ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:47 - 26/11/2020

بایدن وەک سەرۆک دێتەوە عێراق؛ سیاسەتی بەرامبەر هەولێر و بەغدا چۆن دەبێت؟‌

پەیسەر

جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە عێراق، بەڵام ئەمجارە وەک سەرۆکی ئەمریکا نەک جێگری سەرۆک، بایدن لەو کەسانەیە بە وردی ئاگاداری دۆسییەی عێراقە، بەتایبەت مەلەفە ئەمنییەکەی، پشتیوانی لێدان لە سەدام و ئەندازیاریی دابەشکردنی عێراقە.

بایدن و عێراق
هەرچەندە لە بانگەشەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بایدن گرنگییەکی کەمی بە دۆسییەی عێراق دا، بەڵام عێراق لەو وڵاتانەی جیهانە کە جۆ بایدن بە باشیی دەیناسێت و بە وردیش کێشە و گرفتەکانی ئەم وڵاتە دەناسێت.

بایدن رۆڵی گرنگی لە دروستبوونی ئەم دۆخەی عێراقدا هەیە، لەبەرئەوەشی ئۆباما گرنگی کەمی بە دۆسییەی عێراق دەدا، ئەم ئەرکەی بۆ بایدن بەجێهێشتبوو، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای چوونە کۆشکی سپی خۆی لە نزیکەوە سەرپەرشتی بابەتی عێراق بکات.

عێراقییەکان بە گشتی پێشوازییان لە سەرکەوتنی بایدن کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی کشانەوە لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی عێراق نەیتوانی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە بپارێزێت.

بایدن و تاران
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکییەکان نەیانتوانی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ باشوری شیعەنشین دروستبکەن، ئەمە لە کاتێکدا هەژموونی ئێران لە عێراق و ناو شیعەکان بەردەوام زیاتر دەبوو.

دواتر گۆڕانکاری روویدا، لە ناڕەزایەتییەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بەشێکی دیاری شیعەکانی عێراق هەژموونی تارانیان رەتکردەوە، لە ئێستاشدا ئومێدێکی گەورەیان بە ئیدارەی بایدن نییە و ئەوەی ئامانجیانە عێراقێکی خاوەن سەروەریی و نیشتمانێکی سەربەخۆیە.

لە ئێستادا گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران خۆشحاڵن بە هاتنی بایدن و بە پێچەوانەشەوە چالاکوان و نیشتمانییەکان ترسیان لەوە هەیە نزیکی بایدن لە ئێرانەوە زیاتر دەستی تاران لە بەغدادا بکاتەوە.

هەروەک محەمەد محی وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی بە فرانس پرێسی وتووە، "سەردەمی ترەمپ زۆر خراپ بوو، سەردەمی شکان بوو" بە هیواشە لە ئیدارەی نوێدا قەیرانەکان کۆتاییان بێت و هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە.

بایدن دۆستی مالکییە؟
جۆ بایدن بە یەکیک لە دۆستەکانی نوری مالکی دادەنرێت، ئەوەش کاتێک دەرکەوت، جۆ بایدن لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٠ سەرەڕای ئەوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو پشتیوانی لە مالکی کرد و پشتی لە عەلاوی خاوەن یەکەم دەنگ کرد.

عەلاوی بۆ هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٠ هاوپەیمانییەکی بە ناوی "بزوتنەوەی عێراقی" پێکهێنا، ئەمەس بەمەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین لایەنی شیعی و سونی، توانیشی ببێت بە براوەی هەڵبژاردنەکان و پێش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالکی بکەوێت.

دەبوایە عەلاوی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام مالکی ئەم دۆخە نوێیەی قبوڵ نەکرد و لە رێگەی دادگاوە یەکەمبوونی کوتلەکەی یەکلاکردەوە، لەم کاتەدا پسپۆڕانی سیاسیی ئەمریکی بە بایدنیان وت پارێزگاری لە دیموکراسییەتی عێراق بکات و رێگر بێت لەم هەوڵەی مالکی، بەڵام بایدن پشتگیری مالکی کرد، دواتر وا لێکدرایەوە بایدن ئەم کارەی بۆ رازیکردنی تاران کردووە.

دواتر کێشەکانی عێراق تەقینەوە، مالکی دەسەڵاتی خۆی زیاتر کرد، سونەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و هێزە ئەمنییەکانیش بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە.

مالکی بە ئەمەوە نەوەستا، بە ئامۆژگاری تاران فشاری لە واشنتن کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش سەریگرت، ئەوەش دوای ئەوەی خودی بایدن سەرپەرشتی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکای کرد لە ساڵی ٢٠١١، بەم جۆرەش مالکی توانی سوپای عێراقی بە ویستی خۆی و تاران دروستبکاتەوە و شیعەش بکات بە پێکهێنەری سەرەکی و یەم خاوەن بڕیاری سوپاکە.

ئەبوبەکر بەغدادی ناڕەزایەتیی سونەکانی قۆستەوە و توانی لە ساڵی ٢٠١٤ دەست بەسەر شاری موسڵ و دواتریش چەند شاریکی دیکەی عێراقدا بگرێت، بەشێک لە پسپۆڕە ئەمریکییەکان هاتنی داعشیان خستە ئەستۆی بایدن و پشتگیرییەکانی بۆ مالکی.

بایدن بۆ عێراقێکی جیاواز لە سەردەمی مالکی دەگەڕێتەوە، بەغدا بەدەست قەیرانی دارایی و تەندروستییەوە دەناڵێنێت، حکومەت هێشتا دەسەڵاتی یەکەمی وڵات نییە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەپێشە، لەگەڵ هەموو ئەم سەختییانەی عێراقدا، پێناچێت بایدن بتوانێت عێراق رزگار بکات، بەتایبەت کە سیاسەتێکی نەرمی هەیە بەرامبەر ئێران.

بایدن و کورد
بایدن لەو سیاسییانەی ئەمریکایە پەیوەندی نزیک و دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بە وردی ئاگاداری کێشەی کوردە لە عێراق، هەمیشە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، رێک بە پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ کە کەمترین زانیاری لەسەر کێشەی کورد هەیە، هیچ دۆستایەتیی و مێژوویەکی لەگەڵ کوردا نییە، هەروەک جۆن بۆڵتن دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ پێی وتووە، "کوردەکانم خۆشناوێت."

هەر ئەم دوورییەی ترەمپ و نزیکییەی بایدن وای کردووە، کە لە هەموو کەس زیاتر بەرپرسانی کورد خۆشحاڵ بن بە دۆڕانی ترەمپ و سەرکەوتنی جۆ بایدن، بەتایبەت کە جۆ بایدن هێندە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانێت خۆی و بەبێ هیچ کێشەیەک سەرپەرشتی دۆسییەی کورد و عێراقیش بکات.

بایدن پێش ٢٠٠٣ بە روونی پشتگیری روخانی سەدامی کرد و لە ئەنجومەنی پیران بەم جۆرە دوا، "ئەگەر سەدام دەستی بەچەکی کیمیاوی بگات، کوردەکان لەناودەبات."

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دڵخۆشن بە هاتنی بایدن و خوازیارن هاوکاریان بێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەتایبەت کە ئێستا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانیشی پێویستی بە عێراقە.

بایدن بیشیەوێت پشتگیری کورد و سەربەخۆییان بکات، رووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە، بەتایبەت ئێران و تورکیا کە دژایەتی ئاشکرای سەربەخۆیی هەرێمن، بایدن کە ویستی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تاران هەیە ناتوانێت بە ویستی خۆی لە کوردەکان نزیک ببێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بایدن نایەوێت لە یەک کاتدا بکەوێتە کێشەوە لەگەڵ تاران و ئەنقەرەش.