ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:35 - 07/12/2020

کوشتنی فەخریزادە؛ ریشەی دوژمنایەتی ئێران و ئیسرائیل لەکوێدایە؟‌

پەیسەر

دوای ئۆپراسیۆنە ئاڵۆزەکەی کوشتنی موحسینی فەخریزادە، قسە لەسەر پشتیوانی لۆجستی و ئەگەری هەبوونی تۆڕێکی فراوانی هەژموونی ئیسرائیل لە ئێران دەکرێت. ئاشکراترین بەڵگەی هەبوونی ئەم "هەژموونە زانیاری-ئەمنییە"ی ئیسرائیل، دزینی بەڵگەنامە نهێنییە ئەتۆمییەکانی شورئابادی دەوروبەری تاران و گواستنەوەی بوو بۆ ئیسرائیل لە 2018 و کوشتنی 10 زانای ئەتۆمی ئەم وڵاتەیە لە 13ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش وایکرد هەر لە سەرەتاوە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل رابکێشرێت.

زیاتر لە 40 ساڵە، ڕژێمی ئێستای ئێران درێغی نەکردووە لە دوژمنایەتیکردنی ئیسرائیل. لێرەدا پرسیارێک مێشکی هەرکەسێک داگیردەکات ئەوەیە، ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لەکوێدایە؟ 

هۆکاری بیروباوەڕی
هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و لکاندنی پاشگری ئیسلامی بە ڕژێمەکەوە بەسبوو بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە. ئەم وڵاتە هەر لەسەرەتاوە پشتگیری گروپە بەرهەڵستکارە فەلەستینییەکانی دژی ئیسرائیل کرد و داوای گەڕاندنەوەی ئاوارە فەلەستینییەکانی کرد بۆسەر زێدی خۆیان. نەتەوەیەکگرتوەکان ئەو فەلەستینیانە بە ئاوارە دادەنێت کە لە نێوان 1ی حوزەیرانی 1946 بۆ 15 ئایاری 1948 ماڵ و موڵکیان لەدەستداوە، بە گوێرەی ئامارەکانیش ژمارەی ئاوارە فەلەستینییەان لەم ماوەیەدا  5 ملیۆن فەلەستینییە.

لەلایەکی دیکەشەوە، قودس بۆ هەموو ئاینەکانی ئیسلام، مەسیحی و یەهودی تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەهۆی هەبوونی "مزگەوتی ئەقسا"شەوە، کە پێش مەککە قیبلەی یەکەمی مسوڵمانەکان بوو، بۆ مسوڵمانەکان تایبەتمەندی گرنگی خۆی هەیە. ئێران و گروپە بەڵهەستکارە فەلەستینی و ڕەوتە ئیسلامییەکانی جیهان لەو باوەڕەدان قودس لەلایەن جولەکەوە داگیرکراوە و پێویستە بگەڕێنرێتەوە.

هۆکاری مێژووی
لە سەردەمی محەمەد رەزا شای پەهلەوەی، ئیسرائیل پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ ئێراندا هەبوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو شا لە هەوڵدانی بۆ بە مۆدێرنەکردنی وڵات،دژایەتی پارێزگارانی مەزهەبی بە ڕابەرایەتی خومەینی بە "کاردانەوەی رەش" ناودەبرد.

هاوکاری توندوتۆڵی دامەزراوەی ئەمنییەتی ئیسرائیل "مۆساد" و دامەزراوەی زانیاری و ئەمنیی ئێرانی ئەوکات "ساواک"، هۆکارێکی دیکەی دژایەتی ڕژێمی ئێرانە لەگەڵ ئیسرائیل.

لە ڕاپۆرتێکی سی ئای ئەی لە ساڵی 1979 دا هاتووە "ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا ئەوەیە، کە بە هاوپەیمانی خۆی دایبنێت و لە هەمانکاتدا دژایەتی سیاستی عەرەبی پێبکات. مۆساد ساڵانێکی زۆر و بەتایبەت لە  کۆتاییەکانی دەیەی 1950، چالاکی هاوبەشی لەگەڵ ساواکدا هەبوو."

بەڵگەیەکی دیکە لە کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ساواک لە ساڵی 1957 لەژێر سەرپەرشتی ئیسرائیل و ئەمریکادا دروستکراوە.

نزیکی ئیسرائیل لە ئێران، لە گوتارە بەناوبانگەکەی خومەینی، لە 4ی حوزەیرانی  1963 دا دەردەکەوێت. زۆرێک لە لێکۆڵەران لەو باوەڕەدان نائارمییەکانی 5 ی حوزەیرانی 1963 بەسەرەتای شۆڕش دەزانن و 15 ساڵ دواتر بوو بەهۆی ڕامالێنی ڕژێمی شای ئێران.

خومەینی لە بەشێکی گوتارە بەناوبانگەکەیدا ئاماژەی بەوەدا " ئەمڕۆ زانیاریان پێدام، ئەهلی مینبەرەکانیان بردۆتە دامەزراوە ئەمنییەکان و پێیان گوتوون، نابێت هەقتان بەسەر سێ شتەوە هەبێت، ئیتر هەرچیتان دەوێت بیڵێن، هەقتان بەسەر شاوە نەبێت، هەقتان بەسەر ئیسرائیلەوە نەبێت و نەشڵێن ئاین لە مەترسیدایە... ئیسرائیل نایەوێت لەم وڵاتەدا قورئان هەبێت، ئیسرائیل نایەوێت لەم وڵاتەدا زانای ئاینی هەبێت، ئیسرائیل نایەوێت لەم وڵاتەدا حوکمی ئیسلام هەبێت."

بەمجۆرە کاتێک ڕژێمی ئێران هاتە سەر دەسەڵات، پێشتر تۆوی کینەی لەدژی ئیسرائیل چاندبوو.

هۆکاری دەروونی-کۆمەڵایەتی
بەگوێرەی بۆچوونی خومەینی و پەیڕەوانی، کە لە ئێستادا ئێران بەڕێوەدەبەن، یەکێک لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی زیندوکردنەوەی "گەورەیی و سەربەرزیی ئیسلام بووە". شکستی گەورەی عەرەب لە جەنگی 6 ی حوزەیرانی 1967 و شکستی وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل، هەستی نەریتخوازانی ئاینی لە جیهانی ئیسلامی و رابەر و لایەنگرانیانی بریندارکردبوو. بەدڵنیایەوە ئێرانیش لەم یاسایە بەدەرنەبوو لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی نوێی ئەم وڵاتە و لکاندنی پاشگری "ئیسلامی"دا ئاسای بوو کاردانەوەی توندی دژی  ئیسرائیل هەبێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، رژێمی ئێران لەو بڕوایەدایە، ئەوەی ئەو چاوقایمییەی داوە بە ئیسرائیل پشتگیری بێچەند و چوونی ئەمریکایە بۆ ئەم وڵاتە.

ئەمریکا جگە لە یارمەتی چەک و دارایی، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەرگەری لە ئیسرائیل دەکات. بۆ نموونە لە نیوان ساڵانی 1972 بۆ 2018، ئەمریکا 44 جار بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل ڤیتۆ کردووە. 33 بڕیاریان تایبەت بووە بە فەلەستین و لە هەر 33 جارەکەدا تەنها ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێناوە.

هۆکاری سیاسی
هەندێک لە لێکۆڵەران لەو بڕوایەدان دژایەتیکردنی ئێران بۆ ئیسرائیل هۆکارەکەی سیاسیە، چونکە جەختکردنەوەی بەردەوامی دوژمنایەتی ئیسرائیل بۆ راکێشانی هەستی ئاینی خەڵک دەبێتە هۆی چەسپاندنی زیاتری پایەکانی حکومەت لەم وڵاتەدا.
ئەم لێکۆڵەرانە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی دوژمنایەتیکردنی ئیسرائیلەوە، رابەرایەتی جیهانی ئیسلامی بگرێتە دەست، بۆ نموونە لە ڕێگەی هێرشی ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە، دژایەتیکردنی ئەمریکا زیادیکردووە و تێچووی هێرشەکانی ئەمریکا لەناوچەدا زۆر بووە.

دژایەتیکردنی ڕژێمی ئێران بۆ ئیسرائیل، بە یەکێک لە پایە بیروباوەڕییەکان "ئایدۆلۆژیەکان"ی رژێمی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت. کۆتایهاتنی دژایەتی ئێران بۆ ئیسرائیل، باشبوونێکی کتوپڕی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنیت و ئاشتی لە نێوانیاندا دەچەسپێنێت.