ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:17 - 15/10/2020

ئیسرائیلیەكانی ناوچەی سەوزی بەغداد‌

پەیسەر

پەیوەندییەكانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، گەرچی میسرو ئەردەن پێشتر پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردبوویەوە لە كۆتایی حەفتاكاندا، بەڵام هیچیان وەك ڕێككەوتنی ئیمارات و قەتەر لەگەڵ ئەو وڵاتە دەنگی نەدایەوە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتە عەرەییانەی كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە تا ئێستاش نەیارو دوژمنی سەرەكی ئەو وڵاتەیەو هەر كەس و لایەنێكیش بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە بووبێت مۆری خیانەتیان لێداوە، بەڵام ئەو دەنگانەش كە بانگەشەی ئاسایی بووەنەوەی ئەو پەیوەندییە دەكەن دەنگی خۆیان نەشاردووەتەوەو لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە.

ئەمرۆ پێنج شەممە 15 تشرینی یەكەم سیاسەتەمەدارێكی عێراقی نزیك لە كۆشكی سپی باس لەوە دەكات كە ئیسرائیل و عیراق بەناوبژیوانی ئەمەریكا كار بۆ نزیكبوونەوەی نێوانیان دەكەن و ڕایدەگەیەنێت كە لەناوچەی سەوزی بەغداد ژمارەیەكی زۆری سیاسی هەن بەتاك و كۆ پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلی و ئەمەریكیەكان گرێداوە.

بەپێی وتەكانی میسال ئالووسی ئەو بەرپرسانەی كە لەنێو ناوچەی سەوزی بەغدادان ئامانجیان ئەوەیە پەیوەندیی بەغداد لەگەڵ تەلئەبیب ئاسایی بكەنەوە.
بەپێی وتەی ئالووسی : هیچ بەرپرسێكی عێراقی نییە لە رۆژئاواو ئەمەریكا ژیابێت و پەیوەندی لەگەل ئیسرائیل بەشتێكی ئاسایی نەبنێت و بگرە بە دەستكەوتیشی نەزانێت.

لە هەمان كاتدا ئەو سیاسەتمەدارە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە كە بەرپرسانی عێراقی ئامادەیی تەواویان هەیەبۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەل تەلئەبیب.
وەزیری دەرەوەی عێراق –فوئاد حسین- لە رۆژی 21 ئەیلوولی پێشوودا گوتوویەتی: ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل پرسێكی گەورەیەو بەجدی گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین، لە هەمان كاتدا گوتوشیەتی عێراق پابەندە بەو بڕیارانەی كە لە لووتكەیلا عەرەبیی لە بەغداد لەساڵی 2012 دراون ، ئەوەشی نەشاردووەتەوە ئەو بابەتە زۆر هەستیارەو دەبێت بەودری مامەڵەی لەگەل بكرێت، لە هەمان كاتدا گوتووشیەتی بابەتەكە تەنها بابەتێكی سیاسی نییەو پەیوەستی كۆمەلایەتیشی پێوەبەندە.

بەڵام ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتە بێژی حكومەتی عێراق لە 26 مانگی ئابی پێشوو گوتوویەتی : یاساكانی عێراق ڕێگە بەئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئیسرائیل نادات، سەبارەت بە هەڵوێستی تری وڵاتانی دیكەی عەرەبی گوتوویەتی ئەوە كاروباری ناوخۆیی خۆیانەو هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە.
لە هەمان  كاتیشدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕێككەوتنەكانی ئەم دواییانەی ولاتەكەی لەگەڵ عەرەبەكان بە هەلێكی مێژووی باسكردووەو گوتووشیەتی وڵاتانی دیكەی عەرەبی تریش لەسەر خەتن و بەم ماوەیە لەگەڵ ئەوانیش دەگەینە ئەنجام.

میسال ئالووسی كێیە؟
ساڵی 1953 لە پارێزگای ئەنباری سوونە نشین لەدایك بووە، بۆ خوێندن چووەتە قاهیرەو هەرچەندە خۆی ئەندامی حیزبی بەعس بووە بەڵام چالاكیەكانی لە دژی حیزبی بەعس دەستپێكردووەو بۆیە لە ساڵی 1976 بڕیاری لەدژ دەرچووەو. لەوێوە پەیوەندی بە حیزبەكەی ئەحمەد چەلەبییەوە كروە. بۆیە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق و دەچێتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێش دەبێتە هەلگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانی، تا 2002 لەو وڵاتە ماوەتەوە، لەزۆربەی گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانی دژ بە بەعس بەشداریی كردووەو لە ساڵی 2002 بەشداریی كردووە لە هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین و بەو هۆیەوە دادگای ئەڵمانی 3 ساڵ زیندانی بەسەردا بریوەو پاشان حوكمەكەی بۆ كراوە بە –اقامە جبری- واتە مانەوە لەژێر چاودێریی دا، دوای تەواو كردنی حوكمەكەی دەگەڕێتەوە عێراق، یەكەمجار دەكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕیشەكێشكردنی بەعس و ئەندامی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراقی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2004 بەفەرمی سەردانی وڵاتی ئیسرائیل دەكات هەردوو پۆستەكەی لێدەسەنرێتەوە  بۆ دەبێتە دامەزرێنەری حیزبی (الامة)و لە ساڵی 2005 دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
لە 8 ئابی 2005 لە هەولێكی تیرۆركردن دەربازی دەبێت و دوو لە كوڕەكانی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا گیان لەدەست دەدەن(ئەیمەن 29 ساڵ) و جەمال 24 ساڵ) لەگەڵ پاسەوانێكی بەناوی (حەیدەر) كە وەك پاسەوانی كەسی خۆی لەگەڵیدا بوون، لە 2008 جارێكی دیكە سەردانی ئیسرائیلی كردووەتەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكدا كە بۆ مەبەستی تیرۆر ڕێكخرابوو،لەوێوە هێرشێكی زۆری كردە سەر هەردوو دەوڵەتی دژ بە ئیسرائیل(عەرەبستانی سعودیەو ئێران) ، لە رۆژی 14 ئەیلوول 2008 حەسانەی پەرلەمانی لێسەنرایەوەو ئەنجوومەنی نوێنەران داوایانكرد كە بدرێتە دادگا لەبەر ئەوەی سەردانی ئیسرائیلی كردووە، تەنانەت بەشێك لە پەرلەمانتاران داوای لەسێدارەدانیان دەكرد. لەبەر ئەوەی خیانەتی نیشتیمانی گەورەی كردووە كە سەردانی ئیسرائیلی كردووە.
ئالووسی هەرچەندە كەسێكی موسڵمانی سونە مەزهەبە بەڵام باوەڕی بە سیستەمی دیمەكراسیەت هەیەو پێی وایە پەیوەندیی ئاسایی هەبێت لەگەڵ ئەمەریكاو بەریتانیاو ئیسرائیلیش.
نەیارەكانی بە بەكرێگیراوی ئیسرائیل ناوی دێنن و ئەویش بیروباوەڕەكانی خۆی ناشارێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئەو دەڵێت : بەرژەوەندی عێراق لە دۆزەخیشدا بێت دەچم.