ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:13 - 02/11/2020

نەوتی ئێران لە حکومەتەکەی ترەمپدا؛ ساڵانی سزا و شکست‌

پەیسەر

لەدواین رۆژی دەستپێکردنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکاداین. چاوی هەموو سیاستەمەدارانی جیهان لەسەر هەڵبژرادنەکەیە. لەم نێوانەدا حکومەتی ئێران لەهەموو زیاتر چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و چاوەروانی ئەو گۆڕانکاریانەیە، سیاسەتی چوار ساڵی ئایندەی کۆشکی سپی دیاریدەکەن سەبارەت بەحکومەتی ئەم وڵاتە.
8ی تشرینی دووەمی 2016، کاتێک  دۆناڵد ترەمپ گەشتە کورسی دەسەڵات، ڕەنگە کەمترین کەس لەنێوان دەسەڵاتدارانی ئێراندا، گومانی ئەوەی کردبێت، رۆژە سەختەکان چاوەڕوانی ئەم وڵاتەیە.
ترەمپ هەر لەسەرەتای ئامادەبوونی لە کۆشکی سپیدا، هەنگاوی توند و جدی دژی ئێران گرتەبەر و گرنگترینی ئەو هەنگاوانەش دەرچوون بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێران. هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە لەکاتێکدابوو، ئێران دوای ڕێککەوتنەکە لە ساڵی 2015دا تازە دەستیکردبوەوە بە فرۆشتنی نەوت و زیادکردنی ناردنەدرەوەی، تاوەکو بتوانێت گیانێکی نوێ بکاتەوە بەر جەستە هیلاکی ئابوریەکەی. ئابوریەک دوای چوار دەیە سزا ،تازە بەهۆی ڕێککەوتنەکەوە لە گەشانەوەدا بوو
.


چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە، سەپاندنی سزا یەک لایەنەکانی دژی ئێران بەدوای خۆیدا هێنا. سزاکان سەرەکیترین سەرچاوەکانی دەرامەتی حکومەتی ئێرانی کردبووە ئامانج و مەبەست لێی، ئەوپەڕی فشاربوو لەسەر حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی ناردنەدەرەوەی نەوت بکاتە سفر و تەواوی نەوتی ئەم وڵاتە لەبازەرەکانی جیهاندا بسڕێتەوە. بە چاوخشاندن بە ئامارەکانی ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران لە سێ ساڵی ڕابردوودا، دەبینین ئەم سزایانە بەتەواوی ئامانجی خۆیان نەپێکا، بەڵام تارادەیەکی زۆر ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێرانی لە بازارەکانی جیهاندا کەمکردەوە.

ترەمپ لە ساڵی 2018 دا، بڕیاری چونەدەرەوەی لە ڕێکەوتن ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژۆکرد

سزا و سڕینەوەی کڕیارە سەرەکیەکانی نەوتی ئێران لە بازاڕدا
4ی تشرینی یەکەم 2018، سەرەتای وەرزێکی نوێی سزاکان بوو لەسەر نەوتی ئێران. لەم بەروارەدا، ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران قەدەغەکرا و تەنیا هەشت کریاری سەرەکی ڕێگەیان پێدرابوو مامەڵە لەگەڵ نەوتی ئەم وڵاتەدا بکەن ئەویش تا بڕێکی دیاریکراو دەیانتوانی نەوت لە ئێران بکڕن. هۆکاری رێگەپێدان بەم کڕیارانەش، ترس بوو لەو شۆکەی بۆ بازاری جیهانی دروست دەبوو، بەهۆی سڕینەوەی لەناکاوی نەوتی ئەم وڵاتە. دوای چەند جارێک پێداچونەوەشی، ڕیگەپێدانی کریارە سەرەکیەکانیش لە 22 نیسانی 2019 دا کۆتای هات و لەمەو بەدوا هەر جۆرە مەمەڵەیەکی نەوتی لەگەڵ ئێراندا قەدەغەکرا.

چین؛تەنها یەک-حەوتی نەوتی دوو ساڵی رابردووی کڕیوە
بەگوێرەی ئاماری ساڵانەی ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران لەلایەن کۆمپانیای کیپلەر، چین سەرەکیترین کڕیاری نەوتی ئێرانە و لەو وڵاتانەیە سەرەڕای قەدەغەی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی ئێراندا، هێشتا لە کڕینی نەوتی ئەم وڵاتە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کیپلەر، چین لەساڵی 2018 دا 683 هەزار بەمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە لە ڕۆژێکدا، لە ساڵی 2019 دا بوەتە 301 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و لە ساڵی 2020 دا تا مانگی ئەیلول نزیکەی 92 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، ئەم بڕەش دەکاتە یەک حەوتەمی بڕی دوو ساڵی پێشوو.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چین، لە ترسی سزکانی ئەمریکا واز لە کڕینی نەوتی ئێران دێنن

ئاماری کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن هندستانیشەوە وەک دووەمین کڕیاری نەوتی ئەم وڵاتە، حاڵەتێکی خراپتر لەوەی چین پیشاندەدات، چونکە ئەم وڵاتە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆسەر نەوتی ئێران کڕینی نەوتی لەگەڵ ئێراندا گەیاندە سفر. هندستان لە ساڵی 2018 دا نزیکەی 530 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە ئێران دەکڕی و لە ساڵی دواتردا 92 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە ساڵی 2020 دا ئەم بڕە گەشتە سفر.
لە ئێستادا سەرەڕای هەبوونی سزاکانی ئەمریکا تەنها چین، ئیمارات، سوریا، تورکیا و ڤەنزوێلا ، ئەگەرچی  بڕیکی کەمیشە، بەڵام بەردەوامن لە کڕینی نەوتی ئێران.
بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیای راوێژکاری وزەی ئێف جی ئەی، مانگانە دابەزینی ڕێژەی ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران پیشاندەدات، ڕیژەی ناردنەدەرەوە، ئەگەرچی نەگەشتە سفر، بەڵام لە 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە لە ساڵی 2016 دا، تاوەکو شوباتی 2020 دابەزیوە بۆ نزیکەی 130 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. بەگوێرەی ئاماری رەسمی ئەم کۆمپانیایە لە مانگی ئەیلودا نزیکەی 260 هەزار بەرمیل بووە، بەهەژمارکردنی ناردنەدەرەوەی نەوت بەڕێگەی شاراوەش لەلایەن ئەم وڵاتەوە هێشتا ناردنەدەرەوەی نەوت ناگاتە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

هەناردەی "موین"  
دابەزینی لەبەرچاوی ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران، ئەگەرچی لێدانێک بۆ سەر پیشەسازی نەوتی ئەم وڵاتە دادەنرێت، بەڵام ئەوەی لەم دابەزینە زیاتر ئابوری ئەم وڵاتەی توشتی گرفت کردووە. دابەزینی زۆری نرخی ڕیاڵ و هەڵبەز و دابەزینی دراوی ئێستایە، ئابوری ئەم وڵاتەی هێناوەتە لێواری شکستهێنان و ڕووبەڕووی گرفتی جدی وەک  هەڵئاوسان و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری کردۆتەوە.

بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران

 
بێژەن زەنگەنەی وەزیری نەوتی ئێران باسی لە هەوڵەکان کرد بە شیوازی نارەسمی وەک "هەناردەی موین"ی نەوتی ئێران و "گۆڕینی کەشتیەکان" و "گواستنەوەی کەشتی بە کەشتی" بە ڕێگەی شارەوە. بەکارهێنانی ئەم شێوازانە ئەگەرچی وایکرد ناردنە دەرەوەی نەوتی ئەم وڵاتە نەگاتە سفر، بەڵام یارمەتی بارودۆخی خراپی ئابوری ئێرانی نەداوە.
ئیمان ناسری، ڕاوێژکاری بازاری نەوت و بەڕێوبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆمپانیای وزەی ئێف جی ئەی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی لەوباوەڕەدایە، ئەم شێوازانە هەرچەند یارمەتی ناردنەدەرەوەی کەمێک لە نەوتی کردوە،بەڵام " شێوازێکی تێچووی" زۆرە.
ناسری باسی لەوەشکرد " سزاکان وایکردوە تێچوویی فرۆشتنی نەوتی ئێران زیاتربێت، چونکە ئێران ناچار بوو ناوی گوێزەرەوەکان، ئاڵوگۆری کەشتی بە کەشتی و هەروەها بۆ سەرکێشی کڕینی نەوتی ئێران بەهۆی سزاکانەوە، دەبێت نرخەکەشی دابەزێنیت بۆ کڕیارەکان. لەلایەکی تریشەوە بەشێک لەم نەوتە لەناو کەشتییە گوێزەرەوەکان،کە لە ئاوەکانی دەروەی ئێراندا بەکرێگیراون و مانەویان لە لە بەندەرێکدا و چەندێکیش هەڵدەگیرێت، ئەمانە هەموو تێچوو دەبێت لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران."
ڕاوێژەکارەکە ئاماژەی بەوەداشدا " دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت، بەهۆی سزاکانەوە، ئاسان گواستنەوەی پارەی فرۆشتنی نەوت بۆ ئێران ئەستەمە و نابێت، لەهەندێک حاڵەتدا ئێران بەناچاری دەبێت لەبری ئەوە مامەڵە لەگەڵ کاڵای ناپێویستیشدا بکات."

سزاکان؛ ئێرانی لە بازاڕی گازیش بێبەشکردوە
سزاکانی ئەمریکا لەم کاتەدا، تەنها نەوتی ئێرانی نەگرتۆتەوە و ئێرانی لە زۆرێک لە پرۆژە گازیەکانیش بێبەشکردوە. فەرەیدون برکشلی، بەڕێوبەری پێشوی شاندی ئێران لە ئۆپیک لەوبڕوایەدایە، سزاکانی ئەمریکا "زیانی گەورەی"داوە لە پیشەسازی و ئابوری نەوتی ئێران، بەڵام ئەم زیانانە تەنها نەوتی خاوی ئەم وڵاتەی نەگرتۆتەوە.


برکشلی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی، سزاکانی ئەمریکای بەهۆکاری بێبەشکردنی ئێرانی لەبازاڕی جیهانی گازدانا " سزاکانی سەر نەوتی ئێران، ئێرانی لە بەشی گاز و هەناردەکردنی گاز لە ڕێگەی بۆریەوە، لە یەکێک لە دابینەکەرانی گازی گرنگی ناوچەکە و جیهان بێبەشکرد. سزاکانی ئەمریکا ڕێگاکەی چوڵکرد بۆ نەیارانێکی تر، لە ئێران جدی و ترسناکترن وەک تورکیا کە بەبێ بونی کێڵگەی گاز، لە ئێستادا بانگەشەی گرنگترین دابینکاری گازی ناوچەکە دەکات، یان ڕوسیا لە ڕێگەی گازەوە لە پێشتردا ئەوروپای خستبووە ژێر فشارەوە."

 ترەمپ یان بایدن؛ حاڵی نەوتی ئێران لەگەڵ کامیندا باشترە؟

پەیوەست بوونی ئێران لەگەڵ بازرگانی دەرەکی باسی ئەمڕۆ و دوێنێ نیە و ئەم وڵاتە دەیان ساڵە چاوی لە وەبەرهێنانە لە بەشی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی ئەم بازرگانیەدا. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لەم وڵاتەدا هاتوون و چوون، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانیوە ئەم دەرامەتە شیرینە پشتگوێبخەن.


بازرگانی دەرەکی بۆ ئێران بەشیکی گەورەی پەیوەندی هەیە بە فرۆشتنی نەوت، لە دوساڵی ڕابردوودا بەشیوەیەکی بەرچاو ڕیژەی هەناردەکردنی دابەزیوە. بەشێوەیەک ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی حەسەن رۆحانی لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی ئێرانی لە 100 ملیار دۆلارەوە بۆ 8 ملیار دۆلار دانا.
بەرپرسانی حکومەتی ئێران باگەشەی ئەوەدەکەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گرنگی نیە بۆ ئێران، بەڵام ئیمان ناسری و زۆرێک لە شیکەرەوانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئامادەی ترەمپ یان بایدن، هەریەکەیان دەتوانێت "کاریگەریەکی بەرچاوی" هەبێت لەسەر بارودۆخی چوار ساڵی داهاتووی ئێران.
بەگوتەی ناسری " لەکاتی سەرکەوتنی ترەمپدا، دەبێت چاوەڕوانی بەردەوامی سیاسەتی ئەوپەڕی فشاربین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم حاڵەتە ئابوریەی ئێستا، ئێران بەرگەی بەردەوامی ئەم بارودۆخە بۆ چوارساڵی ئایندە ناگرێت."
بە بۆچوونی ناسری، سیناریۆی سەرکەوتنی بایدن بۆ ئێران هیوادارترە و دەڵێت " ئەگەرچی  بە سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا، هەر لەسەرەتاوە ناتوانێت بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ گروپە سیاسیەکان و دەنگی ئەرێنی کۆنگرێس سزاکانی سەر ئێران لاببات و ئەم هەنگاوە کاتی دەوێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری لابردنی سزای سەر کریارەکانی نەوتی ئێران لە بواری فرۆشتنی نەوتدا، کە ترامپ پێش سزاکانی بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوونی، تارادەیەکی زۆر ڕێیتێدەچیت و بۆ ئێران تارادەیەک ئاسانکاری دەبێت."