ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:20 - 20/10/2020

فاكتەری سیاسی‌و یاسایی‌و لۆجستی هەڵبژاردنی عێراق دوادەخەن‌

پەیسەر

دەنگۆ و كێشمەكێشمی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران باڵ بەسەر رەوشی سیاسی عێراقدا دەكێشێت و ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە هەڵبژاردنەكە بۆ كۆتایی ساڵی داهاتوو دوابخرێت، ئەوەش لەبەر مەبنای لایەنی تەكنیكی لەلایەك كە كۆمسیۆن وادەی كۆتایهاتنی بازنەكانی هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمان دەستنیشان كردووە و لەلایەكی دیكەشەوە رەوشی سیاسی و ئابوری و تەندروستی عێراق وەڵامدەرەوەی ئەوە نین كە بتوانێت لەمانگی حوزەیراندا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

كۆمسیۆن كێشەی هەیە
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوا دەكات كە تەواوكاری قەزاكانی هەڵبژاردن پێش كۆتایی ئەم مانگە تەواو بكرێت تا بتوانێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەشێك لە لینە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانیش پێشبینی دەكەن بەهۆی دواكەوتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ ئامادەكردنی ئەو پاشكۆیانە دوابكەویت و هەتا پاشكۆكانیش تەواو نەكرێن ناتوانرێت یاساكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پەرلەمان چی دەڵێت؟
سەئیب خدر ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانەوە دەڵێت: دابینكردنی رێ و شوێنەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان كە بڕیارە لەمانگی حوزەیراندا ئەنجام بدرێت كارێكی زەحمەتە، چونكە ئەو بڕیارە پەیوەستە بە تەواوبوونی دابەشكردنی قەزاكانی هەڵبژاردن بۆ پارێزگاكان.

وتیشی: ئامادەكارییە تەكنیكییەكان لە سەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە، ئەوان خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر توانای خۆیان بدەن داخۆ دەتوانن لە كاتی پێشنیازكراودا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن یاخود نا.

كێشەی پێكهاتەكان
لە ئێستادا یەكێك لە كێشەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، دۆسێی پێكهاتەكانە كە پێشتر پەرلەمان دەنگیدا لەسەر پێشنیازێك بۆ ڕەچاوكردنی دابەشكردنی ژمارەی پێكهاتەكان لە هەر پارێزگایەك كە یەكسان بێت بە ژمارەی كورسیە تەرخانكراوەكان بۆ كۆتای ژنان و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەكە بە كراوەیی بهێڵرێتەوە تا ئەوكاتەی دەرچەیەك بۆ تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەدۆزرێتەوە.

لەوبارەیەوە سەئیب خدر دەڵێت: پێویستە دابەشكردنی قەزاكانی هەڵبژاردن بە ریەككەون لەگەڵ چۆنێتی دابەشكردنی قەزاكانی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناكۆكەكان وەك پارێزگاكانی "نەینەوا و كەركوك و دیالە" بەوریایی مامەلًَەی لەگەڵ بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:  كوتلە و پێكهاتەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستدەكەنەوە بە گفتوگۆ و گفتوگۆكانیان لەسەر ئامادەكردنی پاشكۆ بۆ دابەشكردنی قەزاكانی هەڵبژاردن دەبێت بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێكەوتن.

رێككەوتنی سیاسی
 بەها ئەعرەجی، یەكێك لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێت: جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان سەركردە و كوتلە سیاسیەكاندا هەیە بۆ  گۆڕینی بەرواری هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەعرەجی گومان دەخاتە سەر ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی بڕیارلێدراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دەڵێت كە چاوەڕوان دەكرێت پرۆسەكە لەبری مانگی حوزەیران، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

ناكۆكی كۆمسیۆن و پەرلەمان
یەكێكی دیكە لە خاڵە ناكۆكەكانی هەڵبژاردن لەنێوان كۆمسیۆن و پەرلەماندایە، بەجۆرێك پەرلەمان ئەگەری دواكەوتنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی ئامادەكاریی لۆجستی كۆمسیۆن و كۆمسیۆنیش ئەگەری دواخستن دەخاتە ئەستۆی تەواونەكردنی پاشكۆكانی یاسای هەڵبژاردن.
حەسەن فەدعەم،  یەكێكی تر لە ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی چاودێری كۆمسیۆنەوە دەڵێت، لیژنەی یاسایی بەردەوام دەبێت لە میوانداریكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ بەدواداچوونی كار و ئەركەكانی و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، جا چ یاسادانان بێت یان چاودێری.
وتیشی: هەماهەنگی نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمان تا ئێستا لە ئاستێكی خراپدا نییە و كۆمسیۆن پێشنیارەكانی خۆی لەبارەی دابەشكردنی قەزاكان پێشكەش كردووە، بەڵام دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەستە بە حكومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕادەی ئامادەكارییەكانیان بۆ پابەندبوون بەو وادەیەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشانی كردووە.

لەلایەكی ترەوە شیروان دوبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت پێدەچێت تەحەدای زۆر گەورە لە بەردەم كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەبێت و لەوانەیە وا بكات هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان بۆ ماوەیەك دوابخرێت.
وتیشی: حكومەت تا ئێستا هیچ دەرماڵَەیەكی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەرخان نەكردووە.

چەندین ملیۆن كارتی بایۆمەتری
یەكێكی دیكە لە تەحەداكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت مانەوەی چەندین ملیۆن كارتی بایۆمەتری دەنگدانە.
شیروان دوبیرانی لەوبارەیەوە دەڵێت: چوار ملیۆن كارتی بایۆمەتری لە ئەو بنكانەی دەنگداندا هەن كە دەنگدەران وەریان نەگرتووە، هاوكات 12 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی هەن كە كارتی بایۆمەترییان بۆ وەرگیراوە، 14 ملیۆن هاوڵاتیش كارتیان نییە.

ئەو پەرلەامانتارە دەشڵێت: دوای تەواوبوونی دابەشكردنی قەزاكان، پێویستە پەرلەمان چارەسەری كێشەی كارتی بایۆمەتری بكات لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا.