11:48 - 20/11/2020
هێڵی هەژاری لە عێراق هەڵدەكشێت
چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزین و ناجێگیری نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا رێژەی هەژاری لە عێراق هەڵكشان بەخۆیەوە ببینێت و راپۆرتێكی نێودەوڵەتیش پێشبینی دەكات زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی دیكەی عێراق بكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
هەروەك پێشبینیش دەكرێت كە بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەوە بەهای دراوی عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی هاوشێوەی تومانی ئێرانی و لیرەی توركی نرخەكەی هەرزان ببێت.
چاوەڕوانی هەژاری
بانكی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا شیكاری ئابوری بۆ دۆخی دارایی عێراق كردووە و بەپێی شیكارییەكەی ئەوان لە ئایندەیەكی نزیكدا چەندین ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە مەزەندە دەكرێت هەژاری لە عێراقدا لە ماوەی كورتخایەندا بە ڕێژەی 7 بۆ 14 % زیاد بكات ، ئەمەش مانای ئەوەیە كە لە نێوان 5 ملیۆن بۆ 7 ملیۆن هاوڵاتی پەیوەست دەبن بەو 10 ملیۆن هاوڵاتییەی ئێستا لەژێر هێڵی هەژاریدان.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، پشكی شێری قەیران و مەترسییەكە بەر ئەو خێزانانە دەكەوێت كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن و بەهۆی لەدەستدانی كارەكانیان ناچارن ئەگەر پاشەكەوتێكی دارایی كەمیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان بەكاری بهێنن، دوای ئەو قۆناغەش دەكەونە هەژارییەوە.
قەرز هەرەس بە دینار دەهێنێت
لەلایەكی دیكەوە پسپۆڕێكی ئابوری كە پێشتر بەرپرسیارێتی گەورەی هەبووە لە وەزارەتی دارایی عێراق پێشبینی دەكات بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەوە دیناری عێراقی هاوشێوەی تومانی ئێرانی و لیرەی توركی نرخ و بەهاكەی لەدەستبدات.
د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت: لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایدەگەیەنێت: ئەگەر ئەگەر عێراق هەر بەردەوامبوو لەسەر وەرگرتنی قەرز ئەوا ئابوری بەرەو ڕووخان دەڕوات پارەی عیراقیش وەكو تمەن و لیرەكی توركی بێ نرخ دەبێت.
د. فازڵ نەبی وتیشی: ڕاستە عێراق لەدەوڵەتە هەژارەكان نییە كە بەیانی نەتوانێت قەرز بداتەوە بەڵام ناشكرێت خۆی بخاتە باری قەرزێكی یەكجار گەورە كەدوایی زەحمەت بێت دانەوەی قەرزەكە، لەڕاستیدا ئەوە هەڵبژاردنێكی باش نییە ئەوە دیسان دووبارە پەرلەمان ڕازی بووە كە عێراق 12 تریلیۆن دینار قەرز بكات بۆ ئەوەی لەئێستاوە مووچەی ئەو سێ مانگەی داهاتووی عێراقی پێ بدات، حكومەت دوای 41 تریلیۆن دیناری كردبوو بەڵام بەبۆچونی من ئەو 12 تریلیۆنەش زیادەیە واتە عێراق تا كۆتایی ساڵ پێویستی تەنها بە 5-6 تریلیۆن دینار دەبێت چونكە داهاتی نەوتی عێراق ئەگەر تەماشای بكەین نزیكەی 3.5 ملیار دۆلارەكە دەكاتە 4 تریلیۆن دینار و زیاتر.
هەر لەبارەی مەترسی قەرزەكانەوە بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات: چارەسەری قەرز هەمیشە بۆ مەسەلەی لەناكاوە مەسەلەیەك كەڕوو دەدات بەڵام مەسەلەی هاتنەخوارەوەی نەوت چاوەڕوانكراوبوو دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا بۆیە دەبووایە عیراق بەدوای چارەسەری تر بگەڕێت، ناكرێت بۆ هەموو شتێك هەر قەرز بكەن من خۆم پێشتر سەرۆكی وەفدی عێراق بووم كاتێك كە چووین بۆ كۆبوونەوەیەكی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی لەساڵی 2016 ڕێكەوتننی (SBA) مان كرد لەگەڵیان كە نزیكەی 18 ملیار دۆلار دەتوانن قەرز بدەنە عێراق هەركاتێك پێویستی پێ بێت بتوانێت ڕایكێشێت بەڵام ئێمە لەو 18 ملیارە نیوەی كەمترمان ڕاكێشا چونكە نەمانویست خۆمان بخەینە ژێرباری قەرزی گەورە كەسبەی ڕۆژ نەتوانین بیدەینەوە، ئێستا بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختی نێودەوڵەتی هەردووكیان ڕازی نەبوون كەقەرز بدەنە عێراق چونكە ئەوان ڕازی نابن قەرز بۆ مووچە خەرج بكرێت، ئەوان دەیانەوێت قەرز بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان بڕوات كەواتە ناچارن قەرزی ناوخۆیی وەربگرن.
هەرچۆنێك بێت، ئێستا دابەزینی بەهای نەوت لەلایەك و خەرجییەكی بێ شوماری تەندروستی بەهۆی تەشەنەكردنی كۆرۆنا لەلایەكی دیكە، هاوكات كەڵەكەبوونی قەرز و مەترسییە دوورمەوداكانی ئەو قەرزانە دەرهاویشتەیەكی هاوبەشیان لێدەخوێندرێتەوە، ئەویش هەژاربوونی زیاتری هاوڵاتیانی عێراق و چاوەڕوانی قەیرانێكی دارایی سەختە.