ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:32 - 29/09/2020

هێمنی بەغداد لە هێمنی پێش زریان دەچێت‌

پەیسەر

تادێت رەوشی عێراق لە مەترسی نزیكدەبێتەوە، هەموو ئەگەرەكان كراوەن و چاوەكان لەسەر لێدوانە توند و زبرەكانی ناوخۆ و جیهانن، بێ‌ ئەوەی دیاربێت كە چی روودەدات جۆرە ترسێك باڵی بەسەر بەغدادا كێشاوە و گرەنتی هیچ هەنگاوێك و هیچ پێشهاتێك ناكرێت.

چی روودەدات؟
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مەترسی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكەیی و بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتكار و كارمەندەكانی هەیە، بۆ ئەمەش وەك باس دەكرێت زانیاری هەواڵگری لەبەردەستدایە، لەكاتێكدا كە پێشتر چەندینجار بە موشەك و كاتیۆشا باڵیۆزخانەكەی كراوەتە ئامانج.
بەدوای ئەمریكاشدا كە بڕیاری داوە باڵیۆزخانەكەی بۆ چەند مانگێك دابخات و دیبلۆماتكار و كارمەندەكانی بگوازێتەوە، ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپیش هەمان مەترسییان لێنیشتووە و پەیامی ئەوەیان داوە كە ئەگەر ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی دابخات ئەوانیش بۆ پاراستنی ژیانی كارمەند و دیبلۆماتكارەكانیان باڵیۆزخانەكانیان دادەخەن.

مەترسی ئەمنی هەیە؟
لەكاتێكدا كە باڵیۆزخانەكانی وڵاتان مەترسی ئەمنییان نیشاندابوو، مووشەكێك لە ناوچەی رەزوانییەی بەغداد كەوتە خوارەوە و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، بۆ ئەمەش سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپەلە هاتەسەرهێڵ و بڕیاریدا ئەو هێزە ئەمنییەی كە پاراستنی گەڕەكی جیهادی پێسپێردراوە بە خێرایی دەستگیربكرێن و رەوانەی لێكۆڵینەوە بكرێن چونكە موشەكەكە لەو گەڕەكەوە هەڵدراوە.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێدا ئاماژەی بەوەكرد، فەرمانی كازمی بۆ دەستگیركردنی ئەو هێزە "بەهۆی كەمتەرخەمی ئەوان بووە لە پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان، چونكە ئەو موشەكەی لە ڕەزوانییە كەوتە خوارەوە لە گەڕەكی جیهادەوە هاوێژراوە.  
لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت، كازمی تەواوی هێزە ئەمنیە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردوە كە بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن و سزای هەموو ئەوانە بدەن كە پێشێلكاری دەكەن و زیان بە سەقامگیری عێراق دەگەیەنن.  
جەخت لەوەشكراوەتەوە كە كازمی فەرمانی كردوە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكرێت و ئەنجامدەرانی ڕوبەڕوی یاسا بكرێنەوە، ئەگەر نزیكیش بن لە كەسانی دەستڕۆیشتووش".  

هەولێر خەمی بەغدایەتی
هاوكات ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی كۆبوەوە، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دۆخی ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی گروپە چەكدارەكان لە دیبلۆماتكارەكان تاوتوێ كراون.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم رایگەیاندوە:‌‌ هەرێمی كوردستان بە نیگەرانییەوە لە پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق و هەڕەشەی گروپە چەكدارەكان لە دیبلۆماتكارەكان دەڕوانێت.
وتیشی: ئەركی نێردە دیپلۆماسییەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرنگە، بۆ هاوكاری و پشتگیرییە لە عێراق و دەبێت سەلامەتی و ئاسایشیان بپارێزرێت، هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتگیرییەك لە هەنگاو و رێكارەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان دەكات".

كشاندنەوەی باڵیۆزخانە
لەگەڵ گرژبوونی رەوشەكە و دووركەوتنەوەی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد، هەندێك بۆچوون پێیانوایە كە ئەمەی ئێستا روودەدات سەرەتای دەستپێكردنی دووركەوتنەوەی ئەمریكایە لە عێراق و بە سەرەتای كشاندنەوەی تەواوی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداد لێكی دەدەنەوە، بەڵام پسپۆڕێك رای پێچەوانەی هەیە و پێیوایە كە كشاندنەوەی باڵیۆزخانە دواین شتە واشنتۆن بیری لێبكاتەوە.
تارق حەرب، پسپۆڕی یاسایی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردوە، كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دواین شتە كە واشنتۆن بیری لێدەكاتەوە، چونكە ئەوە دوبارەكردنەوەی هەمان روداوی ساڵی 1975ی ڤێتنام دەبێت، كەبەهۆیەوە دەوڵەتی ڤێتنامی باكور توانی دەوڵەتی ڤێتنامی باشور بخاتەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە كە ئەمریكا پشتیوانی ڤێتنامی باشوری دەكرد (لەئیستادا هەردو بەشەكە یەكیانگرتوەتەوە و وڵاتی ڤێتنامیان دروستكردوە).
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەرێكی دوورە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەمان شت كە لە ڤێتنام كردی لە عێراق دوبارەی بكاتەوە، بەڵكو خوێندنەوەی ئەوە دەكرێت كە ئەمریكا پلان بۆ شتێكی دیكە دادەڕێژێت و دۆخی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاش وادەخوازێت كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەنگاوێكی "سەركەتوانە" بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەوەیدا سودی لێوەربگرێت.

واشنتۆن هۆشداری دەدات
ئەمریكا بەردەوامە لە پێدانی هۆشداری بە بەرپرسانی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هۆشداری نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەرپرسانی حكومەتی عێراق بۆ راگرتنی "هێرشی گروپە چەكدارییەكان كە ئێران پشتیوانیان دەكات"، واشنتن بۆ ماوەی 90 رۆژ باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات.
رۆژنامەی واشنتن پۆست باسی لەوەشكردوە، "كازمی پشتیوانی پێویستی نیە بۆ رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی و رێگریكردن لە دوبارە نەبونەوەی هێرشی گروپە چەكدارییەكان، چونكە پێشوتر كازمی هەوڵی سنورداركردن دەسەڵاتی گروپە چەكدارییەكانی داوە ئەویش لەرێگەی كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەی پشتیوانییەكانیان و دوبارە رێكخستنەوەی دەزگای ئاسایشی عێراق، بۆ ئەوەی متمانەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی بپارێزێت، بەڵام گروپە چەكدارییەكان لەرێگەی زیادكردنی هێرشەكان بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان وەڵامی ئەو هەوڵەی كازمیان داوەتەوە".

بەرەو هەڵبژاردن
تێكچوونی رەوشی ئەمنی و چڕبوونەوەی مەترسییەكان و رێكارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، لەكاتێكدایە كە عێراق هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەنێت و وەك بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا پرۆسەكە ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەكاتێكدا كە بەرەیەكی فراوان چ لە شیعە و چ لە سوننە و چ لە كورد دژی میكانیزم و یاسای هەڵبژاردنەكەن.
هاوكات مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە هەوڵی دروستكردنی لیستێكی سیاسیدایە بۆ بەشداری هەڵبژاردنەكە و هەندێكیش ئەوە بە گۆڕانی هاوكێشەی هێز و مەترسی لەسەر ئایندەی خۆیان دەبینن، ئەوە جگە لەوەی لەرووی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە لایەنە ركابەرەكانی ئەمریكا هەڵبژاردنەكە بە پرۆژەیەكی ئەمریكی دەزانن، هەربۆیە یەكێك لە بۆچوونەكان وایە كە هەرچی لە عێراق رووبدات پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە و ئەگەری بەهێزیش بۆ پەكخستنی پرۆژەكەیە.
هاوكاتیش ئەمریكا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەڕوات و هەندێك بۆچونیان وایە كە ئەمەی ئێستا لە بەغداد روودەدات دوور نییە بەشێك نەبێت لە ستراتیژ و تاكتیكی هەڵبژاردن لە ئەمریكا بەوپێیەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت بۆ خولی داهاتووش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە لەكاتێكدا كە زۆرترین رەخنەی ئاراستە دەكرێت و تا رادەیەكی زۆریش وەك سەرۆكێكی شكستخواردوو وێنا و پێناسە دەكرێت.