09:50 - 01/10/2020
لە گۆڕەپانی عێراقدا، ئێران و ئەمەریكا كامیان دەیبەنەوە؟.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام پلانی
خۆی ھەیە بۆ نەیارەکانی و کار دەکات بۆ تۆڵە سیاسیەکانی بە شێوەیەک دەکات کەم مرۆڤ
بیری بەلایدا دەچێت. زۆرکات ھێزی تر بەکاردھێنێت بۆتۆڵەکردنەوە.. لەدوای کوژرانی
قاسم سولەیمانیەوە ئێران بەدوای زەبرێک دەگەڕێت کە ئەو زەبرە لەبیری خۆی بەرێتەوە.
ئێران پێش ھەڵبژاردن خۆی ئامادەی تۆڵەکردنەوە دەکات نەک بەدەستی خۆی، بەڵکو بەدەستی
داردەستەکانی، ئەمەریكاش بەردەوام لە بیری تۆڵەكردنەوەدایەو پەلەشی نییە، پرسیار ئەوەیە لە شەڕێ نێوان ئەو دووڵاتەدا لە عێراق كامیان براوە دەبن؟
مێژووی ناکۆکی ئەمریکا و ئێران
مێژوی ناکۆکی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ڕەگێکی
مێژووی هەیە، گەر قسەش لەسەر مێژووی نوێی ناکۆکیەکانی ئەمریکا و ئێران بکەیت ئەوا
پێویست ناکات زۆر دوور کەویتەوە. ئەمریکا دەست وەردان دەکات لەشۆڕشی نوێی ئێراندا،
پاش شۆڕشەکەی خومەینی ئاگری ناکۆکی لەنێوانیاندا زیاد دەکات. ئەم گەردەلولە باڵیۆزی
ئەمریکای گرتەوە لە تاران و کارمەندەکانی دەست بەسەرکران. بەمەش ئاگری ناکۆکی و
دوبەرەکی کڵپەی سەند و ھەرجارە و بەناوێکەوە برەو بەناکۆکیەکانیان دەدەن.
حکومەتە جیاوازەکانی ئەمریکا و مامەڵە
لەگەڵ ئێران
حکومەتە جیاوازەکانی ئەمریکا هەر لە
کۆماریەکانەوە بۆ دیموکراتەکان تەنها فایلە گەرمەکانیان لەدەستدا نەبوو، بەڵکو
گڕیان پێوەدەدا. لەناو ئەو جیاوازیانەدا لەنێوان حکومەتەکانی ئەمریکادا، بەدەست
نیشانکراوی لەساڵی ٢٠١٥ەدا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، پێنج وڵات لەگەڵ ئێران
ڕێکەوتن و سزاکانی سەر ئێران کەمبوویەوە.
سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەدارێکی ئاگرییەوە
گەڕایەوە ناو ململانێکان و تەواوی ڕێکەوتنەکانی تری هەڵپەسارد، جەنگی لەگەڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕاگەیاندەوە، ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێران ڕەتکردەوە و
ترەمپ گوتی تەواوی ڕێکەوتنەکە لەبەرژەوەندی ئێران نوسراوە.
ئێران دڵتەنگە
ئێران دڵتەنگ بوون بە لەدەسدانی فەرماندەی
سوپای قودسی پاسداران، ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا بژاردەکانی بەردەم ئێرانی
ئاشکرا کردووە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی.
ئەم چاوەڕوانیەی ئێرانیەکان وەک خوێکردن
بەبریندایە، چاوەڕوانی دەرفەتێکی گونجاو دەکەن بۆ لێدان لەوکەسەی لەم هەڵبژاردنەدا
بەنیازە ببێتەوە بەسەرۆک و بەفەرمانی ئەو قاسم سولەیمانی تیرۆر کراوە!
تیرۆر بۆ لەناوبردنی نەیار(نموونەیەی تاقیكراوە)
گەر بگەڕێینەوە بۆ چیرۆکی تیرۆرکردنی
ئەنوەر سادات، بەچەند پرسیارێک قسەیەکی جیاواز بکەین لەسەر ئەم تیرۆرە.
ئایا ئەم تیرۆرە ڕەوتی جیهانی عەرەبی و
جیهانی گۆڕیی؟
بەھۆی ڕێکەوتننامەی کامپ دیڤدەوە ئەنوەر سادات
تیرۆر کرا کە تاوەکو ئێستەش ئەو ڕێکەوتننامەیە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێکەوتنەکەش
ڕێکەوتنێکی نھێنی بوو لەنێوان میصر و ئیسرائیلدا ئیمزا کرا!
ئەم ڕێکەوتنە لە ٢٦ی ئازاری ١٩٧٩دا ئەم
کەسانە واژویان لەسەر کرد، ئەوانیش: محمد ئەنوەر سادات و مەناحیم بیگن و جیمی
کارتەر.ئەم پیاوەش بەھۆی تەنھا واژویەکەوە خوێنی ڕژا! ئەم سەرکێشیەی سادات، کۆتایی
بەژیانی خۆی ھێنا.
یەکێک لەو ڕێکارانەی تاران بەکاریدەهێنێت، بێدەنگکردنی
نەیارەکانیەتی، لەساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتدارانی بەلجیکا و فەڕەنسا، شەش کەسیان گرت
لەناویاندا دیبلۆماتکاری ئێرانی ھەبوون. ویستبویان نەیارەکانی ئێران لە موجاھدینی
خەڵق بەئامانج بگرن..
بەپێی لێدوانە فەرمیەکانی بەلجیکا دوو کەس
لە ئەندامانی ئەو تیمە ٥٠٠ گم لە مادەی «تی ئەی تی بی» پێبووە لەگەڵ ئامێرێکی
تەقینەوە، ئەم شانە نوستوانە ویستبوویان کارێکی خۆکوژی ئەنجام بدەن لە کۆنگرەی
ئەنجومەنی نیشتیمانی موجاھدینی خەلق.
ئێران ھێزی تر بەکاردەھێنێت
ئێران هەتاوەکو ئێستە وەڵامێکی ئەوتۆی نیە
بۆ ئەو لێدوانانە، بەڵکو بەشتێکی ناڕاست و پڕوپاگەندەی دەزانێت، هەرچەندە پێشتر
ئێران ئەم چەکەی بەجۆر و شێوازی تر بەکارهێناوە، نەیارەکانی خۆی پێ لەناو بردووە.
بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدوور
گرتووە لە بەئامانج گرتنی ڕاستەوخۆی دیبلۆماتکارە ئەمریکیەکان، بەڵام هێزی تری
بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی دیبلۆماتکارە ئەمریکیەکان بەتایبەت لەعێراق.
بۆ لانامارکس؟
لانا مارکس تاکە ئامانجی ئێرانیەکان نیە، بەڵکو
یەکێکە لە بژاردەی ئێرانیەکان، ئەم ئامانجەیان بۆ تۆڵەیە لە ئەمریکیەکان. ھەموو زانیاریە ھەوڵگیریەکان باس لەوەدەکەن
کە پێویستە ئەمریکا ئاگاداری جموجوڵی بەرپرسەکانی بێت چونکە ئەگەری زەبری تۆڵەھەیە، بەڵام دواجار ئێران ڕایگەیاند كە ئەوان تەنها یەك كەسیان نەكردووەتە ئامانج و ئەوان مەبەستیانە تۆڵە بكەنەوە، لە هەمان كاتیشدا ئەمەریكیەكان ڕایانگەیاند ئەگەر ئێران جووڵەیەك بكات ئەوا وەڵامی ئەوان هەزار ئەوەندەی جووڵەكەیە.
سەبارەت بەھەڵبژاردنی لانای تەمەن ٦٦ ساڵ
بۆئەوەبێت کە پەیوەندیەکی لەمێژینە ھەیە لەنێوان لانا و ترەمپدا، ڕەنگە ئەمە ھۆکاری
سەرەکی بێت بەلای ئێرانیەکانەوە. یەکێکی تر لە ھۆکارەکان ئەوەیە بوونی تۆڕێکی
ھەوڵگیری ئێرانی لە ئەفریقا و میلیشا لە باشوری ئەفریقا بنبڕبكات.
تەقینەوەكانی ئەم دواییانە:
لەدوای كوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی
موهەندیس هاوڕێكانیان لە لایەن ئەمەریكیەكانەوە لەنێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی
بەغداد، نەك هەر هێرشكردنە سەر بارەگاو هێزە ئەمەریكیەكان و ناوچەی سەوز كۆتایی
نەهات، بەڵكو كەمی نەكردووە و بەردەوام ئەو شوێنانە دەكرێنە ئامانج، ئەگەر زیانی
گیانیان كەم بووبێت، ئەوا لە ڕووی ئەمنیەت و تێكدانی ئارامییەوە كاریگەری خۆیان
هەیە، بەردەوامیش حكومەتی عێراقیان خستووەتە بەردەم ئیحراجییەكی زۆر، ئیحراجییەك كە
ئەگەر نەتوانێت بنبڕی ئەو هێرشانە بكات، ئەوا باڵیۆزخانەكانی وڵاتان و لە پێشی
هەموویانەوە لە بەغداد دەكشێنەوەو ئەوەشیان كرد، هەرچەندە سەرچاوەكان باسیان لەوە
دەكرد كە ئەگەر لە بەغداد بكشێنەوە ڕوو لە هەولێر دەكەن، بۆ ئەوەی ئەوڕێگەیەش
كۆنترۆڵ بكرێت و بیرلەوە نەكەنەوە كە لەبەغدادەوە بەرەو هەولێر بێن.
دوو مەسج بە كاتیۆشا
ئەوە
دووەمجارە مووشەك بارانی هەولێر دەكرێت، جاری یەكەم ئێران بەفەرمی دانی بەوەدان
ناوە كە ئەوان تەنها بۆ ئاگاداركردنەوە ئەو كارەیان كردووە، جاری دووەمیش
هێرشكردنەكە بە چەند كاتیۆشایەك ئەنجام دراوە، هەرچەندە هەندێك لەسەرچاوەكان باس
لەوە دەكەن كە لە ئێرانەوە مووشەكەكان هاتبن، بەڵام ئەگەرێكی لاوازە لەبەر ئەوەی
ئەو جۆرە مووشەكە توانای بڕینی ئەو ماوە دوورەی نییەو ئەوەی ئەگەری بەهێزە
لەناوخۆی عێراقەوە بووەو زۆرینەش باواەڕیان وایە لە دەشتی مووسڵەوە ئاڕاستەكراون.
هەرچۆنێك بێت، ئێران تاكە وڵاتی دونیایە كە
دەستەویەخە شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، جارێك لەڕێگەی وەكیلەكانیەوە لە عێراق كە
خۆی لە میلشیا شیعیەكاندا دەبینێتەوەو جارێكی دیكەش لەڕووی سیاسییەوە دەستوەردان
دەكات و ئەوەتا هیچ سەرۆكێكی عێراق نایەتە دیاریكردن تا سەرێك لە ئێران نەدات و
ئۆكەیی ئەوانیش وەرنەگرێت.
دواجار دەبێت بگوترێت ئێران بەو ئاسانییە
دەستبەرداری عێراق نابێت، ئەمەریكاش بەو مەترسییە گەورانە ڕازی نابێت و ئەو شەڕە
ڕاستەقینەیە هەر دێتە پێشەوە بەڵام كەی؟ جارێ هەنگاوەكان ماویەتی و وەك
ئینگلیزەكان خۆیان دەڵێن: ستێپ بای ستێپ.