ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:15 - 11/12/2020

تادێت دۆستەكانی ئیسرائیل زیاتر دەبن‌

پەیسەر

یەکێک لە دەستکەوتەکانى دۆناڵد ترەمپ لە چوار ساڵی دەسەڵاتیدا ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانى ئیسرائیل بووە لەگەڵ وڵاتانى عەرەب، یەکەمجار ئیمارات و بەحرەین لە کەنداوى عەرەب و دواتریش وڵاتى سوودان لە کیشوەرى ئەفەریقابوو، هەرچەندە قسە زۆرە لەبارەى ئاسایی کردنەوەى وڵاتانى دیکەى عەرەبی و زۆرینەى چاودێران پێیان وابوو بەدواى سوداندا عەرەبستانى سعودییە دێت بەڵام، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرە تویتێکدا رایگەیاند، مەغریب و ئسیرائیل لەسەر دەستپێکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوانیان رێککەوتوون. لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەشدا، ئەمریکا دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دەنێت. 

سەرۆکی ئەمریکا لە توێتێکدا نووسیویەتی، "ئەمڕۆ وەرچەرخانێکی دیکەی مێژووییە! دوو هاوڕێی مەزنمان، ئیسرائیل و شانشینی مەغریب رازیبوون لەسەر دەستپێکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی هەمەلایەن. ئەمەش وەرچەرخانێکی زۆر گەورەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و مەغریبدا، ئەمریکا دان بە سەروەری بیابانی رۆژئاوای مەغریبدا دەنێت. سەرۆکی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمڕۆ، من راگەیێندراوێکم واژۆکرد بۆ داننان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا".

هەروەها ترەمپ باس لەوە دەکات، "مەغریب لە ساڵی 1777ـەوە دانی بە ئەمریکادا ناوە، لەبەر ئەوەش کارێکی گونجاوە کە ئێمە دان بە سەروەریی ئەو وڵاتە بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دابنێین".

بیابانی رۆژئاوا هەرێمێکی جێناکۆکە لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا لەنێوان مەغریب و وڵاتی خۆدانپێدانراوی کۆماری عەرەبیی سەحراوی دیموکرات. 

%80ـی هەرێمەکە لەلایەن وڵاتی مەغریبەوە کۆنترۆڵکراوە و تەنیا 20%ـی لەژێر دەستی کۆماری عەرەبیی سەحراویی دیموکراتدایە. 

ئەوە چوارەم وڵاتی عەرەبییە لەماوەی چوار مانگدا پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن. هاوکات جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری ترەمپ رایگەیاند، ئەوە مسۆگەرە کە سعودیەش لە کۆتاییدا دان بە ئیسرائیلدا دەنێت. 

بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییە ئابووری و کولتوورییەکانیان فراوان دەکەن ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردن بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی هەرێمی زیاتر لە ناوچەکە..
ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان عەرەب و ئیسرائیل بە چەند شێوازێک لێکدانەوەى بۆ دەکرێت، بەشێک لە شرۆڤەكاران پێیان وایە هەنگاوەكان لەسەر ئاستی حكومەت و دەسەڵاتەكاندایەو لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و ئاینی و شەقام ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتی ئیمارات گەشتووەتە ڕیككەوتنی هەمە لایەنە و لەو میانەیەدا لابردنی ڤیزا بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی كە لە ئیماراتەوە دەیانەوێت سەردانی وڵاتەكەی بكەن. وەك شرۆڤەكاران باسی دەكەن ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل هەستكردنە بەو ئاسایی نەبوونەوەیەی كە لەئەنجامی دابڕانێكی زۆری نێوان وڵاتەكەی و گەلە عەرەبیەكان هەندێك وێنای جیاوازیان بۆ دروست بووە بۆیە پێویست دەكات ئەو وێنایەیان لا بگۆڕێت.
لە لایەكی دیكەشەوە فەلەستینیەكان و ئێران و ئەو گروپ و حیزبانەی نزیكن لێیانەوە باس لەوە دەكەن كە ئەو وڵاتانەی ڕێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن لە پشتەوە خەنجەر لە كێشەی فەلەستین دەدەن، بەو پێیەی تا ئێستاش لە سیاسەتی داگیركاریی ڕانەوەستاوەو زەوییەكانیان دەكاتە ئۆردوگای جوولەكە نشین، بەڵام ئیسرائیل و لایەنگرانی باس لەوە دەكەن عەرەبەكانی فەلەستین و ئەوانەی ناو ئیسرائیلیش ئەگەر دەستی دەرەكی وازیان لێبهێنێت كیشەیان نییەو ئەوان خۆیان زەوییەكانیان دەفرۆشن.
هەرچۆنێك بێت ڕێككەوتنی نێوان عەرەب و ئیسرائیل ئێرانی نیگەران كردووەو بووەتە هۆی ئەوەی بەرەی دوژمنایەتیەكانی زیاتر بكات و لە ئومێدی ئەوەشدایە بە هاتنە سەركاری جۆ بایدنی سەرۆكی هڵبژێردراوی ئەمەریكا كەمێك بێتەوە سەرخۆی و ڕزگارییان ببێت لە دیۆوزمەی ترەمپ و هەنگاوە دوژمنكارانەكانی.