01:28 - 02/12/2020
هاتنەوەی کاروانەکەی داعش بەرەو شام و میزۆپۆتامیا
دوای ئەوەی سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام
رزگار کران و بە نزیکەیی کۆتایی بە دەسەڵاتی خوێناویترین گروپی دەیەی رابردوو
هێنرا، لە ئێستادا سەرچاوە ئەمنییەکان باس لە گەڕانەوەی ئەم گروپە و
بەخەبەرهاتنەوەی شانە نووستووەکانیان دەکەن.
هێزەکانی هاوپەیمانان، روسیا، هێزە ئەمەنییەکانی عێراق و سوریا و هێزەکانی
سوریای دیموکرات بە چەند ساڵێک توانیان خاکە دەستبەسەرداگیراوەکان لە داعش
وەربگرنەوە، بەڵام شانە نووستووەکان چەند ناوچەیەکی سوریا و عێراقیان کرد بە
پەناگە و شوێنی راهێنانەوەیان، تاکو لە دەرفەتێکی گونجاودا گورزی خۆیان
بوەشێننەوە.
شانە نووستوەکان
بە فەرمی لەناوبردنی دەوڵەتەکەیان، چەکدارەکانی داعشی بردە قۆناغێکی
دیکەوە، ئەویش قۆناغی نوستنی شانەکانە، ئەو شانە چەکدارییانەی هەم سەرقاڵی
خۆحەشاردانن، هەمیش بەردەوام لە راهێنان و خۆئامادەکاریدان بۆ هەر ئەگەرێک و
خۆپیشاندانیان وەک هێزێکی پەلاماردەر.
ئەم شانە نوستووانە هەوڵ دەدەن باشترین و گونجاوترین شوێن هەڵبژێرن، لە
ئێستادا هەموو زانیارییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بەشێکی گەورەی شانە
نووستووەکان لەنێوان ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریادان، فراوانی ناوچەکە و
سەرسنوورییەکەی وای لێکردووە ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ شانە نووستووەکان و
خۆئامادەکردنەوەیان.
هێرشی شانە نووستووەکان
شانە نووستووەکان و چەکدارە ماوەکانی داعش لە سەر سنوری عێراق و سوریا،
بەردەوام پەلاماری هێزەکانی رژیمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە دیمەشق و تاران
دەدەن، بۆسەیان بۆ دەنێنەوە، مینیان بۆ دادەنێن و هێرسیان دەکەنە سەر، لەم
هێرشانەشدا قوربانی لە هەردوولا هەن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، رووسەکان بەردەوامن لە بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش
لە ناوچە سنورییەکانی سوریا، فڕۆکەکانی رژێمیش بەردەوام هاوکاری هێرشەکانی روسیا
دەکەن، بەڵام ئەمانە نەبوون بە هۆی کۆتاییهێنان بە چەکدارانی داعش.
ئامارەکان
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی چەند مانگی
رابردوودا، چەکدارانی رێکخراوی داعش توانیویانە ٩٢ ئەندامی سەر بە هێزەکانی رژێم و
میلیشیا چەکدارەکان بکوژن، زۆربەی هێرشەکانیش بە بۆسە، بۆردومان و شەڕی روبەڕوو لە
دەشتەکانی سوریا ئەنجامدراون.
لەنێوان ٢٤ی ئازاری ٢٠١٩ تاکو ئەم هەفتەیە، لە ئەنجامی هێرشەکانی داعشدا،
١٠٢٠ کەس لە هێزەکانی رژێمی سوریا، چەکدارە سوری و ناسورییەکانی نزیک و سەر بە
رژێم، کە دوانیان روسین، ١٤٠ ئەندامی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە ناسورین
کوژراون، هەمووشیان بە بۆسە، هێرش و تەقینەوەی داعش لە رۆژئاوای فورات و دەشتەکانی
دەیرەزور، رەقە، حەمس و سوەیدا کوژراون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوری، چوار کارمەندی بیرە غازییەکان، ١١
چاودێر و ژنێک لە هێرشەکانی داعشدا کوژراون، لە هەمان کاتیشدا لە ئەنجامی
هێرشەکاندا بۆ سەر داعش، ٥٦٢ چەکداری رێکخراوەکە کوژراون.
داعش لە عێراق
سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند و
ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی داعش پەناگەیان نەماوە، بەڵام تاکو ئێستا شانە
نووستووەکانیان هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان.
وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی و ئامادەییان لە ناوچەکەدا، سەرەتای ئەم
هەفتەیە داعش رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی چین لە باکوری
عێراق. پێشتریش و لە مانگی مایس، چەکدارانی داعش چەند جارێک هێرشیان کردبووە سەر
هێزە ئەمنییەکان و چەند ئەندامێکی ئەو هێزانە کوژران.