12:28 - 05/01/2021
سێبەری ترەمپ و پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی ئێران
ئێران چركەساتەكانی گەیشتن بە كۆتایی دەسەڵاتی ترەمپ دەژمێرێت و بەشێك لە هیواكانیشی لەسەر هاتنی بایدن هەڵچنیوە، هەرچەندە بەفەرمی دان بەوەدانانێت كە ئامانج لە پرۆژە ئەتۆمییەكەی سەربازیی بێت، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی بەردەوام چاودێریی دۆخەكە دەكەن، پرسیار ئەوەیە ژمارە جیاوازەكان لە نێوان میدیاو ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمدا چ مانایەك دەدەن بەدەستەوە؟
دوای ئەوەی ئێران
بڕیاریدا بەڕێژەی 20% دەستبكاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێرزەویی و شوێنە
نادیارو شاراوەكانیدا، هەمیشە ئەو پرسیارە بە بیرماندا دیێت كە دەڵێت ئێران خاوەنی
چەند لەسەدی یۆرانێۆمە. یان لەكوێی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیدایەو چەندەی هەیە؟
لە كاتی
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا سەرچاوە یاساییەكان باس لەوە دەكەن ئەم هەنگاوەی ئێران
پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێككەوتنی ئەتۆمی جیهان كە لە 2015 ئێرانیش واژۆی لەسەر كردووە،
بەڵام بۆچی و لەبەرچی ئێران گوێ بەو ڕێككەوتنە نادات و بە پێچەوانەی واژۆی خۆیانەوە
ڕەفتار دەكەن دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بكرێت.
بەە پێی سەرچاوەكان
ئەو كۆت و بەندانەی كە لەڕێككەوتنەكەدا دانراوە یەكئامانجی بۆئێرانیەكان تێدا بووە
ئەوەیش ئەوە بووە كە ڕێگریی بكات لە ئێرانیەكان كە دەستیان نەگات بە بەرهەمهێنانی
چەكی ئەتۆمی، یان لەمپەرییان بۆدروست ببێت بۆ ئەوەی لەبریی ئەوەی بە دوو یان سێ
مانگ بگەنە ئامانج با بە ساڵێك بگەنە ئەو ئامانجە. لە هەمان كاتیشدا ئێرانیەكان
ڕایانگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك ئامانجی ئەوان كاركردن نیە بۆگەشتن بە چەكی
ئەتۆمی هەرچەندە مافی خۆشیان بێت وەك هەر وڵاتێكی دیكە، بەڵكو ئامنجی شارستانییان
هەیەو تەنها لەبواری كاروباری مەدەنیدا بەكاری دەهێنن.
سەرچاوە
میدیاییەكان باس لەوە دەكەن لە ساڵی پارەوە تاران پێشێلكاریی ئەو ڕێككەوتنەی
دەستپێكردووەو هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت بڕیاری سزای ئەمەریكا پشتگۆێ بخات كە لە
18ئایاری 2018 دا سەرۆكی ئەمەریكا سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاندو لەڕێككەوتنی
ئەتۆمی كشایەوە، هەر بۆیە پێدەچێت ئێران بیەوێت كاتلە دەست نەدات و ئاژانسیوزەی
ئەتۆمیش باس لەوەدەكات كە ئێران كاتی زۆریدەوێت تا بتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات
و ئاماژەشیان بەوەداوە هیچ پێشكەوتنێكی لەبەرچاو لەوبارەیەوە لەلایەن ئێرانەوە لە
ئارادا نییەو لە ئێستاشدا توانای داراییو ئابووری وڵاتەكەی ڕێگەی پێنادات.
هەرچی وڵاتانی
ئەوروپیشە هەموو هەوڵەكانی خۆیان خستووتە گەڕبۆ ئەوەی تاران پابەندبكەن بەو
ڕێككەوتنەوەو زۆرینەشیان باوەڕیان وایە گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمەریكادا لەوانەیە
گۆڕانكاریی لە ئیران بەدیبهێنێت كە وابڕیاری لە 20 ی ئەم مانگەوە ترەمپ كورسی
دەسەڵات بەجێبهێلێت و جۆبایدن لەسەر كورسی دەسەڵاتی كۆشكی سپیدەست بەكارەكانی بكات
و هەمووانیش ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە جیاوزییەكی زۆرلە نێوان ترەمپ و بایدن دا
هەی لەبارەی مامەلەكردنیان لەگەڵ دۆسیەكان و لەناو ئەوانەشدا دۆسیەی ئەتۆمی و
بابەتەكانی پەیوەست بە تاران.بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كەكاتێك
ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە 2015ئەنجام دراوە بایدن جێگری ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا بووە.
ئێران تا ئێستاچی
دەستكەوتووە؟
ئێران تا ئێستا بە
پێچەوانەی مادەكانی ئەو ڕێككەوتنە هەڵسوكەوتی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكارییەكی
زۆری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی كردووە و كار ئاسانی زۆری بۆ پشكنەرەكانی
ئاژانسەكە كردووە ئەوە لە كاتێكدا كە ئاژانسەكە ئەوەندە بە توندی كاری لەسەر ئەو
دۆسییەی ئێران كردووە لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دیكە بەو شێوەیە نەبووە.
پۆرانیۆمی
پیتێنراو:
بە پێی ڕێككەوتن
ئەتۆمییەكە ئێران خاوەنی 202.8 كیلۆگرام یۆرانیۆمە، ئەوە لەكاتێكدا پێش لە
ڕێككەوتنەكە باس لەوە دەكرا كە ئێران هەشت تۆن یۆرنیۆمی هەیە و لە ساڵی 2019 شدا لەو
ڕێژەیە زۆر زیاتری كردووە، بە پێی توێژینەوەو بەدواداچوونەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم
تا مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020 ئێران خاوەنی 2442.9 كیلۆگرام یۆرنیۆم بووە. ئەو
ژمارانەش هیچیان وەك یەك نین هەربۆیە بووەتە جێگەی گومانی زۆرینەو لایەنە
پەیوەندیدارەكانیش باوەڕیان وایە ئێران نەك هەر نەوەستاوەو بەڵكو ئەو ڕێژەیەش كە
باسی كردووە 20%ی پیتاندن ڕاست نیەو ڕێژەكە زۆرلەوە زیاترە.
بە پێی ڕێككەوتنە
ئەتۆمییەكەی 2015 كە بەفەرمی لەو كاتەدا 2015 ئێران 3.67% كاری كردووەو ئەو ڕێژەیەش
لە 20% زۆركەمترە، ئەوە لە كاتێكدا پرۆژەی چەكی ئەتۆم پێویستی بە پیتاندنی 90%
هەیەو ئەو ڕێژەیەش لە ئێستادا بۆ ئێران زووەو پێناچێت بەو ئاسانییەو بەو خێراییە
دەستی پێی بگات، بەڵام ئێران گوێی بەو شتانە نەداوەو بەردەوام كارەكانی خۆی
كردووە. لە هەمان كاتدا بە پێی ڕێككەوتنەكە ئێران بۆیی هەیە تەنها 5 هەزار ئامێری جۆری (IR1) بەكار بهێنێت
كە بۆپیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەویدا بەكاردەهێنرێت، بەڵام بە پێی توێژینەوەكان
ئێران دە ئەوەندەی بەكارهێناوەو وەك لە ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانیدا هاتووە نزیكەی 50
هەزار لەو ئامێرانەی بەكار هێناوە.
ڕێكخراوەی ئەتۆمی
ئێران (AEOI) ڕایگەیاندووە كە لە ئێستادا لەوێستگەی نەتەنز
جۆری ئامێری (IR6) بەكاردەهێنن،
كە بەپێی توێژینەوەكان ئەم جۆرەیان لەوەی یەكەم زۆرپێشكەوتووتر و گونجاوترە بۆ
بەرهەمهێنانی زیاتر و تەنانەت لەسەر زەویشدا كاری پێدەكرێت.هەروەها ئێرانیەكان
ڕایانگەیاندووە كە تائێستا 3 دەستەی تریان بەرهەم هێناوە كە لەژێر زەویدا
كاردەكەن.
ئاژانسە ئێرانیەكە لە مانگی تشرینی یەكەمدا
ڕایانگەیاندووە كە توانیویانە ئەو ئامێرانە پەرەپێبدەن و لەبواری بەرهەمهێنانی
غازی شەشەم فلۆرایدی یۆرانیۆم دا كاریگەرییان هەیە.
فەرمی ئاژانسی وزەی
ئەتۆم لە پێگەی فۆردۆ بە نهێنی كاردەكرێت و دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكان ئاشكرایان كردووە لە ساڵی 2009 دا و تا
ئێستاش نەخراوەتە سەر نەخشەی پێگە ئەتۆمییە چالاكەكانی ئێران، بە پێی وتەی ئەو
دەزگا هەواڵگرییانە ئێران خاوەنی 1044 ئامێری جۆری(IR1)ی لەو پێگەیەدا
حەشار داوە.
لە كاتێكیشدا كە
ئێران بڕیاری داوە 20%ی پیتاندنی یۆرانێوم بەرەو سەرەو ببات، بەشێك لە ئومێدەكانی
بەرپرسانی ئێران لەسەر هاتنە پێشەوەی بایدنەو بەتەمان بەڵایەكی وەك ترەمپیان لەكۆڵ
ببێتەوە لە كۆتایی دوو هەفتەی داهاتوودا.
بەشێك لە زانیارییەكانی ئەم ڕاپۆرتە
پشتی بە ڕاپۆرتێكی دۆچەویلەی عەرەبی بەستووە بەم ناونیشانە