02:02 - 21/10/2020
تارمایی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا چی لە دۆخی ئێران دەگۆڕیت؟
ئێرانیەكان ئەوەندەی چاویان لەسەر هەڵبژاردنی چەند رۆژی داهاتووی ئەمەریكایە، ئەوەندە بیریان لای ئەوە نییە بۆ ساڵی داهاتوو كێ دەبێتە سەرۆك كۆماری وڵاتی خۆیان، سیناریۆكانی ئێران بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا چین؟ بۆچی حەسەن رۆحانی چاوەڕوانی دەرچوونی جۆبایدنە؟
لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی
ڕابوردوودا – جان كانالی- وەزیری گەنجیەنەكانی ئەمەریكا لە حكومەتەكەی ئیچارد
نیكسۆن دا، لە وەڵامی بەشێك لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپیدا كە سكاڵایان لە بەرزی بەهای
دۆلاری ئەمەریكی هەبوو لەبەرامبەر دراوەكانی خۆیاندا، ئەو زۆر بە سادەیی و خوێن
ساردییەوە گوتی: دۆلار پارەی ئێمەیە، خەتای خۆتانە.
دوای نیوسەدە لەو مشتومڕە
دەكرێت هەمان دەستەواژە بەكاربهێنرێتەوە، چوون هەمان دۆخی دۆلار و بەرزی بەهاكەی
تا ئێستاش یاری بە بازاڕو ئابووری جیهان دەكات، بەتایبەتی تر لە دوای جەنگی جیهانی
دووەمەوە ئەو دۆخە بەڕوونتر دەبینرێت، دەكرێت بۆ دۆخی هەڵبژاردنی سەرەتای مانگی
داهاتووی ئەمەریكا بە كەمێك دەستكارییەوە دەستەواژەی سەرەوە بەم شێوەیە
دابڕێژرێتەوە: ئێمە هەڵبژاردن بۆ خۆمان دەكەین، ئێوە خەمی چیتانەو هەقتان چییە؟
بەڵام لە ڕاستیدا هەڵبژاردنەكان كاریگەریی لەسەر بوارە جیاوازەكانی زۆرینەی جیهان
دادەنێت.
بەشێكی زۆر لە چاودێران باس
لەوە دەكەن كاریگەرییەكەی بۆ ئەوە
دەگەڕێتەوە كە دیدگای هەریەك لە كاندیدەكان و حیزبەكانیان جیاوازن. لە چۆنیەتی
پلان و بەرنامەی چارەسەركردنی كێشەكان، سەرەڕای ئەوەی هەریەك لەوانە كاریگەرییان
لەسەر ناوخۆی ئەمەریكاش هەیە، وەك چۆن كاریگەرییان لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەیە
و چارەنووسی زۆرنەی كێشەكان یەكلایی دەكاتەوە.
هەربۆیە زۆرینەی لایەن و
ڕێكخراوو وڵاتانی جیهان بە تامەزرۆرییەوە چاوەڕێی دەرئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەی
ئەمەریكان، لە نێو هەموو وڵاتانی جیهانیشدا هیچ وڵاتێك بە ئەندازەی كۆماری ئیسلامی
ئێران دژایەتی بۆ ئەمەریكا دەرنەبڕییوەو تەنانەت دروشمەكانی –مردن بۆ ئەمەریكا-ی
نەكردووەتە دروشمێكی جەماوەریی سەرشەقامەكان و لە هەمان كاتیشدا هیچ وڵاتێك بە
ئەندازەی ئەو وڵاتە ناكەوێتە ژێر كاریگەرییەكانی دوای هەڵبژاردنەكان، ئەم
كاریگەرییە تەنها لەسەر بەرپرسانی ئەو وڵاتەو شكستی سیاسەت و گۆڕینی ستراتیژیەتی
كاركردنیان ناوەستێتەوە بەڵكو كاریگەریی لەسەر تاك بەتاكی ئەو وڵاتە دادەنێت و
لەڕێگەی سزاكانی ئەمەریكاوە هێندەی تر ئابووری ئێران شكست پێدەهێنێت، بەتایبەتی
ئەگەر ترامپ دەربچێتەوە.
بە پێی توێژینەوەكان بە
ئەندازەی ئەو دژایەتییەی كە ئێرانیەكان بۆ ئەمەریكا دەیگرنەبەر زیان بەر ئێران
دەكەوێت و كاریگەری خراپ لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە و نەتەوەكانی دەگەیەنێت، ئیتر
با لەوە بگەڕێیین كە ئەمەریكا چ گرێیەكی دەروونی بۆ ئێرانیەكان دروستكردووە لەكاتی
هاتنە سەركاریی رژێمی ئیسلامییەوە لە ساڵێ 1979 و بەردەوامی هەیە تا ئێستا.
گەرچی یەكێك لە درووشمە
سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەربەخۆیییە –استقلال- بەڵام لە ڕووی پراكتیكەوە نەیتوانیوە سەربەخۆیی
خۆی بپارێزێت و كاریگەرییەكانی سیاسەت و ئابووریی جیهانی لەسەر ناوخۆی وڵاتەكەی
خۆی لابدات و نەهێلێت زیانی بەر هاوڵاتیان و پێگە سەرەكی و درووشمەكانی بكەوێت،
بەڵام بە پێچەوانەوە سەربەخۆیی تەواوی لەدەست داوەو لەڕێگەی سزا جۆراوجۆرەكانی
ئەمەریكاوە زیان بە تاك بەتاكی هاوڵاتیانی ئێرانی كەوتووە.
لەبەر ئەوەی ئابووری تاك
بەتاكی ئەو وڵاتە پەیوەست نییە بە ڕیاڵەكەی خۆیەوەو گرێدراوی دراوی دۆلاری
ئەمەریكییە، هەربۆیە مەگەر ئەوانەی هیچ ئاگاییەكیان لە ئابووری و سیاسەت نیە خۆیان
بە خۆشحاڵ بزانن و پێیان وابێت كۆمارەكەیان سەربەخۆیی خۆی پاراستووە.
گەرچی هەڵبژاردنەكانی
ئەمەریكا هێشتا دوو هەفتەی ماوی بەڵام سەرەتاكانی دەركەوتووەو بەشێك لەوانەی كە لە
بواری ئابووریدا كاردەكەن سێ سیناریۆیان دەستنیشانكردووە.
1-لە حاڵەتی دەرچوونەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی، فشاری زۆرتر لەسەر ئێران دروست دەبێت و وا چاوەڕێ دەكرێت دۆخی ئابووری ئێران لە دوو ساڵی پێشوو خراپتر بێت و سەرەو لێژتر ببێتەوە.
2-ئەگەری سەركەوتنی جۆبایدنە، هەرچەندە لەم حاڵەتەشدا چاودێران پێیان وانییە دۆخی ئێران بەرەو باشتر بڕوات، بەڵام لە حاڵەتی زۆرباشدا ئەوەیە كە دەستپێشخەریی دەكات بۆ ئەنجامدانی ڕێكەوتنێكی دیكە، بێگومان دۆسیەكانی چەكی ئەتۆم، مووشەكی دوورهاوێژی بالیستی، جمووجوڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە خاڵی ناكۆكی و ململانێی ئەو ڕێككەوتنە چاوەڕوان نەكراوە، ئاگایانی سیاسەت و ئابووری لەو باوەڕەدان باشبوونی دۆخی ناوخۆیی ئێران و بوژانەوەی ئابووری ئێران لەو حاڵەتەدا پەیوەست دەبێت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.
3-سیناریۆی سێیەم یش هەر لەسەر دەرچوونی جۆبایدن دانراوە، چاودێران پێیان وایە. چەپەكانی نێو حیزبەكەی بایدن فشاری زۆریان لەسەر داناوە كە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران ئاسایی بكاتەوە، دانەرانی ئەم سیناریۆیە پێیان وایە گەڕانەوەی ئێران بۆ نێو بازاڕیی نەوت. كاریگەریی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار، ئەوەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری ناوچەكەو ناوخۆی ئێرانیش.
پرسیار ئەوەیە دەسەلاتدارانی
ئێران كام سیناریۆی شارەزایان قبووڵ دەكەن و كاری لەسەر دەكەن؟ ئەوە بۆ
شرۆڤەكارانی بوارەكە ئاسان نییە.
شرۆڤەكاران باسیان لەوە
كردووە كە دیدگای حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار بەردەوامی دانە بە پەرەپێدانی چەكی
ئەتۆم و بەرەو سەرەوەی دەبات، بۆیە پێدەچێت لایەنگری سیناریۆی سێیەم بێت و خۆی بۆ
ئەو ڕێككەوتنە چاوەڕوانكراوە ئامادە بكات، بەڵام كێشەی ئەو ئەوەیە كاتێك پێی
خستووەتە ناو كۆشكی كۆماری بەهای دۆلار لەبەرامبەر ڕیاڵدا 30 بەرامبەر بەرزبووەتەوە،
بەڵام كاتێك لە كورسییەكە دێتە خوارەوە وڵاتێكە وێران و ئابوورییەكی تێكشكاو
بەجێدەهێڵێت. هەربۆیە توێژەرەوان پێیان وایە ئەوەی كە ئێران دەگۆڕێت بەردەوامی
سیاسەتی ئێران و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە، كە هەنگاوە هەڵەكانی ئێران و
دەسەڵاتدارەكانی دەیهاوێژن و خەڵكیش ئەوەندەی چاویان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی
ئەمەریكای ئەمساڵە ئەوەندە بە لایانەوە گرنگ نییە لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی سەرۆكایەتی
وڵاتەكەیاندا كێ دەبێتە كاندیدو كێش لەسەر
كورسی سەرۆكایەتی دادەنیشتێت..