ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:26 - 03/10/2020

بەغداد تەنها یەك هەڵە بكات هەرەس دەهێنێت‌

پەیسەر

ئەمریكا جەخت لە داخستنی باڵیۆزخانەكەی دەكاتەوە لە بەغداد لە ئەگەری رانەگرتنی مەترسییە ئەمنییەكانی سەر ناوچەی سەوز.
لە ناوخۆشدا بەرەی دژە كازمی فراوان دەبێت و رێبەری رەوتی سەدر پەیامێك بە شوێنكەوتووانی دەدات و هەڕەشە لە حكومەتی عێراق دەكات، بە بڕوای چاودێرانیش ئێستا هەر هەڵەیەكی بەغداد دەشێ‌ كۆتا هەڵەی بێت و تەواو رەوشەكەی لەدەست دەربچێت چ لە ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا هەربۆیە بچوكترین هەڵە وەك كبریت ئاگرێكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


چی دەگوزەرێت؟
وەزیری درەوەی ئەمریكا پەیوەندی تەلەفۆنی بە وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كردووە و وەك یەكەم بەرپرسی باڵای ئەمریكی جەختی لە داخستنی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغداد كردووەتەوە بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی درەوەی عێراق، فواد حسێن وەزیری دەرەوە لە پەیوەندییەكەیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی، نیگەرانی خۆی لە بڕیاری كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەربڕیوە و ئاشكرای كردووە، كە ئەو بڕیارە ئەنجامی خراپی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیشی كردووەتەوە، حكومەتی عێراق چەندین رێكاری ئەمنیی و سیاسیی و دپلۆماسی گرتووەتە بەر، بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانە و بەڵێنیشێ داوە كە لە ئایندەیەكی نزیك ئەنجامی ئەو رێكارییانە دەربكەون.
هەر لەو پەیوەندییەدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەڵێنی داوا كە لە هەر بڕیارێكیان دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ دەكەنەوە و هەبوونی پەیوەندییەكی باشیشی لەگەڵ عێراق بە گرنگ زانیوە، هەموو ئەگەرەكانی داهاتووی باڵیۆزخانەكەشیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق تاوتوێ كردووە.

داخستنی باڵیۆزخانە لەچییەوە سەرچاوەی گرت؟
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مەترسی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكەیی و بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتكار و كارمەندەكانی هەیە، بۆ ئەمەش وەك باس دەكرێت زانیاری هەواڵگری لەبەردەستدایە، لەكاتێكدا كە پێشتر چەندینجار بە موشەك و كاتیۆشا باڵیۆزخانەكەی كراوەتە ئامانج.
بەدوای ئەمریكاشدا كە بڕیاری داوە باڵیۆزخانەكەی بۆ چەند مانگێك دابخات و دیبلۆماتكار و كارمەندەكانی بگوازێتەوە، ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپیش هەمان مەترسییان لێنیشتووە و پەیامی ئەوەیان داوە كە ئەگەر ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی دابخات ئەوانیش بۆ پاراستنی ژیانی كارمەند و دیبلۆماتكارەكانیان باڵیۆزخانەكانیان دادەخەن.

هەڵەی كبریتی
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "ئیندپیندنت عەرەبی"، ڕێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكییەكانی سەر هێزە بیانییەكان‌و دیبلۆماتكاران، خۆی لەسزادانی دەستبەجێی ئەو فەرماندە ئەمنیانەدا دەبینێتەوە كە وەك كەمتەرخەمی رووداوەكان دەستنیشان كراون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، وڵاتان هێشتا باڵیۆزخانەكانیان لە بەغداد دانەخستوە، بەڵام ئەگەربێت‌و حكومەت پابەندنەبێت بەبەڵێنەكانییەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی گروپە چەكدارە ئەوا پێشبینی دەكرێت هەنگاو بەرەو داخستنیان بنرێت.
ئیندپێندنت بەپشتبەستن بەلێدوانی بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی ئاماژەی بەوەشداوە، تەنیا یەك موشەكی نوێ بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، بەس دەبێت بۆئەوەی هەموو شتێك كۆتایی بێت‌و بەهۆی كشانەوەی دیبلۆماتكارانەوە، عێراق ببێتە وڵاتێكی لەیاسا دەرچوو كە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێت، هەروەك چۆن پێشبینیدەكرێت سزای ئەمنیی‌و ئابوریشی بەسەردا بسەپێنرێت.

هەڕەشە لە ناوخۆدا
هاوكات لەگەڵ فشارە دەرەكییەكان، لە ناوخۆشدا هەڕەشە و فشارەكان لەسەر حكومەتەكەی كازمی چڕكراوەتەوە و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر هۆشداری توند دەدات و دەڵێت ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ نەكرێت عێراق ون دەبێت.
موقتەدا سەدر لە تویتێكدا بڵاویكردوەتەوە، یادی خۆپیشاندانەكانی تشرین تێپەڕین و بەشێكی زۆری داواكارییەكان و جێبەجێ نەكراون وەك هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بە سەرپەرشتی لایەنی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەل و لێپرسینەوە لە گەورە گەندەڵكاران و لێپرسینەوە لە دەستدرێژیكاران بۆ سەر خۆپیشاندەران.
سەدر رونیشیكردوەتەوە، ئەگەر حكومەت خۆی لە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن بدزێتەوە ئەوا واتای ونبونی عیراقە. ئامۆژگاری ئەوانەش دەكات كە دەیانەوێت خۆپیشاندان ئەنجامبدەن بەوەی پابەندبن بە ئاشتیی خۆپیشاندانەكان و پابەندبن بە شەرع و عورفەكان و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و تەندروستی گشتی و پشتنەبەستن بە دەوڵەتانی دەرەوە.

پرسە لە چلەی ماتەمینیدا
هاوكات لەگەڵ كرانەوەی چاوەكان لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوز، لە لایەكی دیكەوە هەوڵدراوە تەقینەوە و هێرشی تیرۆریستی لە چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا ئەنجام بدرێت.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، پیلانێكی تیرۆریستی بۆ بە ئامانجگرتنی سەردانیكەرانی چلەی ئیمام حسێن هەڵوەشێنراوەتەوە.
تەئكیدیشیكردوەتەوە، هەوڵی جێبەجێكردنی پیلانەكە لە رێگەی دوو خۆكوژەوە بوە و لەسەر زانیاری وردی هەواڵگری و دەزگای دژەتیرۆر شكستیپێهنراوە.

پەتای هەڵبژاردن
بە بڕوای بەشێك لە چاودێران و میدیاكان ئەم تەم و دوكەڵەی ئێستا لە بەغداد بەدیدەكرێت، دەشێ‌ بەشێك بێت لە یاری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
لێكدانەوەكان وان كە لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی خۆی هەڵبژاردووەتەوە، مەترسی هەیە گروپە چەكدارەكان كە بە وتەی ئەو نزیكن لە ئێرانەوە هێرشبكەنە سەر باڵیۆزخانەی ولیلایەتە یەكگرتووەكان لە بەغداد و وەك ئابڕوبەرەیەكی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری بەسەر سەرۆكی ئەمریكادا بشكێتەوە، وەك ئەوەی كە پێشتر لە سەروبەندی هەڵبژاردنی هیلاری كلینتۆن روویدا، كاتێك كە وەزیری دەرەوە بوو هێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی وەزارەتەكەی لە لیبیا و دواتر لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بە بێخەم و نادەربەست بەرامبەر گیانی دیبلۆماتكارانی ئەمریكی ناوزەد كرا.