11:58 - 13/11/2020
دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئاڵبایراک؛ تورکیا دەتوانێت خۆی رزگار بکات؟
گۆڕانکاری گەورە و فراوان لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا روویداوە، هەندێکیان لە بەرژەوەندی تورکیا نین، بۆیە ناچارە دەست بە گۆڕانکاری لە ئاستی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەکیشدا بکات، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری گەنجینە و دارایی بە سەرەتای زنجیرەیەک گۆڕانکاری گەورە و ریشەیی لە تورکیا دادەنرێت.
دەستلەکارکێشانەوەی ئاڵبایراک
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەرات ئاڵبایراک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئینستاگرامەوە دەستی لەکارکێشایەوە، ئاماژەی چەندین گۆڕانکاری لەناو پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا و حکومەتیش خستەڕوو.
لەگەڵ ئەوەی ئاڵبایراک لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا باس لەوە دەکات بە هۆکاری خراپی رەوشی تەندروستییەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن ئاڵبایراک لە بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵات ناڕازی بووە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا و دانانی ناجی ئاغباڵ وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکەی بووە.
بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاڵبایراک پێشبینیکراویش بووە، چەندین مانگیش دەبێت باس لە لابردن یان دەستلەکارکێشانەوەی دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا دابەزی.
گۆڕانکاریی ناچاریی
چەند مانگێکە باس لە گۆڕانکاری گەورە و ریشەیی دەکرێت لەنێو پارتی داد و گەشەپێدان و حکومەتی تورکیاشدا، بەتایبەت لەو پۆستانەدا کە پەیوەندییان بە ئابووری، دارایی و بانکییەوە هەیە، دانانی کەسێکی وەک پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی کە بە دڵی ئاڵبایراک نەبوو، دەرگای بەسەر زنجیرەک گۆڕانکاری چاوەڕوانکراودا کردەوە.
دوای ٢٤ کاتژمێر لە کاردانەوەی ئەرێنیی بازاڕ بۆ بڕیارەکەی ئاڵبایراک، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد، واتە ئەردۆغان چاوەڕوان بوو ئایا بڕیارەکەی ئاڵبایراک کاردانەوەی باشی دەبێت یان نا و پاشان پەسەندی بکات.
دوای ئەوەی ئاڵبایراک دەستی لەکارکێشایەوە، بەهای لیرەی تورکی بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە ماوەی بوونی ئەم وەزیرە لە وەزارەتی گەنجینە و داراییدا، لیرەی تورکی سەروو ٤٠٪ی بەهای خۆی لەدەستدابوو، ئەمەش وەهای کرد پێشوازی لە دەستلەکارکێشانەوەکە بکرێت و هاوڵاتیان خۆزگەی ئەوە بخوازن زووتر دەستی لەکاربکێشایەتەوە.
تاکە چارەسەر
تورکیا لە ئێستادا پێویستی بەگۆڕانکاری گەورە و فراوان هەیە، چونکە دۆخی هەرێمیی، نێودەوڵەتیی و ناوخۆییش ناچاری دەکات دەست بە گۆڕانکاری بکات تاکو بتوانێت لەم دۆخە قورسە ئابوورییە رزگاری ببێت کە تێیکەوتووە.
جگە لە گۆڕانکاری لە سیاسەتیی دارایی و ئابوورییدا هیچ دەرچەیەکی دیکە نییە تورکیا لێیەوە رزگاری ببێت، گرنگترین گۆڕانکارییش وەک دەستی پێکردووە، لە بوارە دارایی و ئابوورییەکاندا دەبێت.
چاودێرانیش پێیان وایە تورکیا دەبێت لە سیاسەت و ستراتیژییەتی دەرەکییدا گۆڕانگاری بکات و لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا رێبکات، وەک چۆن لە سەرەتای کۆماری تورکیادا گۆڕانکاری گەورە ئەنجامدرا، تاکو سەرنجی رای گشتیی جیهانی بۆ خۆی رابکێشێت.
گۆڕانکاری نێودەوڵەتی
ئەوەی تورکیا ناچار بە گۆڕانکاری دەکات لە ئاستی ناوخۆدا ئەوەیە کە لە ئێستادا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆز، لێکنزیکتر و بەهێزترن، ئەمەش وەها دەکات هەر گۆڕانکارییەک لە وڵات و هەرێمێکدا یان هەر گۆڕانکارییەکی نێودەوڵەتی، کاریگەری راستەوخۆی هەبێت لەسەر ناوخۆی وڵات. هەر بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی هەرێمیی و نێودەوڵەتی روودەدات کاریگەری تەواوی لەسەر ناوخۆی وڵاتێکی گەورە و بەهێزی وەک تورکیا دەبێت، بەتایبەت بەهۆی شوێنە جوگرافییەوکەیەوە.
دوای هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تێگەیشتووە کە پێویستە گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر واشنتن ئەنجامبدات، چونکە سەردەمی بایدن وەک هی دۆناڵد ترەمپی دۆستی نابێت.
ئەمریکایەکی نوێ
ئیدارەی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئێستادا سەرقاڵی گۆڕانکاری گەورە و بەپەلەیە، گۆڕانکارییەک کە بتوانێت لەگەڵ سیسەتی نوێی جیهانییدا بیبات، بەتایبەت دوای هاتنە سەر کاری دیموکراتەکان بۆ سەر دەسەڵات و گەڕانەوە بۆ مۆدێلیی سیسەتی تەقلیدی لە ئەمریکا، کە وەها دەکات ئەمریکای چوار ساڵی داهاتوو ئەمریکایەکی جیاواز بێت لە سەردەمی ترەمپ.
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا گیرۆدەی چەندین کێشەی ناوخۆییە و بایدن ناچارە لەگەڵیان هەڵبکات و چارەسەریان بکات (رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، کێشەی تەندروستی، بزوتنەوە دژە رەگەزپەرستییەکان و کێشە ئابوورییەکان)، بەڵام گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەکیدا بەتایبەت لەبەرامبەر تورکیا رووداوێکە بە تەواوی چاوەڕوانی روودانی دەکرێت.
ئەوەی کە دەبێت تورکیا بیگۆڕیت، سیاسەت و ستارتیژییەتی بەرامبەر ئەمریکا، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وڵاتانی ئەورووپا کە یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت دیسانەوە لە تورکی نزیکببێتەوە.
لە هەمووشی گرنگ و پێویستتر گۆڕانکارییە لە ئاستی ناوخۆدا، بەتایبەت لە بواری ئابووری، دارایی، بانکیی، تەندروستی و ئیدارییە، واتە دەبێت تورکیا لەگەڵ گۆڕانکاریی لە دەرەوەدا گۆڕانکاریی جددیش لە ئاستی ناوخۆدا بکات.
دابڕاویی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە یەکتر و نەبوونی رکابەرێکی گەورە و بەهێز لە بەرامبەر ئەردۆغاندا، وا دەکات کەمتر ترسی لە داهاتووی هەبێت، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری خەڵک و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ناچاری دەکەن گۆڕانکاریی بکات، تەنانەت ئەگەر نەشیەوێت بیکات.