02:05 - 29/09/2020
عێراق پارەیەكی تری هەیە كە ناتوانێت بەكاری بهێنێت
بەهۆی نەبوونی متمانەی بانكیەوە، هاوڵاتیانی عێراق 28 ملیار دۆلاریان لە ماڵەكانیان هەڵگرتووە و ئەگەر ئەو پارەیە لە بانكەكان دابنرێت هەم دەتواندرێت وەبەرهێنانی پێ بكرێت و هەمیش حكومەت بەشێك لە كێشە داراییەكانی لەو رێگەیەوە چارەسەر بكات...
هاوڵاتیان پارەكانیان لەماڵەكانیان هەڵدەگرن
هاوڵاتیانی عێراق هەڵگرتنی پارەكانیان لەماڵەوە بەباشتر دەزانن لەوەی لە بانكەكان دایبنێن، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردەوە بە پێی هەڵسەنگانی شارەزایان و پەرلەمانتاران هاوڵاتیانی عێراق نزیكەی 35 تریلیۆن دیناریان لەماڵەكانیان هەڵگرتووە كە دەكاتە 28 ملیار دۆلار، وە ئەو پارەیە لە عێراق كەڵەكەبووە بەهۆی كەمی و لاوازی متمانەی هاوڵاتیان بە كەرتی بانكی، هەروەها بەهۆی بوونی رۆتین لە وەرگرتنەوەی پارە و زۆربوونی پشوو كە ئاستەنگە بۆ وەرگرتنەوەی پارەكانیان.
لای خۆیەوە ریاز مەسعودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی " العربی الجدید" ی راگەیاند ئەو پارەی لەناو بازار بەكاردەهێندرێت بڕێكی گەورەیە و دەگاتە 100 تریلیۆن دینار و لەوبڕەش 35 تریلیۆن دیناری لەلای هاوڵاتیانە، و ئەگەر سیستمێكی بانكی باوەرپێكراو و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە وڵات هەبوایە ئەوە 90%ی ئەو پارەیە ئێستا لە بانكەكاندا دەبوو.
حكومەت دەتوانێت سود لەو پارەیە وەربگرێت
ریاز مەسعودی دەڵێت ئەگەر ئەو پارەیە لە بانكەكان بوایە ئێستا حكومەت دەیتوانی وەبەرهێنانی پێ بكات و لەپرۆژە گرنگەكانی وەك رێگا و بان و بەنداو و شوێنی نیشتەجێ بوون و ژێرخانی ئابوری بەكاری بهێنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت" كێشەیەكی تری گەورە ئەوەیە كە ئەو پارەیەی لەلای بانكە عێراقیەكان بووە حكومەت لێی قەرزكردوون بۆئەوەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی پێ بدات، و لەئێستادا زۆر لە بانكە عێراقیەكان توانای ئەوەیان نیە قەرز بدەنە حكومەت بەهۆی ئەوەی پێشتر قەرزیان پێ داوە و قەیرانی دارایش درێژەی كێشا.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەكات كە كێشەیەكی ترئەوەیە كە سیستمێكی باوەرپێكراو نیە بۆ كۆنترۆڵی جوڵەی دراو لە وڵاتدا.
رزگاركردنی ئابوری عێراق قورسترین تاقیكردنەوەی بەردەم كازمی
لەگەڵ توندتر بوونی قەیرانی دارایی لەعێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت حكومەت بە ئاراستەی وەرگرتنی قەرز لە بانكەناوخۆیەكان هەنگاوی نا، بۆ ئەوەی خەرجیەكانی بەكاربردن لەو رێگەیەوە دابین بكات، وەك موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی و خەرجی وێستەگەكانی كارەبا و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە و پرۆسە سەربازیەكانی دژی تیرۆرستان كە مانگانە بە نزیكەی 7 تریلیۆن دینار مەزندە دەكرێت.
ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێگەی بەحكومەتەكەی كازمی داوە قەرزی دەرەكی و ناوخۆی بكات بەڵام تائێستا حكومەت هیچ قەرزێكی دەرەكی نەكردووە و تەنها پەنای بۆ بانكە ناوخۆیەكان بردووە، ترسی ئەوەش هەیە ئەو بانكانە نەتوانن پێداویستیەكانی حكومەت لەپێدانی قەرزی درێژخایان دابین بكەن.
بانكی ناوەندی داواكاریەكی لەهاوڵاتیان هەیە
لە ماوەی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراقی داوای لەهاوڵاتیان كرد پارەكانیان لە بانكەكان دابنێن لەبری ئەوەی لەماڵەوە هەڵیبرگن، بەڵام تائێستا هاوڵاتیان وەك پێویست بەدەنگ داواكاریەكەی بانكی ناوەندیەوە نەچوون.
متمانەی نێوان هاوڵاتی و حكومەت سفرە
لای خۆیەوە ئەحمەد جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند متمانەی نێوان هاوڵاتیان و حكومەت سفرە، ئەو بەرۆژنامەی " العربی الجدید" ی راگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا و بەهۆی چەندین ئەزمونەوە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەت ئەم دۆخە دروست بووە بەنمونە ئەگەر من ئەمرۆ 10 ملیار دینار بخەمە بانكێكەوە و ئەگەر بمەوێت پارەكە رابكێشمەوە ناتوانن هەمان رۆژ یان لەماوەیەكی نزیكدا پارەكە وەربگرمەوە، بۆیە كێشەی متمانە هەیە و ئەو كێشەیەش هی ئەمرۆ و دوێنێ نیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 تا ئەمرۆ كە كێشە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەت و پرۆسەی سیاسی هەیە، و هاوڵاتیان بەتەواوەتی متمانەیان بە حكومەت و سیاسیەكان نەماوە، تەنانەت فەرمانبەرانیش متمانەیان بەحكومەت نەماوە بۆیە پێم وایە لەدۆخێكی نارەحەتداین و پێویستمان بەكاتێكی زۆرە بۆ ئەوەی جارێكی تر گەلی عێراق متمانە بە حكومەت بكەنەوە.
بەهۆی حكومەتەوە بانكەكان توشی قەیران بوون
لای خۆیەوە عەلی سەفار كە پێشتر بەرێوەبەری یەكێك لە بانكەعێراقیەكان بووە لە بەغداد بە " العربی الجدید" ی راگەیاندووە ئێستا هەندێك لە بانكەكان توشی قەیران بوون بەهۆی ئەوەی پارەیان داوە بەحكومەت بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی پێ بدات.
ئابوری عێراق لەبەردەم داتەپیندایە ئەگەر لەلایەن ئەمریكاوە سزابدرێت
زۆر هۆكاری تر هەن كە وادەكەن هاوڵاتیان پارەكانیان نەخەنە بانكەكان، لەوانەش ناتوانن بەیەكجار پارەكانیان وەربگرنەوە و دەبێت بەش بەش وەری بگرنەوە، هەروەها زۆرینەی بانكە ئەهلیەكان خاوەنداریەتیەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ حزبە سیاسیەكان یان كەسایەتیە سیاسیەكان و بەشێك لەوانەش خراونەتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە، یان خراونەتە ژێر چاودێری بانكی ناوەندی عێراق بەهۆی ئەوەی مایەپوچ بوون، هەربۆیە سەرباری ئەوەی دەیان بانك لەعێراق هەن بەڵام حەوت یان هەشتیان پشتیان پێ دەبەسترێت و جێگەی متمانەن لەگەڵ دووبانكەكەی حكومەت كە بریتین لە بانكەكانی رافدین و رەشید.
لای خۆیەوە ئەمیرە حسان كە هاوڵاتیەكی عێراقیە دەڵێت پێی باشترە پارەكەی لەماڵەوە دابنێت نەك بیخاتە بانكەوە، ئەو دەڵێت ئەزمونی هەیە و پێشتر پارەكەی لە بانك بووە بەڵام كاتێك ویستویەتی خانو بكرێت بانكەكە ئامادەنەبووە هەموو پارەكەی بەیەكەوە بداتەوە و بۆی كردووە بەچەند بەشێك و بەچەند مانگێك پارەكەی وەرگرتۆتەوە.
ئەمیرە دەڵێت سەرباری ترسی دزین و مافیا چەكدارەكان بەڵام پارێزگاریكردن لە پارەكان بەرێگەیەكی باش لەماڵەوە بۆ هاوڵاتیان باشتر و گونجاوترە.