ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:43 - 08/10/2020

وێرانی وڵاتی توركیا و سەرقاڵبوون بە كۆشكە شاهانەكانەوە‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی توركیا بە قەیرانێكی دارایی قوڵدا تێدەپەڕێت، پەتای كۆرۆناو شەڕو شۆڕی ناوخۆش بوەستێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە لە ژیانێكی شاهانەدایە و خاوەنی چەندكۆشكێكە، و سەرقاڵی دروستكردنی كۆشكێكی نوێیەو بەردەوام بیری لەلایەتی.

كۆشكەكانی سەرۆك
لەگەڵ ئەوەی ئابوری توركیا بەدەست هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرە و قەیرانی كۆرۆنا و كەم بوونەوەی ژمارەی گەشتیارانەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەردۆغان سورە لەسەر دروستكردنی كۆشكێك بە پارەی باجی هاوڵاتیان بە بیانوی نوێكردنەوەی شوێنەواری رابردووی عوسمانیەكان، هەنگاوەكە لەكاتێكدایە ئابوری توركیا ماوەی دووساڵە بەدەست دابەزینی نرخی لیرەی توركی و زۆربوونی بێكاریەوە دەناڵێنێت.

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخەكەی ئاڵۆزتركردووە، بەجۆرێك كۆڤید 19 زیانی گەورەی بە كەرتی گەشتیاری گەیاندووە كە بە یەكێك لە گرنگترین كەرتە زیندووەكانی توركیا دادەنرێت، ئەمەش وایكردووە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ناچار بن سیاسەتی سك هەڵگوشین پەیرەو بكەن یان وەك ئەوەی گەنجەكان دەیكەن هەڵبێن و ڕوو بكەنە وڵاتانی دەرەوە بەمەبەستی پەیداكردنی هەلی كار، لەگەڵ ئەوەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان هیچ پرۆژەیەكی نیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لەبری ئەوە كۆشكی گرانبەها دروست دەكات.

كۆشكێك لەباكوری كوردستان
لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی رەخنەی ئۆپۆزسیۆن بۆتەوە بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سورە لەسەر دروستكردنی كۆشكی نوێ و نۆژەنكردنەوەی كۆشكە كۆنەكان كە تێچووەكەیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەناو ئەو كۆشكانە كۆشكێكی گەورەی و تایبەت هەیە لە كەناراوەكانی دەریاچەی وان لە باكوری كوردستان.

بەپێی نەخشەكە كۆشكەكەی ئەردۆغان لە ڕووی ئەندازیاریەوە هاوشێوەی كۆشكی عەلاالدین كیقبادی یەكەم سوڵتانی سەلجوقیە، و شوێنی دروستكردنی كۆشكەكەش ئەو جێگەیەیە كە ئەلب ئەرسەلان سوڵتانی سەلجوقی خێمەكەی خۆی تێدا هەڵداوە لەشەری دژی بێزەنتینیەكان و لەشەڕەكەدا سەركەوتووە.

راپۆرتە میدیایەكانی توركیا باس لەوە دەكەن كە تێچووی ئەو كۆشكە 14،4 ملیۆن یۆرۆیە، باس لەوەش دەكرێت كە بەڵێندەری پرۆژەكە هاورێی سەردەمی خوێندكاری رەجەب تەیب ئەردۆغانە.

حەزی كۆشك
 لەماوەی رابردوودا ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ رێگری لەدروستكردنی ئەو كۆشكە لەمانگی تەموزی ساڵی 2019 دا  دادگای دەستوری توركیا بڕیاری راگرتنی دروستكردنی ئەو كۆشكەی  دا بەهۆی ئەوەی دەبێتە رێگر لە سەردانی هاوڵاتیان و گەشتیاران بۆ كەناراوەكانی دەریاچەكە، بەهۆیەوە پارتی داد و گەشەپێدان یاساكەی گۆڕی بۆ ئەوەی بتوانێت كۆشكەكە دروست بكات و دوای ئەوەش رەجەب تەیب ئەردۆغان وەك تەحەدایەك بۆ ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگرانی دروستكردنی ئەو كۆشكە رایگەیاند ئەو كۆشكە دروست دەكرێت و ئێوەش هەرچی حەز دەكەن بیكەن.

ئۆپۆزسیۆن رەخنەی هەیە
لای خۆیەوە گولیزار بایسر كاراكا ئەندامی پەرلەمانی توركیا لەسەر پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند" بەهۆی حەزی یەك پیاوەوە قوربانی بە كەناراوەكانی دەریاچەی وان دەدرێت، لەكاتێكدا ملیۆنان كەس لە هاوڵاتیانی توركیا بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، بەڵام كەسێك كۆشك لەدوای كۆشك دەكاتە دیاری بۆخۆی"

دروستكردنی هاوینەهەوارێك بە 300 ژوورەوە
لەگەڵ دروستكردنی ئەو كۆشكە لەسەر دەریاچەی وان، ئەردۆغان كۆشكێكی تری هاوینەی هەیە لەسەر كەنداوی ئولوگول لەنزیك شاری مارماریس، لەگەڵ ئەوەی ئەو كۆشكە دۆستی ژینگە نیە و لە 300 ژوور پێكهاتووە تێچووەكەی تا ئێستا زیاتر لە 37 ملیۆن یۆرۆ بووە، و بۆ دروستكردنی زیاتر لە 50 هەزار دار بڕدراوەتەوە بۆ ئەوەی شوێنی مانەوەی هاوینەی ئەردۆغان فراوان بكرێت.

ئەمەش سێیەم كۆشكە كە ئەردۆغان بە پارەی باجی هاوڵاتیان دروستی دەكات، بەجۆرێك ساڵی 2014 سەرۆكی توركیا شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی گواستەوە بۆ كۆشكێكی گرانبەها، تێچووی ئەو كۆشكەی نزیكەی نیوملیار یۆرۆ بوو، بەهۆی ئەوەی شوێنی دروستكردنی كۆشكەكە ناوچەیەكی پارێزراوی سروشتی بوو دروستكردنی كۆشكەكە ڕووبەڕووی رەخنە و نارەزایەتی بۆوە بەڵام هیچ سودێكی نەبوو.

  كۆشك بۆ سڕینەوەی شوێنەواری كۆماری
كۆشكەكانی ئەردۆغان وەك چەقڵی چاوی ئۆپۆزسیۆنن نەك تەنها لەبەرئەوەی زیان بە گەنجینەی دەوڵەت دەگەیەنن بەڵكو دەیەوێت شوێنەواری عوسمانیەكان زیندوو بكاتەوە و بەپیرۆزی لەناخی توركەكان بیهێڵێتەوە، ئەوەش لەسەر حسابی شوێنەواری ئەتاتورك و كۆماری توركیا، ئەو سێ كۆشكەی ئەردۆغان لەگەڵ پرۆژەكانی تری وەك رێزگرتنێك وایە لە ئەندازیاری و سیاسی سەلجوقی و عوسمانیەكان لە رابردوودا، شێوازی ئەندازیاری پەیرەوكراوی رابردوو جیاوازە لەو شێوازە ئەندازیاریەی كە لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی نوێی توركیا لەساڵی 1923 پەیرەو دەكرێت.