ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:04 - 19/11/2020

دە ساڵە ئیسرائیل لە بەحرەیەن باڵیۆزخانەی نهێنی هەیە‌

پەیسەر

هەرچەندە پێشتر میسر و ئەردەن پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردبوویەوە، بەڵام دەنگدانەوەكەی بە ئەندازەی ڕێككەوتنی ئیمارات و بەحریەن دەنگی نەدایەوە، پرسیار ئەوەبوو چۆن ئەو دوو وڵاتە بەو خێراییە بۆچوونەكانیان گۆڕیی؟ چۆن ئیسرائیل لە دووژمنەوە كردە دۆست؟ بەڵام بە تێپەربوونی كات بەشێك لە نهێنیەكانی ئەو پرۆسەیە ئاشكرا دەبێت، لەم ڕاپۆرتەدا بەشێك لەنهێنیەكان ئاشكرا دەكەین، كە ماوەی دە ساڵ زیاترە باڵێۆزخانەی ئیسرائیل لە مەنامەداكراوەتەوەو چۆن بە نهێنی كاری تێدا كراوەو ئەوانەی كە بەڕێوەیان بردووە كێ بوون؟

پێگەی ئەلیكترۆنی (میدڵ ئیسا ئای) ڕاپۆرتێكی ئامادەكردووەو تیایدا هاتووە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی هەر ئەوە نەبووە كە بەشێكیان بە ئاشكرا دژایەتییانكردووە و لە ژێرەوەش پەیوەندییان لەگەڵ دروستكردوون، بەڵكو ژمارەیەكی تریان بەناوی جۆراوجۆر و لە ژێر سەرپۆشی كۆمپانیا و ڕێكخراوی جۆراوجۆردا پەیوەندییەكانیان بەردەوام هەبووە، ئەوان نموونەی وڵاتی بەحرەین دەهێننەوە كە ماوەی 10 ساڵ زیاترە پەیوەندییەكانی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل لە ڕێگەی ژمارەیەك كۆمپانیای بازرگانییەوە لە ژیر ناوی جیاواز دا كارەكانیان ئەنجام داوە.

نوێنەری نهێنی ئیسرائیل:
 پێگەی -ئەكسیۆس –ی هەواڵی دوێنیێ چوار شەممەی 18 تشرینی دووەم2020 بڵاوی كردووەتەوە كە 10 ساڵ دەبێت نوێنەرایەتیەكی نهێنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەحرەین كاربۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكات و دەكرێت ئەو نوێنەرایەتیە بە یەكێك لە هاوكارو هۆكارە سەرەكیەكانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و بەحریەن دابنرێت.بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكە نوێنەرایەتییەكە بە فەرمی لە –مەنامە- نوسینگەیان هەبووە، تابلۆی ئەو شوێنەش بەناوی كۆمپانیایەكی بازرگانییەوە بووەو گوایە كاری ڕاوێژكاری لە بواری بازرگانیدا ئەنجام دەدەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەكسیروس، یەكەم دانیشتنی تێگەیشتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە نوسینگەی ئەو كۆمپانیایەوە ئەنجام دراوەو چەندین كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجام دراوە، تەناتەت وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل-تسیبی لیفنی- بە نهێنی سەردانی ئەو كۆمپانیایەی كردووەو لەگەڵ هاوتاكەی خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە كۆبووەتەوە.

بە پێی سەرچاوەكەی ئەكسیرۆس ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2009 ەوە دامەزراوەو بە پێی فەرمانێكی حكومەتی ئیسرائیل بڵاوكردنەوەی هەموو جۆرە زانیارییەك لەوباریەوە قەدەغە بووە، هەروەها باس لەوەش دەكات كە پێشتر كۆمپانیایەكی هاوشێوە لە قەتەریش هەبووە، بەڵام قەتەر كۆتایی بەكاری كۆمپانیاكە هێناوەو دوای ئەوە لە دۆحە كراوەتەوە. .

هەموو جۆرە هەواڵ و باس و خواسێك لەبارەی ئەو كۆمپانیایەوە قەدەغەبووە، تا هەفتەی پێشوو لە كەناڵی 11 ی هەواڵی ئیسرائیلی هەواڵێكی بچووك لەبارەی ئەو كۆمپانیایەوە بڵاوكراوەتەوە.

جمەی دبلۆماتكاران لە نێو نوسینگە نهێنیەكاندا:
بە پێی ڕاپۆرتەكەی ئێكسیۆس تۆمارە گشتیەكانی ئەو كۆمپانیایە ئەوە نیشان دەدات كە بەردەوام سەردانی كاری زۆرو بەردەوامی هەبووە، كۆمپانیاكە ناوی (مركز التنمية الدولية) یەوە بووە، كاریان بۆ بازاڕكردن و پەرەپێدانی بازرگانی و خزمەتگوزاریی وەربەرهێنان كردووە.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لەبەر هەندێك هۆكاری ئەمنی و دەرنەكەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی كۆمپانیاكە، لەسەر بریاری حكومەتی بەحرەین ناوی كۆمپانیاكەیانگۆڕیوەو تەنها ئەوانە بۆیان هەبووە سەردانی بكەن كە جگە لە ناسنامەی ئیسرائیلی ناسنامەیەكی دیكەیان هەبێت و لە وڵاتێكی دیكەوە بەرەو بەحرەین ڕێبكەون.

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە لە ئەستۆی كەسێك بووە بەناوی (جوناسان میلەر) كە هاوڵاتیەكی باشووری ئەفەریقایە، بەڵام دواتر دەركەوتووە كە ئەو كەسە لە پێش 2013 بۆماوەی 3 ساڵ كۆنوسڵی ئیسرائیل بووە لە شاریمۆمبای ئیسرائیل،هەروەها یەكێكی دیكە لەوانەی كاری كۆمپانیاكەیان  بەڕێوە بردووە ناوی –ئیدۆ مۆید- بووە ، كە بەڕەگەز خەڵكی بەلجیكا بووە و پێشتر ڕێكخەریی  بەشی ئەلیكترۆنی بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، هەروەها ئیلان فلۆس، كە هاوڵاتیەكەی بەڕەگەز بەریتانی بووەو بەڕێوەبەری كاروباری ئابووری بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل.

بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكە تا ماوەیەك پێش لە ئێستا بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە فەرمانبەرێكی دبلۆماتكار بووەو وەكهاوڵاتیەكی ئەمەریكی خۆی ناساندووەو هەریەك لەوانەش كە كاریان كردووە شوناسی ڕاستەقینەیان دیار نەبووە بۆ ئەوەی ئەسڵی كارەكەیان بەڕێوە ببەن كە دروستكردنی پەیوەندیی نھینییە لەگەل وڵاتی بەحرەین، لە كاتێكدا ئەو كۆمپانیایە وەك یەكێك لە كۆمپانیا دیارو بەرجەستەكانی بەحرەین هاتووتە ئەژمارو تەنانەت لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش و شانازییان بە سەركەوتنەكانی خۆیانەوە كردووە.

ئاشكرابوون:
دوای ئەوەی رۆژی یەكشەمەی ڕابووردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و بەحرەین بە هاوڕێیەتی وەزیری گەنجینەكانی ئەمەریكا-ستیڤ منوشین-سەردانی مەنامەیان كرد، نیەتی هەردولایان دەركەوت كە لەداوی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات دەیانەوێت لەبواری فرۆكەوانی، بازرگانی ، وزە، تەندروستی و زانستدا هاوكاری یەكتریی بكەن و ئەزموونەكانیان بگۆڕنەوە، ئیسرائیل داوای ئەوەی كرد كە ڕێگەیان پێبدەن لەنێو مەنامەدا باڵێۆزخانەی فەرمی بكەنەوە، بەرپرسێكی ئیسرائیلیش گوتوویەتی: كارەكەمان زۆر ئاسانە تەنها تابلۆی كۆمپانیاكە دەگؤڕین.