03:35 - 31/10/2020
ئەنبار؛ چاوی لە هەرێمێکی سەربەخۆیە
پارێزگای ئەنباری سونە نشینی عێراق، لەم مانگانەی دوایدا بۆتە جێگای مشتومڕ وگفتوگۆکردن بۆ بوون بە هەرێمێکی سەربەخۆ، دوای چونەدەرەوەی هێزە
ئەمریکیەکانیش لە شارەکەدا، ژمارەیەک پرۆژەی ژێرخانیشی بە هیوای راکێشانی
وەبەرهێنانی زیاتر بۆ پارێزگاکە کۆتای پێهێناوە.
پارێزگایەکی وێران دوای داعش
سێ ساڵ تێدەپەرێت بەسەررزگارکردنی
دواین پارێزگا لە ژێردەستی داعش لە عێراقدا، لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە و
بەیارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. رزگارکردنی پارێزگاکە لەکاتێکدا بوو،
قەیرانی ئابوری بەرۆکی عێراقی گرتبوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، هەروەها دۆخی
ئەمنی شارەکەش لە بارودۆخێکی ناجێگیردابوو، ئەمەش وایکردبوو هیوایەکی کەم هەبێت بۆ
زوو بنیاتنانەوەی شارەکە و لەسەرپێوەستانی
دوای ئەو هەموو زیانە زۆرەی لەو ماوەیەدا بەسەریدا هاتبوو.
پرۆژە ژێرخانییەکان لە ئەنبار
بەم حاڵەشەوە، لەم دوایانەدا ژمارەیەک
پرۆژەی ژێرخانی لەم پارێزگایەدا کۆتای هاتووە و چەند پرۆژەی تریش لە بەرنامەدایە
بۆ جێبەجێکردن. ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراقە، زۆرترین زیانی لەلایەن کارە
توندڕەویەکانی داعشەوە لەکاتی داگیرکردن و بەڕێوەبردنی شارەکە و هێزە
عێراقیەکانەوە لەشەڕی رزگارکردنی شارەکەدا بەرکەوتبوو.
عەلی فەرحان دلێمیی پارێزگاری ئەنبار، وەک
بەشێک لە هەنگاوەکانی راکێشانیوەبەرهێنان بۆ پارێزگاکە، لە چاوپێکەوتنێکی
تەلەفزیۆنیدا لە 30 ئەیلولدا ڕایگەیاند ، تەواوی ئەو 20 ملیۆن دۆلارەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتیەوە بۆ شارە سونەنشینەکان
خەرجکراوە لە پرۆژەکاندا، کۆمپانیا تورکییەکان لە بیاباندا کاریان کردووە و
فرۆکەخانەی ڕومادی " بەزووی تەواو دەبێت"، هەروەها "پرۆژەی گەورەی
وەبەرهێنان" ڕوودەکاتە پارێزگاکە.
هەرێمی سەربەخۆی ئەنبار لە گفتوگۆدا
دروستبوونی هەرێمێکی سونی فیدراڵ
کەتۆتەوە بەرباس و گفتوگۆی سیاسیەکان، بەگوێرەی مادەی 119 دەستوری بنەرەتی عێراق، دەبێت
دروستبوونی ئەم هەرێمەش دەنگی سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و دە-یەکی
دەنگدەران بەدەست بهێنێت، هێزەکانی ئەمریکاش بەردەوامن لە کشانەوەیان لەم شارە و
خەڵکیش نیگەرانی هەژموونی نادادپەروەرانەی ئێرانن ئەگەر بەتەواوی شارەکە لەلایەن
ئەمریکیەکانەوە چۆڵبکرێت.
کێشە ئەمنییەکانی پارێزگای ئەنبار
پارێزگای ئەنبار، سنورێکی دوورودرێژی
لەگەڵ سوریادا هەیە، گەورەترین و کەم
دانیشتوترین پارێزگای عێراقیشە، دۆڵ و بیابانە بەرفراوانەکانی شارەکەش کۆنترۆڵکردنی
ئەمنی زیاتر دژوارکردوە.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی بە ئەلمۆنیتەری گوت "لەمساڵدا سەربازانی ئەمریکی چەند
بارەگایەکیان لە بارەگا سەربازیەکانیان ڕادەستی هێزە عێراقیەکان کردووە، زۆربەی
ئەو بارەگایانەش لە بەغداد، هەرێمی کوردستانی عێراق و بنکەی عەین ئەسەد بوون لە خۆرئاوای ڕومادی."
کورد و سونە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا
لەم ساڵانەی دوایدا، کورد و سونیەکان
زیاتر لە لایەنە شیعەکان وەک هاوپەیمانی ئەمریکا دەردەکەون، ئەمەش پەیوەندی
بەئێرانەوە هەیە، بەهۆی هاندان و یارمەتیدانی گروپە چەکدارەکان بۆ هێرشکردنە سەر
باڵوێزخانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کاروانە لۆجستیەکان و ناوەندە سەربازییەکان.
سیاسەتمەدەر سونیەکان پشتگیری هەرێمی
ئەنبار دەکەن
محەمەد کەربولی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ئەمنی و
بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ، لەچاوپێکەوتنکی ئەلمۆنیتەردا لە مانگی یەکی ئەمساڵ، لەبارەی هەرێمی
سەربەخۆی ئەنبارەوە گوتی " دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ بنیاتنانەوەی وڵات"، و ئاماژەی بەوەشدا
ڕومادی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی دەستلێنەدراو.
کەربولی کەسێکی نزیکی محمەد حەلبوسی
سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و هەردووکیشیان وەک دوو سیاسەتمەداری سونە باسیان لە
بەرژەوەندی دروستبونی هەرێمێکی سونە کردووە.
پردە ستراتیژیەکە چاککرایەوە
لە 26 تشرینی یەکەمدا، لە چوارچێوەی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان UNDP ڕایگەیاند، پردی ڕومانە چاککراوەتەوە، ئەم پردە لەشەڕی داعشدا زیانێکی
زۆری بەرکەوتبوو، سەرەرای ئەمەش سوپا سودی لێبینی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە
ژێر دەستی داعش، لەوکاتەدا تەنها ڕێگە بوو، بۆ گەشتن بە ناوچەکانی باکوری ڕوباری
فورات، بە چاککردنەوەشی 75000 کەس سود لەم
پردەیە دەبینن.
ئەم پردە دەکەوێتە ناوچەی قائیمی نزیکی
سنوری سوریا، تەنانەت کاتێکیش زیانی بەرکەوتبوو، بەکاردەهێنرا بۆ هێنانی هێزی یارمەتیدەری سنوری، لەماوەی دوا ئۆپەراسیۆندا
بۆسەر داعش بەکارهێنرا لە سنوری سوریا، لە ساڵ و نێوێک پێش ئێستا و لە سەرەتاکانی
2019.
ڕابەری هۆزی سونە و دانیشتوی ئەنبار،
شیخ حەمید حەیس لە 12 تشرینی یەکەم، لە ڕیگەی واتس ئەپەوە بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند
ئەمنیەتی ناوچەکە باشە و ئەو ئاماژەی بەتەواوبونی کارەکانی چاکردنەوەی پاڵاوگەی نەوتی حەدیسە کرد لە خۆرئاوای ڕومادی لە سەرەتای
تشرینی یەکەمدا، ئەمەش نیشانەیەک بوو بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنێکی زیاتر لەم
پارێزگایەدا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە 25 ی تشرینی
یەکەمدا رایانگەیاند، ئەندازیارێک سەرقاڵی چاککردنەوەی پردێکی تر بوو لە 50
کیلۆمەتری خۆرهەڵاتی روتبە، ڕفێنرا. ئەمەش ڕوداوێکی دەگمەن بوو لەمساڵدا و پاش
باشتربوونی بارودۆخی ئەمنی پارێزگاکە.
دەسەڵاتدارە و بەرپرسانی ناوچەکەش
دەمێکە هۆشداری ئەوەیان داوە، ئەگەر هەلی کار و ئاوەدانکردنەوە لەبەرچاو نەگیرێت،
گەنجانی شارەکە دەچنە ناو گروپە تیرۆریستی و بەرگریکارەکانەوە.
سەرۆکی هۆزی دیاری کەربولی لە قائیم بە
ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند، قاچاخچێتیش لە کێشە ئابوریەکانی ناوچەکەیە و یارمەتی
ناجێگیری ناوچەکە دەدات.
لە 14 ی تشرینی یەکەم ، شێخ ڕوباع
کەربولی، لە ڕێگەی واتس ئەپەوە بۆ مۆنیتەری نوسیبوو "قاچاخچێتی بە ڕێکەوتنی
هێزە بەرگریەکان"ی سنوری نێوان سوریا و عێراق دەکرێت وەک " مەڕ،
دانەوێلە و خواردن" و کاڵای تریش، لەلایەن شیعەکانی دەرەوەی پارێزگاکە و بە ڕێبەری
حەشدی شەعبی.
ئەو جەختی لەوەشکردەوە
"کۆنترۆڵکردنی تەواوی بیابانی بەرفراوانی" نزیکی قائیم کراوە و
"زانیاری هەیە لەبارەی هەندێک گروپی کەمی داعش لەم بیابانەدا و سەرقاڵی کاری
زۆرەملێن لەگەڵ شوانەکاندا" و داوای بەکارهێنانی "فرۆکەی بێفرۆکەوانی
کردبۆ چاودێریکردنی ئەم گروپانە لە بیاباندا و دامەزراندنی هێزی ئەمنی تەواو ڕاهێنراو
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بیاباندا."
شێخ دیارینەکرد مەبەستی لە کامە هێزی
ئەمنییە، بەڵام زۆرێک لە ئەندامانی هۆزەکەی لەلایەن هیزە دانیماکیەکانی
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەساڵانی رابردوودا ڕاهێنانیان پێکراوە، وەک راوێژکار و یارمەتیدەر
دامەزراون وەک بەشێک لە حەشدی عەشایەری سەربە سونەکان و ناوسراون بە لیوای مەزنی
فورات.
لە چاوپێکەوتنێکیدا حەلبوسی، پارێزگاری
پێشووی ئەنبار، لەگەڵ ئەلمۆنیتەر لە سەرەتاکای ساڵی 2018، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی
پەرلەمان گوتی "زیاتر لە 100 پرد لەم پارێزگایە لەلایەن داعشەوە خراپ بوون
و دوو ساڵی پێویستە تا پارێزگاکە "بەتەواوی چاکبکرێنەوە""
لە ئێستادا زۆرێک لە پردەکان بەتەواوی
چاککراونەتەوە و پرۆژە ژێرخانیەکانی تریش کاری تێدا دەکرێت، دانیشتوانی رومادێ
هیوادارن ئەم ئەم پارێزگایە وەبەرهێنانی تەواوەتی تیابکرێت تا گەنجەکانی بێکارنەبن
و چاویان لە هەرێمێکی سەربەخۆشە بۆ پارێزگاکەیان.