ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:51 - 12/10/2020

ئەردۆغان چی لە كورد دەوێت؟‌

پەیسەر

ئەردۆغان بەیەكێك لەو سەركردانە دادەنرێت كە بەردەوام لە بیری پەلهاویشتندایە، دەیەوێت بە نەریتی عوسمانیەكان دەستی بەوپەڕی دونیا بگات و لە سەر ئاستی ناوخۆیش هەرچی لەدەستهات درێغی نەكات، پرسیار ئەوەیە لە ئێستادا سیاسەتی ئەردۆغان بەرامبەر كوردسەركوت و پەرتەوازەكردنی ئۆپۆزسیۆنە یان تەكتیكی هەڵبژاردن؟ یاخود ئەوانەو شتی تریش؟

لەرێگەی شەپۆلێكی نوێی دەستگیركردنەوە، حكومەتی توركیا هەوڵ دەدات فشارەكانی سەر كورد و نوێنەرە سیاسیەكانیان زیاد بكات، لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدات تۆڵەی شكستی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی 2019 بكاتەوە، وە لەبەریەك هەڵوەشان و سەرقاڵكردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن یەكێكی ترە لە ئامانجەكانی ئاكەپە... بەڵام ئایە ستراتیژیەتی پەرتكردنی ئۆپۆزسیۆن ئەم جارە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت؟

كورد بەشێك لە هاوكێشەكە
پارتی دیموكراتی گەلان " HDP " كە بە پارتێكی كوردی دادەنرێـت توانی لە هەڵبژاردنەكانی توركیا جیاوازی دروست بكات، بەنمونە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەكانی مانگی ئازاری ساڵی رابردوو كە بووە هۆی ئەوەی زیاتر خۆی وەك " دروستكەری پاشاكان " پیشان بدات، لەهەنگاوێكی زیرەكانەدا بەشداریكرد لە شكستپێهێنانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا و هەڵبژاردنە خۆجێیەكاندا، دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان كاندیدەكانی خۆی لە ژمارەیەك لە شارەكان كشاندەوە و داوای لەدەنگدەرەكانی كرد دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی گەلی كۆماری (CHP)بدەن كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە بەبێ پشتیوانی كورد سەركەوتنی پارتی گەلی كۆماری لەو هەڵبژاردنەدا لەچەند شارێك بەدی نەدەهات.

كورد باجەكەیدا
ئەم هەنگاوە كە سودەكەی بۆ پارتی گەلی كۆماری بوو، بەڵام پارتی دیموكراتیگەلانلەچەند مانگی دوای هەڵبژاردنەكاندا باجەكەیدا، تەنها هەفتەی رابردوو 17 سیاسی سەر بە حزبە كوردیەكە دەستگیركراون، داواكاری گشتی ئەنكەرە بیانوی ئەوە بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەهێنێتەوە كە بوونە هۆی دروست بوونی ئاژەوە لەكاتی ڕووداوەكانی پەیوەست بە شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2014.

بەڵگەی جیاواز
كاتێك رێكخراوی تیرۆرستی داعش شاری كۆبانێی گەمارۆدا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن شەش ساڵ پێش ئێستا، رێكخستنە كوردیەكان و لەناویشاندا پارتی دیموكراتیگەلانداوایانكرد خۆپیشاندان بكرێت بۆ ئەوەی حكومەتی توركیا ناچار بكرێت رێكاری توندتر بگرێتە بەر دژی داعش، بەڵام خۆپیشاندانەكان بە ئاشتیانە نەمانەوە و لەچەند شارێك شەڕ و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان دروست بوو بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران، داواكاری گشتی لە ئێستادا دەڵێت " تاوانی كوشتن و هەوڵدان بۆ كوشتن و ئاژاوە " هۆكاری بڕیارەكانی ئێستان بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە.

شارەزایان بۆچونێكی تریان هەیە
سیاسەتمەداران و یاساناسان كە قسەیان بۆ كەناڵی دوچەڤێلەی ئەڵمانی كردووە دەربارەی ئەو دەستگیركراوانەی كە، بەبیانوی ڕووداوەكانی پەیوەست بە كۆبانێ دەستگیركراون، پێیان وایە ئەوە بیانویەكی تری حكومەتە بۆ رزگاربوونی لەدەستی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی كە نیگەران و توڕەیان دەكات.

فیگان جالیكوسو كە پارێزەرە و ئەندامی پارتی گەلی كۆماریە دەڵێت " چ بەڵگەیەك لەماوەی شەو و رۆژێكدا دەركەوت كە بووە هۆی دەستگیركردنی 82 كەس؟"
بوراك بیلگیهان سیاسەتمەداری تورك بەهەمان شێوە بیردەكاتەوە و لەسەر پرسی  دەستگیركراوەكانی ئەم دوایانە و دەڵێت" وادیارە ڕووداوەكانی پەیوەندیدار بە كۆبانی بووە ئامرازی لێدان لەبزوتنەوەی كورد و پارتی دیموكراتیگەلانو هاوپەیمانەكانیان، بەهۆی هەڵوێستە سیاسیەكانیانەوە.

تەكتیكی سیاسی؟
بەم دوایانە ئۆپۆزسیۆنی توركیا سەركەوتوو بوو لە كۆكردنەوەی هێزی خۆی بەرامبەر حكومەتەكەی ئەردۆغان، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر بەهۆی جیاوازی ئایۆلۆجیەوە پەرت بوون، بەشێوەیەكی تایبەت ئەمە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەكانی ساڵی رابردوو دەركەوت، بەجۆرێك گروپێكی فراوانی ئۆپۆزسیۆن بۆیەكمجار ریزەكانی خۆیان یەكخست لەبەرامبەر ئاكەپەدا لەناو ئەو گروپ و حزبە ئۆپۆزسیۆنانەدا ئیسلامی و نەتەوەیی و دیموكراتی و كۆمەڵایەتی و لیبراڵی و چەپ هەبوو، لەگەڵ هەموو ناكۆكیە سیاسیەكانیان بەڵام لەبەرامبەر دوژمنە هاوبەشەكەیان كە ئەردۆغان و ئاكەپەن، یەكیان گرت، بەوەش یەكگرتنی ئۆپۆزسیۆن و قەیرانی دارایی بوونە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم ئەردۆغان و پارتەكەی.

حكومەت دەیەوێت پرسی كورد بەكاربهێنێت
بەشێك لە شارەزایانی توركیا پێیان وایە حكومەتی توركیا دەیەوێت یەكریزی ئۆپۆزسیۆن لەرێگەی بەكارهێنانی پرسی كوردەوە پەرت بكات، بەوپێیەی پرسی كورد بە پرسێكی زۆر هەستیار دادەنرێت لە توركیا، ئاكەپە و ئەردۆغان پێیان وایە ئەو كوتلە ئۆپۆزسیۆنەی كە پارتی گەلی كۆماری و پارتی " (IYI)ی نەتەوە پەرست لەخۆ بگرێت بەهیچ شێوەیەك لە پارتی دیموكراتی گەلان نزیك نابنەوە كە پارتێكی كوردیە و بە لایەنگری پەكەكە دادەنرێت، چونكە ئەوە زیان لە بنكەی جەماوەری هەردوو حزبە نەتەوەپەرستەكەی توركیا دەدات.

بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ستراتیژیەتی پەرتكردنی ئۆپۆزسیۆن كە حكومەتی توركیا هەوڵی بەدیهێنانی دەدات، تائێستا سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەجۆرێك كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كە رابەری سۆسیال دیموكراتەكانە، ئەم هەفتەیە جارێكی تر هەمەهەنگی و پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ سیاسەتمەدارەكانی پارتی دیموكراتی گەلان دووپاتكردەوە، وە رەخنەی لەم دەستگیركردنانەی ئەم دوایانە گرت، كلیچدار ئۆغلۆ لە وتەیەكدا لەبەردەم پەرلەمانی توركیا رایگەیاند" هیچ كەسێك ناتوانێت هاوپەیمانیەتیەكەمان لەناوبەرێت، بەبەردەوامی پەیوەندی باش بونیاد دەنێین"