04:39 - 16/11/2020
موعه‌لیم..روخساره دیپلۆماسییەکەی شه‌ڕى خوێناوى سوریا
تا مرد سه‌رسه‌ختانه به‌رگى له سیاسه‌تى ئه‌سه‌د ده‌كرد، خۆى له خێزانێكى موسڵمانى سوننه مه‌زهه‌به‌و ئه‌ندازیارى په‌یوه‌ندى توندوتۆڵ بوو له‌گه‌ڵ روسیا و ئێران، 10 ساڵ له ئه‌مریكا ژیاوه‌و باڵیۆز بووه، به‌ڵام له هه‌ره نه‌یاره تونده‌كانى سیاسه‌تى ئه‌مریكایه و له‌سه‌ر كاره‌كانى واشنتن سزاى داوه. به هێمنى و هێواشى قسه‌یده‌كرد، به‌ڵام لایه‌نگرى ته‌واوى شه‌ڕبوو تا كۆتاییهێنان به نه‌یاره‌كان. وه‌لید موعه‌لیم روخساره نه‌رمه‌كه‌ى شه‌ڕ.
یه‌كێك له رووخساره دیاره‌كانى شه‌ڕى چه‌ند ساڵه‌ى ناوخۆى سوریا و خاوه‌نى ئه‌زموونێكى 50 ساڵه له شه‌ڕى دیبلۆماسى بۆ به‌رگرى له رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ كۆتایى به ژیانى هات، به‌یانى زوو ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه مردنى موعه‌لیم له ته‌مه‌نى 79 ساڵیدا مرد، به‌یاننامه‌ى فه‌رمى سوریا نه‌چووه‌ته ورده‌كارى هۆكارى مردنه‌كه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ندەیه هه‌یه ئه‌م سه‌ربازه قات له‌به‌ره قه‌ڵه‌وه‌ى ئه‌سه‌د ساڵانێكى زۆره له‌گه‌ڵ دڵیدا له ململانێدایه.
موعه‌لیم 14ساڵى ته‌واوه له‌سه‌ر كورسى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوریا دانیشتووه، داكۆكیكارێكى سه‌ر سه‌ختى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌سه‌ده و تا مردنى ده‌ستى له به‌رگرى رژێم و گوتاره تونده‌كانى دژى نه‌یاره‌كانى ئه‌سه‌د هه‌ڵنه‌گرت، ئه‌و پیاوه قه‌ڵه‌وه ئه‌ندازیارى درووستكردنى په‌یوه‌ندى گه‌رمى سوریایه له‌گه‌ڵ روسیا و ئێران، به جارێك رووى وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌و مۆسكۆ و تاران وه‌رگێڕاو بۆ هه‌میشه سوریاشى كرد به گۆڕه‌پانى دووه‌مى خه‌تى روس، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ى موعه‌لیم سوریاى به‌هێزكرد و توانى ئه‌و ناوچانه وه‌ربگرێته‌وه كه گروپه چه‌كداره‌كان كۆنتڕۆڵیان كردبوو.
بڕیاره فه‌یسه‌ڵ میقدادى جێگریى، شوێنى ئه‌م پیاوه پڕ بكاته‌وه، كه پێنج ده‌یه‌ى ته‌مه‌نى له باڵه‌خانه دیبلۆماسییه‌كانى رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌ددا به‌سه‌ربردبوو و تاڵه مووه‌كانى سه‌ریشى هه‌ر له پێناو به‌رگرى له ده‌سه‌ڵاته پشتاوپشته‌كه‌ى ئه‌سه‌د سپى كردبوو.
موعه‌لیم كێیه؟
ساڵى 2006 پۆستى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وه‌رگرت، له هه‌مان كات جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بوو. پێشتر باڵیۆزى سوریا بووه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، یه‌كێك بووه له دانوستانكاره‌كانى دانوستانى ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنى ئاشتى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ڵام دانوستانه‌كان شكستیان هێنا.
مامۆستابوو له خێزانێكى سووننى مه‌زهه‌بى دیمه‌شقدا گه‌وره‌بووه، به‌ڵام به راشكاوى به‌رگرى له بوونى سه‌ربازیى روسیا و ئێران ده‌كرد له سوریا.
شه‌ڕى ئه‌هلى سوریا له ساڵى 2011 هه‌ڵگیرسا، دواى ئه‌وه‌ى رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د به ئاگر و ئاسن رووبه‌ڕووى ناڕه‌زاییه‌كان بووه‌وه، كه داواى كۆتایى هاتنى ده‌سه‌ڵاتدارێتى خێزانى ئه‌سه‌دیان ده‌كرد.
موعه‌لیم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاو پێش ئه‌وه‌ى شه‌ڕى سوریا ده‌ستپێبكات، دۆستى سیاسه‌تیى نزیكبوونه‌وه له ئێران و روسیا بوو لێدوانێكى ساڵى 2006ى هه‌یه كاتێك تازه كورسى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى وه‌رگرتبوو گوتى، ئاماده‌یه ببێت به یه‌كێك له سه‌ربازه‌كانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵاى ئه‌میندارى گشتى حزبوڵاى لوبنان.
حزبوڵا له‌م ساڵانه‌ى دوایى به چاوساغیی موعه‌لیم هه‌زاران چه‌كدارى خۆى نارد بۆ سوریا، تا پشتیوانى رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بكه‌ن، دژى گروپه چه‌كداره‌كان، له كاتێكدا ره‌خنه‌ى توندى له واشنتن و رۆژئاوا ده‌گرت، به‌وه‌ى وڵاته‌كه‌یان كردووه‌ته سووته‌مه‌نى شه‌ڕ. هاوكات گروپه چه‌كداره‌كانى به"تیرۆرست"ناو ده‌برد، موعه‌لیم یه‌كێك له ئه‌ندازیاره‌كانى به‌ڵاى شه‌ڕى ناوخۆ بوو كه تێیدا ملیۆنان كه‌س ئاواره‌بوون و مردن.
دوایین لێدوانى موعه‌لیم، بریتی بوو له ره‌خنه‌گرتن و هێرشكردنه سه‌ر یاساى قه‌یسه‌ر، كه توندترین یاساى ئه‌مریكا بووه دژى دیمه‌شق تا ئێستا. موعه‌لیم گوتى، ئامانج له‌م یاسایه خنكاندانى سورییه‌كانه، به‌ڵام وڵاته‌كه‌ى پشتیوانى له ئێران و روسیا به‌ده‌ستده‌هێنێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رى سزاكان.
ئه‌و له ساڵانى ناكۆكى سوریادا وه‌ك روخسارى ئه‌سه‌د ته‌ماشا ده‌كرا، سه‌ره‌ڕاى گۆڕینى كابینه‌كه‌كان ئه‌و كورسییه‌كه‌ى خۆى مسۆگه‌ربوو ئه‌سه‌د پێى ده‌به‌خشییه‌وه، له‌كاتێكدا به گروپه چه‌كداره‌كانى نه‌یارى ئه‌سه‌دى ده‌گوت "تیرۆرست"، له هه‌مان كات ره‌خنه‌ى توندیشى له كوردانى سوریا ده‌گرت و به‌هۆى كاركردنى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان.
ئه‌و به سروشتە سارد و هێمنه‌كه‌ى ناسرابوو ته‌نانه‌ت له سه‌ختترین ساته‌كانى شه‌ڕدا، ده‌هاته سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فیزیۆنه‌كان و به هێواشى و ئارامى قسه‌ى ده‌كرد.
واشنتن له 31ى 8ى 2011 سزاى به‌سه‌ر موعه‌لیم-دا سه‌پاند، تۆمه‌تبارى كرد به‌وه‌ى كه كاره تیرۆرییه‌كانى ئه‌سه‌د ده‌شارێته‌وه‌و "درۆ" بڵاو ده‌كاته‌وه. به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كان گوتیان موعه‌لیم داینه‌مۆى په‌یوه‌ندى نێوان تاران و دیمه‌شقه.
موعه‌لیم هاوسه‌رگیرى كردووه‌و سێ منداڵى هه‌یه، له ساڵى 1964 ه‌وه دواى ته‌واوكردنى زانكۆى قاهیره‌و به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس له ئابوورى و سیاسه‌ت له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوریا ده‌ستى به كار كردووه، له باڵیۆزه‌كانى سوریا وه‌ك دیبلۆماتكار له‌چه‌ندین وڵات كاریكردووه، له ساڵانى 1990 بۆ 1999 باڵیۆزى سوریا بووه له ئه‌مریكا.
موعه‌لیم نوسه‌ره‌و چوار كتێبى هه‌یه تایبه‌تن به مێژووى سوریا و كێشه‌ى فه‌له‌ستین و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و سیاسه‌تى ئه‌مریكا.