ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:29 - 12/10/2020

كۆرۆنا و سزاكان چییان بە كۆمەڵگەی ئێرانی كردووە؟‌

پەیسەر

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كۆرۆنا بەگیری هێناوە، لەلایەكی تریشەوە سزاكانی ئەمەریكاو وڵاتانی رۆژئاواش تادێت قورستردەبێت لەسەریان، ئەوەی باجەكەی دەدات خەڵكی وڵاتەكەیەو بەتایبەتی ئەوانەیان كە هەژارن و پێداویستی رۆژانەیان لەسەر كاری رۆژانە بونیادناوە، ئامارەكان باس لەوەدەكەن ڕێژەی لەدەستدانی كار، بڕینی هاوكارییەكان، لەدەستدانی بەهای پارەی وڵاتەكەیان كارەساتی گەورەی خولقاندەوەو لە داهاتوودا كاریگەرییەكانی ئەم رۆژانە دەردەكەون.

نەسرین نورشاهی سەرۆكی دامەزراوەی توێژینەوەو بەرنامەڕێژیی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێران ڕایگەیاندووە رێژەیەكی زۆری كرێكارانی ئێران لە ترسی لەدەستدانی كارەكانیاندان و تادێت دۆخیان خراپتردەبێت و نزیكەی دوو ملیۆن كەس لەوانەی كاری هەمیشەییان هەبوە كارەكانیان لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانیە باس لەوەش دەكات كە بڵاوبوونەوەی كۆڤید19 كارێكی وای بە كرێكاران كردووە كە زیاتر لە 2 ملیۆن كرێكاری خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە كە بە پێی پێوەری ناوخۆیی وڵاتی ئێران هێڵی هەژاری ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ساڵانە كەمتر لە 10 ملیۆن تومان داهاتیان بێت.

هەروەها بسی لەوەش كردووە كە 70%ی كرێكارانی جیهان لە ژێر هێڵێ هەژارییەوەن، ئەوەش مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوەو لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونی لێدەكەوێتەوەو زۆرینەی ئەو كەسانەش لە كەناری شارەكاندا نیشتەجێن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە و پەروەردەی منداڵەكانیان، ئەوەی كە بەهای باڵابێت لەدەست دەدرێت و كاریگەرییە خراپیەكانیشی لە دواتردا دەردەكەوێت.

كێشەی نائومێدیی ، نەمانی متمانە، لێكترازانی كۆمەڵایەتی، دڵنیانەبوون لە پێكهاتەی كۆمەلایەتی، كە ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێرانیدا لەپەرەسەندندایە هركارەكەی بۆ لەدەستدانی كارو پەیدابوونی هەژارییە لەناویاندا، ئاواش بڕوات كاریگەرییەكانی زۆرخراپتر دەبێت.

نورشاهی ڕایگەیاندووە لە ئێستادا ئیتر ئەركی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی دێتە پێشەوە كە هاوكارییەكانی خۆی و هەنگاوە زانستیەكانی خۆیان لە تیۆرییەوە بگۆڕن بۆ پراكتیكی و بەهانای كۆمەلگەی ئێرانییەوە بچن، ئەگەر ئەوان لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خۆیان نەگێرن ئەوا دەكەونە ژێر پرسیارەوە.

نورشاهی لە دێژەی گوتارەكەیدا گوتوویەتی: خوێندكارەكانی سەربە وەزراەتی خوێندنی باڵا دەبێت چاوكراوەتربن ، چالاكتربن، دەبێت چاویان لەسەر ئەو ژنانەبێت كە بەرپرسیارێتی دارایی و كۆمەلایەتی خیزانەكانیان لەسەرە، ئێمە دەزانین ئەو ژنانە چەندە زۆرن بەهۆی دابڕانی منداڵەكانیان لە قوتابخانە بەهۆی بێكاریی و خراپی دۆخی ئابوورییەوە چەندە بەسەختی دەژین، ئەركی حكومەتە كە پارێزگارییان بكات و بەرنامەیەكیان بۆ دابنێت، ئەو ژنانە لە دوو لاوە گرفتارن، لە لایەكەوە كە منداڵەكانیان كاریان لەدەستداوەو لە لایەكی دیكەشەوە خۆشیان دۆخی داراییان خراپە.

لە لایەكی تریشەوە ئەو بەرپرسە باسی لە مەترسیی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان كردو ڕایگەیاند سەرەڕای زیانەكانی ئینەترنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت سوودی گەورەی لێببینرێت و زانكۆو خوێندنی باڵاش ئەركی ئەوەیە كە ئاڕاستەی ئەو كارە بكات و لەبری ئەوەی بەزیان بۆ كۆمەڵگەكەمان بشكێتەوە ببێتە هۆكارێكیباش لە پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان، هەروەها ئەوەشی نەشاردەوە كە تاران لە لایەن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاڕاستە دەكرێت و ئەوەی شەقامی پایتەخت دەجوڵێنێت ئەنتەرنێتە نەك شتی تر. بۆیە گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەو بۆ شوێنێكی دیكە ئەو ئەركە لەكۆڵ ناكاتەوە.

بە پێی وتەی پارێزگاری تاران لەماوەیەكی زۆر كەمدا 160 هەزاركەی ناوی خۆیان تۆماركردووە و داوای بیمەی بێكاری لە حكومەت دەكەن ،بەپێی وتەی ناسر موسەوی لارگانی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی شورا- پەرلەمان- ڕایگەیاندووە 55%ی خەڵكی ئێران لەبەردەم مەترسی هەژاریدان. هەروەها باسی لەوەش كردووە بەشێكی زۆری ئەو خێزانانە سودمەندی یارانە و هاوكاری كۆمەڵایەتی و تەندروستی و كۆمیتەی ئیمدادن، بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی كە هاتووەتە پێشەوە گۆڕانكاریی لەوەشدا ڕوویداوە.بە پێی وتەی محسن هاشمی سەرۆكی شورای تاران بەپێی ئاماری فەرمی 23% ی خەڵكی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

هەرچەندە ئامارەكان لەبارەی دۆخی هەژارییەوە جیاوازن، بەڵام هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی دۆخی نالەباری تەندروستی و سزاكانی ئەمەریكا كاریگەریی زۆریان لەسەر ڕەوشی ئەو وڵاتە دروستكردووەو ژمارەی هەژاریی و لەدەستدانی كارو هاتنە خوارەوەی بەهای دراوەكەیان تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات...