ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:29 - 27/12/2020

لێكەوتەكانی سەردانی نهێنی قائانی بۆ بەغداد و ئامادەكارییەكانی واشنتۆن بۆ دۆخی نوێی عێراق‌

پەیسەر

سەردانەكەی نهێنی و رانەگەیەندراو بوو، هەربۆیە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی و ئامانجی سەردانەكەشی هەر بە پەنهانی ماوەتەوە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كاتێك سەردانی بەغدادی كرد، چی بە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و سیاسی وت و دەیەویست چ پەیامێك بگەیەنێت، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە هەفتەیەكە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە.


كۆنترۆڵیان دەكات
بەپێی یەكێك لەو لێكدانەوانەی كە بۆ سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد كراوە، لە ئێستادا كە ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سلەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسدا تێدەپەڕێت، هێشتا گروپە سیاسی و چەكدارەكانی نزیك لە ئێران شێواوی و شڵەژاوییان پێوە دیارە و جێگرەوەكەی سلەیمانی دەیەوێت كۆیان بكاتەوە و ئاراستەیان بكات.
پێگەی واشنتۆن لە لێكدانەوەیەكدا بۆ سەردانەكەی هەفتەی رابردووی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نوسیویەتی: ئەو فەرماندە ئێرانییە لە بەغداد لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون ئامادەكاری بكەن بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لە حاڵێكدا ئەگەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە كرایە ئامانج .

هەر بەپێی راپۆرتەكە لەو سەردانە رانەگەیەندراوەدا ئیسماعیل قائانی لەگەڵ چوار بەرپرسی میلیشیایی سەر بە ئێران كۆبووەتەوە كە پێكهاتوون لە قەیس خەزعەلی، پێشەوای عەسائیبی ئەهلی حەق، عەلی شبل ئەلزەیدی ئەمینداری گشتی لیواكانی ئیمام عەلی، ئەحمەد ئەلحەمداوی بەرپرسی لیوای حیزبوڵا، ئەكرەم كەعبی، سەركردەی گروپی میلیشیایی نەجەفی كە هەرچوار كەسەكە لەلایەن ئەمریكاوە بە تیرۆریست ناسێندراون.


شەڕی نفوز
ئەیاد عەناز، توێژەر و شیكەرەوەی سیاسی، لەبارەی ئامانجی سەردانە رانەگەیەندراو و كتوپڕەكەی قائانی بۆ بەغداد دەڵێت: ئێستا عێراق وەك بارمتەی سیاسی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، لەو نێوەندەشدا تاران دەیەوێت پێگەی تێیدا پارێزراوبێت و بەرژەوەندییەكانی كێبەركێی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەن.
عەناز بە حوڕەی وتوە: سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد بەشێكی تەواونەكراوە لە ڕۆڵی ئێران ، بۆیە ڕووداو و هەڕەشە ڕاستەوخۆكان دوای سەردانەكە زیاتر بوون.

جڵەوكردن
لەلایەكی دیكەوە باس لەوە دەكرێت كە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد جڵەوكردنی گروپ و را جیاوازەكانی ناو ریزەكانی حەشدی شەعبییە.
ئەحمەد ئەلیاسیری ڕۆژنامەنوس و شیكەرەوەی سیاسی لەوبارەیەوە نوسیویەتی: سەردانەكەی قائانی بۆ عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەدا و شێوازی كاركردنی حەشدی شەعبییە، چونكە ئێستا لایەنە شیعەكان و بەتایبەتیش ئێران ترسی هەیە لەوەی درز بكەوێتە ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی بەهۆی جیاوازی تێڕوانینی گروپە جیاوازەكانی ناو حەشد.
هەروەها دەڵێت: ئێستا ئێران نایەوێت هیچ بەرژەوەندییەكی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج و دەیەوێت رەوشەكە بە هێمنی بڕوات تا كاتی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ ئەمەش قائانی بە روونی داوای لە گروپە میلیشیا شیعەكان كردووە كە هێمنی بپارێزن.
بە وتەی ئەلیاسری لەپاڵ ئەو ئامانجەدا بۆ گروپە شیعییەكان، تاران لە رێگەی قائانییەوە پەیامێكی روونی دا بە گوێی دەسەڵاتدارانی عێراق و بەرپرسانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا، پەیامەكەش ئەوەبوو كە "ئاسایشی عێراق لە دەستی ئێمەدایە"، تاران دەیەوێت بە بەكارهێنانی هەرەشەی ئەمنی لە بەغداد، بەرژەوەندییەكانی خۆی بە پارێزراوی بهێڵێتەوە.

ئەمریكا ئامادەكاری دەكات
هاوتەریب لەگەڵ سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغداد، بەرپرسانی ئەمریكاش ئامادەكاریی دەكەن بۆ هەر دۆخێكی نەخوازراو.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە ئاشكرای كرد كە گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی كۆبوونەوە و لەسەر چەند بژاردەیەكی پێشنیازكراو ڕێككەوتوون بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە هەر هێرشێك بۆ سەر كارمەندانی سەربازی یان دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە عێراق.
ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی: ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دابخرێت، ئەوا باڵیۆز و كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا یان بۆ هەولێر یان بۆ بنكەی سەربازی عەین ئەسەد دەگوازرێنەوە و عێراق چۆڵ ناكەن.