12:08 - 14/10/2020
کۆرۆنا منداڵە پەنابەرەکان لە خوێندن بێبەش دەکات
بەهۆی شەڕی
داعشەوە دەیان هەزار منداڵی عێراقی لەگەڵ خێزانەکانیاندا ئاوارە بوون و لە کەمپەکاندا
دەژین، بەهۆی شەڕی داعشەوە خوێندنیان لەدەستدا، خەریک بوو بگەرێنەوە ژیانی ئاسایی
و دەست بە خوێندن بکەنەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەم هیوایەشی لەناوبردن،
لە ئێستاشدا بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە ناتوانن بەشداری لە خوێندنی سەر هێڵ
بکەن.
١٠ ملیۆن منداڵ
توێژینەوەیەكی
نوێی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە عێراق ئاشكرای دەكات، كە نزیكەی 10 ملیۆن
منداڵ لە عیراق كە تەمەنیان لە نێوان 6 بۆ 17 ساڵیدایە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە
قوتابخانە دابڕاون و كێشەی نەخوێندنیان بۆ دروستبووە، بە پێی توێژینەوە نەرویجییەكە
هەزاران قوتابخانە لە سەرانسەری عێراقدا دەرگاكانیان بەڕووی قوتابیاندا داخراون.
توێژینەوەكە دەڵێت دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی
شوباتی ڕابوردوو دەرگای سەرجەم قوتابخانەكان داخران، ئێستا زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر
پەیدابوونی ڤایرۆسەكەدا تێدەپەڕێت و لەگەڵ ئەوەشدا وادەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان
هاتووە، بەڵام تا ئێستا زۆرینەیان بە داخراوی ماونەتەوە و پێشوازییان لە قوتابیان
نەكردووە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021، چارەنووسیشیان نادیارە و بەرپرسان دەستەوسانن
لە بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو بارەیەوە.
لە داعشەوە بۆ کۆرۆنا
ڕیشانا حەنیفە،
خانمە بەڕێوەبەری لقی عێراقی ئەنجوومەنە نەرویجییەكە دەڵێت، کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا زیانی لە پڕۆسەی خوێندن داوە، بەڵام
دۆخەکە لە عێراق بۆ داهاتووی ملیۆنان منداڵ قورسترە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە بێبەش
بوون لە خوێندن، ئەگەر رێگایەکی گشتگیر دانەنرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەم ملیۆنان
منداڵە بۆ ناو پڕۆسەی خوێندن، کاریگەری خراپی دەبێت و نەوەیەک دروستدەبێت کە نە
قوتابخانەیان دیوە و نە چوونەتە ناو پڕۆسەی خوێندنەوە.
ئەنجومەنی نەوریجی باس لەوە دەکات، بەهاری
رابردوو هەوڵ درا خوێندن لە دوورەوە پەیڕەو بکرێت، بەڵام منداڵانی ناو کەمپەکان
رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبوونەوە لە نەبوونی ئامێری پێویست و هێڵی ئینتەرنێت. خێزانی
ئەم منداڵانە ناتوانن ئامێری پێویست بۆ خوێندنی سەر هێڵ بکڕن.
نەبوونی ئامێر
بەپێی راپۆرتی ئەنجومەنەکە لە مانگی ئازار،
سێ یەکی ئەو خێزانانەی راپرسییان لەگەڵ ئەنجام دراوە نە تەلەفۆنی زیرەکیان هەیە و
نە هێڵی ئینتەرنێت.
یاسەمین ئەمین، مامۆستا لە کەمپی بەردەڕەشی
دهۆک دەڵێت، "ئێمە دەزانین بەشێک لە باوکان داوایان لە دراوسێکانیان کردووە
ڤیدیۆی خوێندنەکانیان پێبدەن، چونکە خۆیان توانای بەشداریکردنیان لە تۆڕەکانی
ئینتەرنێت نییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە منداڵەکانیان ناتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ
و بەردەوام بەشداربن لە پڕۆسەی خوێندنی سەر هێڵ.
ئەو مامۆستایە باس لەوەش دەکات، "خوێندنی سەر
هێڵ قورسە، دڵنیا نیم لەوەی قوتابیان بتوانن وانەکان وەک خۆی وەربگرن و سودیان لێببینن. باوکان داوایان لێکردووین دەرگای
قوتابخانەکان بکەینەوە، تەنانەت ئەگەر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەمی قوتابیش بێت."
مامۆستایانی
کەمپی حەمام عەلیلیش بۆ پەنابەران کە ئەنجومەنە نەرویجییەکە سەرپەرشتی دەکات هەمان
گلەیی و بۆچوونیان لەسەر ئەم بارودۆخە هەیە و دەڵێن، ئەوان پێیان باشە هەفتانە
ئەرک بەسەر منداڵاندا بدرێت، ئەمەش بێگومان وا دەکات لە کەمپێکەوە بۆ کەمپێکی دیکە
جیاواز بێت.
خەمۆکی و نیگەرانی
لە هەر دوو
منداڵێک کە مانگی حوزەیران راپرسییان لەگەڵ ئەنجام دراوە یەکێکیان دەڵێن، زۆر خەمۆک
و نیگەرانن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.
بەپێی راپۆرتێکی
ئەنجومەنە نەرویجییەکە عێراق لە پلەی دووەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە بۆ
بوونی ئازار و ناڕەحەتی لەنێو منداڵانی نێو کەمپی پەنابەراندا. منداڵانی عێراق لە
سێ شت دەترن، توشبوونیان بە کۆرۆنا، تووشبوونی دایک و باک و کەسە خۆشەویستەکانیان
بەم ڤایرۆسە و سێیەمیش لەدەستدانی خوێندن بەهۆی ئەم پەتایەوە.
سەلام تەمەنی ١٥
ساڵە، لەگەڵ دایک و باوک و چوار برایدا لەنێو کەرەڤانەیەکی ناو کەمپی دهۆک دا دەژی، دەڵێت،
"ئەوەی زۆر نیگەرانی کردووم دایک و باوکمە، دەترسم تووشی کۆرۆنا ببن یان
شتێکیان بەسەردا بێت. نیگەرانیشم کە ئەمساڵ ناتوانین روو لە قوتابخانە بکەین، ئێستا
پێویستە لەسەرمان هەموو شتێک لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بکەین، ئەمەش کارێکی سەختە، لەبەرئەوەی مانەوەی
زۆرمان لە ماڵەوە تووشی خەمۆکی کردووین."
بەهۆی نەبوونی
توانای خێزانەکانیان لە پەیڕەوکردنی خوێندنی سەر هێڵ بۆ قوتابییەکانیان، وای
کردووە ئەرکی سەر شانی مامۆستایان قورستر بێت و لە پەیوەندی راستوخۆدا بن لەگەڵ
خێزانەکاندا تاکو دایک و باوکان بە وردی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی
ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن کە بەسەریاندا دەدرێت.
نەچوونە
قوتابخانە
ئەمەل محەمەد،
دایکی شەش منداڵە و لە کەمپی حەمام عەلیلە، دەڵێت، "من خۆم نەچوومەتە بەر
خوێندن، هەندێک جار هەستەکەم من رێگرم، ئەرکی ماڵەوە و خوێندنی سەر هێڵ باشە،
بەڵام ناتوانێت بێت بە جێگرەوەی قوتابخانە و وەک قوتابخانە بێت."
قوتابخانە
بەشوێنێکی زیندوو دادەنرێت بۆ گەشەکردنی منداڵ، دروستبوونی کەسێتی کۆمەڵایەتییان و
شوێنی فێربوون. نەبوونی قوتابخانەش لە ئێستادا و خوێندنی سەر هێڵ زیانێکی زۆر لە
منداڵانی ناو کەمپەکان دەدات.
مەلاک تەمەنی ١١
ساڵە و لە شاری قائیمەوە ئاوارە بووە، باس لەوە دەکات، "هەموو هاوڕێکانم لەدەستدا، ئەمەش زۆر
کاری کردە سەرم، قوتابخانەکەم باش بوو، مامۆستاکانم خۆشدەویست چونکە هاوکارییان
دەکردم، بەڵام بە داخەوە بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانەوە جارێکی دیکە لێیان
دوورکەوتمەوە."