەكان لەوێوە سەرچاوەی دەگرت، تەنانەت فەرمانی سەربازیش لەدەستی ئیمام خومەینی دابوو، بەڵام دوای ئەوەی كە ئیمام خومەینی كۆچی دوایی دەكات نوسینگەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە بەڵام كارەكانی جیاوازبوون.
ناوی دامەزراوەكە گۆڕا بۆدامەزراوەی ڕێكخستن و بڵاوكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئیمام (موسسه تنظیم و نشر آثار امام)، دوای كۆچی ئیمام تا ئێستاش بە یەكێك لە نوسینگە گرنگەكان دێتە ئەژمار لەبەر ئەوەی ئەو دامەزراوەیە وەك یادگارییەكی رێبەری كۆچكردوو لەهەمان كاتدا پارێزەری شوێنەوارو پاشماوەكانیەتی، لە هەمان كاتیشدا بۆ ئەوەیە كە بتوانن ئامانج و بیروباوەڕی ڕێبەر بە نەوەكانی داهاتوو بناسێنن.
بەڵام ئەوەی جیاوازیی هەیەو جێگەی سەرنجە دامەزراوەكە گەورەتر كراوەو لە ئێستادا زیاتر لە 500 كەس كاری تێدا دەكەن، كە دابەش بوون بۆ چەند بەشێكە لەوانەش: بەشی بڵاوكردنەوە، دامەزراوەی توێژینەوەی ئیمام خومەینی ، مەزاری ئیمام، لە بودجەی ساڵی پێشوودا 34 ملیار تومانی بۆ دیاری كراوەو لە بودجەی ئەمساڵیشدا ئەو بودجەیە بەرزكراوەتەوە بۆ 50 ملیار تومان، بڕیاریشە بۆ ساڵی داهاتووش بیگەیەننە 60 ملیار تومان، ئەوەش بەو مانیە دێت كە بایەخی ئەو دامەزراوەیە تا دێت باشتر دەبێت.
نوسینگەی ئایەتوڵا خامنەئی:
دوای ئەوەی ئیمام خومەینی لە ژیاندا نەما، بەشێوەیەكی خۆسەریی حوسەینیەی جەمران بوو بە شوێنەوار و مۆزەخانەیەكی تایبەت بە ئیمام، حوسەینیەكە بوو شوێنی بەسەركردنەوەی گەشتیاران لەناوخۆو دەرەوەی وڵات.
لە ساڵرۆژی لەدونیا دەرچوونی ئیمام خومەینیدا ئایەتوڵا خامنەئی سەردانی دەكات و لەكاتی نیشاندانی نیگەرانیە ناوخۆییەكانیش جەمران قەرەباڵغی بەخۆیەوە دەبینێت، وەك ئەوەی كە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی پێشوودا بەشێك لە نەیارەكانی خامنەئی روویان تێكرد لەوانەش هاشمی رەفسنجانی، محەمەدی خاتەمی ، حەسەن سانعی و محەمەد رەزا تەوەسولی و چەندانی دیكە.
لە هەمان كاتدا جەمران بووەتە شوێنی هەمیشەیی لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوزی نەیاری دەسەڵاتی ئێستای ئێران، هەربۆیە بەشێك لە شرۆڤەكاران جەمران بە نەیاری دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەبینن و پێیان وایە لانی كەم شوێنێكە دەتوانن دەردە دڵی تێدا بكەن و خەمێك بەبا بدەن، ئەگەر نەبێتە مەكۆی گردبوونەوەی ناڕازییەكانی بەرامبەر ڕێبەرایەتی ئێستای ئێران و بەئاشگرا ئاڵای نارەزایەتی بەرزبكاتەوە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن حەسەنی خومەینی داوای لە سەرانی بزووتنەوەی سەوزكردووە كە هاوكاری بكەن بۆكۆكردنەوەی شوێنەوارو پاشماوەكانی باوكی كۆچكردوویان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە حكومەت ڕێگەی پێنەداون لەبەر ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە ئەو بزوتنەوەیە قاچاخەو توانای وەها كارێكیان نییە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن سەید حەسەن خومەینی ویستی ناوی خۆی تۆمار بكات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان-خبرگان- بەڵام بەبیانووی نەبوونی بڕوانامەی پێویست ڕەتكرایەوە،لەبەر ئەوەی پێویستی بە بڕوانامەی شەرعی هەیە، شارەزایان پێیان وایە ئەو كارە بۆ ئەوەبووە كە نەهێڵن شوێنی خۆی فراوان بكات.
شارەزایان باس لەوە دەكەن حەسەن لەو پەیامەی حكومەت تێگەشتووە كە بە تەنها ئەوەی كە كوڕی ئیمامە بەس نییە، بۆیە چووەتە بواری خوێندن لە حەوزەی عیلیمە، تا بڕوانامەی پێویست بەدەست بهێنێت تا جێگەی قاچی خۆی بكاتەوە هیچ كارێكی دیكە نەكات، هەرچەندە ژمارەیەك لە ئیسڵاحیەكانی ئێران داوایان لێكردووە كە خۆی بەربژێربكات بۆسەرۆك كۆماریی بەڵام ئەو ڕەتی كردووەتەوە ، ئەوەی ئەو چاوی لەسەریەتی سەرۆك كۆماریی نیەو بەڵكو چاوی لەسەر ڕیبەری وڵاتە هەر بۆیە چووەتە بەرخوێندنی وانەكانی حەوزەی عیلمیە.
دەوڵەتی سێبەر:
توێژیەران باس لەوە دەكەن نوسینگەی ئێستای عەلی خامنەئی جێگەی هەموو شتەكانی گرتووەتەوەو لە هەموو سێكتەرەكاندا دەستوەردان دەكات و دەكرێت وەك دەوڵەتی سێبەری ئێران وێنابكرێت، تەنانەت ئەوەندە دەسەڵاتیان هەیە كە دەسەڵاتەكانی یاسادانان ، جێبەجێكارو دادیش بخەنە ژێر پرسیارەوە.
هەرچەندە دەسەڵاتی جێبەجێكردن –حكومەت و ئەنجوومەنی وەزیران- كاروباری وەزارەتەكان بەڕێوە دەبات بەڵام لەژیر سایەی نوسینگەی خامنەئیدا كەس ناتونێت پەنجە بە ئاودا بكات.
كاتێكیش بەریەك كەوتن لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هاتبێتە كایەوە براوەی سەرەكی نوسینگەی ڕابەر بووە نەك حكومەت، هەر بۆنموونە لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاد دا ناكۆكی كەوتە نێوان حكومەت و نوسینگەی ڕابەر، لەسەر دانانی وەزیری ئیتڵاعات، بەڵام دواجار نوسینگەی ڕابەر بڕیارلا خۆیدا، ئەحمەدی نەژاد 11 رۆژ لەنێو ماڵی خۆی مایەوەو نەهاتە دەرەوە وەك ئەوەی بیەوێت لەوڕێگەیەوە نوسینگەی ڕابەر پەشیمان بكاتەوە، بەڵام ئەوان نەك هەر پەشیمان نەبوونەوە بەڵكو بە كرادار پێیان گوت ئەگەر حكومەت بە سەرۆكەكەشیەوە بچنە ماڵەوە هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕیت و نوسینگەی ڕابەری دەتوانێت هەموو كارەكان بكات.
ئەو ڕووداوە پێمان دەڵیت لەنێوان ئەو دوو نوسینگەیەدا بەراورد ناكرێت وتواناكانی نوسینگەی خامنەئی چەند بەرامبەری نوسینگەكەی ئیمام خومەینیە، جووڵەو بڕیارەكانی دووەمیان زۆر لە یەكەمیان زۆرترەو دووەمیان یەكەم وەك ئەرشیف سەیردەكات و پێی وایە رۆژی بەسەر چووە، با كوڕی ئیمامیشی لە پشتەوە بێت، بەو پێیەی تەنانەت لە توانیدا هەیە ڕێبەری نوێ، لەدوای مردنی خامنەیشەوە دیاری بكات.
هەرچەندە كوڕەكانی خامنەئی لەنێو نوسینگەی ڕێبەریدا كار دەكەن ، بەڵام هیچیان ناویان ناگاتە ناوی ئەحمەدی خومەینی كە لەكاتی لەدونیا دەرچوونی ئیمام خومەینیدا زۆرینە باوەڕیان وابوو كە دەبێتە جێگرەوەی بەڵام ئەمە بۆ كوڕەكانی خامنەئی دوورە، هەر بۆیە چاودێران پێیان وانیە كوڕەكانی خامنەئی ئەو ڕۆڵە ببینن.
وەك شارەزایان باسی دەكەن ئەوەی كە توانای بڕیاردانی هەیە لە ئێراندا حكومەت نیە، بەڵكو نوسینگەی ڕابەرە، ئەو كاریگەری تەواوی هەیە بۆ هەموو ڕووداوەكان و هەر ئەویش دەتوانێت كێشە چارەنوسسازەكانی وڵات بەلایەكدا بخات، هەر بۆیە پێیان وایە نوسینگەی ڕێبەری ئەمجارە جیاوازە لەوەی پێشوو پێناچێت بە مردنی خامنەئیش بچنە دواوەو كاریان لە كۆكردنەوەی پاشماوەكانی و پاراستنیاندا كورت ببێتەوەو دواتر ببنە مێژوو.